ئەو پارەیەی یەكێتی دای بە 122 ئۆتۆمبێل مووچەی 26 هەزار فەرمانبەری دەكرد

:: PM:02:36:16/06/2020 ‌
بەو پارەیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ سەركردایەتییە تازەكەی دابینی كردووە، مووچەی مانگێكی سەرووی 26 هەزار فەرمانبەر دابین دەكرێ و تەنانەت ئەگەر بۆ مووچەش خەرج نەكرایە، دەتوانرا نزیكەی 300 هەزار كیتی پشكنینی پەتای كۆرۆنایان دابین بكردایە بۆ سلێمانی.

بەپێی گوتەی سەركردەكانی یەكێتی، ئەو حزبە بۆ سەركردایەتییەكەی ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان پاترۆڵ 2020ی كڕیوە كە ژمارەیان 122 كەسە.

نەسروڵا سوورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، "كڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن حزبەوە بۆ سەركردایەتی بەمەبەستی جێبەجێكردنی كاروباری مەڵبەندەكان شتێكی زۆر ئاساییە، لە رابردووشدا یەكێتی ئۆتۆمبێلی دابین كردووە و ناكرێ بەرپرسی مەڵبەندەكان بە پێ هاتوچۆی شوێنی كاریان بكەن".

سوورچی زیاتر خستیە ڕوو، ئۆتۆمبێلەكان لەسەر ناوی كەسەكان نییە و موڵكی ئیدارەی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.
هەزاران فەرمانبەری خۆی تایبەت كردووە بە وروژاندنی بابەتی مووچە لە فەیسبووكدا.

ئەوەی جێی تێڕامانە، یەكێتی لە دۆخێكدا ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلەی كڕیوە كە لە میدیاكانی باسی نەبوونی پارە دەكات و خەڵك هان دەدات دژی حكوومەت و هەزاران فەرمانبەری خۆی تایبەت كردووە بە وروژاندنی بابەتی مووچە لە فەیسبووكدا.

سامان كەریم كە لە پێشانگەكانی هەولێر كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، نرخی ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان پاترۆڵ بەگوێرەی جۆری تایبەتمەندییەكانیەتی، بەگشتی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە تا سەرووی 70 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی ئەو نرخە، بودجەی تەرخانكراو بۆ كڕینی 122 ئۆتۆمبیل لەلایەن یەكێتی نیشمانیی كوردستانەوە، هەشت ملیۆن و 540 هەزار دۆلار بووە.

پێویستە بگوترێ ئەم هەنگاوانەن نادادی دەگەیەنن بە لوتكە و خەڵك هەراسان دەكەن، چونكە ئەوان مووچەیان دوادەكەوێ، كەچی ئەو حزبە لەو دۆخە هەستیارەدا هەشت ملیۆن دۆلار بە ئۆتۆمبیل دەدات بۆ سەركردەكانی. 
بۆچی پارە بۆ حزب هەیە، بەڵام بۆ مووچەی خەڵك نییە؟

ژمارەیەك هاووڵاتی لە فەیسبووك رووی قسەیان لە یەكێتییە و دەڵێن ئێوە كە بەشێكی سەرەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، بۆچی پارە بۆ حزب هەیە، بەڵام بۆ مووچەی خەڵك نییە؟. ئەگەر پارە نەبێ دەبێ بۆ حزبیش نەبێ، حزب ئەگەر خۆی بە پێشكەوتنخواز و خەمخۆری خەڵك دەزانێت، دەبێ لە گیرفانی خۆی كەم بكاتەوە و لە ژیانی خەڵكدا خەرجی بكات.

كەم نین ئەو فەرمانبەرانەی چاویان لە 400 هەزار دینارە تا مانگانە حكوومەت پێیان بدات و بەشێك لە بژێوی مانگێكیانی پێ بەرنە سەر. ئەگەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوێرانە بڕیاری بدایە لەم سەركردایەتییە نوێیە، رەچاوی دۆخی دارایی و ئابووری كوردستان بكات و سوود لە ئۆتۆمبێلە كۆنەكانی خۆی وەربگرێت، بەو هەشت ملیۆن دۆلارە دەیتوانی مووچەی كارمەندانی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی دابەش بكات.
بەو پارەیە دڵی سەرووی 26 هەزار خێزان خۆش دەبوو

بەو بڕە پارەیەی بۆ مەبەستی كڕینی ئۆتۆمبێل تەرخان كراوە، مووچەی 26 هەزار و 276 فەرمانبەر دابین دەكرێ كە مووچەكەیان 400 هەزار دینار بێت. هاوكێشەكە قورس نییە، 400 هەزار دینار بە دۆلار دەكاتە 325 دۆلار و ئەگەر هەشت ملیۆن و 540 هەزار دۆلاری 122 ئۆتۆمبیلەكە دابەشی ئەو بڕە پارەیە بكرێ، ئەوا 26 هەزار و 276 بەدەست دێت.

بەو پارەیە دڵی سەرووی 26 هەزار خێزان خۆش دەبوو و جۆرێك متمانەیش لای خەڵك و دەسەڵات دەهاتە كایەوە، خەڵكیش دركیان بەوە دەكرد دەسەڵاتداران لە خەمی دابینكردنی مووچە و بژێوی خەڵكدان.
دەكرا 284 هەزار كیتی پشكنین بێنە كڕین و دۆخی نالەباری كۆرۆنا لە سلێمانی پێ كۆنترۆڵ بكرایە.

خۆ ئەگەر ئەو پارەیە تەنیا بە كیتی پشكنین بدرایە كە هەر پشكنینێك 30 تا 40 دۆلار تێچوویەتی، دەكرا 284 هەزار كیتی پشكنین بێنە كڕین و دۆخی نالەباری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی پێ كۆنترۆڵ بكرایە.

پێویستە بگوترێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕینی بودجەكەی لە بەغدا و پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، لە جۆرێك تەنگژەی داراییدایە و نەیتوانیوە لە كاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات.



وشە - تایبه‌ت