شێخ سدیق ئه‌حمه‌د به‌رپرسی كۆمیته‌ى پارێزگاى كه‌ركووكى حزبى شیوعى كوردستان دووپات له پێویستى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌كاته‌وه و پێى وایه، جیاوازییه‌ك له نێوان ملیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و حه‌ره‌س قه‌ومیى ساڵانى شه‌سته‌كاندا نییه و به پێویستى ده‌زانێت حه‌شدى شه‌عبى دواى ئازادكردنى مووسڵ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و تێكه‌ڵ به سوپاى عێراق بكرێته‌وه.
ده‌نگۆى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له ئارادایه، هه‌ڵوێستى حزبى شیوعیى كوردستان چییه؟
ده‌نگده‌رانى كه‌ركووك له ساڵى 2005 زۆر به په‌رۆشه‌وه ڕوویان له سندووقه‌كانى ده‌نگدان كرد و له پرۆسه‌یه‌كى دیموكراسیدا نوێنه‌رانى خۆیان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام به بیانووى جۆراوجۆرى بێ بنه‌ما ئه‌و خه‌ڵكه‌یان له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا بێ به‌ش كرد، بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌ش كه بڕیاره له مانگى ئه‌یلوولى داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت، به بیانووى هه‌بوونى چه‌كدارانى داعش له به‌شێك له شارۆكه و شاره‌دێیه‌كانى پارێزگاكه ده‌نگۆى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له كه‌ركووك هه‌یه، بۆیه پێویسته به ڕێكاره ده‌ستوورى و یاسایییه‌كان به‌رپه‌چى ئه‌م ده‌نگۆیه بدرێته‌وه و سه‌رجه‌م حزبه كوردستانییه‌كان له ڕێى په‌رله‌مانتار و وه‌زیره كورده‌كانى به‌غدا فشار بخه‌نه سه‌ر حكوومه‌ت و كه‌ركووك وه‌ك مووسڵ له قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ن. كه‌ركووكییان له ئاستێكى به‌رزى هۆشیاریى سیاسیدان و سه‌رسه‌ختانه داواى به‌هێزكردنى كایه‌ى دیموكراسی و مافى ده‌نگدانى خۆیان ده‌كه‌ن. ئێمه‌ى حزبى شیوعى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانین و پێمان وایه كه ئه‌ندامانى ئێسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بێ تاقه‌تییه‌كیان پێوه دیاره و نیوه ئیفلیجبوونێكیش له ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌كانیاندا ده‌خوێنینه‌وه. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نین كه ئه‌گه‌ر كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى بڕیارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كه‌ركووك بدرێت، ڕێگه نه‌ده‌ین بنكه‌كانى ده‌نگدان بۆ نوێنه‌رانى شاره‌كانى تر‌ى عێراق، ئه‌وانه‌ى له بارودۆخێكى نائاساییدا ئاواره‌ى شاره‌كه بوونه، بكرێنه‌وه.
به ڕاى ئێوه ئه‌م ده‌نگۆیه‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كه‌ركووك، یه‌كێك نییه له جێكه‌وته‌كانى دواخستنى ئازادكردنى حه‌ویجه؟
بوونى شه‌ڕ و نائارامى له هه‌ر شوێنێكدا به ماناى ماڵوێرانى و ده‌ربه‌ده‌رى و ئاواره‌بوون و دواكه‌وتنى بواره‌كانى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده و پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دێت، ئینجاش بارگرژیى پێوه‌ندیى سیاسیى نێوان حزب و لایه‌نه‌كانى ئه‌و شوێنه، له هه‌مووشیان سه‌ختتر تێكدانى بارى ته‌ناهییه. حه‌ویجه‌ش له‌و ڕۆژه‌وه‌ى كه‌وتووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتى چه‌كدارانى داعش، بووه‌ته مۆڵگه‌یه‌كى له‌بار بۆ سه‌رهه‌ڵدانى گرووپه توندئاژۆوه‌كان و زیندووبوونه‌وه‌ى شانه نووستووه‌كان، كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریى هه‌بووه له شێواندنى سه‌قامگیریى كه‌ركووك، بۆیه پێش ده‌ست پێكردنى كرده‌وه‌گه‌له‌كانى ئازادكردنى مووسڵ ده‌بوو حه‌ویجه ئازاد بكرایه، ئه‌وكات بیانووى نائارامیى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش نه‌ده‌ما و كه‌ركووك وه‌ك سه‌رجه‌م پارێزگاكانى تر‌ى عێراق هه‌ڵبژادنی تێدا ئه‌نجام ده‌درا. خاڵێكى گرینگى ئه‌م لایه‌نه ئه‌وه‌یه كه پێشمه‌رگه هه‌میشه ئاماده بووه بۆ ئازادكردنى حه‌ویجه و هه‌رگیز هۆكارى دواخستنى پرۆسه‌كه نه‌بووه، بگره ئه‌وه‌ى هۆكار بووه ئاماده‌نه‌بوونى سوپاى عێراق بووه.
هه‌ڵوێستى حزبتان له هه‌بوون و مانه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى و به یاساكردنى چه‌كدارانیان چییه؟
ئێمه جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆ له نێوان حه‌شدى شه‌عبى و حه‌ره‌س قه‌ومیدا نابینین كه له ساڵانى 1963 – 1968 به‌عسییه‌كان وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ سوپاى ئه‌وساى عێراق و بۆ لاوازكردنى پێگه‌ى ئازادیخوازانى ناو سوپا دایانمه‌زراند. نیگه‌رانیى ئێمه‌ش له به یاساییكردنى ئه‌و هێزه‌یه كه نه‌ده‌بوو له په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى بۆ بدرێت و چوارچێوه‌یه‌كى یاسایى به‌به‌ردا بكرێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره زۆر به ئاشكرا دیاره به پاڵه‌په‌ستۆى ئه‌و لایه‌نانه بوو كه له ژێر هه‌ژموونى ئێراندان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه واى به باش ده‌زانین پاش به كۆتاهاتنى كرده‌وه‌گه‌له‌كانى ئازادكردنى مووسڵ، حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و تێكه‌ڵ به سوپاى عێراق بكرێت و بخرێته ژێر فه‌رمانه‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگرییه‌وه. دڵنیاشم هه‌موو ئه‌و حزب و لایه‌نه سیاسییانه‌ى ئامانجیان عێراقێكى بڕیار به‌ده‌ست و دیموكراته، هاوبیرى ئێمه‌ن، چونكه له وڵاتێكى ئازاد و دیموكراسیدا، جێگه‌ى میلیشا نابێته‌وه.
تا چه‌ند له ئاینده‌ى عێراق گه‌شبینن و ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى و جیابوونه‌وه له عێراق به گونجاوترین بژارده‌ى سه‌ركرایه‌تیى سیاسیى كورد نازانن؟
له‌م بارودۆخه‌ى ئێسته‌دا كورد هه‌لێكى زێڕ‌ینى له به‌رده‌ستدایه و پێویسته ژیرانه مامه‌ڵه له‌ته‌ك هه‌لومه‌رجى ناوخۆیى و هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیشدا بكات. عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت هێشتا دانه‌مه‌زراوه‌ته‌وه و ته‌واو له‌سه‌ر پێى خۆى نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه، بۆیه به پێویستى ده‌زانین سه‌ره‌تا كورد ماڵى خۆى ڕێك بخاته‌وه و ناكۆكییه ناوخۆیییه‌كان وه‌لا بنێ، ئینجا له ڕێى دیالۆگه‌وه پرسی سه‌ربه‌خۆیى له‌گه‌ڵ به‌غدا بكاته‌وه، هه‌رچه‌نده ڕه‌وته دیموكراتخوازه‌كانى به‌غدا هێشتا جێى ئومێد نین، به‌ڵام كورد نابێ كۆڵ بدات و نا‌ئومێد بێت، ده‌بێ دیالۆگ بكاته دروشمى خۆى و له دانوستانه‌كاندا سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت. نابێ ڕۆڵى وڵاتانى ده‌وروبه‌ریشمان له‌بیر بكه‌ین و پێویسته هه‌موو لایه‌ك دڵنیا بكه‌ینه‌وه و گوتارى ئێمه بۆ ئه‌وان ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماى 100 ساڵه‌ى خه‌باتى چه‌كدارى و سیاسیى گه‌لانى كوردستاندا بێت و بڕوایان پێ بینین كه سه‌ربه‌خۆیى مافێكى ده‌ستوورى و یاسایى خۆمانه و ئاره‌زوومه‌ندانه له عێراق جیا ده‌بینه‌وه. پێم خۆشه جیابوونه‌وه‌كه‌شمان له عێراق به ماچ و ده‌ستگوشین بێت نه‌ك به فیشه‌ك و خوێن. له ئاستى نێوده‌وڵه‌تیشدا تێگه‌یشتنێك هه‌یه و ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر خۆمانه چۆن وڵاتانى دنیا له دۆزه ڕه‌واكه‌مان بگه‌یه‌نین.
كه‌ركووك - نه‌به‌ز رۆسته‌م