زمان و ناسنامەی کورد لە سەردەمی "ڕاوە قوتابیدا"

ته‌ڵعه‌ت تاهیر حه‌مه‌د عه‌لى



لە ڕابردوو و ئێستەش، زۆرینەی وڵاتان لە ڕێگەی پەرەپێدانی زمان لە دەرەوەی جوگرافیای وڵاتەکەیان لە ھەوڵی داگیرکاری فەرھەنگی و کلتووریدان. بەرچاوترین نموونەش فەرەنسا و بەریتانیایە، کە سەڕەڕای تێچووی مادی زۆر، لە دەرەوەی وڵاتەکانیان، قوتابخانەی فەرەنسی و ئینگلیزی دەکەنەوە و بەردەوام پەرەی پێدەدەن. لەم نێوەندەدا کورد، لە قۆناغی ئێستەدا، لە ھەوڵی ناساندنی خۆیدایە و دەیەوێت زمان، ڕووبەر، جوگرافیا، ئەدەبیات و میژووەکەی زێتر بە گەڵانی تر بناسێنێت، لە ھەوڵی گەڕانەوەی ئەو ڕووبەرە دابەشکراوەدایە، کە فەرھەنگ و کولتوورەکەیشی داگیرکراوە.

 پەراوێز خستنی زمانی کوردی وەک ئەوەی ناتوانێت وەک زمانی زانست کەڵکی لێوەربگیرێت، بە دەستی کورد و ڕێنمایی وەزارەتەکانی حکوومەتی کوردییە* و ئەمجارەیان دەستی دەرەکی و بیردۆزی موئامەرە لە ئارادا نییە. زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کوردبوونمان لەو کات و ساتەی, کە دەمانەوێت بە دونیا بڵێین ئیمەی کورد و زمانی کوردی ھەبووە و ماوە، دەمێنێت، لە پێش چاوی نەوەکانی داھاتوومان دەخەین، بێبایەخی دەکەین.

بێئاگایانە بە ھەموو دونیا دەڵێین: زمانی کوردی کەی زمان بووە و چۆن دەکرێ ببێتە زمانی زانستی و زانکۆ! لە ھەمووشی مەترسیدارتر بێدەنگی یاسادانەران و ئەکادیمییەکانە وەک ڕۆبۆت و لە پشت لاپتۆپەکان، ناوە ناوە یاداشتێک دەنووسرێت و کەمپینێک ڕادەگەیێندرێت، ھەڕەشەیەک دەکرێ و دواتر ئەوەی بەسەریاندا سەپا جێبەجێی دەکرێ!

 بەشێکی زۆری ئێمەی مامۆستایانی زانکۆ و ڕێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکاران ھەروا بێدەنگین، لێڕاھاتووین و بەشێکمان خاوەنی ناسنامەیی کەسی و ڕێکخراوەیی نین و بوون و مانەوەمان لە بێدەنگی ھەڵبژاردنە! لێرەدایە مەترسی بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەییش دێتە ئاراوە. ڕوون و ئاشکرایە زمان و ناسنامە، دوو بەشی پێوەست بەیەک و جیا نەکراوەن لەگەڵ تەوەرەکانی میژوو، ئەدەبیات و جوگرافیا و میراتی کولتووری بەیەکەوە دێن.

زمان بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گرنگی لە درووستکردنی ناسنامە و پتەوکردنی ھەبووە بەتایبەت لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا. ئەم ناسنامە دەشێت ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت یان ناسنامەی زمان یان ئایینی. بایەخی زمان لێرەدا بەرچاوتر دەردەکەوێت, کە لە سەتەی بیستەمدا ھۆکاری سەرەکیی سەرھەڵدان و دروستبوونی وڵاتانی سەربەخۆ بووە.

گەڕان بەدوای ناسنامە، پرۆسەیەکە, کە تیایدا دوای گەڵاڵە بوونی چەندان پرسیار، ھەوڵدەدات وەڵامیان بداتەوە، وەک: کێیە؟ لە کوێ بووە؟ چی بووە؟ کام میلەتە و نەتەوەیە؟ جوگرافیایەکەی کوێیە؟ چ ڕابردوویەکی ھەبووە؟ ڕابردوویەک, کە لە ئێستاشدا بوونی ھەیە و وەک ئەوەی شەریعەتی ناوی ناوە"کلاسیزمی زیندوو".

زمانەکان لە ژێر کاریگەری یەکتری دان بەپێی سنووری جوگرافی و ئاڵوگۆڕی ئابووری و پێوەندی کولتووری ، ھەندێ جار دوای شەڕ و داگیرکاری کاریگەرییەکان بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت بەڵام ھەموو نەتەوەیەک ھەوڵی پاراستنی زمانی خۆی دەدات. ئەگەر چی بەحوکمی پێشکەوتنی زانست و کاریگەری، ھەندێ وشە گۆڕانی بەسەردا دێت یان لە زمانێکی تر بە قەرز وەردەگیرێت, کە ئەمەشیان زۆر ئاساییە.

وەک ئەوەی دوای شەڕی دانیشتووانی باکووری ئەوروپا و ڕۆمەکان ڕوویدا و ھاتنە باشوور یا دوای زاڵبوونی ئایینی مەسیحیەت لە بەریتانیا. لە ژاپۆن کەم کەس ھەیە بتوانێت ڕستەیەکی ئەدەبی جوان بنووسێت ئەگەر کەڵک لەزمانی چینی وەرنەگرێت بەڵام لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژیادا لە پێشەوەی ھەمووانن. کورد لەم قۆناغەدا دەتوانێت سوود لەو ئەزموونە مێژووییە وەرگرێت و وێڕای پەرەپێدانی زمانی کوردی لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستیەکان خۆی بگوونجێنێت.

پرسیارە گرنگەکە لێرەیە, ئایا ئەمە ھەوڵێکە زمانی قوتابخانە و زانکۆکان لە زمانی ئاخاوتن جیابکەینەوە یا نەخێر؟ بۆ نموونە زمانی خوێندن بکرێتە ئینگلیزی و قسەکردن و زمانی دایک، کوردی بێت. بە تێڕامانێکی خێرا دەردەکەوێت ئەم تەجرەبەیە لە ھەندێ وڵاتی تر تاقیکراوەتەوە وەک ھائیتی, کە زمانی خوێندنیان فەرەنسییە و جگە لە برسییەتی و تاڵان و ھەژاری ھیچی تری لێ بەرھەم نەھاتووە یان پاکستان, کە زمانی خوێندنێ زانکۆیان ئینگلیزییە و زمانی ئاخاوتنیان ئۆردویییە جگە لە ئیفلیجکردنی فکر و ھزر بەرھەمێکی تری نەبووە.

دەشێت و ڕەوایە بڵێین کورد ھەوڵی نەداوە میراتە کولتووری و زمانییەکانی بە دەست بێنێتەوە و پەرەی پێبدات بەڵام ناکرێت دایببڕێنین لە زانست و تەکنەلۆژیا. تا ئەو کاتەی نەتوانین بە کوردی تەجرەبە و ھەست و ئیحساسی خۆمان دەرببڕین ناتوانین بیکەینە زمانی گفتوگۆی فەلسەفی و مەنتق و زمانی زانست. زمان و ڕێنووسی کوردی وەک بەشێکی زۆر لە زمانە سەرەکیەکانی دونیا ئەو توانایەی ھەیە بەڵام دەبێ کەسانێک ھەبن بەباشی تێی بفکرن وردببنەوە و بە باشی بیربکەنەوە و پێی بنووسن نەک بەڕینماییەک ھەوڵی پەراوێز خستنی زمانی کوردی بدرێت چوونکە ئەمە پەیوەستە بە ناسنامەی گەل و نەتەوەیەک, کە پێموایە ئێستا بێئاگایانە کورد ھەوڵی لەباربردنی دەدات.