هەڵوێستمان لە مافی چارەنووسی گەلەكەمان و ریفراندۆم

PM:02:10:17/08/2017 ‌
د. كاوە مەحموود


به‌ پێی بۆچوونه‌كانی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی حزبی شیوعیی كوردستان

پێشەكی
هەڵوێستی حزبی شیوعیی كوردستان لەبارەی مافی چارەنووس لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە لینینیستەیە كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات (مەبەست لە ئازادیی نەتەوەكان لە بڕیاردانی مافی چارەنووسی خۆیان، جیابوونەوەی سیاسییانەی ئەم نەتەوانەیە لە بنیادی نەتەوە نامۆكانی تر و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆیە). لەم بوارەدا حزب پشت بە كۆمەڵێك بابەتی میتۆدی دەبەستێت، لەوانەش:
یەكەم/ پرسی نەتەوایەتی و داواكارییە نەتەوایەتییەكان دیاردەیەكی مێژویییە كە رێڕەوی خۆی هەیە، بەو مانایەش سەرەتا و رێی سەرونشێو و پێچ و پەنای خۆی هەیە كە بە شێوازێك لە شێوازەكان دەستنیشانی ئاسۆ و ئاستی پەرەسەندنی دەكات.
دووەم/ پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە پرسی نەتەوایەتی وەك دیاردەیەكی مێژوویی لە وڵاتێكی فرەنەتەوەییدا كە نەتەوەیەكی باڵادەست و گەورە لە قەوارەی ژمارەدا لەگەڵ نەتەوەیەكی زۆرلێكراودا بەیەكەوە دەژین، پێوەندی بە واقیع و بە هەموو ناكۆكی و ململانێكانەوە هەیە. 
سێیەم/ وردەكاریی ژیانی رۆژانەی خەڵك كار دەكاتە سەر چارەسەری بەرجەستەكراوی پرسی نەتەوایەتی. بۆیە هەلومەرجی ئابووری و كۆمەڵایەتیی باو بە گشتی بەشێوەیەكی ئەرێنی یان نەرێنی كار دەكاتە سەر ناكۆكییەكان و ئەمەش كار دەكاتە سەر هەڵبژاردنی چارەسەری دیاریكراو بۆ ئەم پرسە.
چوارەم/ هەڵبژاردنی رێگەچارەی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی، ناكرێت پشت بە خولیای حەز و ئارەزووی خۆیەتی ببەستێت، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی دروشمێك كە پێوەندی بە چارەنووسی ملیۆنان كەس هەیە. پاشخان و بەردەوامبوونی مێژوویی پرسی نەتەوایەتی و پەرەسەندنەكانی و هەلومەرجی هەنووكەیی، وا دەخوازێت جۆرە چارەسەرێك بخەینە ڕوو كە رەچاوی تواناكان و هونەری ئەوەی كە دەتوانرێ بكرێت و هاوسەنگی هێزەكان و لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بكرێت. 
بەپێی تیڕوانینی حزبمان، ئەم عەقڵانییەت و تێگەیشتن و رەچاوكردنی هاوسەنگییەكان، نابێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی نەتەوەی زۆرلێكراو بێت كە لێرەدا خەڵكی كوردستانە. بۆیە ناكرێت قورسایی ئۆباڵی تێكچوونی دۆخی عێراق بەهۆی سیاسەتی شۆڤینیستانەی حوكمڕانەكانی رابردوو و ئێستە و بە هۆی گرفتەكانی بنیاتی دەوڵەتی عێراق، بخرێتە ئەستۆی گەلی كوردستانەوە.
كاتێك گەلی كوردستان لێكدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هۆی نێودەوڵەتی لەبارەی مافی چارەنووس دەكات، نابێت وا بزانێت بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی پڕۆژەیەكە خەڵكی تر و زلهێزەكانی دنیا بۆی جێبەجێ دەكەن و بە خەڵات پێشكەشی گەلی كوردستانی دەكەن. ئەركی بڕیاردانی چارەنووس بە بەردەوامی دەبێ بڕیارێكی سیاسیی كوردستانی بێت و پشت بە قوربانییەكانی پێشتر و تێكۆشان و ئامادەبوون بۆ بەردەوامبوونی بەخشینی هەمەلایەنە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە ببەستێت.
حزب ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێكردنی دیموكراسی لە عێراقدا وەك هۆكارێكی گرنگ كردووە بۆ پەیداكردنی میكانیزمی باوەڕبوون و دداننان بە مافی بەرامبەر بۆ ئەنجامدانی مافی چارەنووس لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی شێوازی دیموكراسیی مەدەنیی ئاشتییانە. بەڵام ئەم حاڵەتە مانای ئەوە نییە بڕیاردانی مافی چارەنووس بەشێوەیەكی میكانیكی پێوەندی بە وەدیهێنانی دیموكراسییەوە هەیە. بۆیە پێوەندی مافی بڕیاردانی چارەنووس بە دیموكراسی لە عێراقدا، مانای ئەوە نییە گەلی كوردستان چاوەڕوانی دیموكراسی لە عێراقدا بكات و نابێت بڕیاری مافی چارەنووسی خۆی نەدات تا ئەو كاتەی دیموكراسی لە عێراقدا وەك پێداویستییەك بەرقەرار بێت. 
بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانیی كوردستانی لەسەر بنەمای هاووڵاتیی كوردستانی لە چوارچێوەی سنووری مێژوویی كوردستانی عێراق، دروشمێكی گونجاوە و ئەركێكی شۆڕشگێڕییە. ئەم دەوڵەتەش موڵكی سەرجەم كوردستانییەكان بە كورد و توركمان و ئاشووری كلدان سریان و ئەرمەن و عەرەب، سەرجەم پێكهاتە ئاینییەكانی كوردستان دەبێت. 
چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنە واقیعییانە خۆی لە بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانییە نەك دەوڵەتی نەتەوە كە هەر چوار پارچەكەی كوردستان بگرێتەوە. لێرەدا باس لە رەوابوونی دەوڵەتی نەتەوە بەم شێوازە ناكەین، بەڵكو باس لە چارەسەرێكی گونجاو و كردەنی دەكەین كە توانای ئەنجامدانی لە ئارادایە، ئەوەش دەوڵەتی نیشتمانییە لە كوردستانی عێراقدا. بەم جۆرە ئێمە كۆپی ئەزموونی بزووتنەوەی نەتەوەی عەرەب و بیری ئیسلامگەرایی ناكەین كە بوونە هۆی هەرەسهێنانی ئەزموونی دەوڵەتی نیشتمانی لە ناوچەكەدا كە لە دوای رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ و دابەشكردنی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دامەزرا، بەهۆی جەختكردنیان لەسەر پرۆسەی دەوڵەتی نەتەوەی عەرەب، یان دەوڵەتی نەتەوەی ئیسلامی لەسەر حیسابی فەرامۆشكردنی دەوڵەتی نیشتمانی و پێداویستییەكانی بنیاتنانی دیموكراسی، لە هەمانكاتدا كە باس لە مافی چارەنووس بەم شێوەیە دەكەین، ناكەوینە ناو جوغزی دەوڵەتی پێكهاتەكان كە وەك چارەسەرێك بۆ تەنگژەی دەوڵەت لە عێراقدا دەخرێتە روو، كە هەڕەشەیە لەسەر یەكێتیی خاكی كوردستانی عێراق و پەرتەوازبوونی ناوچەكانی بەهۆی زاڵبوونی شوناسی لۆكاڵی لەسەر شوناسی نیشتمانیی كوردستانی.
بنەماكانی مافی بڕیاردانی چارەنووس پشت بە دۆزی رەوای گەلەكەمان و بنەماكانی ئەم مافە دەبەستێت. كە یەكێك لەو بنەمایانە بوونی بازاڕی نیشتمانیی كوردستان و یەكبوونی زمانە. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی (نەتەوەیی) لینین ئاماژە بۆ رۆڵی زمان دەكات كە گرنگترین شێوازی پێوەندیكردنە لە نێوان خەڵكدا، یەكێتیی زمان و ئازادی و پەرەسەندنی مەرجێكی سەرەكی بوو بۆ ئەوەی ئاڵۆگۆڕكردنی بازرگانیی ئازاد و سەرانسەری بێتە كایەوە، ئەمەش لەگەڵ سەرمایەداری نوێدا لەو كاتەدا دەگونجا و دەبوو بەهۆی گردبوونەوەی ئازادانەی خەڵك بە چینە جیاوازەكانەوە. بەم جۆرەش پێوەندیی نێوان خاوەن كاری گەورە و بچووك و كڕیار و فرۆشیار دروست دەبوو. ئەم حاڵەتە سەرمایەدارییە هاوكات بوو لەگەڵ هەموو بزووتنەوە نەتەوایەتییەكان.
كاتێك كە بۆچوونی لینین لەبارەی رۆڵی زمان لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی یان نەتەوەیی بە راست دەزانین، دەمانەوێ بڵێین لە سەردەمی ئەمڕۆدا شوناس و ناسنامەی كولتووری لە رێی تەرەفگیری یان لایەنگیری كولتووری رۆڵی بنەڕەتی لە بڕیاردانی دەوڵەت دەبینێت. مەبەستمان لە لایەنگیری كولتووری هەموو ئەو نەریت و بۆچوونە هاوبەش و پێوەندییە كۆمەڵایەتییانەیە كە تاكەكان لەو كۆمەڵگەیەدا بە یەكتر دەبەستێتەوە و شێواز و ریتمی ژیانی كۆمەڵگە دەستنیشان دەكات.
جگە لە رۆڵی زمان و بازاڕ، شوناسی نیشتمانیی كوردستانی و چەمكی لایەنگیری كولتووری كە بە شێوەیەكی قووڵ رەگی خۆی لە دوای راپەڕینی ئادارەوە و تا ئێستە داكوتاوە، بەشێكن لە بنەماكانی مافی بڕیاردانی چارەنووس. شوناسی كولتووری یەكگرتوو و فرەچەشن لە هەمان كاتدا رێی تایبەتی كۆمەڵ و تەواوی تەرزی ژیانی تاكەكانی دەستنیشان دەكات. 
شوناسی كولتووری بریتییە: لە پێكهاتەیەكی مەعریفی و بۆچوون و هونەر و رەوشت و یاسا و عورف و نەریتی كۆمەڵایەتی كە مرۆڤ وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگەیەكدا وەری دەگرێت. ئەم پێناسەیە لایەنی پێكهاتەی رۆحی و پێكهاتەی مادیش لە كۆمەڵگەدا دەگرێتەوە و تایبەتمەندییەك بە هەر كۆمەڵگەیەك دەبەخشێت و لە كۆمەڵگەیەكی تر جیای دەكاتەوە. وەك دیاردەی تێكەڵبوونی توخمە مادی و رەفتارە دەروونییەكان. بۆیە كولتوور بریتییە لە تەواوی ژیانی كۆمەڵگە بە نەریتی مادی و رەفتار و ئەو شێوازانەی كە خەڵك كۆ دەكاتەوە و لەسەر ئەم بنەمایەش پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بیروبۆچوون و نەریت و بەهاكان ئەنجام دەدرێن.

ریفراندۆم وەك میكانیزمێك بۆ گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووس
لە دنیایی ئەمڕۆدا هەڵبژاردنی رێگەی ریفراندۆم كە گەڕانەوەیە بۆ بڕیار و ئیرادەی گەل بۆ هەنگاونانی كردەنی بۆ مافی چارەنووس، شیاوترین رێگەیە كە لەلایەكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ دەگونجێ، لەلایەكی ترەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق رێگەچارەی ئاشتی و دیموكراسیی گونجاوە بۆ قورتاربوون لە تەنگژەی بنیاتگەری دەوڵەتی عێراق. بژاردەی ریفراندۆم لەسەر بنەمای كاردانەوە نییە لەسەر رەفتاری دەوڵەتی عێراق، بەڵكو مافێكی سروشتی گەلەكەمانە تەنانەت ئەگەر لە ناوەندی عێراق حوكمی دیموكراتی هەبێت. لە هەمانكاتدا بڕیاری ریفراندۆم بۆ جێبەجێكردن دەبێت نەك بۆ بەكارهێنانی وەك كارتی پاڵەپەستۆی سیاسی.
پێویستە كاركردن بۆ ریفراندۆم بە شێوەیەكی بەرنامەڕێژی ئەنجام بدرێت بە جۆرێك هاوسەنگی نێوان وزە و تواناكان و هێزی بزووێنەری ئەم پرۆسەیە هەبێت بەرامبەر كۆسپ و گرفت و هۆكارە بابەتییەكان كە كاری نەرێنییانەی لەسەر ئەم پرۆسەیە هەیە، بە رەچاوكردنی هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەكی كە كارتێكردنی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ئەم پرۆسەیەدا هەیە.
شەشەمین كۆنگرەی حزبمان لە كۆتای ئۆكتوبەری 2016 ئاماژەی بە پرۆسەی ریفراندۆم بەم شێوەیەی خوارەوە دا:

هۆكارە پاڵپشتیكەرەكانی پرۆسەی ریفراندۆم
لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە خاڵە بەهێزەكان بكەین كە بزوێنەر و خاڵی ئەرێنییە بۆ پشتگیریكردنی پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی مافی چارەنووس:
1ــ سەربەخۆیی كوردستان بەشێوەیەكی پراكتیكی لە دوای راپەڕینی 1991وە تا ئێستە و دامەزراندنی دامەزراوە سەرەكییەكان وەك پەرلەمان و حكوومەت، جگە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارە ناوخۆیییەكان.
2ــ دانانی بنەمای پراكتیكیی سەربەخۆیی ئابووری، هەرچەندە تەواو پێ نەگەیشتوون و پشتبەستنی هەرێم بە توانای ئابووریی خۆی لە ساڵی 1991وە تا 2003، هەروەها لەو كاتەوەی حكوومەتی فیدراڵ بودجەی كوردستانی بڕیوە تا ئێستە. ئەمەش سەرەڕای كەموكوڕییەكان بوونەتە سەرهەڵدانی بازاڕی سەربەخۆ لە كوردستاندا. 
3ــ دەرخستنی شوناس و ناسنامەی كوردستانی تا ئاستی ناسنامەیەكی نیشتمانی و تایبەت و جیاواز لە شوناس و ناسنامەكانی تر لە عێراق و ناوچەكەدا. ئەم شوناسەی تاكی كوردستانی لە بەها و نەریت و بیروباوەڕی هاوبەش و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان تاكەكاندا دەردەكەوێت، حاڵەتی لایەنگیری كولتووریی نێوان تاكەكان لە كوردستاندا دروست دەكات. ئەمەش دەبێتە ئاراستەكردنی خولیای دواڕۆژی گەلی كوردستان بە ئاراستەی وەدیهێنانی پێشكەوتن و پەرەپێدان و چوونە ناو ریزی هێزە نێودەوڵەتییەكانی دنیاوە. 
4ــ پیادەكردنی سیاسەتێكی كراوە لە بواری پێوەندییە دەرەكییەكانی هەرێم و بەدەستهێنانی سەركەوتنی بەرچاو لە پێوەندییەكانی كوردستان بە ناوەندە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان. ئەمەش بە زیادبوونی ژمارەی كونسوڵگەرییەكان لە هەولێردا دەردەكەوێت.
5ــ بوونی هەلومەرجی پێكەوەژیانی تێكڕای پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان لە كوردستاندا و دابینكردنی مافی ئەو پێكهاتانە بەپێی یاسا لە كوردستاندا.
6ــ بوونی توانای بەرگریی هێزی مرۆیی لە كوردستاندا بە تایبەتی لە ناوەندی لاوان و ئافرەتان كە بەشێوەیەكی كارا لە بواری بەڕێوەبردن و بەشداری لە ناوەندی داڕشتنی سیاسەت و لە بواری سەربازی بوونیان هەیە، جگە لە ئامادەبوونی جەماوەر بۆ داكۆكیكردن لە كوردستان شانبەشانی پێشمەرگە كە ئەمڕۆ بووەتە هێزی وشكانی سەرەكی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر. هەر ئەم هێزەش پشتگیری لە مافی چارەنووس دەكات و قەوارەی كوردستان دەپارێزێت.
7ــ گۆڕانگارییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە گرفتێكی مێژوویی دێرینی لە بواری كێشەی بنیاتی دەوڵەتی تێدایە، جگە لە ململانێكانی ناوچەكە كە مۆركێكی تایفەگەری و نەتەوەیی هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاخافتن لەبارەی سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی ناوچەكە كە دووجار بەپێی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ لە دوای یەكەمین شەڕی جیهانی دابەش كرا.
8ــ مێژووی تێكۆشانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و ئەزموون و قوربانییەكانی گەلەكەمان لە پێناو وەدیهێنانی مافە رەواكانی و پاراستنیان.

ئاستەنگەكان لە بەردەم پڕۆژەی ریفراندۆم 
ئاماژەكردن بۆ خاڵە ئەرێنییەكان كە بزوێنەری پرۆسەی ریفراندۆمە، ئەوە ناگەیەنێت كە بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی ریفراندۆم و مافی چارەنووس نییە. دەستنیشانكردنی ئەو ئاستەنگانە كارێكی پێویستە بۆ دانانی رێگەچارەی زاڵبوون بەسەریدا و كاركردن بەشێوەیەكی كارا بە مەبەستی تێپەڕاندنی كۆسپ و تەگەرەكان. لێرەدا دەبێ بگوترێ ئەم ئاستەنگانە رواڵەتی نین و ناكرێ بە جۆرێكی ساكارانە و تەنیا بە دروشمگوتنەوە زاڵ بین بەسەریاندا. ئەو ئاستەنگانە مەترسی راستەقینەن لە بەردەم ئەو پڕۆژەیەدا و پێویستە حزبە سیاسییەكانی ناوەندی بڕیار لە كوردستان زۆر بە رژدی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە بەردەم پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانی لەم خاڵانەدایە:
1ـ ئەو هەڵمەتە راگەیاندنەی لە سەرەتاوە كرا بۆ بە كەسایەتیكردنی پرۆسەی ریفراندۆم یان بە حزبیكردنی، لە كاتێكدا ئەم پرۆسەیە پێویستی بەوەبوو بكرێ بە پرۆسەیەكی نیشتمانی دوور لە بە كەسایەتیكردن.
2ـ رەنگدانەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان لەبارەی دۆسێی سەرۆكایەتیی هەرێم و گرفتەكانی حكوومەت و پەرلەمان، هەڵنوتكان لە دۆزینەوەی بەرنامە و پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان حزبە كوردستانییەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و رەنگدانەوەی ئەم حاڵەتەش لەسەر دۆسێی ریفراندۆم و هەڵوێست وەرگرتن لە بڕیاردانی مافی چارەنووس كە زۆرجار لەلایەن تێكڕای لایەنە ناكۆكەكان بە عەقڵیەتی بەرژەوەندیی حزبایەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەكەن، لە كاتێكدا پرسی مافی بڕیاردانی چارەنووس پرسێكی چارەنووسسازی نیشتمانییە بۆ گەلی كوردستان كە لەپێناویدا گەورەترین قوربانی داوە.
3ـ مامەڵەی نەرێنییانە لە خوێندنەوەی هۆی نێودەوڵەتی كە بە جۆرێك دەخرێتە روو گوایە ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاردانی مافی چارەنووس بێ پشتگیرییەكی بێ سنووری زلهێزەكان بەتایبەتی ئەمەریكا نایەتە دی. بۆیە دەبێ بەپێی ئەو لۆجیكە چاوەڕوانی ئەمەریكا بین كە لەسەر خوانێكی زێڕین مافی چارەنووس پێشكەشی گەلی كوردستان بكات، لەكاتێكدا نەكردنی ئەو پڕۆژەیە، یان دانەڕشتنی لەلایەن ئەوانەوە مانای ئەوە نییە ئەوان لە پراكتیكدا دژایەتی ئەو هەنگاوە دەكەن. لەلایەنی پراكتیكدا بە پێویست دەزانرا ریزبەندی و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی واقیعییانە لێی بكۆڵرێتەوە. 
4ــ هێنانەوەی هەڵوێستی عێراق و دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان كە دژ بە ریفراندۆمن بە بیانوو بۆ ئەوەی بگوترێ كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەهاتووە. بەم جۆرە پرۆسەی ریفراندۆم لە مۆرك و سروشتە تێكۆشەرانەكەی دادەماڵرێت، لە كاتێكدا چاوەڕوانی ئەوە ناكرێت لە دواڕۆژدا هەڵوێستی ئەو وڵاتانە لەبارەی ئەو بابەتە ئەرێنی بێت بەهۆی ناكۆكی تەواو لە چەمك و بەرژەوەندییەكان. ئەوەی لەمەڕ گەلی كوردستانەوە بە پێڕەوكردنی بڕیاردانی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی دادەنرێت، لەمەڕ عێراق و هێزە سیاسییەكانی و وڵاتانی دراوسێ بە پارچە پارچەكردن و دابەشبوونی دەوڵەتی عێراق دادەنرێت.
5ــ رەنگدانەوەی دژواری بارودۆخی ئابووری لە كوردستان و لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتی بە حكوومەت بەهۆی تەنگژەی ئابووری و كورتهێنانی بودجە و نەدانی مووچە لەسەر باوەڕبوونی خەڵك بە بەها و سوودی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت، نزم دەكات.
6ـ كارتێكردنی نەرێنییانەی چارەسەر نەكردنی تەنگژەی حوكمڕانی بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە پرسی سەرۆكایەتی و نەبوونی شەفافییەت لە كاری حكوومەت و پەككەوتنی پەرلەمان هەیە، لەسەر میزاجی خەڵكی كوردستان بە جۆرێك كە ناڕەزایییەكی جەماوەری بەرچاوی دروست كردووە. ئەم هەلومەرجە بەهۆی زاڵبوونی گوتاری پۆپۆلیستی لە راگەیاندنی حزبەكان، كارتێكردنی نەرێنی لەسەر هاووڵاتی لە كوردستاندا، زیاتر ئاڵوزتر كردووە.
7ـ بوونی حاڵەتی دڵەڕاوكێیەكی رەوا لەناو ناوەندێكی فراوانی گەلەكەمان كە مەترسییان لە شكستهێنانی هەنگاوی ریفراندۆم هەیە. ئەم دڵەڕاوكێیە بەهۆی ئەو شەڕە دەروونییە كە هەندێ كەس لە روانگەی بەرژەوەندی تاكەكەسی و حزبایەتیی بەرتەسك، هەڵوێستێكی نەیارانەیان لە ریفراندۆم هەیە زیاتر گەشە دەكات.
8ـ بڵاوبوونەوەی جۆرێك لە فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست كە وڵاتە دراوسێكان و حزبە سیاسییەكان تیایدا وای بڵاو دەكەنەوە گوایە كوردستان توانای دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی نییە، لەوانەیە شەڕی ناوخۆ دروست بێتەوە یان پڕوپاگەندەكردن كە ئەو دەوڵەتەی رادەگەیەنرێت شێوازی میرنشینێك وەردەگرێت بۆ كۆمەڵە خەڵكێكی دیاریكراو و لە هەموو حاڵەتێكدا وڵاتانی دراوسێ دژایەتی دەكەن. بە هەمانشێوە ئەو دەوڵەتە ناتوانێت بودجە بۆ كوردستان و مووچە بۆ خەڵك دابین بكات. ئەم ئاراستەیە بەهۆی بوونی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان زیاتر دووپاتی لەسەر دەكرێتەوە بەمەبەستی ساردكردنەوەی خەڵك لە پشتگیریی پرۆسەی ریفراندۆم.
9ـ بوونی جۆرێك بەرژەوەندیی توێژە كارگێڕی و بیرۆكراتییەكان و ناوەندە مشەخۆرە پێوەندیدارەكانیان كە لە دوای 2003وە تا ئێستە بەرژەوەندیی دارایی و ئابوورییان لە رێی مانەوەیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا مسۆگەر دەكرێت. پێیان وایە لە كاتی راگەیاندنی دەوڵەت ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییانە دەدۆڕێنن.
10ــ هەلومەرجی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە و یەكلا نەكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بەشێوەیەكی فەرمی. ئەمە كۆمەڵێك پرسیار لەبارەی بەشداریكردنی هاووڵاتییان لەو ناوچانە و هەڵوێستی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان لەبارەی ریفراندۆم دەخاتە روو، جگە لە ئەگەری بەكارهێنانی وەك كارتێكی سیاسییانەی دژ بەم پرۆسەیە لەلایەن عێراق و دەوڵەتە دراوسێكان.
11ــ ئەو ئاستەنگانەی لە ئاكامی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بوونی بارگرژی سەربازی لەسەر سنووری مێژوویی هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر رووبەڕووی چەتەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دەبنەوە، جگە لەو بارگرژییەی لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا هەیە.
12ــ ئاماژەكردن بەوەی كوردستان دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی، لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان دانی پێدا نانرێت، چونكە راگەیاندنی سەربەخۆیی لەم كاتەدا لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزان ناگونجێت، لە كاتێكدا بەشێك لە وڵاتە زلهێزەكان رایانگەیاندووە كە پێوەندییەكانیان بەشێوەیەكی كارا لەگەڵ كوردستان بەردەوام دەبێت تا دوای راگەیاندنی سەربەخۆییش كە بڕیارێكی ناوخۆیییە.

هەڵبژاردەی نیشتمانیی كوردستانیی سەربەخۆی حزبی شیوعیی كوردستان
لە بەڵگەنامەكانی شەشەمین كۆنگرەی حزبدا ئاماژەمان بەوە كرد كە واقیعی ئەمڕۆی كوردستان بە رەچاوكردنی بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، كۆمەڵێك ئەرك دەخاتە بەردەم سەرجەم هێزە كوردستانییەكان لە رێی توێژینەوەی هەلومەرجی بابەتی و توانا زاتییەكان و دەستنیشانكردنی ئەگەرەكان بەمەبەستی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆ لە كوردستانی عێراق.
ئەمەش وا پێویست دەكات سەرجەم خاڵە ئەرێنییەكان لە پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت كارا بكەین و بەربەست و ئاستەنگەكان لە بەردەم سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا وەلا بنێین. ئەم ئاراستەیە وا دەخوازێت حزبە كوردستانییەكان ئاراستەی ئەندام و رێكخراوەكانیان و دۆست و لایەنگرانیان بخەنە كار بەمەبەستی بانگەشەكردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كار بكرێت بۆ رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی كوردستان و هەڵبژاردنی. پێویستە دووپات لەسەر هەڵبژاردنی سەربەخۆیی نیشتمانی كوردستانی بكەینەوە بە جۆرێك كە مۆركی دەوڵەتی ئایندە دەوڵەتی دیموكراتی مەدەنی عەلمانی بێت.

میكانیزمی كاركردن
1- بنیاتنانەوەی ماڵی كوردستانی و مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆم وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانیی كوردستانی گشتی، دووركەوتنەوە لە خستنەڕووی ئەم بابەتە وەك پرۆسەیەكی حزبی و كەسایی و تاكلایەنی، كاركردن بۆ بەشداری پێكردنی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان لە بەرپرسیاری و ئەرك وەرگرتن و بەدواداچوون و كاركردن بە هاوبەشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان.
2- راگەیاندنی هەڵمەتێكی نیشتمانی سەرانسەری بەمەبەستی كاركردن بۆ سەرخستنی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی سەربەخۆیی. ئەمەش بە بەشداریی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان و جەماوەری گەلەكەمان دەكرێت. 
3 - كاركردن بۆ چارەسەركردنی دۆسیە سیاسییەكانی وابەستە بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەت.
4- كاركردن بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستان و دەنگدان لەسەری دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم.
5 - بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی ئابووری كوردستان و داڕشتنی سیاسەتێكی ئابووریی نوێ كە كورتهێنانی بودجە چارەسەر بكات و داهاتی نوێ دابین بكات بەمەبەستی بەڕێوەبردنی باری دارایی و ئابووری و قورتاربوون لە ئابووریی بەرخۆر و جێبەجێكردنی چاكسازی سیاسی و كارگێڕی و دارایی.
6 - رووكردنە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان لەو ناوچانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە و رێككەوتن لەگەڵ هێزە كاراكانی ئەو پێكهاتانە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەو پێكهاتانە بەمەبەستی زامنكردنی مافی ئەو پێكهاتانە و بەشداریكردنیان لە حوكم و بەڕێوەبردن لە ناوەندەكانی بڕیار. ئەمەش پشتگیری ئەو پێكهاتانە دابین دەكات بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بەشێوەیەكی دیموكراتی فەرمی بۆ كوردستان.
7 - ئاراستەكردنی جموجۆڵی دیپلۆماسی كاریگەر بۆ دۆستانی گەلی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و دنیا بۆ پشتگیریكردنی ریفراندۆم.
8 - سازدانی گوتارێكی كراوە لەگەڵ رای گشتی و حزبە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ لە رێی گوتارێكی عەقڵانی كە دووپات لەسەر پێكەوەژیان بە ئاشتیی و نەهێشتنی چاوگەكانی بارگرژی بكاتەوە. ئەمەش ببێتە بناغەی سیاسەتی دەرەكی كوردستانی عێراق دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم. ئەمە وا دەخوازێت دووپات لەسەر رێزگرتنی سەروەری وڵاتانی دراوسێ لەسەر بناغەی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێتەوە و كار بۆ ئاشتی بەردەوام لە ناوچەكەدا بكرێت. بەم جۆرە هاوئاهەنگی ئابووری بۆ بەرژەوەندی گەلان و دەوڵەتانی ناوچەكە مسۆگەر دەبێت. 
9- بەدواداچوونی پەرەسەندنە نوێیەكان لە بارودۆخی نێودەوڵەتی و مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بەپێی سیاسەتێكی دەرەكی كوردستانی یەكگرتوو لەسەر بنەما و پێوەری بەرژەوەندیی نیشتمانی كوردستانی و ئەنجامدانی هاوسەنگی و یەكهەڵوێستی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكاری و هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان، دوور لە دابەشبوونی هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان بۆ خۆبەستنەوە یان خۆبەهێزكردن بە جەمسەرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان كە بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە لەگەڵ تێكڕای پێشهاتەكان، لەوانەش پرسی تیرۆر دەكەن.
10- بەشداریكردنی كاریگەرانە لە تێكڕای هەوڵ و كۆششەكانی دژایەتی تیرۆر و كاركردن بۆ سەقامگیركردنی ئاسایش و جێبەجێكردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا لە رێی سەركەوتن بەسەر تیرۆر، تێكۆشان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە بە رێی ئاشتی و كاراكردنی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجامدانی هاوئاهەنگی پێویست دژ بە تیرۆر كە بووەتە دیاردەیەكی جیهانی. دژایەتیكردنی تیرۆر تەنیا لە رێی جموجۆڵی سەربازییەوە ئەنجام نادرێت، بەڵكو دەبێ هاوكات لەگەڵ ئەركی سەربازی پشتگیری لە پرۆسەی دیموكراسی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت لە رێی دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە بۆ گرفتەكان و نەهێشتنی سیاسەتی پەراوێزخستن و بەفیرۆدانی سامانی گەلانی ناوچەكە. لەم روانگەیەوە مافی بڕیاردانی چارەنووس فاكتەر و بنەمای پێكەوەژیانی هاوبەش و ئاشتییانەی گەلانی ناوچەكە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و یەكسانی و سەربەخۆیی دەبێت.

دابینكردنی مافی رەوای كلدان ئاشووری سریان و توركمان وەك بنەمایەك بۆ سەرخستنی ریفراندۆم
پێشتر حزبمان دووپاتی كردووەتەوە كە هاووڵاتیبوونی كوردستانی و باوەڕبوون و تێكۆشان لەپێناو بەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان، هاوكاتە لەگەڵ تێكۆشان بۆ دابینكردنی مافە نەتەوەیی و كارگێڕی و رۆشنبیرییەكانی كلدان ئاشووری سریان و توركمان، دابینكردنی بەشداریكردنیان لە دامەزراوە هەڵبژێردراو و كارگێڕی و حكوومییەكاندا، هاوكات لەگەڵ دابینكردنی بەڕێوەبردنی راستەوخۆی خۆیان بۆ ناوچە نیشتەجێكانی خۆیان و كاركردن بۆ گەشەپێدانی ئەو ناوچانە لە رێی نەهێشتنی سیاسەتی پەراوێزخستن و رووكردنە ئاوەدانكردنەوەیان.

میكانیزمی پێویست بۆ كاراكردنی پرۆسەی ریفراندۆم
لە 22 نیسانی 2017 حزبمان ئەم خاڵانەی خوارەوەی خستە ڕوو وەك نەخشەڕێگەیەك بۆ سەرخستنی ریفراندۆم:
حزبمان ئەم خاڵانە دەخاتە بەرچاوی لایەنە سیاسییەكان و رای گشتیی خەڵكی كوردستان:
1ـ دانانی لیژنەیەكی پسپۆڕ لە تێكڕای حزبە كوردستانییەكان بۆ تاوتوێكردنی تێكڕای ئەو نەخشەڕێیانەی حزبە كوردستانییەكان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە كوردستاندا خستویانەتە روو، كاركردن بۆ دانانی پڕۆژەیەك كە سەرجەم خاڵە نزیك و هاوبەشەكان بگرێتە خۆی و زەوینەی گفتوگۆ و رێكەوتن بۆ خاڵە جیاوازەكان ئاسان بكات، هەنگاوی كردەیی بۆ كاراكردنی پەرلەمان و چارەكردنی بابەتی سەرۆكایەتیی و حكوومەت دەستنیشان بكات و زەوینەی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا ساز بكات.
2- دانانی لیژنەی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی ناوەند و ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی یەكگرتوو بۆ دانوستان كە پشت ببەستێت بە پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان و ئیرادەی ئازادانەی پێكهاتەكان لە عێراقدا، ئەمەش هۆی بنەڕەتین بۆ چارەكردنی تەنگژەی بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە حزبمان پڕۆژەیەكی گشتگیری هەیە. گرنگە هیچ لایەنێكی كوردستانی لەم لیژنەیەدا پەراوێز نەكرێت و بەشداركردنی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەو لیژنەیەدا مسۆگەر بكرێت.
3- دانانی لیژنەی باڵای ئامادەكاری ریفراندۆم كە سەرجەم هێزەكانی ناو پەرلەمان بگرێتە خۆی و نوێنەری توركمان و (ئاشووری كلدان سریان)ی تێدا بێت و دابینكردنی بەشداری ژنان لە لیژنەی باڵا و لیژنەی دانوستان لەگەڵ بەغدا. 

ئەركی لیژنەی باڵایە بەرنامەڕێژی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكات لە رێی ئەنجامدانی ئەم كارانە:
ـ دامەزراندی لیژنەیكی پسپۆڕ بۆ ئامادەكردنی هۆكارە سیاسی و یاسایییەكان كە ریفراندۆمی وەك پێداویستییەك فەرز كردووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان كە بەشێكە لە پرەنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لایەك و پشتبەستن بە خودی دەستووری عێراق كە جێبەجێكردنی مادەكانی دەستوور مەرجی پاراستنی یەكێتی ئازادانەی خاك و گەل و سەروەریی عێراقە، بەشێوەیەكی پراكتیكی دەیان ماوەی دەستوور كە مۆركی بە فیدراڵبوونی دەوڵەتی عێراق دادەنێت دوای 13 ساڵ جێبەجێ نەكراوە، كاركردن بۆ وەرگرتنی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئاماژەكردن بەو بڕیارە لە داڕشتنی گەڵاڵەنامەی ریفراندۆم.
ــ دامەزراندنی لیژنەیەكی راگەیاندنی ناوەندی كە ئاراستەی سەرجەم كارەكانی راگەیاندن بكات بەتایبەتی لە بواری داڕشتنی زمانی ئاخافتن لەگەڵ رای گشتیی عێراق و عەرەب و گەلانی ناوچەكە بە گشتی.
ـ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم راگەیاندنەكانی كوردستان بۆ دانانی بەرنامەی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی نیشتمانیی بۆ ریفراندۆم و دروستكردنی دەوڵەتی نیشتمانی، دووپاتكردن لەسەر سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانیی كوردستانی وەك دروشمێكی سەرەكیی جەماوەر.
ـ دانانی كەناڵێكی سەتەلایەت بە زمانی عەرەبی بە ناوی (الكوردستانیە) كە گوتاری یەكگرتوویی كوردستانی بگەیەنێت. 
ـ دامەزراندنی ناوەندێكی هاوبەشی رێكخراوە مەدەنی و ناحكوومییەكان بۆ پشتگیریكردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.
ــ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ رێكخراوەكانی دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلانی تر بەمەبەستی كارتێكردنە سەر گەلانی دۆستی گەلی كوردستان بۆ پشتگیریكردن لە ریفراندۆم.
ـ ناردنی شاندی هاوبەش بۆ لای حزبە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەندامی بەردەوام لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ روونكردنەوەی هەڵوێستی گەلەكەمان لە ریفراندۆم. 
ـ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركمان و ئاشووری و كلدان لە ناوچەكانی مادەی 140. خستەڕووی پڕۆژەیەك بۆ بەڕێوەبردنی كەركووك لە كاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێم بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی پێكهاتەكانی و مسۆگەركردنی بەشداری و مافەكانیان.
ـ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و گشتپرسی بە جۆرێك بەپێی یاسا بێت و لە بەشبەشێنەی حزبی بەدوور بێت.
ــ دەستنیشانكردنی كاتی ریفراندۆم دوای تەواوكردن و ئەنجامدانی پێداویستییە لۆجیستییەكانی. 
5- دانانی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری بەمەبەستی چاكسازی و چارەكردنی تەنگژەی ئابووری لە كوردستاندا.

دەرئەنجام
لە كۆتای ئەم بابەتە، حزبمان دووپات لەوە دەكاتەوە كە بابەتی ریفراندۆم بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس سەرەڕای ئەوەی هیچ هێزێكی نێودەوڵەتی ناتوانێ رێی لێ بگرێت، چونكە شێوازێكی دیموكراسییانەی دەربڕینی ئیرادەی گەلە و تێكڕای پەیاماننامە و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ددانیان پێدا ناوە، بەڵام ئاستەنگ و بەربەستی دژوار لە بەردەمی هەیە، بەتایبەتی لە ئاستی ناوخۆیی كە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان تا ئێستە لە روانگەی بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبایەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەكەن.
لەم هەلومەرجەدا پرسی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنووس پرسێكی كۆمەڵگەیی تێكۆشەرانەیە بەو مانەیەی دۆسیەیەكی چارەنووسسازە و كار لە دۆسیەكانی تر وەك دۆسیەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و دۆخی ئابووریی خەڵك دەكات. پێوەندیی نێوان ئەو بابەتانە، پێوەندی كارتێكردن و كار لە یەككردنە نەك بە مانای میكانیكی، بەڵكو بە مانای دیالیكتیكی، بەتایبەتی ئێمە باسی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنووسی گەلەكەمان لە شوێنێكدا دەكەین كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و جێی ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە، ئەمەش بەو واتایەی تێكڕای ململانێكانی ناوخۆیی و دەرەكی كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات.
لە كۆبوونەوەی حەوتی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەروەك لە راگەیاندنی كۆبوونەوەكە هاتووە، باس لە كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و هەوڵدان بۆ كاراكردنی پەرلەمان كراوە. ئەوەی تا ئێستە رەچاو دەكرێ كارەكان لەم بوارەدا زۆر بە خاوی دەڕوات، ئەمەش كارتێكردنێكی نەرێنییانەی دەبێت لەسەر ئامادەكردنی پێداویستییە ناوخۆیییەكان و كاراكردنی هۆی زاتی بۆ سەرخستنی ریفراندۆم كە ناكرێ بە عەقڵیەتی رێژەی پەنجا زائید یەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.
هاوكات لەگەڵ ئەم خاڵەدا راگەیاندنی حزبیی، رۆڵێكی خراپ دەبینێ بۆ پۆلێنكردنی بیروبۆچوون بۆ دوو جەمسەر كە ناوی دەنرێ بەرەی ریفراندۆم و بەرەی دژ بە ریفراندۆم. هاوكات لەگەڵ ئەمەدا سیفەتی نیشتمانپەروەر و خیانەتكار بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەش دەكرێت. ئەم جۆرە پۆلێنكردنە بەتایبەتی كە لە لای بەشێك لە لایەنگرانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكرێت، راستەوخۆ زیان بە پرۆسەی ریفراندۆم دەگەیەنێت. 
هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر هەر كەس و لایەنێك تێبینی لەسەر كاتی ریفراندۆم یان ئامادەكردنی پێداویستییەكانی هەبێت بە دژە ریفراندۆم لە قەڵەم بدرێت یان ناووناتۆرەی لێ بنرێت و دەستەواژەی نیشتمانپەروەر و خەیانەتكار لەسەر ئەم بنەمایە دابەش بكرێت. بەردەوام لە پرۆسە گەورە و چارەنووسسازەكاندا راوبۆچوونی جیاواز دێتە كایەوە و دوودڵی و مەترسی دروست دەبێت و پێویستە ئەو مەترسییانە بە هەند وەربگیرێن. رەوینەوەی ئەو مەترسییانە بە روونكردنەوە و گفتوگۆ و دانوستان و دروستكردنی متمانە و هاوئاهەنگی و یەكێتیی ریزەكان و كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆ و زاتییەكان دوور لە عەقڵیەتی دۆڕاو و براوە و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی، ئەنجام دەدرێ.