جارێكی تر جووڵه‌ی شه‌قام سه‌ری نه‌گرت

دلشاد به‌رزنجی

گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان له‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌ی رابردوودا حوكمڕانییه‌كی پڕ له‌ كه‌موكوڕی پێشكه‌ش كرد، جگه‌ له‌ كه‌م ئه‌زموونی حاڵه‌تێكی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و بێ به‌رنامه‌ی هه‌بوو بێ نه‌خشه‌ بوو و خۆی له‌گه‌ڵ ستانداردێكی داهات جێگیر نه‌كرد. حوكمڕانێكه‌ی زۆر حزبی بوو، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی حزب مه‌یلی لێ بووایه‌ له‌ڕێی حكوومه‌ته‌وه‌ هه‌موو كارێكی ده‌كرد.

له‌لایه‌كی تر هاتنی داعش كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگی له‌ كوردستان كرد و بڕینی مووچه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداد و دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌موكورییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی زیاتر زه‌ق كرده‌وه‌ و باری سه‌رشانی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی زیاتر قورس كرد، تا وای لێهات حكوومه‌ت نه‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی به‌ته‌واوه‌تی بدات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بازار و كار و كاسبی خه‌ڵك دانا، بۆیه‌ له‌م روانگه‌وه‌ ڕه‌خنه‌كان بۆ سه‌ر حكوومه‌ت و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامی هاووڵاتییان بۆ گه‌یاندنی داخوازییه‌ ره‌واكانیان، كاریكی هه‌ق و دروسته‌ و پێویسته‌ حكوومه‌ت گوێ له‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ بگرێت.‌

پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌ داخوازی و ناڕه‌زایی گه‌ل ره‌وایه‌ بۆچی ئه‌م جاره‌ش جووڵه‌ی شه‌قام سه‌ری نه‌گرت و خۆپێشانده‌نه‌كان دامركانه‌وه‌؟. هه‌ڵبه‌ت ده‌یان هۆكار هه‌ن بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌، با به‌شێكیان خاڵبه‌ند بكه‌ین.

به‌ راشكاوی ده‌توانم بڵێم پیلانێك له‌ پشت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی دوایی به‌ڕێوه‌چوو ناتوانم لایه‌نێك تۆمه‌تبار بكه‌م به‌ تێوه‌گلان له‌و پیلانه‌، به‌ڵام رووداوه‌كان ده‌ریانخست كه‌ ده‌ستێك هه‌بوو له‌ پشتی خۆپێشانده‌رانه‌وه‌ كاری خۆی ده‌كرد، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌واییانه‌ی كرانه‌ سه‌ر داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت كه‌ هیچ پاساوێكیان بۆ نه‌بوو، چونكه‌ تێكدان و سووتاندنی دار و دیوار هۆی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی میله‌ت نه‌بوون، له‌ هیچ شوێنێكی دنیادا حكوومه‌ت به‌م كارانه‌ ناڕووخێت، بۆیه‌ ده‌بوو خۆپێشانده‌رانی شاره‌كانی كوردستان پشتێنه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییان له‌ ده‌وری ئه‌و داوده‌زگایانه‌ دروست بكردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌ستیان بۆ نه‌بات، چونكه‌ دواتر هه‌ر به‌ پاره‌ی میله‌ته‌ ده‌بێ چاك بكرێنه‌وه‌، كه‌چی خۆیان چۆن سووتاندیان و تاڵانیان كرد.

به‌ڵام سووتاندنی باره‌گای حزبه‌كان به‌گشتی، په‌یامێكی ئاشكرایه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ست پرۆسه‌ی سیاسی كوردستانه‌ به‌گشت لایه‌نه‌كانیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای دروستكردنی فه‌وزایه‌كی گشتگیره‌ له‌ هه‌رێمدا، به‌مه‌ش تا ئاستێك رێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كانیان گۆڕی و پارته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشیان ترساند له‌ هاتنه‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان و رێبه‌رایه‌تیكردنی.

ئه‌مجاره‌ش له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان بێ سه‌روبه‌ری پێوه‌ دیاربوو، سووتاندنی باره‌گاكانی هه‌موو حزبه‌كانیش رێگای نه‌دا كه‌سێك یا حزبێك خۆیان بكه‌ن به‌ خاوه‌نی، بۆیه‌ كار كه‌وته‌ ده‌ست كه‌سانێكی نابه‌رپرس و فه‌وزایه‌ك له‌ناو خۆپیشانده‌راندا سه‌ری هه‌ڵدا.

ئه‌و پارتانه‌ی خۆیان وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌نواند، هه‌ر زوو سواری شه‌پۆله‌كه‌ بوون و ویستیان مه‌رامه‌كانی خۆیان به‌ داخوازییه‌ ره‌واكانی میله‌ته‌وه‌ گرێ بده‌ن بۆ نموونه‌ (شاسوار عه‌بدولواحید) هه‌ر زۆر به‌په‌له‌ گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و ویستی لاسایی ئیمام خومه‌ینی بكاته‌وه‌ كاتێك به‌شێك له‌ هه‌وادارانی هێنایه‌ به‌رده‌م فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و ویستی خۆی بكات به‌ رێبه‌ری خوپیشاندانه‌كه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا لیسته‌كه‌ی ته‌مه‌نی له‌ سێ مانگ تێپه‌ر ناكات و هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ببێت به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی كوردستان. بزووتنه‌وه‌ی گۆرانیش هه‌رزوو بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم دا، سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ چوار ساڵه‌ ره‌وشی گه‌ل وایه‌، كه‌چی ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌ده‌دا پێشتر.‌

زه‌نگی مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌ندی شوێندا ئاژاوه‌گێڕان به‌ پشتوانی هه‌ندێك لایه‌نی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی كوردستان له‌ناو خۆپیشانده‌ران كه‌وتنه‌ خۆ چه‌كداركردن و كۆكردنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ ته‌ناهییه‌كان و پێشمه‌رگه‌، گۆره‌پانی زونی سه‌وز بوو به‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان. له‌لایه‌ك پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتمانی و له‌لایه‌كی تر كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆران و شاسوار عه‌بدلواحید و چۆنیه‌تی سه‌رخستنی ته‌واوكه‌ری ئه‌و پیلانه‌ی كه‌ دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان له‌ 16 ئوكتوبه‌ر به‌ داگیركردنی شاری كه‌ركووك به‌ پشتوانی خیانه‌تكارانی ناوخۆ ده‌ستیان پێكردبوو.

له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ هه‌م لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و هه‌م هێزه‌كانی تریش، گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ حۆپیشاندانه‌كان دامركێننه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی ته‌ڕووشك به‌یه‌كه‌وه‌ بسووتێنێ، ئه‌وه‌ بوو هه‌موو هێزه‌كان هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و جووڵه‌ی شه‌قام ڕاگیرا. پێویسته‌ له‌وه‌ی رووی دا میله‌ته‌كه‌مان په‌ند وه‌ربگرێت، به‌وه‌ی توندوتیژی و سووتاندن و تاڵانی و تێكدان، هیچ ئامانجێك ناپێكێت، باشترین بژارده‌ ئاڵوگۆڕ و نوێكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارندا ده‌ستنیشانی ده‌كات.

AM:09:06:07/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌