له ساڵی ١٩٩٦ له كوردستانه‌وه بڕیارمان دا روو بكه‌ینه هه‌نده‌ران، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، چاره‌نووسمان له فینلاند خۆی بینییه‌وه، له دوای تێكه‌ڵبوون به كولتوور و سیسته‌می ئه‌و وڵاته، تێگه‌یشتین ژیان لێره جۆرێكی تره. ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتم له ژیانی هه‌نده‌ران به‌هێزی سیسته‌مێكه كه دواجار ئه‌و سیسته‌مه بازنه‌یه‌كه ژیانێكی ته‌ندروست و باوه‌ڕ به‌خۆبوون و تاكێكی چالاك دروست ده‌كات كه ده‌كرێت ئێمه‌ی كوردیش سوودی لێ وه‌ربگرین.
كۆنفۆشیۆس، فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی چینییه‌كان باس له‌وه ده‌كات كه بڕینی كیلۆمه‌ترێك باشتره له خویندنه‌وه‌ی چه‌ندان كتێب. كۆنفۆشیۆس كه ده‌ق و تێكسته فه‌لسه‌فییه‌كانی وه‌ك ده‌قێكی ئاینی له‌لایه‌ن چینییه‌كانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه پێمان بڵێت: ئه‌زموون و بیركردنه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌ی مرۆڤ ئه‌گه‌ر له خویندنه‌وه‌ی كتێبه‌كان گرنگتر نه‌بێت، ئه‌وا كه‌متر نییه. ئه‌فلاتۆنیش له دهقێكیدا نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕێ له‌وه‌ی كه مرۆڤه‌كان حه‌یف به نه‌زانی ژیان ده‌گوزه‌رێنن، چونكه ئه‌و رۆژه‌ی ده‌مرن له هه‌موو رۆژێكی تریان ژیرترن ده‌زانن بۆ؟ چونكه له كۆتای ته‌مه‌نیاندا زۆرترین ئه‌زموونیان بینیوه.
كه‌واته ئێمه ده‌بێت باوه‌ڕمان به ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌كانی تاك و دڵسۆزانی كورد هه‌بێت و بتوانین سوودیان لێ وه‌ربگرین. هاوكات ئێمه ده‌توانین به‌و ئه‌زموونه‌ی له وڵاتانی ده‌ره‌وه و سیسته‌می رۆژئاوای كه به‌رهه‌می ئه‌قڵه و ئێمه‌یش به‌ری كه‌وتووین و له‌ناویدا ژیاوین، سوود وه‌ربگرین و خاڵه به‌هێزه‌كانی سیسته‌می رۆژئاوای ده‌ستنیشان بكه‌ین و دواجاریش خزمه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تی پێ بكه‌ین كه رۆژێك هه‌ر ده‌بێت دابمه‌زرێت، ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیه.
له وڵاتانی پێشكه‌وتووی رۆژئاوا سیسته‌مێك هه‌یه كه منداڵ په‌روه‌رده ده‌كات و تاكێكی هوشیاری لێ دروست ده‌بێت، منداڵ له ده‌ست ناچێ ئه‌گه‌ر به پرۆسه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ی باش و خێزانی‌دا بڕوات، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه خێزانێكی نه‌خوێنده‌وار ده‌یه‌وێت به ئاره‌زووی خۆی منداڵه‌كه‌ی ئاراسته بكات كه ئه‌وكات وزه و تواناكانی ئه‌و منداڵه به فیڕۆ ده‌چن. له كاتێكدا منداڵه‌كه خۆی توانای زۆرتره له باوانی و له ژینگه‌یه‌كی باشتردا پێ گه‌یشتووه.
خاڵێكی به‌هێزی په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوایی ئه‌وه‌یه، هه‌میشه رێگه‌كان وه‌ك خۆی به منداڵ ده‌ناسێنن له كاتێكدا منداڵه‌كه دواجار خۆی ده‌زانێ كام رێگه هه‌ڵه‌یه و كام راسته‌ڕێیه و خۆی سه‌ربه‌خۆ كراوه له هه‌ڵبژاردنی، ئه‌مه خاڵی یه‌كه‌م و به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی كه‌سایه‌تییه‌كی لێهاتووه. له سیسته‌می رۆژئاوایی‌دا روونه كه ده‌بێ پێوه‌ندی خێزان و منداڵ زۆر راشكاو و ئاشكرا بێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه هه‌ست نه‌كات له‌ناو ئه‌و خێزانه‌ی خۆیدا ناتوانێ وه‌ك خۆی بژی و ناچار ده‌بێت درۆ بكات. توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه ئه‌گه‌ر ئه‌م رێگه‌یه نه‌گیرێته به‌ر، دواجار به چاره‌سه‌ری كاتی و به‌ڕێكردن لایه‌نی ده‌روونی منداڵ كۆنترۆڵ ناكرێت و ته‌قینه‌وه‌ی به‌دوادا دێت.
یه‌كێكی تر له باشی سیسته‌می رۆژئاوایی ئه‌وه‌یه، مرۆڤێك دروست ده‌كات كه هه‌میشه كار ده‌كات و چالاك ده‌بێت، به جۆرێك ئه‌گه‌ر تاكێكی ئه‌وروپایی كار نه‌كات، ئه‌وا بێ كاریی پێوه دیاره، ئه‌مه‌ش رێگره له دروستبوونی تاكێكی ئیشنهكهر و مشه‌خۆر كه پێم وایه كه بواره‌یان ئێمه ده‌بێت زۆر سوودی لێ وه‌ربگرین كه ئه‌زموونێكی ئاماده‌یه له‌به‌رچاومانه و هه‌وڵدانی ناوێ بۆ به‌رهه‌مهێنانی، بگره ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی ده‌وێ.
له وڵاتانی پێشكه‌وتوو بۆ ئێمه‌ی كورد و رۆژهه‌ڵاتی به‌گشتی چ مانایه‌ك ده‌ده‌ن؟ ئه‌مه پرسیارێكه تا ئێسته وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نییه، به‌و پێیه‌ی دۆخێك هه‌یه كه زۆر جێی سه‌رسوڕمانه، ئه‌ویش ناجێگیری و بۆشایی زۆرینه‌ی كورده كه هه‌ست ده‌كه‌ن به رۆح له كوردستانن و ته‌نیا به جه‌سته له وڵاتی دووه‌من، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیان ده‌كات و به‌رده‌وام هه‌ست به دڵه‌ڕاوكێ و ناجێگیری ده‌كه‌ن، حاڵه‌تێكی زۆر باوه و رۆژ نییه نه‌یبیستی، چونكه كێشه‌ی ده‌روونی بۆ زۆرینه‌ی په‌نابه‌ره‌كان دروست كردووه. به‌گوێره‌ی ئه‌زموونی خۆم پێم وایه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌بێت هه‌ر كه‌س بڕیار بدات لێره ده‌ژی یاخۆ كوردستان؟ بڕٍیاردان زۆر گرنگه تۆ ده‌ته‌وێ لێره /ئه‌وروپا/ بژیت، ده‌بێت بڕۆینه ناو سیسته‌م و هه‌وڵ بده‌ین فێر بین و پێش بكه‌وین و كار بكه‌ین و كولتووری خۆمان كه زۆر بنه‌مای جوانی هه‌یه بناسێنین و به نه‌ریتی كوردیش بژین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌مانه‌وێت تێكه‌ڵ به سیسته‌می رۆژئاوای بین، سووكایه‌تی به وڵاتی خۆت مه‌كه، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی من ده‌زانم ئهوروپایییهكانیش پێیان ناخۆشه كورد یان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر سووكایه‌تی به ژیانی وڵاتی خۆی بكات. ئه‌مان وای ده‌بینن كه مرۆڤ پشوودرێژه و بیری فراوانه، بۆیه حه‌ز ده‌كه‌ن گفتوگۆ بكه‌ن.