هه‌ژموونی په‌كه‌كه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ی سلێمانی

ئیسماعیل ته‌ها

هه‌ر گه‌لێك بیه‌وێت به‌ ئاواتی خۆی بگات، یه‌كه‌مین مه‌رجی یه‌كێتیی ناوخۆیه‌تی، به‌دبه‌ختی كورد له‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر چوار وڵات دابه‌ش كراوه‌‌ كه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قن له‌گه‌ڵ كورددا، له‌ ناوخۆیش كێشه‌ی ئه‌م گه‌له‌ خۆخۆری و دووبه‌ره‌كییه‌. له‌ حه‌وتی حوزه‌یران رۆژی (25/9/2017) دیاری كرا بۆ ئه‌نجامدانی راپرسی، له‌بری ئه‌وه‌ی كورد به‌ره‌و یه‌كده‌نگی و  یه‌كڕه‌نگی بچێت، جارێكی تر به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌یی رۆیشته‌وه‌، له‌ هه‌ندێك لێدوان نه‌یارانی كورد (له‌ چاو كه‌سانێكی ناوخۆ)مان زۆر به‌ سۆزترن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌.

پارتی كرێكاران "په‌كه‌كه‌"، ئه‌و پارته‌یه‌ كه‌ خۆی به‌ نوێنه‌ری هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌زانێت، به‌ڵام تا ئێسته‌ داواكاریی روون نییه‌ له‌و وڵاتانه‌ی خه‌باتی تێدا ده‌كات، گه‌لی كورد زۆرینه‌ی داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، پارتی كرێكاران رۆژێك داوای ده‌وڵه‌تی كوردستانی گه‌وره‌ی ده‌كات، رۆژێكی تر داوای دیموكراتیزه‌كردنی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان ده‌كات، هه‌ر جاره‌ی پرسێكی نیشتمانی بێته‌ پێش، په‌كه‌كه‌ ئه‌و پرسه‌ به‌ حزبی ده‌كات، ئه‌گه‌ر حزبیش نه‌بێت، چه‌ندان جاریش كێشه‌ و گرفتی بۆ باشووری كوردستان دروست كردووه‌.

له‌ دوای ڕاپه‌ڕین پارتی كرێكاران چه‌ندان جار رووبه‌ڕووی شه‌ڕی چه‌كداری بووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵام دواجار له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئاشت بوونه‌وه‌، ئه‌و ململانێیه‌ تا ئێسته‌ش له‌گه‌ڵ پارتی به‌رده‌وامه‌، یه‌كێتی له‌ ده‌ڤه‌ری خۆی ده‌رگه‌ی بۆ كردنه‌وه‌‌، به‌ته‌واوی په‌كه‌كه‌ هه‌رچی بیه‌وێت بیكات، كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی "له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری پارێزگای سلێمانیش بازگه‌یان داناوه‌، باج و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی‌ شارباژێر و سنووری پێنجوێن و هه‌ورامان"، ئه‌و كاره‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌ریخست، له‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌و پارته‌ به‌ ته‌واوی باڵاده‌سته‌‌، ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانكراو بوو، بۆیه‌‌ له‌ داهاتوو ده‌توانن گورزی كاریگه‌رتر بوه‌شێنن كه‌ تێكدانی دۆخی كوردستان و دروستبوونی گرژیی زیاتر له‌ باشووری كوردستان بكه‌وێته‌وه‌.

له‌ دواین پێشهاتدا، حكوومه‌تی توركیا به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ ئه‌نكه‌ره‌ ره‌وانه‌ی كوردستان كرده‌وه‌، سه‌ره‌تا هیچ ئاماژه‌یه‌كی روون بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجام داوه‌، له‌ یه‌كه‌م لێدوانی به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، "هۆی‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تونده‌ی‌ توركیا ڕووداوێك بووه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێسته‌ له‌ سنووری‌ ئیداره‌ی‌ یه‌كێتی‌ ڕووی داوه‌، توركیاش وه‌ك پاڵه‌په‌ستۆ و كاردانه‌وه‌یه‌ك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر تا ئه‌و ناكۆكییه‌‌ سیاسییه‌ی‌ له‌ نێوان توركیا و یه‌كێتی‌ دروست بووه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ڕێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نادرێت". 

ئه‌گه‌رچی گه‌ڵالی له‌و لێدوانه‌ی باسی ئه‌و نه‌كرد چی رووی داوه‌؟، ته‌نیا ئاماژه‌ی به‌ روودانی رووداوێك كرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی هه‌ست به‌ ئیحراجی گه‌وره‌ ده‌كات كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا رووی داوه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت ناردنه‌وه‌كه‌‌ به‌ ئاقارێكی تردا ببه‌ن، ئه‌ویش پرسی كوردانی رۆژئاوایه‌، بۆیه‌ له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا گوتی، ‌"توركیا له‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتی‌ به‌رامبه‌ر كوردانی‌ باكور و ڕۆژئاوا نیگه‌رانه‌ و ئه‌و ڕووداوه‌ش بیانوویه‌ك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ هه‌بێت، توركیا یان هه‌ر وڵاتێكی تر ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ كاردانه‌وه‌ی توندی ببێت له‌ به‌رامبه‌ر پرسێكی له‌و جۆره‌، ئه‌و وڵاتانه‌ پارێزگاری له‌ هاووڵاتیی خۆیان ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر بچووكترین چه‌وسانه‌وه‌ دێنه‌ وه‌ڵام. گه‌ڵاڵی له‌سه‌ر رۆڵی یه‌كێتی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه‌، حزبه‌كه‌ی به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئیهمالی‌ توركه‌كان بووه‌". 

دواتر ده‌ركه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ سلێمانی چه‌ند هاووڵاتییه‌كی توركیان بۆ قه‌ندیل رفاندووه‌، ئه‌گه‌رچی تا ئێسته‌ روون نییه‌ كه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ چییه‌، به‌ڵام به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت، ئه‌و رفاندنه‌ گورزێكی كاریگه‌ره‌ له‌ باشووری كوردستان، به‌ تایبه‌ت ئێسته‌ دۆخی باشوور له‌وپه‌ڕی ئاڵۆزییه‌، لایه‌ك به‌هۆی ململانێكانی ناوخۆیی، لایه‌كه‌ی تری به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم. 

له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕه‌كانی هه‌واڵ، توركیا پێدانی ڤیزای پاسپۆرتی سلێمانی ڕاگرتووه‌. ئه‌و بڕیاره‌ی توركیا به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ درزی ناكۆكی نێوان سلێمانی و هه‌ولێر زۆر فراوانتر ده‌كات، به‌تایبه‌ت ده‌ریخست ده‌ڤه‌ری سلێمانی له‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تره‌، ئه‌ویش فراوانبوونی هه‌ژموونی هێزێكی تری چه‌كداره‌ كه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌زانێت.

یه‌كێتی خۆی هێزی دووه‌م بوو له‌ رۆژی دیاریكردنی واده‌ی ریفراندۆم, شاندی دانوستكار بوو له‌ به‌غدا، سه‌ردانیان بۆ تاران، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ر له‌وه‌ی گورز بێت له‌ توركیا، گورزێكی كه‌مه‌رشكێنه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دواتر له‌ كۆی باشووری كوردستان، ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆریش له‌ كادر و به‌رپرسانی یه‌كێتی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ریفراندۆم ده‌كه‌ن و له‌ لێدوانه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێت. 

هه‌ر دوای ناردنه‌وه‌ی له‌ توركیا گه‌ڵاڵی‌ له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ ڕۆژنامه‌نووسانیشدا ڕای گه‌یاند، "به‌دڵنیایییه‌وه‌ ڕیفراندۆم له‌ 25 ئه‌یلول ناكرێت و توركیا به‌ته‌واوی‌ دژی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌یه‌، به‌ پێویستی زانی‌ سنووری‌ ئیداره‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ڕووی‌ ته‌ناهییه‌وه‌ ڕێك بخرێته‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ ته‌راتێنی‌ هێز و گرووپی‌ جیاواز نه‌درێت". باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ "ئه‌و ڕووداوه‌ جێی‌ نیگه‌رانی‌ قووڵی‌ ئه‌وانه‌ ‌و پێویسته‌ له‌ ‌كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ڕووداوه‌دا نوێنه‌ری‌ توركیا له‌ هه‌رێم ده‌ربكرێت". لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت په‌كه‌كه‌ چ رۆڵێك ده‌بینێت له‌و ده‌ڤه‌ره‌، هه‌موو ئه‌و كارانه‌یشی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات دووجار ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیا، به‌وپێیه‌ی توركیا وڵاتێكی زلهێزه‌ و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ لیستی تیرۆر ده‌رنه‌كرێ، ئه‌و كاره‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌بێته‌ كارتێكی به‌هێز له‌ لای هاوپه‌یمانانی توركیا كه‌ دواجار به‌ زیانی بزووتنه‌وه‌ی كوردی ده‌شكێته‌وه‌ له‌ پارچه‌كانی تریش. 

به‌ پله‌ی دووه‌م زیانی گه‌وره‌ له‌و پرۆسه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی سلێمانییه‌ كه‌ یه‌كێتی ئیداره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات‌‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌ریده‌خات یه‌كێتی له‌ ده‌ڤه‌ری خۆی، جیا له‌ خۆی هێزێكی تری ته‌ناهی هه‌یه‌ چالاكی تێدا ئه‌نجام ده‌دات، توانای ئه‌نجامدانی كرده‌ی له‌و جۆره‌ی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش ماوه‌یه‌كی زۆره‌ یه‌كێتی له‌و هێزه‌ بێده‌نگ بووه‌‌، ده‌بوو زووتر له‌و حزبه‌ بێته‌ ده‌نگ، به‌تایبه‌ت كاتێك بازگه‌ داده‌نێت و سه‌رانه‌ و گومرگ له‌ هاووڵاتییان وه‌رده‌گرێت، ئه‌و كاره‌یان ئه‌ركی یه‌كێتی زۆر قورس كردووه‌، ده‌ركه‌وت په‌كه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ سنووری سلێمانی باڵاده‌سته‌. هه‌رچۆن بێت، ده‌بێت یه‌كێتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات،‌ ئه‌و رفێنراوانه‌‌ ئازاد بكات، دواجار زیانی دارایی و سیاسی زۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، لایه‌ك به‌شێكی بازرگانی و گه‌شتی هاووڵاتییانی سلێمانی ده‌وه‌ستێت له‌گه‌ڵ توركیا، لایه‌كه‌ی تری یه‌كێتی تووشی ئیحراجییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ به‌رده‌م وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی بێ ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌كه‌وێت. جگه‌ له‌وه‌ش په‌كه‌كه‌ به‌و كاره‌ی گورزێكی گه‌وره‌ له‌ ریفراندۆمی باشووری كوردستان ده‌دات، به‌و پێیه‌ی به‌هه‌موو جۆرێك ده‌یانه‌وێت ریفراندۆم بكه‌ن به‌ موڵكی پارتی، له‌ كاتێكدا سه‌ركرده‌كانی پارتی دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ریفراندۆم موڵكی ئه‌وان نییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ زیاتر په‌كه‌كه‌ی هان داوه‌ تا كرده‌ی له‌و جۆره‌ ئه‌نجام بدات. 

ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی نێوان توركیا و یه‌كێتی چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌وا ریفراندۆم له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی توركیا له‌ پێنه‌دانی ڤیزا ته‌نیا بۆ هاووڵاتییانی سلێمانی بێت،‌ دابه‌شكردنی باشووری كوردستانه‌ بۆ دوو ئیداره‌، ئه‌وه‌ش به‌ر له‌وه‌ی زیان به‌ پارتی بگه‌یه‌نێت, زیان به‌ یه‌كێتی ده‌گات و ده‌یكات به‌ حزبێكی بێ ئیراده‌، جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی ده‌بێت به‌ جه‌ماوه‌ری په‌كه‌كه‌، هه‌ركات بیه‌وێت، بۆ هه‌ر پرسێك دژی باشووری كوردستان به‌ كاری دێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌ خزمه‌تی هاووڵاتییانی كوردستانیش بێت، مادام په‌كه‌كه‌ خۆی تێدا به‌شدار نییه‌، له‌ خزمه‌تی خۆی نییه‌، ده‌توانێت هاووڵاتیی كوردستان به‌و ئاراسته‌یه‌ ببات كه‌ دژی بوه‌ستنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری كادرانی یه‌كێتی بكه‌ی، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ژێر كاریگه‌ریی په‌كه‌كه‌ن، له‌ژێر كاریگه‌ری یه‌كێتی نین، هه‌ر پرسێكیش پێته‌ پێشه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ گره‌وه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی ده‌باته‌وه‌، چونكه‌ ئێسته‌ به‌شێكی كادرانی یه‌كێتی ته‌نیا مووچه‌ له‌ یه‌كێتی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام دید و تێڕوانینیان له‌ په‌كه‌كه‌ وه‌رده‌گرن، هه‌رگیز ئاماده‌ نین په‌كه‌كه‌ بكه‌ن به‌ قوربانی یه‌كێتی. 

لێره‌وه‌ په‌كه‌كه‌ گره‌وی خۆی ده‌باته‌وه‌ له‌ زیانگه‌یاندن به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم له‌ ناوچه‌یه‌كی كوردستان، چونكه‌ هه‌رچه‌ند له‌ سلێمانی ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، ئه‌و رووداوه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر دروست ده‌كات. 

په‌كه‌كه‌ به‌شێكی ئامانجه‌كانی لێدانه‌ له‌ پارتی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی به‌ هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كیی توركیا ده‌زانێت، بۆیه‌ هه‌ر كارێك پارتی پێی هه‌ستێت په‌كه‌كه‌ به‌ هه‌موو جۆرێك‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌مپه‌ری بۆ دروست بكات، به‌تایبه‌ت هه‌موو ئاماژه‌كانی توركیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی نابێت به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی باشوور، چونكه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و ئه‌رێنیتر ده‌چێت. له‌ دوایین لێدوانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، بنالی یه‌ڵدرم رای گه‌یاند، ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ كوردستان نابێته‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

پێویسته‌ یه‌كێتی هه‌ڵوێستی هه‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ فراوانه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و رفێنراوانه‌ ئازادیش بكرێن، ده‌ركه‌وت په‌كه‌كه‌ هه‌ژموونی ته‌واوی به‌سه‌ر ناوچه‌ی سلێمانی هه‌یه‌، هه‌ركات بیه‌وێت كرده‌ی له‌و جۆره‌ ئه‌نجام ده‌دات، پێویسته‌ یه‌كێتی پێداچوونه‌وه‌ به‌ پێوه‌ندی خۆی بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی‌، چونكه‌ رۆژێك دێت په‌كه‌كه‌ به‌ته‌واوی باڵاده‌ست ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌دا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌وینه‌سازی زۆر هه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتی بۆ پێشوازیكردن له‌ دید و تێڕوانینه‌كانی په‌كه‌كه‌.

ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌یزانی توركیا به‌ ‌نیازی كارێكی له‌و جۆره‌یه‌، ده‌بوو ڕێگری بكات له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نكه‌ره‌ دژی په‌كه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یزانی په‌كه‌كه‌ نیازی كارێكی له‌و جۆره‌ی هه‌بوو ده‌بوو رێگری له‌ په‌كه‌كه‌ بكات دژی توركیا، ئێسته‌ش دیار نییه‌، ئاخۆ یه‌كێتی پێشتر زانیویه‌تی یا كه‌ رفێنراون زانیوه‌تی، چونكه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نگرانی یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت بڵێن: یه‌كێتی به‌شداره‌ له‌و كرده‌یه‌، نایه‌وێت به‌شدار بێت له‌ ڕاده‌ستكردنی كوردی باكور به‌ توركیا.


PM:04:59:31/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 1054 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌