پێوه‌ندى نێوان توركیا و عیرَاق له‌لایه‌ك و پێوه‌ندى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌كى تر، به‌رزى و نزمى به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌شێوه‌یه‌ك توركیا مامه‌ڵه‌ى كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ دوو ده‌وڵه‌ت بكات، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمى كوردستان، چونكه وه‌ك هه‌رێم مامه‌ڵه‌ى نه‌كردووه به‌ڵكو وه‌ك ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ل كردووه، پێوه‌ندى نێوان عێراق و توركیا به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاوه هیچ پێشكه‌وتنێكى ئه‌وتۆى به‌خۆوه نه‌بینیوه، به‌ڵكو ئاڵۆزى و دڵه‌راوكێ له پێوه‌ندییه‌كان دروست بوو، به‌تایبه‌ت به هێنانى هێزیكى سه‌ربازى بۆ باشیك، به‌ڵام به‌پێچه‌انه‌وه، پێوه‌ندى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌وپێشچوونى زۆرى به‌خۆوه بینیوه دواى ساڵى 2004، واته له‌مساڵه‌وه گۆڕانكارى له ستراتیژیى توركیا رووی دا به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پڕۆژه‌كانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌وڵى بووژاندنه‌وه‌ى ئابووریى وڵاتى ده‌دا، یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ى كه هۆكارن بۆ بووژانه‌وه‌ى ئابووریى وڵاته‌كه‌ى، بریتییه له هه‌رێمى كوردستان ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستى ئابوورى، له‌سه‌ر ئاستى سیاسی پێوه‌ندى نێوان هه‌ردوولا پێشكه‌وتنى زۆرى به‌خۆوه بینیوه، هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پارادیپلۆماسى (Paradiplomacy) په‌ره‌ى به پێوه‌ندییه‌كانى خۆى داوه به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ توركیا، چونكه پیێی وایه پردى گه‌یاندنى هه‌رێمى كوردستانه به وڵاتانى ئه‌وروپى و وڵاتانى رۆژئاوا، له‌سه‌ر ئاستى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى توركیا بۆى ده‌ركه‌وت هه‌رێمى كوردستان نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ وڵاته‌كه‌ى، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه بووه‌ته هۆى زیاتر ئارامى بۆ وڵاته‌كه‌ى، واتا له‌م نێوه‌نده‌دا به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولادا به‌دی ده‌كرێت.
سه‌ردانكردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وه‌زیر، ره‌هه‌ندى جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرێت، چونكه ئه‌و پرسانه‌ى كه له ناوچه‌كه‌دا خۆیان زه‌ق كردووه‌ته‌وه، هێشتا كۆتایان نه‌هاتووه كه به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به‌هه‌رسێ لایه‌ن، گرنگترین ره‌هه‌نده‌كان ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: ره‌هه‌ندى سیاسیى ته‌ناهی
پرسى كۆتاهاتنى داعش له عێراقدا، له ئه‌گه‌رى دروستبوونى هه‌ررووداوێك یاخود هه‌ر هه‌رێمێكى سوننى له عێراق، توركیا هه‌وڵى ئه‌وه ده‌دات له‌ژێر سێبه‌ر و هه‌ژموونى خۆى دابێت، هه‌ر بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق به‌هێزتر بكات، ئه‌و گرژییه‌ى كه له نێوانیاندا دروست بوو له‌باره‌ی ده‌ستێوه‌ردانى توركیا له عێراق، كۆتای پێ بێت و دووباره پێوه‌ندییه‌كانیان به‌هێز بكه‌نه‌وه به‌مه‌رجێك عێراق سنوورى خۆى بپارێزیت، رێگه نه‌دات په‌كه‌كه له‌ناو خاكى عێراق بمێنێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى توركیا هه‌میشه په‌كه‌كه به‌هه‌ڕه‌شه ده‌زانێت بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى، هه‌ر بۆیه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه توركیا تووشى بووه، پێویستى به‌یارمه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بكات، به‌شێوه‌یه‌ك توركیا نایه‌وێ مۆڵگه‌یه‌كى تر بۆ په‌كه‌كه دروست بێت، واتا نایه‌وێت قه‌ندیلێكى تر دروست بێت و ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى توركیا، بۆیه هه‌وڵ ده‌دات بڕوا به هه‌رێمى كوردستان و عێراق بهێنێت كه ده‌بێت په‌كه‌كه شنگال به‌جێ بهێڵێت، به‌تایبه‌ت دواى كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى شارى مووسڵ، واتا ئه‌گه‌ر پێویست بوو ده‌بێت هێزیش به‌كار بهێنریت بۆ ده‌ركردنى په‌كه‌كه له شنگال. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌ته، بێگومان جێبه‌جێكردنى ئه‌م مه‌رجانه ئه‌وكاته ده‌بێت كه توركیا هێزى خۆى له باشیك بكێشێته‌وه، بۆیه ئه‌نكه‌ره و به‌غدا رێككه‌وتن له‌سه‌رئه‌وه‌ى كه توركیا هێزى خۆى له باشیك بكێشێته‌وه و له به‌رامبه‌ردا عێراق رێگه به‌مانه‌وه‌ى په‌كه‌كه نه‌دات له شنگال. لێره‌دا توركیا دوو ئامانج ده‌پێكێت.
ئامانجى یه‌كه‌م: بریتییه له بێ هێزكردنى په‌كه‌كه چونكه به نه‌كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له شنگال، تووشى لێدانى سه‌ربازى ده‌بن و پێشمه‌رگه‌ش به‌شدار ده‌بێت له‌م هێرشه، ئه‌گه‌ریش بكشێنه‌وه هه‌ر به‌بێ هێزى داده‌نێت ئه‌مه له‌روانگه‌ى توركیاوه، چونكه مۆڵگه‌ى تریان نابێت.
ئامانجى دووه‌م: بریتییه له پته‌كردنى پێوه‌ندییه سیاسى و دیپلۆماسییه‌كانیان، له‌و رێگه‌یه‌وه سنوورى پارێزراوتر ده‌بێت له‌رووى ته‌ناهی و ئاسایشه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق.
هه‌رێمى كوردستان ئامانجى خۆى هه‌یه هه‌نگاو به‌ره‌و نزیكبوونه‌وه ده‌نێت له پرسى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى، بۆ ئه‌م پرسه زیاتر پێویستى به په‌ره‌پێدانى بوارى ئابوورى و سیاسى ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌گه‌ل وڵاتانى دراوسێ. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پرسى داعش یه‌كێك بوو له‌و پرسه سیاسى و ته‌ناهییانه‌ى كه قسه‌ى له‌سه‌ر كرا، چونكه كاریگه‌رى راسته‌وخۆى هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى توركیا، ئێسته توركیا ترسى له داعش هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌وڵى ئه‌وه ده‌دات هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌ك دروست نه‌بێت له نێوان په‌كه‌كه و داعش له هه‌مبه‌ر توركیا، چونكه وه‌ك بینالى یڵدرم ئاماژه‌ى پێ كرد، "په‌كه‌كه و یه‌په‌گه و گرووپى فه‌تحوڵا گوله‌ن وه‌ك داعشن"، واتا هه‌رسێ گرووپ تیرۆریستن. بۆیه له‌و نێوه‌نده‌دا پێویستى به‌هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى هه‌ریه‌ك له عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ئاسایشى وڵات بپارێزێت.
دووه‌م: ره‌هه‌ندى ئابوورى
له ئێسته‌دا توركیا دووچارى دابه‌زینى ئاستى ئابوورى بووه، به‌شێوه‌یه‌ك به‌هاى لیره له هه‌مبه‌ر دراوى بیانى دابه‌زینى به‌خۆوه بینیوه، توركیا ترسى له داڕمانى ئابووریى وڵاته‌كه‌ى هه‌یه، بۆیه هه‌وڵى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئابوورى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ى هاووڵاتییان به‌ده‌ست بێنێته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و به‌ڵێنانه‌ى كه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پارتى داد و گه‌شه‌پێدان به هاووڵاتییانی داوه، له‌لایه‌كى تریش پێویستى به‌ئابوورییه‌كى به‌هێز هه‌یه تا بتوانێت رۆڵى هه‌رێمیى هه‌بێت له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مانه و چه‌ند مه‌به‌ستێكى تر وایان له توركیا كرد ئه‌و ساردییه‌ى له نێوان توركیا و عێراق هه‌یه، نه‌مێنێت و پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان به‌هێز بكه‌ن، ئاڵوگۆڕى بازرگانى زیاتر په‌ره پێ بده‌ن له گشت بواره‌كاندا، له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستانیش پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان زیاتر بكه‌ن، توركیاش رۆڵێكى به‌رچاو ببینێت له بووژانه‌وه‌ى عێراق و ناوچه ئازادكراوه‌كانى ژێر ده‌ستى داعش. لێره‌دا توركیا دوو ئامانج به‌دی دینێت، ئامانجى یه‌كه‌م بریتى ده‌بێت له بووژانه‌وه‌ى ئابووریى توركیا، ئامانجى دووه‌م بریتى ده‌بێت له زیادبوونى كاڵا و كه‌لوپه‌لى توركى له عێراقدا، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه ململانێ له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌لى ئێرانى بكات، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ زیادبوونى هه‌ژموونى ئابووریى توركیا له عێراقدا.
سێیه‌م : ره‌هه‌ندى تر
له پاڵ ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌دا ره‌هه‌ندى تر هه‌ن كه خۆیان له ره‌هه‌ندى كولتوورى و رۆشنبیرى و په‌روه‌رده‌ی ده‌بینێته‌وه، چونكه توركیا هه‌وڵى ئه‌وه ده‌دات ئه‌م قوتابخانانه‌ى كه سه‌ر به گرووپى فه‌تحوڵا گوله‌نن دابخرێن، له پاڵ ئه‌مانه‌دا هه‌نگاو به‌ره‌و پته‌وكردنى پێوه‌ندییه‌كانیان بدرێت له بوارى په‌روه‌رده‌دا، زیاتر رێگه خۆش بكرێت كه قوتابییان له گشت ئاسته‌كاندا كارئاسانییان بۆ بكریت له توركیا بخوێنن، زه‌ماله و كۆرسى خوێندنى باڵاش بۆ قوتابییان بكرێته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك توركیا خه‌رجییه‌كه‌ى بگرێته ئه‌ستۆى خۆى، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى توركیا پێش له هزرى گوله‌نى بگرێت له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تره‌وه هزرى عوسمانیزم زیاتر بڵاو بكاته‌وه له ناوچه‌كه‌دا .