بای بای به‌ڵێنی گه‌وره!
PM:09:29:08/01/2019
ئیسماعیل ته‌ها
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان تا ئێسته له‌سه‌ر به‌ڵێنی پێشوه‌خته ده‌ڕۆیشت، ئیتر پێشبینی ده‌كرێت لێره به‌دواوه ئاراسته‌یه‌كی تر وه‌ربگرێت، ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕی كه تاكی كورد گوێ له به‌ڵێنی پێشوه‌خته رابگرێت، به‌تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو هه‌ندێك كه‌سایه‌تی كه پۆستیان هه‌بوو له حكوومه‌تی هه‌رێم، به هۆی ره‌زامه‌ندی هاووڵاتییان له كاره‌كانیان توانییان ببن به جێی متمانه‌ی هاووڵاتییان و ده‌نگی خۆیانیان پێ بده‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و دیده هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه كه هه‌ر كه‌سێك له ده‌سه‌ڵات بێت، ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی هاووڵاتییان و گه‌ل سزای ده‌دات.
به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بكات، گه‌ل رێزی ده‌گرێت و به هێنانه پێشه‌وه‌ی، پاداشتی كاره‌كانی ده‌داته‌وه، ئه‌گه‌ر بپرسن ئه‌ی پارتی و یه‌كێتی بۆ كه‌س سزایان نادات؟ خۆ ئه‌وان كه‌مترین شتیان بۆ خه‌ڵك كردووه. ئه‌گه‌ر سه‌یری رابردوویان بكه‌ین، له رابردوودا زۆرینه بوون، ئه‌گه‌ر سه‌یری رێژه‌ی كورسییه‌كانیان بكرێت، پارتی له 50 كورسییه‌وه گه‌یشته 38 كورسی، یه‌كێتی له 50 كورسییه‌وه گه‌یشته 18 كورسی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه بوون، بۆیه هه‌میشه له پێشه‌وه بوون.
هاووڵاتییانی كوردستان ئه‌زموونێكی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌ڵێنی پێشوه‌خته، ئه‌وه‌ش مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1992 كه یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كرا، هێزه سیاسییه‌كان به‌ڵێنه‌كانیان ئه‌وه‌بوو با په‌رله‌مان بكرێت، ئیتر په‌رله‌مان كرا و حكوومه‌ت پێكهات، به‌ڵام دوای ئه‌وه ئیتر ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه به‌ڵێنیان دابوو نه‌كرا، به‌ڵكو دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزی چوو، حكوومه‌تی عێراق ئابڵۆقه‌ی ئابووریی توندتر كرد، ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ له هه‌موو لایه‌ك هه‌ڵگیرسا، ئیتر كورد هه‌ڵبژاردنی نه‌كرد تا ساڵی 2005 بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام دا.
هه‌ر له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه جارێكی تر به‌ڵێندان به‌لێشاو ده‌ستی پێ كرده‌وه، ئیتر پێشبڕكێیان بوو له به‌ڵێندان، به‌گشتی خه‌ڵك زۆر متمانه‌ی به به‌ڵێن نه‌بوو، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌توانرا سۆزی خه‌ڵكی پێ رابكێشن، له خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به گوتارێكی حه‌ماسی پڕ له جۆش و خرۆش و به‌ڵێنی گه‌وره هاته‌وه گۆڕه‌پانه‌كه، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك رۆحێكی كرده‌وه به‌ر حه‌ماسه‌تی خه‌ڵك بۆ هه‌ڵبژاردن، جیاوازیی ئه‌وجاره‌ی هه‌ڵبژاردن له‌وه‌دا بوو كه كاراكته‌رێكی وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ده‌كرد، ململانێیه‌كی توندی هه‌بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی.
دوای رووداوه‌كانی 17ی شوبات خه‌ڵك گه‌رمتر بوو، له هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌م ئه‌م گه‌رمییه به‌خه‌ڵكه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام له دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، ئیتر خه‌ڵك هیچ ئومێدێكی به‌گۆڕانكاری نه‌ما له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێنی گه‌وره.
یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌مانی ئه‌و متمانه‌یه، ژیانی شاهانه‌ی ئه‌وانه بوو كه ده‌بوون به په‌رله‌مانتار و خراپی گوزه‌رانی ئه‌ندامانی خواره‌وه بوون، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر ژیانی شاهانه‌ی به‌رپرسانی حزبه دهساڵاتدارهكان قسه‌یان كرد، دواتریش خۆیان كه گه‌یشتن به پاره‌ی زۆر، ژیانی خۆیان وه‌ك ژیانی ئه‌وان بوو.
له‌وساته‌وه گه‌ل پشتی كرده به‌ڵێنی گه‌وره، چونكه به درێژایی نۆ ساڵی رابردووه هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌یان به‌یاننامه‌یان ده‌ركردووه، ده‌یان پڕۆژه‌یان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد، شه‌ش پاكێجیان هه‌بوو بۆ چاكسازی، ئیتر خه‌ڵك تاقه‌تی نه‌ما چیتر گوێ بۆ ئه‌و به‌یاننامانه بگرێت.
ئێسته دوو هێزی تر هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانه‌كه كه ده‌یانه‌وێ متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بهێنن، له خوله‌كانی داهاتوو جێی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان بگرنه‌وه.
هاوپه‌یمانی نیشتمانی هێزێكی تازه‌یه وه‌ك ناو، به‌ڵام وه‌ك ناوهڕۆك خه‌ڵك ئه‌زموونێكی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره‌كان.
كاراكته‌ره‌كان ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانیان زۆر ژیرانه بێت، نابێ ئه‌وه‌نده به‌ئاسانی قسه بكه‌ن، چونكه ئۆپۆزسیۆن باجی زۆر قسه‌كردن و زۆر به‌ڵێندان و گه‌شبینی و متمانه‌ی له راده‌به‌ریان بوو به گۆڕانكاریی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌ستیان، كه دواجار ئه‌وان هیچ هه‌نگاوێكیان بۆ نههاوێشترا، كه‌وتنه به‌ر سزای جه‌ماوه‌ر. هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ قسه‌ی خۆش بكات و پڕۆژه‌ی جوان پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام دواجار كێ جێبه‌جێی ده‌كات؟
هێزی براوه خاوه‌نی حكوومه‌ته، هه‌ر كارێكی باش بكرێت ده‌چێته خزمه‌تی ئه‌و، بۆیه هه‌ر حزبێكی سیاسی ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌بێت، چانسی ئه‌وه‌ی هه‌یه جه‌ماوه‌ر متمانه‌ی پێ بدات، ئه‌گه‌ر نا ئه‌گه‌ر به‌ته‌مای به‌ڵێن و پڕۆژه پێشكه‌شكردن بێت، ئه‌وه سه‌رئه‌نجامی وه‌ك حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌بێت.
هاوپه‌یمانی نیشتمانی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستی له پێشه، ده‌بێت هه‌وڵ بدات ئه‌و به‌ربه‌ستانه ببڕێت و هه‌نگاو بهاوێت، شتگه‌لێك بكات كه حزبه‌كانی پێشتر نه‌یانكردبێت، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت هاوپه‌یمانی شانازی زۆر به‌وه ده‌كات كه ئه‌وان هێزێكن ئایدۆلۆجیایان تێپه‌ڕاندووه، ئه‌وانه‌ی پێشتر ئیسلامی بوون ئێسته ئیسلامی نین، چونكه وه‌ك تێبینی ده‌كرێت، زیاتر گوتاری ئه‌وانه زاڵه كه پێشتر ئیسلامی بوون و ئێسته ئه‌و قۆناغه‌یان تێپه‌ڕاندووه، ده‌نگی ئه‌وانی تر زۆر كزتره، قۆناغی تێپه‌ڕاندنی ئیسلامی و عه‌لمانی پێش هاوپه‌یمانی، دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئایدۆلۆجیای تێپه‌ڕاند كه كۆمه‌ڵێك ئاراسته‌ی جیاوازی پێكه‌وه كۆ كرده‌وه، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو له ئیداره‌دانی ئاراسته جیاوازه‌كان به رێزگرتن و هاوسه‌نگ ڕاگرتنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موویان.
تاكه هێزێك بۆ هاووڵاتییان ئه‌زموونێكی تازه بێت، نه‌وه‌ی نوێیه، به‌تایبه‌ت كه‌سی یه‌كه‌می، چونكه سه‌ره‌تا وه‌ك بازرگانێك كاری ده‌كرد، دواتر ورده ورده بوو به سیاسه‌تكار.
سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وێ له توانایدا هه‌یه كاری خزمه‌تگوزاری ئه‌نجام بدات له ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سایكۆلۆجی جه‌ماوه‌ر دروست ده‌كات.
گۆڕه‌پانی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌نده‌ی نه‌وه‌ی نوێ چانسی هه‌یه لێی بێت به سوارچاك، ئه‌وه‌نده حزبه‌كانی تر ئه‌و چانسه‌یان نییه، به‌تایبه‌ت ململانێیه‌كه له نێوان نه‌وه‌ی نوێ و هاوپه‌یمانی نیشتمانییه، چونكه دوو هێزی سیاسیی تازه‌ن، خۆیان به میراتگری ده‌نگی ناڕازی ده‌زانن، پێیان وایه هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان نه‌یانتوانی ببن به نوێنه‌ری ده‌نگی ناڕازی، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ببن به نوێنه‌ریان، نابێ هه‌ڵه‌كانیان دووباره بكه‌نه‌وه، یا ئه‌و كارانه بكه‌ن كه ئه‌وان ده‌یانكرد.
به‌تایبه‌ت ئه‌مجاره پێشبینی ده‌كرێت پارتی گۆڕانكاری له ئه‌دای كاری حكوومه‌ت بكات، هه‌وڵ بدات خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش بكات كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی زیاتری جه‌ماوه‌ر.
پێچه‌وانه‌ی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مجاره هیچ به‌ڵێنێكی گه‌وره‌ی به خه‌ڵك نه‌دا.