شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جارێكى تر بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌چێته به‌غدا، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێى ده‌ستوور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ده‌كه‌ین.
بڕیاره ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر راسپارده‌ى مه‌سروور بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان، شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی بۆ جاری سێیه‌م بچنه‌وه به‌غدا.
له كۆبوونه‌وه‌ى دوێنى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى كوردستان مه‌سروور بارزانى ئاماده‌ى پێشاندا بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و رێككه‌وتنێكى گشتگیر.
تێگه‌یشتنی زۆر باش له‌لایه‌ن هه‌ردوولا هه‌یه
نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به "وشه”ی راگه‌یاند، هاتنی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه تێگه‌یشتنی زۆر باش له‌لایه‌ن هه‌ردوولا هه‌یه، چونكه سازان باشتره له نه‌سازان.
ره‌واندزی ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه رۆژی یه‌كشه‌مى رابردوو كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌نجام داوه، باسیان له چه‌ندان پرسی گرنگ كردووه، له به‌رانبه‌ر پرسه‌كانی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان. به‌گوێره‌ى قسه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، سه‌رۆك وه‌زیران هه‌وڵی رژد ده‌دات بۆ كۆتاهێنان به كێشه‌كان.
له‌باره‌ی راده‌ستكردنی داهاتی ناوخۆ و خاڵه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه به حكوومه‌تی عێراق، ئه‌و گوتی، به‌پێی ده‌ستوور نیوه‌ی داهاتی خاڵه سنوورییه‌كان ده‌درێته‌وه حكوومه‌تی عێراق، بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم كێشه‌ی نییه ئه‌وه‌ی له ده‌ستوور مافی هه‌رێمه جێبه‌جێ بكرێت، "ئێمه‌ش به‌پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه ده‌كه‌ین".
هه‌ولێر و به‌غدا له 2014ـوه كێشه له نێوانیان هه‌یه، ئه‌وه‌یش به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی و كێشه‌كان قووڵتر بوونه‌وه، هه‌موو كاتیش هه‌رێم ئاماده‌یی خۆی بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ربڕیوه، به‌ڵام عێراق به‌ده‌م ئاماده‌یی هه‌رێم نه‌هاتووه و هه‌رجاره و به بیانوویه‌ك كێشه‌ى بۆ كوردستان دروست كردووه.