نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، له هه‌ندێك شوێن پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و ئاینی ئه‌نجام ده‌درێت و ده‌ڵێت، هیواخوازین دوای نه‌مانی تیرۆرستانی داعش، پرۆسه‌یه‌كی ئاشته‌واییی سه‌رتاسه‌ری ده‌ست پێ بكات.
به‌پێى هه‌واڵێكى ماڵپه‌رى سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ یان ڤیگێل نوێنه‌ری تایبه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ هاندانی ئازادیی ئاین و باوه‌ڕه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و شاندێكی یاوه‌ری كۆ بووه‌ته‌وه.
به‌پێى هه‌واڵى ماڵپه‌ڕه‌كه، نوێنه‌ری تایبه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپا خۆشحاڵیی خۆیان به ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه سه‌ركه‌وتووانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ده‌ربڕی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه نیشان دا.
له هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه، نوێنه‌ری تایبه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپا هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان بۆ پێشوازیكردن و دابینكردنی جێگه‌ی حه‌وانه‌وه بۆ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر به‌رز نرخاند، پاڵپشتیی خۆیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند و سه‌رسامیی خۆیان به‌رامبه‌ر سه‌قامگیری له هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.
به‌پێى ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى راى گه‌یاندووه، كولتووری پێكه‌وه‌ژیان هه‌ڵقوڵاوی ناخی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه و زۆرێك له‌و كێشانه‌ش كه له‌مباره‌یه‌وه هاتوونه‌ته پێش، به یاسا چاره‌سه‌ر كراون و له‌مباره‌یه‌وه كۆمه‌ڵیك یاسا ده‌ركراون.
سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه له ڕابردوو و ئێسته‌شدا هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه فاكته‌ری سه‌قامگیری بن له ناوچه‌كه و به پێویستی زانی لایه‌نه‌كانی تریش به هه‌مان شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ تا پێكه‌وه‌ژیان ببێته مۆدێلێكی سه‌رتاسه‌ری.
نێچیرڤان بارزانى راى گه‌یاند، به‌داخه‌وه له هه‌ندێك شوێن پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و ئاینی ئه‌نجام ده‌درێت و هیوای خواست دوای نه‌مانی تیرۆرستانی داعش، پرۆسه‌یه‌كی ئاشته‌واییی سه‌رتاسه‌ری ده‌ست پێ بكات و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان و دوور بن له هه‌ر توندوتیژییه‌ك، پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌ژیانیش بخرێته نێو پرۆگرامی خوێندن و په‌روه‌رده‌وه.