ئیسماعیل ته‌ها
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی نامۆ كه زیانی هه‌بێت بۆ مرۆڤ كارێكی پێویسته، به‌ڵام پێویستیشی به‌ڕێی دروست و تۆكمه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه بگات به شوێنی خۆی.
ساڵانه له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێب له هه‌ولێر، هه‌واڵی قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب بڵاو ده‌بێته‌وه به پاساوی رێگریكردن له توندڕه‌وی، ئه‌وه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك گفتوگۆ به‌دوای خۆیدا دێنێت و خوێنه‌ران دابه‌ش ده‌كات بۆ دووبه‌ره، هه‌ندێك دژی ده‌وه‌ستنه‌وه و هه‌ندێك پاڵپشتی ده‌كه‌ن.
له سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆجیا و ده‌ستخستنی كتێب زۆر به‌ئاسانی، قه‌ده‌غه‌كردن چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵام ئیتر بڕیارێكه وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و رۆشنبیری ده‌یده‌ن كه ده‌بێ به‌شێك له كتێبه‌كانی زانایانی سه‌له‌فی له كوردستان قه‌ده‌غه بكرێن، به‌شێكی بڕیاره‌كه پێوه‌ندی به دیدی سه‌له‌فی و ئه‌شعه‌ری هه‌یه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب، دیدگه‌ی هه‌ردوولا بۆ كۆمه‌ڵێك پرس زۆر لێك جیاوازن، بۆیه زۆرجار په‌نا ده‌به‌نه به‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی یه‌كتر، چونكه لێره كتێبی سه‌له‌فی قه‌ده‌غه ده‌كرێت به پێوه‌ری توندڕه‌وی، له شوێنێكی وه‌ك سعوودیه كتێبی زانایانی ئه‌شعه‌ری قه‌ده‌غه ده‌كرێت به پێوه‌ری بڵاوكردنه‌وه‌ی بیدعه.
قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب له‌م سه‌رده‌مه‌دا كارێكی ئه‌سته‌مه، به‌تایبه‌ت ئه‌مڕۆ ئینته‌رنێت هه‌یه و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ ئه‌و كتێبانه وه‌ربگرێت، بۆیه ناتوانن رێ له‌و كتێبانه بگرن، كام كتێبی سه‌له‌فی هه‌یه له ئینته‌رنێت نه‌بێت؟ بۆیه ئه‌و جۆره قه‌ده‌غه‌كردنه جۆرێكه له بره‌ودان به سه‌له‌فیه‌ت و له‌بری ببن به چاره‌سه‌ر، گرفتێكی تریش دروست ده‌كه‌ن، ئاخر قه‌ده‌غه‌كردنی توندڕه‌وی رێی دروستی ده‌وێت نه‌ك ئه‌و جۆره رێیه. به‌و پێیه ئه‌و جۆره رێیه ناگیرێت، به‌ڵكو به‌وه خزمه‌تی سه‌له‌فییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر جاران قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب ئاسان بووبێت، به‌ڵام ئێسته ئه‌سته‌مه.
سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ش، زیان به خه‌ڵكی لێكۆڵه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌سێك لێكۆڵه‌ره و ده‌یه‌وێت لێكۆڵینه‌وه له‌و بواره بكات، چۆن ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌ست بكه‌وێ كه ده‌یه‌وێ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر دیارده‌ی سه‌له‌فیه‌ت بكات؟ ئه‌ی چی له‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌و جۆره فه‌توایانه بده‌نه‌وه؟ بۆیه قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب به‌و جۆره گونجاو نییه، جگه له‌وه‌ش ئێسته هه‌زاران كۆپی ئه‌و كتێبانه لای خه‌ڵك هه‌ن، ئه‌گه‌ر خراپه، ده‌بێ ده‌ست بكه‌ن به پشكنینی سه‌رجه‌م ئه‌و ماڵانه‌ی گومانیان لێ ده‌كرێت ئه‌و جۆره كتێبه‌یان تێدا بێت، ئه‌وه‌ش كارێكی نه‌شیاو و رێ پێنه‌دراوه، له هه‌رێمی كوردستان به بیانووی بوونی كتێب ماڵی خه‌ڵك بپشكنن.
رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی پێویستی به رێچاره‌ی ژیرانه‌یه، ده‌بێت حكوومه‌ت به‌رنامه و پلانی تۆكمه‌ی هه‌بێت، له رێی كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا له زانسته ئیسلامییه‌كان. زۆرجار خه‌ڵكانێك دێن باس له سه‌له‌فیه‌ت ده‌كه‌ن، پێشتر خۆیان سه‌له‌فی بوون، ده‌یان گه‌نجیان كردووه به سه‌له‌فی، كه‌چی ئێسته هاتوون باس له زیانه‌كانی سه‌له‌فیبوون ده‌كه‌ن. جگه له‌وه‌ش، زۆرجار ئه‌و كه‌سانه خۆیان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر پیرۆزییه‌كانی ئیسلام، ئه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی، زۆرجار خه‌ڵك له رقی ئه‌و جۆره كه‌سه زیاتر به‌لای سه‌له‌فیه‌تدا ده‌چێت.
ئێسته سه‌له‌فیه‌ت له كوردستان وه‌ك حزب مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، خاوه‌ن سه‌ركرده‌ی خۆیانن، سه‌ركرده‌كانی سه‌له‌فی له‌گه‌ڵ كه‌سانی باڵای حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌ولاوه كتێبه‌كانیان قه‌ده‌غه ده‌كرێ، ئه‌مه رێك وه‌ك مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه كه زۆرجار خه‌ڵك به‌بیانووی جۆراوجۆر رێگرییان لێ كراوه.
بۆ رێگری له توندڕه‌وی پێویستمان به كه‌شێكی ئارامتره، دوور له ژاوه‌ژاوی راگه‌یاندن، دوور له ته‌كفیر و سووك سه‌یركردنی یه‌كتر، پێویست به گفتوگۆی ژیرانه ده‌كات له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه كه ئاگاداری وردیان هه‌بێت له فه‌توا و بنه‌ماكانی فه‌توادان.
چونكه گفتوگۆ رێیه‌كی گونجاوه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌رانبه‌ره‌كانیان لاواز بكه‌ن، كاتێك به‌رانبه‌ر به‌ڵگه‌ی نه‌ما، ئیتر راسته‌وخۆ خه‌ڵك گومانی بۆ په‌یدا ده‌بێت كه ئه‌و مرۆڤه، ئه‌وه‌ی هه‌ڵیگرتووه زۆر لاوازه، بۆیه ئه‌وكات پێویست ناكات خه‌ڵك زۆر خۆی به‌شتی لاوه‌كی ماندوو بكات.
له سه‌رده‌می سوڵتان سلێمانی قانوونی پیاوێك ده‌ركه‌وت له ئیستانبوڵ به‌ناوی مه‌لا قابز، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه پێغه‌مبه‌ر عیسا گه‌وره‌تره له پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د، ئاینی مه‌سیحی گه‌وره‌تره له ئاینی ئیسلام، چه‌ند گفتوگۆیه‌ك له نێوان مه‌لا قابز و خه‌ڵكی ئه‌وكات رووی دا و توانی به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت.
(سه‌دری ئه‌عزه‌م) پیاوێكی به‌دوایدا نارد هات بۆ كۆشكی سوڵتان، دوو زانا له كۆشك له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو زانایه كه‌وتنه گفتوگۆ و ماوه‌یه‌كی باش گفتوگۆیان بوو، سه‌رئه‌نجام ئه‌و دوو زانایه نه‌یانتوانی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه، گوتیان ئه‌مه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌بێ بكوژرێت، سه‌دری ئه‌عزه‌م نه‌یهێشت كه‌س ده‌ستی بۆ درێژ بكات.
پاشان سوڵتان گوتی: ده‌بێ جه‌نگی فكر به فكر بكرێت. گوتیان ئێمه نه‌مانتوانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. سوڵتان گوتی: ناكرێ به‌م جۆره فكری خۆی بڵاو بكاته‌وه، ده‌بێ یه‌كێك بێت گفتوگۆی فكره‌كانی بكات. ئه‌وه‌بوو بانگی (ئیبن ئه‌لكه‌مال)یان كرد، ئه‌ویش گفتوگۆیه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ كرد، توانی به‌ڵگه‌كانی پووچه‌ڵ بكاته‌وه. (روائع من التأریخ العسمانی).
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌له‌فیه‌ت یان هه‌ر پرسێكی تر، ده‌بێ به‌و جۆره بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده به‌ئاسانی كه‌سه‌كان نه‌توانن خۆیان بكه‌ن به خاوه‌نی راستییه‌كان، یان بڵێن ئه‌وه‌ی ئێمه زۆر به‌هێزه و له‌وانیتر باشتره.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر گفتوگۆی زانستی هه‌بوو، په‌نا نابرێته به‌ر جنێو و سووكایه‌تی به یه‌كتر وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته باوه، چونكه به‌داخه‌وه ئێسته له‌به‌ری گفتوگۆی زانستی په‌نا بۆ جنێو و تۆمه‌تی ناشیاو و قسه‌ی زبر ده‌برێت، هه‌ركات كه‌سێك ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی فكری به‌رانبه‌ره‌كه‌ی نه‌گرێت، ده‌ڵێت هیچ نازانێ و هی ئه‌وه نییه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكه‌م، له‌بری گفتوگۆی گه‌رم، پڕ ده‌داته ئه‌و كه‌سایه‌تییه و قسه‌ی پێ ده‌ڵێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای وشه‌گه‌لێكی وه‌ك "گومڕا، كافر، فاسق، زه‌ندیق و ده‌ستی ده‌ره‌كی".
هه‌ر كه‌سێك ئه‌و وشانه‌ی به‌كار هێنا، ئه‌وه بێ زانیارییه، چونكه ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یتوانی فكری به‌رانبه‌ره‌كه‌ی پووچه‌ڵ بكاته‌وه، جارێكی تر بانگه‌شه بۆ فكره‌كه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه، بۆیه زۆر گرنگه له‌بری قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب و شه‌ڕه جنێو، ده‌ست به گفتوگۆی رژد بكرێ.