له هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ده‌سكه‌وته له بواری (ئاسایش، ئابووری، سه‌ربازی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌م ناوچه پڕ گێژاو و ئاڵۆزه‌دا، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه به‌شێك له هاووڵاتییان و كه‌سایه‌تی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان، ره‌خنه‌یان له ئیداره و تێڕوانینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. بۆیه زۆر بزووتنه‌وه و پارتی سیاسیی نوێ ویستیان خۆیان بكه‌ن به به‌دیلی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و ببن به سه‌رله‌شكری كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ره‌خنانه و ناڕه‌زاییانه‌ی به‌شیك له هاووڵاتییان، به‌ڵام سه‌ركه‌توو نه‌بوون.
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه ئایا بۆ ئه‌م هه‌وڵانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون؟ كه‌موكوڕی له‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیه‌كه‌دایه یاخۆ سه‌ركه‌وتوویی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان شكستی به‌وان هێناوه؟ به بۆچوونی من ئه‌م پاشه‌كشه‌یه له هه‌وڵی دروستكردنی هێزی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ:
ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه‌ی دروست بوون، نه‌یانتوانیوه مۆدێلی پارتایه‌تی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار تێپه‌ڕێنن و له‌سه‌ر هه‌مان مۆدێلی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان ده‌ڕۆن.
ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه تا ئێسته نه‌یانتوانیوه ته‌رجه‌مه‌ی ڕه‌خنه و ناڕه‌زاییه‌كانی به‌شێكی گه‌ل بكه‌ن بۆ پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی و ستراتیجی نوێ، بگره ئه‌مان له‌بری رێبه‌رایه‌تی و ئاراسته‌كردن, خۆیان سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌كان بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و پێگه‌ی خۆیان، به‌وه‌یش ده‌رده‌كه‌وێت گه‌ل خۆی له پێشه‌وه‌ی ئه‌وانه, له كاتێكدا له دنیادا حزب پێشڕه‌وی گۆڕانكارییه.
ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه‌ی دروست بوون، نه‌یانتوانیوه راستی ره‌وشی سیاسی و جیۆگرافی و ناوچه‌یی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بخوێننه‌وه, بگره كوردستان وه‌ك وڵاتێكی خاوه‌ن سیاده و سه‌ربه‌خۆ ده‌خوێننه‌وه نه‌ك قه‌واره‌یه‌كی تازه پێگه‌یشتوو كه هێشتا خاوه‌ن پێگه‌ی جیۆگرافی و سه‌روه‌ری ته‌واوه‌تی نییه، وا ده‌زانن له‌ناو وڵاتێكی ئه‌وروپا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن.
ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه خوێندنه‌وه‌یان بۆ دانانی ئه‌وله‌ویه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هه‌ڵه‌یه، راسته كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه (ئابووری و سیاسی و جیۆگرافی)یه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و تێڕوانینه دروست بێت كه كێشه ئابووری و سیاسی و جیۆگرافییه‌كانی ئێمه زۆربه‌ی دروستكراوی خۆمان نین، به‌ڵكو ده‌ر‌نجامی ئه‌و پێگه سیاسیی و ئابووری و جیۆگرافییه‌ی ئێمه‌یه كه بۆمان دروست ده‌كرێت، واته زۆربه‌ی كێشه‌كان بۆمان دروست كراوه نه‌ك ده‌ستی خۆمانی تێدا بێت.
ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه نه‌یانتوانیوه به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی هه‌رێمی كوردستان و پیلانه ده‌ره‌كییه‌كانی سه‌ری به لێكدانه‌وه‌ی جیاواز سه‌یر بكه‌ن، بۆیه زۆربه‌ی ره‌خنه و ناڕه‌زاییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پیلانه ده‌ره‌كییه‌كان ده‌كه‌وتنه یه‌ك به‌ره دژی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی هه‌رێمی كوردستان.
بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر سه‌یری قۆناغی ئاماده‌كاری ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، ده‌كرا ره‌خنه هه‌بێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كاردانه‌وه و ڕه‌خنه‌ی لایه‌نه‌كانی دژی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر بنه‌مای لێدانی پێگه‌ی سیاسیی و جه‌ماوه‌ری لایه‌نێكی دیاریكراو بوو، هیچ جێی خۆی نه‌گرت. له كۆتادا له‌سه‌ر هه‌مان تێڕوانین رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری لێ كه‌وته‌وه و خه‌ریك بوو پێگه‌ی سیاسی و جیۆگرافی و ئیداری هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌وێته به‌ر شاڵاوی له‌ناوبردن.
هه‌روه‌ها ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه نه‌یانتوانیوه خۆیان له بازنه‌ی ناوچه‌گه‌رایه‌تی و شارچێتی و خواستی چوونه ده‌سه‌ڵات رزگار بكه‌ن.
ئه‌و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیانه نه‌یانتوانیوه ببن به خاوه‌ن راگه‌یاندنێكی راستگۆ، لێكدانه‌وه و هه‌واڵه‌كانی ئه‌و راگه‌یاندنانه‌یان له دۆڵێك بوو، خه‌ڵكیش له دۆڵێكی تر. واقیعێكیان بۆ هزر و فكری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دروست كردبوو كه دووربوو له واقیعی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌وه سه‌یری گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان بكه‌ین، له‌وكاته‌ی به‌پێی تێڕوانینی ئه‌و جووڵانه‌وه و بزووتنه‌وه سیاسییه نوێیانه كه باسیان ده‌كرد، ناڕه‌زاییه‌كان له دژی پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات له لووتكه‌دایه، باسی بێ هیوایی و لاوازبوونی پێگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری پارته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌دا به لایه‌نگر و ئه‌ندامانیان، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی به پێچه‌وانه ده‌رچوون، پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات مانه‌وه و بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه سیاسییه نوێیه‌كان ورده ورده هه‌ڵوه‌رین.
ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه واتای ئه‌وه نییه ئیداره و پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌موكوڕیان نییه، به‌ڵكو جووڵانه‌وه و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی نوێ له كوردستان له گێژاوی بوونی مۆدێلێكی نوێی سیاسی و ئاراسته‌كردنی ناڕه‌زاییه‌كانی به‌شێك له كۆمه‌ڵگه له پڕۆژه‌یه‌كی گشتی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه بڕوات، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان مایه‌پووچ ده‌بن.