كورد بۆ وا دەكات؟

PM:02:15:22/06/2017 ‌

بێریڤان مەحموود

ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە، تێدەگەین زۆربەی نەتەوە و گەلانی دنیا خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن یاخۆ خاوەنی سیستەمێكی فیدراڵین و بە جیاوازییەكانیانەوە بە یەكسانی لەیەك وڵاتدا دەژین، بەڵام تاكە نەتەوە ژمارەیان لە 50 ملیۆن نزیك بووەتەوە و هێشتا خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان نین، كوردە.

بیرمە لە كۆڕێكدا مامۆستایەكی مێژوو ئامۆژگاری كردم هەركات لە تاقیكردنەوەكاندا داوای هۆی دروست نەبوونی دەوڵەتێكی كوردی- مان لێ كرا، خاڵی یەكی وەڵامەكە بنووسین هۆكاری سەرەكی دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردی، خۆخۆری و ناكۆكیی نێوان كوردەكان خۆیانە.
ئەم حاڵەت و نەریتە خراپەی سەردەمی نەزانی و ناتێگەیشتووی لە سیستەم و ماف، تەنانەت خۆخۆریی كوردان، بێگانەكانیش هەستیان پێ كردووە و لەو رووەوە بەهۆكارێكی لاوازی و دروست نەكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆی كوردیان لە قەڵەم داوە. بۆ نموونە ئیسماعیل بێشكچی نووسەری ناوداری تورك و دۆستی كورد لە نووسینێكیدا دەڵێت، "توركیا و سووریا و ئێران و عێراق دوژمنی كورد نین، ئەوەی دوژمنی گەورەی كوردە تەنیا كوردەكان خۆیانن".

ئەم رستەیەی بێشكچی بە روون و ئاشكرا پێمان دەڵێت فارس و تورك و رۆمیش دەزانن كورد لە ناوخۆیدا خۆخۆرە، كوردەكان بۆ داوكارییەكانی بێگانە چۆك دەدەن بەزەویدا، بەڵام لە ناوخۆیاندا سازش ناكەن و توند و كەلەڕەقن، ئامانجی نەتەوەییشمان ناوێ ئەگەر تۆ دروستی بكەی، یان دەبێت هەریەكەمان هەموو شت بین یان ددان بەویتردا نانێین. 

فایەق بێكەس شاعیری گەورەی كورد دەمێكە ئەو راستییەی سەلماندوە كاتێك دەڵێت: 
كورد ئەبەد ناگا بە مەقسەد نۆكەری بێگانەیە
دوودڵن پیسن لەناو یەك بۆیە وا بێ لانەیە
میلەتێكن بۆ نەمانی یەكتری هەوڵ ئەدەن
داخەكەم ورد و درشتی شێت و شەیدای عانەیە
دەبێت بپرسین ئایا ئێمەی كورد لە كوێتییەكان خێڵەكیتر بووین وا نەمانتوانی یان سوودمان لە دەرفەتەكان وەرنەگرت دەوڵەتێكی سەربەخۆ دروست بكەین؟ ئەو هۆكارەیش زۆر لاوەكی و پێوەندی بە نەزانینی زمانی تر و نەگەڕان بوو بە دنیادا كە جاران دەگوترا كوردستان لەسەر دەریا نەبوو بۆیە نەمانتوانی دەوڵەت دروست بكەین؟ چونكە تەكنەلۆجیا ئەوەی ئاسان كرد كە زانیاری بەدەست بێنی و ئێستە دەزانین دەیان نەتەوەی تر لەسەر دەریا نین و سەدان ساڵە دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان هەیە.

دروست نەبوونی قەوارەیەك بۆ كورد خراپیی جیۆپۆلۆتیكە و دەوڵەتانی دەرەكی رێگەیان نەداوە دروست بكرێت؟ لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر، هیچ كام لەو هۆكارانە بنەمای نەبوو، بەڵكو ئەوە ناكۆكیی كوردان خۆیانە هەركات دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە بۆ دەوڵەت، خۆیان رێگر بوون لە دروستكردنی، بەهۆی ئەوەی ئەزموونیان نییە و لە گەورەیی دەوڵەت تێنەگەیشتوون، بۆیە بە پاساوە بچووكەكانیان دەرفەتەكە دەشێوێنن و خەڵك نائومێد دەكەن، ئەوكاتیش زلهێزەكانی دنیا دەگەنە ئەو باوەڕی كورد ناتوانێت ئیدارەی خۆی بكات.

بۆ نموونە لە رۆژنامەی ژیان و بڵاوكراوەكانی ئەو سەردەمەی كورد لە ساڵی ١٩٢٨ و ساڵانی دواتر، كە ئەوكات سەرەتای دروستبوونی عێراقە، چەندان وتار و هەواڵیان بڵاو كردەوە كە نوێنەرانی كورد لە عێراق داوای مافی خۆبەڕێوەبردنی لیواكانی هەولێر و كەركووك و سلێمانییان كردووە، بەڵام حاكمی مەدەنی ئینگلیز لە بروسكەیەكدا بۆ وڵاتەكەی گوتوویەتی، "كورد توانای خۆبەڕێوەبەرێتی خۆیان نییە و ناكۆكیشن".

ئێستەش كاتی ریفراندۆمە و بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوودا هاووڵاتییانی كوردستان دەنگ بدەن لەسەر چارەنووسی خۆیان، دەبا پارتی دیموكراتی كوردستان پەرلەمانی كوردستان وەك پێشتر كارا بكاتەوە، یەكێتی كێشە ناوخۆیییەكانیان وەلا بنێن و بزووتنەوەی گۆڕان نەرمیی بنوێنێت و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانیان بخەنە سەر و بەرژەوەندی خۆیانەوە و دەست لەناو دەست خەونی نەتەوەیەك بەدی بێنن كە قازی محەمەد و سمكۆی شكاك و شێخ سەعیدی پیران و چوار ئەفسەرەكە و دكتۆر قاسملۆ و هەزاران كورد و سەركردەی كورد لە پێناویدا ئەو خەونەی بردە ژێر گڵ. دەرفەتێكە هاتووە، با لە داهاتوودا مێژوو بنووسێ لەسەر دەستی ئەو پاڵەوانانە كورد بوو بە دەوڵەت نەك بنووسێ ئەم حزبانە هۆی شكستی دەوڵەتی كوردستان بوون.