دڵشاد به‌رزنجی
ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كرد كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ماڵی كوردی به‌چه‌ند لیست قه‌واره‌یه‌ك به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كرد، به هه‌مانشێوه ماڵی شیعی و سوننه‌یش ناته‌با و په‌رتن له‌م ئه‌زموونه تازه‌یه‌دا.
له‌ناو ماڵی كوردی سه‌ره‌ڕای هه‌موو دژایه‌تییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ پێگه و ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی كه سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه، به‌ڵام پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنایه‌وه، له گۆڕه‌پانی عێراقیش ئه‌و لایه‌نه شیعانه‌ی به دوورییه‌كی زۆرتر له لایه‌نه‌كانی تری شیعه، له ئێران دوورن. ده‌نگی زۆرینه‌یان مسۆگه‌ر كرد و دیارترینیشیان لیستی سائیروونه كه موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه و ده‌ره‌نجامه‌كانی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه یاخۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی (ئێران و ئه‌مه‌ریكا) وه‌ك دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی ململانێكار له گۆڕه‌پانی عێراقدا، چاره‌نووسساز بوو و هاوكات سیمای پێكهاته‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق دیاری ده‌كات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (برێت مه‌كگۆرك) نێردراوی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و (قاسم سوله‌یمانی) فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، له پێشبڕكێدان بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رازووه‌كه به‌لای به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتهكهنیاندا لاسه‌نگ بكه‌ن، بۆیه دوای به‌غدا روو ده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی لایه‌نه‌كانی كوردستان له‌باره‌ی قۆناغی پاش هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تیی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، گفتوگۆ بكه‌ن.
(برێت مه‌كگۆرك) رووی كردووه‌ته هه‌ولێر، پاش ئه‌وه‌ی زنجیره‌ك دیداری له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عێراق ئه‌نجام داوه له به‌غدا. قاسم سوله‌یمانیش پاش مه‌كگۆرك ده‌ستی به گفتوگۆكانی كرد له به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی شیعه كۆ بووه‌ته‌وه، بڕیاره بگاته سلێمانی و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كۆ ببێته‌وه.
ئێران ده‌یه‌وێت هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی حزبی ده‌عوه (مالیكی و عه‌بادی) یه‌ك بخات و پاشان هانیان بدات بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لیستی فه‌تحی هادی عامری ببه‌ستن كه گرووپه‌كانی حه‌شدی تێیدا كۆ بوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ره‌وتی حیكمه كه عه‌ماڕ حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و دواتریش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێران یه‌ك یه‌ك پێوه‌ندییان پێوه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببن به گه‌وره لیستی په‌رله‌مان و هه‌موویان پێكه‌وه حكوومه‌ت پێك بێنن. ئه‌وه له كاتێكدا موقته‌دا سه‌در كه هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌مه، ره‌تی كردووه‌ته‌وه بچنه ژێرباری هیچ بڕیارێكه‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بدرێت و ده‌ڵێت، بڕیاری ئێمه عێراقییانه‌یه و هه‌مووان هاوبه‌شین له‌م وڵاته.
به‌گوێره‌ی راپۆرته هه‌واڵییه‌كان، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئیداره‌ی تره‌مپ ئاشكرایان كردووه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێسته موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در پێوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه، به‌ڵام به سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق واشنتن ئاماده‌یه كار له‌گه‌ڵ سه‌در بكات له قۆناغی ئاینده‌دا. هه‌روه‌ها زه‌ڵمای خه‌لیلزاد باڵوێزی پێشتری ئه‌مه‌ریكا له عێراق، رای گه‌یاندووه كه په‌یامه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی سه‌در كه ده‌یه‌وێت رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه و رێز له ده‌ستوور بگرێت و رێگری له فراوانبوونی هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه بكات، سه‌رنجی ئه‌مه‌ریكا ڕاده‌كێشێت و ئه‌گه‌ر سه‌در ئه‌و په‌یامانه‌ی بكات به كردار، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه كاری له‌گه‌ڵدا بكات.
هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌یه به‌لای كه‌مه‌وه حكوومه‌تی داهاتووی عێراق حكوومه‌تێك بێت بتوانێ به‌ره‌نگاری هه‌ژموونی ئێران ببێته‌وه له‌و وڵاته و له‌و رێیه‌وه بتوانێت رێگری له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی تاران بكات له ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له سووریا و لبنان. ئه‌وه له كاتێكدا ئێران له ڕێی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه جاران ته‌نیا له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئاماده‌یی خۆی نیشان ده‌دا و كه‌متر له ڕووی سه‌ربازییه‌وه خۆی ده‌نواند. به‌ڵام له دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش و فه‌تواكه‌ی سیستانی، ئه‌مڕۆ سوپایه‌كی ته‌ریب كه ٨٠%ی له‌ژێر فه‌رمانی سوپای پاسداران و قه‌رارگای قودسدایه، له عێراق باڵاده‌ستن.
بۆ دۆخی دوای ١٢ی ئایار ده‌شێ چه‌ند سیناریۆیه‌ك بخرێنه ڕوو كه له نێوان دوو گریمانه‌ی سه‌ره‌كی سه‌قامگیری یان ناسه‌قامگیری عێراقدا ده‌خولێنه‌وه. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به دینامیكییهته ناوخۆیییه‌كانه‌وه هه‌یه. هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه ماڵی شیعه له عێراق خه‌ریكه درزی تێده‌كه‌وێت. ماڵی شیعه به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ی ستراتیجی جیاوازدا دابه‌ش ده‌بێت، یه‌كیان پێی وایه عێراق نابێ به‌پێی سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قێ به‌ڕێوه بچێ، ئه‌وی تریش ده‌ڵێ ویلایه‌تی فه‌قێ بۆ عێراق گرنگه. یه‌كیان ده‌ڵێ نه‌جه‌ف ناوه‌ندی شیعه‌كانی دنیایه، یه‌كی تر دووپات ده‌كاته‌وه كه قوم ئه‌و رۆڵه ده‌گێڕێت. یه‌كیان سیستانی به مه‌رجه‌ع و ئه‌ویتر خامه‌نه‌یی ده‌ناسێ. یه‌كیان بڕوای به‌وه‌یه عێراق نابێ ببێت به ته‌واوكه‌ری ئێران و یه‌كیشیان ده‌ڵێ ئێران نه‌بووایه عێراق كه‌وتبوو. یه‌كیان ده‌یه‌وێ عێراق بگێڕێته‌وه بۆ ناو باوه‌شه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی، یه‌كیشیان ده‌یه‌وێ عێراق بكاته پردی پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی هیلالی شیعه و پڕۆژه‌ی دنیای شیعه له سووریا و لبنان كامڵ بكات. خراپی ئه‌م ناكۆكییه‌ش له‌وه‌دایه، هه‌ردوو بۆچوونه‌كه چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
ئه‌م ره‌وشه دوو سیناریۆ بۆ پێكهاته‌ی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق پێش ده‌خات.
یه‌كه‌م/ حكوومه‌تێكی ئیئتلافی به‌پێی مۆدێلی ساڵانی پێشووی لێ بكه‌وێته‌وه كه به‌ناو حكوومه‌تی سازان ده‌بێت و سه‌ره‌كه‌ی شیعه‌یه، به‌ڵام ده‌ستوقاچی له هه‌ندێك گرووپی كورد و سوننه پێك دێ. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر یه‌كخستنی دینامیكییهته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م حكوومه‌ته ناتوانێ سه‌قامگیری بۆ ناو عێراق بگێڕێته‌وه، بۆیه سیناریۆی حكوومه‌تی ئیئتیلافی و دیموكراسی سازانی له ماوه‌یه‌كی مامناوه‌ندیدا كۆتای پێ دێ و ته‌نگژه‌ی جیاواز رووی تێده‌كه‌ن.
دووه‌م/ پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌ت زۆرینه. سه‌ره‌نجام به رێككه‌وتنی ناوماڵی شیعه حكوومه‌تێكی زۆرینه‌ی سیاسی به باڵاده‌ستی شیعه به‌شێواوی له دایك ده‌بێ، هه‌وڵ ده‌دا پرسه‌كانی وڵات به زه‌بری هێزی سه‌ربازی چارسه‌ر بكات، لێره‌دا ئه‌م سیناریۆیه به‌پێی مۆدێلی ئێرانی رێك ده‌خرێته‌وه، به‌ڵام توانای دابینكردنی پرسه سه‌ره‌كییه‌كانی وڵاتی نابێ و ته‌نگژه و ئاڵۆزی باڵ به‌سه‌ر عێراقدا ده‌كێشێت.
ئه‌زموونی 10 ساڵه‌ی رابردوو و فاكته‌كانی ئه‌م ماوه‌یه پێمان ده‌ڵێن: بۆچوونی دووه‌م ئه‌گه‌ری جێگیربوونی به‌هێزه. بۆیه به‌پێی ئه‌م تێزه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٢ی ئایار سه‌قامگیری بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر ناكات.
كورد له داهاتووی حكوومه‌تی عێراق چی به‌سه‌ر دێت له نێوان پڕۆژه‌ی ئێرانی و ئه‌مه‌ریكا، دیار نییه ئه‌م پڕۆژانه به سوودی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌شكێنه‌وه یان به‌پێچه‌وانه‌وه. به گشتیی ئاماژه‌كان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی ئێرانییه كه مۆدێلی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی به باڵاده‌ستی شیعه‌یه ئه‌گه‌ری هه‌یه هه‌ندێك گرووپی كوردی به‌شداری پێ بكه‌ن، ئه‌م سیناریۆیه سه‌ره‌ڕای زیانی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كورد، ئه‌و سووده‌ی هه‌یه كه رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا بژاره‌ی كوردیان به‌ده‌سته‌وه ده‌مێنێت له گۆڕه‌پانی عێراق.
له‌لایه‌كی تره‌وه, سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه ده‌یه‌وێ له ڕێی عه‌بادییه‌وه كابینه‌یه‌كی سازان له شیعه و كورد و سوننه‌ی میانڕۆی لایه‌نگری رۆژئاوا پێكه‌وه بنێت. عه‌ره‌بستان، بلۆكی كه‌نداو و هه‌ندێك وڵاتی سه‌ره‌كی عه‌ره‌بی پشتیوانی له‌م پڕۆژه‌یه ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پڕۆژه‌یه رۆڵی ستراتیجی كورد لاواز ده‌كات و ئه‌مه‌ریكا بایه‌خ به عێراق ده‌داته‌وه و به‌ره به‌ره پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌پووكێته‌وه، بۆیه پڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌گه‌ر سه‌ر بگرێ، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان لاواز ده‌كات.
هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م زیانانه ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ كۆتا به په‌رته‌وازه‌یی گرووپه كوردستانییه‌كان بهێنێت، هه‌روه‌ها وه‌ك جاران نابێت هه‌موو هێلكه‌كانی بخاته سه‌به‌ته‌یه‌ك. به‌ڵكو كورد ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نیشتمانی كه هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری كۆك بن، گفتوگۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ده‌ست پێ بكات وه‌ك كورد نه‌ك حزب. جا كام لایه‌ن ئاماده‌بوو بۆ رێكه‌وتن و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی كورد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵی رێك بكه‌وێت و ره‌چاوی ئه‌وه نه‌كات كه سه‌ربه ئه‌مه‌ریكایه یان ئێران.