مامكــاك
باوكـم، پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول بوو. قازی ده‌شتی هه‌ولێر بوو. له به‌ر سام و هه‌یبه‌تی ئاڵای كوردستان و له سایه‌ی سه‌ركردایه‌تی بارزانی گه‌وره‌دا، به‌پێی ئایه‌ته‌كانی قورئان و به گوێره‌ی فه‌رمایشه‌كانی محه‌مه‌د (دخ) كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی دانیشتووانی ده‌ڤه‌ری ده‌شتی هه‌ولێری ڕاده‌په‌ڕاند و (بایی مووێك) له ڕێنوێنییه‌كانی ئاینی ئیسلامی هه‌ڵنه‌باراند. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا باوه‌ڕی به ئیستقلالی كوردستان هه‌بوو و خۆزگه‌ی به‌و ڕۆژه ده‌خواست سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به چاوی خۆی ببینێت و له‌وان ڕۆژه تاریكه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا نووسی:
گه‌ر ببینم سه‌ربه‌خۆیی كورد و كوردستانه‌كه‌م سه‌د هـه‌زار كاوڕبه‌رانی كـــوردانی قوربان ئه‌كــه‌م
بێ ژمار حه‌یران و هۆره و لاوكی پێ هه‌رده‌ڵێم تا بمێنم به‌زم و ڕه‌زم و ئه‌گله‌نجه و سه‌یران ئه‌كه‌م
نامه‌وێ كچ، بۆ چمه كوڕ؟ نامه‌وێ، ئیللا مه‌گه‌ر وه‌ك سه‌قه‌ڕ ده‌ركا دوو چاوی دوژمن و بێگانه‌كه‌م
باوكم، چووه به‌ر دڵۆڤانی خودێ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی نه‌دیت. ئه‌مڕۆش كه كه‌ڵه مرۆیه‌كی ئه‌زمووندار و له خه‌بات و سیاسه‌تدا قاڵه‌وه بوو، خه‌بات له‌پێناوی به‌دیهێنانی خه‌ونی باوكـم و ملیۆنه‌ها كوردی دڵ سووتاو و شه‌یدای ئازادی، وه‌ك باوكم ده‌كات، پێویسته ده‌ست له ناو ده‌ستی بین، شوێنی بكه‌وین، پشتی بگرین، تا به شێنه‌یی و به سه‌لامه‌تی كه‌شتییه ناسكه‌كه‌ی كورده‌واری له‌م ده‌ریایه شه‌پۆلاوییه‌ی ئه‌مڕۆی خۆره‌ڵاتی ناڤین ده‌رباز بكات و له دوای چوارده سه‌ده‌ی ژێرده‌ستی و حوكمی شمشێر و جه‌لاد و ئه‌نفالچی و گاز و قه‌ناره، ڕزگاری بكات.
ڕێگه‌م بده‌ن با به‌و كه‌سانه‌ش بڵێم كه ئه‌مڕۆ خۆیان ده‌كه‌نه به‌ردی سه‌ر ڕێگه‌ی ڕیفرانده‌م و له پاشی ده‌نگپرسیش ده‌بنه كۆسپی دوواخستنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان –تكایه! به هه‌ڵوێسته‌كانی خۆتاندا بڕۆنه‌وه، چونكه كوردستان ئیمڕۆ له هه‌موو ڕۆژێك پێویستی به هه‌مووانمان هه‌یه؛ یه‌ك بین سه‌ربه‌خۆ ده‌بین؛ یه‌ك بین ده‌نگمان گه‌وره‌تر و سه‌رمان به‌رزتر و خواسته‌كانمان سه‌نگینتر ده‌بن. كوردستان سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت، مێژوو شه‌رمی له كه‌س نه‌كردووه و شه‌رم له كه‌سیش ناكات و مۆری شه‌رمه‌زاری به نێوچه‌وانی گه‌لێكه‌وه ناوه كه له زۆران پاره‌دارتر و خێڵه‌كیتر بوون و چه‌كداری زۆرتریشیان هه‌بووه، سه‌دام حوسێن به نموونه بكه‌ن.
ئه‌وانه‌ی ئێستێكه بوونه‌ته له‌یستۆكی سه‌ر سكرینه نه‌یاره‌كانی كورد و كوردستان، ڕۆژێك دێت په‌نجه‌یان ده‌كرۆژن به‌ڵام وه‌ك عاره‌ب یه‌ژێت: هه‌یهات، ناگه‌ڕێته‌وه! به‌ڕێزان، هه‌تا له ده‌ست نه‌چووه، هه‌ڵوێستێكی تازه بنوێنن؛ ئه‌گه‌ر نا ... ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێوه، خوا نه‌خواسته – سه‌ر بكه‌وێت، دیسانه‌كه، كورد ڕه‌وانی بنده‌ستی عاره‌ب ده‌كاته‌وه و ئه‌م عاره‌بانه‌ی ئێستێكه وا چاویان له هه‌ره‌سهێنانی كورده، له ئه‌وانی پێش خۆیان پتریان بۆ كورد ناوێت و ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێت، ئه‌مانه‌ش وه‌ك ئه‌وانی پێش خۆیان ته‌له دڕكیان به ده‌وره‌تاندا ده‌سووڕێننه‌وه و نه‌وه‌كانی ئاینده‌ی كورد، وه‌ك جاری جاران، ڕه‌وانه‌ی نوگره سه‌لمان و قصر النهایه و ئه‌منه سووره‌كه و ئه‌منی كه‌ركووك و گۆڕه‌پانه‌كانی ئیعدامی به كۆمه‌ڵ و په‌ته‌كانی سێداره‌ی دوژمن ده‌كه‌نه‌وه و گونده‌كانتان وێران ده‌كه‌نه‌وه و كانییه‌كانی كوردستان چیمه‌نتۆ ده‌كه‌نه‌وه و گۆڕی به كۆمه‌ڵتان بۆ هه‌ڵده‌كۆڵن و كچه‌كانتان ده‌كه‌نه‌وه كه‌نیزه‌ی ئه‌منه‌كانی خۆیان و قژه‌كانیان ده‌سكه‌نه ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر جارێكی تر زه‌مان ڕێ بدات و كورد ڕاپه‌ڕینێكی دیكه بكاته‌وه، ڕه‌نگه هه‌ینێكه بتوانن ده‌رپێ و مه‌مكدانی كچانی كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی ناو ئه‌منه سووره‌كه، له ناو گرتووخانه‌كانیان بدۆزنه‌وه ئه‌گه‌ر نا ئه‌میشتان بۆ نابێت. ده‌بێ ئه‌و كات چ وه‌ڵامێكی باوكم و باوكه‌كانتان بده‌نه‌وه؟