بڕیاره ئه‌م هه‌فته‌یه شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ رێككه‌وتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر كێشه ههڵپهسێرداوهكان. نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت، ئه‌وا كۆنكرێتییه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 15ی حوزه‌یران، فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا به "وشه"ی راگه‌یاند، بڕیاره رۆژی چوارشه‌م شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی بێته‌وه به‌غدا و ده‌ست به‌گفتوگۆ بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی كۆتایی بكرێت.
له كوێ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پێشوو وه‌ستابووین له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین نه‌ك سفڕه‌وه
فارس عیسا ئاماژه‌ی به‌وه دا، رێككه‌وتنی ئه‌مجاره ئه‌گه‌ر بكرێت بۆ مانگێگ و ساڵێك نییه، به‌ڵكو كۆنكرێتییه، له‌سه‌ر گشت پرسه ههڵپهسێراوهكانه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی مه‌رجی عێراق بۆ هه‌رێم چییه، باسی ئه‌وه ده‌كرێت پێویسته هه‌رێم هه‌موو نه‌وته‌كه و داهاتی ناوخۆ راده‌ستی به‌غدا بكات.
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا گوتی، نه مه‌رج هه‌یه و نه قبووڵیش ده‌كه‌ین كه‌س مه‌رجمان له‌سه‌ر فه‌رز بكات، حكوومه‌ت پرسی نه‌وت، دارایی و گشت پرسه‌كان له‌و رێككه‌وتنه یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام به مه‌رجێك ده‌ستوور ناوبژیوان بێت.
"كه‌شێكی ئارام له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه، له كوێ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پێشوو وه‌ستابووین، له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین نه‌ك سفڕه‌وه". فارس عیسا وا ده‌ڵێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه نیازپاكی خۆی بۆ عێراق پێشان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق تا ئێسته به‌ده‌م نیازپاكی حكوومه‌ت نه‌هاتووه.