ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرفەتێكە گەڕانەوەی ئەستەمە

AM:09:24:08/08/2017 ‌
یوونس ئەمین

گەلی كورد 100 ساڵە چاوەڕوانی ئەم دەرفەتەیە، با بە هەموومان لە دەست خۆمانی نەدەین و ئاسۆیەكی روون بۆ نەوەكانمان دەستەبەر بكەین. دوای دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ گەلێكی وەك كورد كە ساڵەهایە لەژێر چەوسانەوە و ستەم و مافخوراویدایە، موژدەیەكی پڕ ئومێدی ئایندەی نەتەوەكەمان و ئاسۆی روونی نەوەكانمانە، هاوكات وێستگەیەكی هەستیاری هەنگاوی خەباتی مەدەنییانەی گەلە كە ئاواتی هەر تاكێكی كوردە بگاتە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی.
هەلومەرجی ناوچەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئاستی خەبات و قوربانیدان و پاڵپشتی وڵاتان و قارەمانی و خۆڕاگری پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وای كردووە ئەگەر دەرودراوسێش رازی نەبن، بەشێكی زۆر لە وڵاتانی تر ئەو مافە بۆ كورد بەڕەوا دابنێن، ئەمەش وا دەكات لە لایەكەوە هەموو جیاوازییەكان وەلا بنێین و تواناكان بخەینە گەڕ بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، لەلایەكی ترەوە هەست بە بەرپرسیارێتی قۆناغەكە و ئەو پرسە گەورەیە بكەین و وەفاداری بۆ خوێنی هەزاران قوربانی ئەنفال و كیمیاباران و شەهیدانی كوردستان دەرببڕین، بەوەی بەوپەڕی دڵسۆزی و نیەتپاكی كار بۆ ئەو هەنگاوە بكەین.
كورد مافی خۆیەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بكات وەك باقی نەتەوەكانی تر، چونكە بەدرێژایی مێژوو لە چوارچێوەی عێراق ئەگەر رۆژانێك خێر و خۆشیشی بینیبێ، دەیان ساڵ خەم و تاڵی نۆشیوە، بەپێی ئەزموونی رابردوویش دەركەوتووە لە دوای رووخانی رژێم تا ئێستەیش عێراق لە بەڵێن و هاوبەشی حوكمڕانی لەگەڵ كورد راست دەرنەچووە، بگرە دووڕوویی و میزاجی سیاسی و ئەقڵیەتی پاشاگەردانی بەكار هێناوە و لەو پێناوەدا مافی كوردی پێشێل كردووە، پابەندی دەستوور و یاسا و بنەماكانی سازانی نیشتمانیش نەبووە.
ئەگەر عەرەب پێی وایە سەربەخۆیی كوردستان لەتبوونی ئۆممەتە، ئەی بۆ ناپرسن ئەو هەموو وڵاتە عەرەبییانە بۆ؟ ئەگەریش بەبیانووی جیاجیا ئەو مافە بۆ كورد بە ڕەوا نابینن، ئەی بۆ گەل و نەتەوەی وا هەیە هێندەی پارێزگایەكی كوردستانە رووبەر و دانیشتوانی، كەچی خاوەن وڵاتن و وڵاتانی عەرەبی فزەیان لێوە نایەت. 
لە رابردوودا كورد بەدەست رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەهامەتی زۆری بینیوە، كەچی لە دوای راپەڕین وەڵامی كورد بۆ هەموو ئەو تاوان و ستەم و نەهامەتییانە، لێبوردەیی و پاراستنی سەروەری عێراق بوو! لەگەڵ هاتنی داعش و كەوتنی مووسڵ و شڵەژانی ناوخۆی عێراق بەدەست كارە تیرۆرستییەكانەوە، هەرێم بەدەستێك رووبەڕووی تیرۆرستان بووەوە و بەدەستەكەی تریش لە پێشوازی ئاوارە عەرەبەكاندا بوو، كەچی كورد نەیدەوێرا بچێت بۆ بەغدا، بگرە زۆریش دەركران، لەوێ بەناوی مەزەو و دەیان مزگەوت تێك دران و بەهەزاران خەڵكیش بوون بە قوربانی، بەڵام لێرە حوسەینییە و وەقفی سوننی دەكرێنەوە، قەتیش بەو ناوانە كەسێك پێی نەگوتراوە پشتی سەروی چاوت برۆیە، چما عەرەب چاكە و هەڵوێستی كورد نابینێ؟ كەواتە ئەو هەوڵەی برا عەرەبەكان وەك سۆز و وەفا بۆ كورد دەریدەبڕن و پێیان وایە بەرژەوەندی كورد لە مانەوەی لەگەڵ عێراقدایە، زیاتر بۆ هێشتنەوەی كوردە بە ژێردەستەیی لەناو عێراقێكی پڕ لە كێشمەكێشی سیاسی و مەزەوی و تایفی كە ئاسان نییە بتوانێ خۆی لێ قوتار بكات.
لەلایەكی تریشەوە هیچ رێگرییەكی شەرعی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە، بگرە ئیسلام مافی گەلانی رەچاو كردووە و هیچ گەل و وڵاتێكیش بۆی نییە ئەو مافە لە گەلێكی تر زەوت بكات، چونكە خوای گەورە هەر گەل و نەتەوەیەكی بە تایبەتمەندی و لە چوارچێوەیەكی نەوعی خوڵقاندووە، كە سەرەنجام میتۆدی هاوكاری و پاڵپشتی و یەكترناسین دەبێتە سەنگی مەحەك لە ئەدای هەر كار و هەنگاوێكی پێوەست بە خاڵی هاوبەشی نەتەوە و وڵاتانەوە.
بەپێی پێوەر و بنەما شەرعییەكانیش بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە تایبەتەكانەوەیە، ریفراندۆم پرسێكی گشتی و نیشتمانییە و ئەركە هەمووان بەوپەڕی هەست بە بەرپرسیارێتی كاری بۆ بكەین و لەپێناو هەندێك بابەت و بەرژەوەندی لابەلا و تایبەت، ئەو دەرفەتە گەورە و مێژوویییە نەخەینە ناو بازنەی تانەلێدان و بیری تەسكی ئایدیا و حزبەوە.
بەداخەوە كەسی وا هەیە لەبەر گلەییەكی لاوەكی، یان بەبیانووی جیاجیا، یان بە هۆكارێكی سیاسی، یان بیركردنەوەكی تەسك، دەیەوێ ڕێ بەخۆی بدات دەوڵەتی كوردی رەت بكاتەوە، ئەمە وێڕای زیان و دروستكردنی لەمپەر لە بەردەم پرۆسەكە، لەهەمان كاتدا وێناكردنێكی نەگونجاوە و لەگەڵ كۆی خەباتی نەتەوەیی یەك ناگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر خۆبواردن و ترازان و بیانوویەك بۆ پێشاندانی سستی لە بابەتی ریفراندۆم دەچێتە خانەی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانەوە، بەڵام پێشنیاز و گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی ئەنجامدانی پرۆسە گرنگە، دەبێ باشترین رێگەچارە و ئالییەت بەهەند وەربگیرێ.
زۆر گرنگە ئەو دەرفەتە بەهەلێكی زۆر تایبەت و گرنگ و مێژوویی بزانین، ئەركە هەمووان وێڕای هیمەت و هەنگاوی پێویست، نزا بكەین ئەو هەنگاوە سەربگرێ و كوردستان بەرەو سەربەخۆیی بڕوات، چونكە پرسێكی نیشتمانی یەكلاكەرەوەیە، هیچ دوودڵی و ركەی سیاسی و ململانێی حزبی ناوێت، هەموومان دەبێت بەیەك دەنگ و بە روحێكی برایانە بەشدار بین لە دەنگی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی، ئەم ڕق و كینە تا كەی؟ با هیچی تر كێشە سیاسی و ناوخۆیییەكان تێكەڵ بەم پرسە نەكەین و دڵی دوژمن خۆش نەكەین.