یه‌كێتیی زانایانی جیهانی و ئاینده‌یكی نادیار

ئیسماعیل ته‌ها 

یه‌كێتیی زانایانی جیهانی ئێسته‌ به‌ر له‌وه‌ی ناوه‌ندێكی ئاینی بێت، بووه‌ته‌ ده‌زگه‌یه‌كی سیاسی‌ و وه‌ك ناوه‌ندێكی سیاسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكی دیاری ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ سیاسییانه‌ی له‌ رابردوو پێوه‌ندی به‌ ئیخوان موسلمین و توركیاوه‌ هه‌بوو. 

 هه‌ر رووداوێكی سیاسی له‌ توركیا رووی دابێت یه‌كێتیی زانایانی جیهانی ده‌هاته‌‌ سه‌ر خه‌ت، ئه‌و پرسانه‌شی كه‌ هاتنه‌ سه‌ر خه‌تی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیا نه‌بووایه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵده‌بژارد، ئه‌وه‌ وای كرد ئه‌و ناوه‌نده‌ بكه‌وێته‌ ژێر پرسیاری ئه‌و وڵاتانه‌ی گرفتیان له‌گه‌ڵ ئیخوان و توركیا هه‌یه‌، زۆر جاریش له‌ هه‌ندێك پرسی سیاسی وڵاتانی تر ده‌هاتنه‌ سه‌رخه‌ت و هه‌وڵی ئاشته‌وایییان ده‌دا.  

ئه‌وه‌ وای كردبوو ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ به‌ره‌و كاری سیاسی بڕوات له‌ بری كاركردن وه‌ك ناوه‌ندێكی فكری، چونكه‌ كاری ده‌زگه‌یی تا ئه‌وكاته‌ جوانه‌ كه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌وی خۆی ده‌ڕوات و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و ناوه‌نده‌ كار ده‌كه‌ن، پابه‌ند بن به‌ كارنامه‌ی ناوه‌نده‌كه‌، ئه‌وه‌ی ناوه‌ندی له‌ كاری خۆیان دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ به‌هۆی كه‌سانێكه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسن له‌و ناوه‌نده‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ گه‌وره‌ی له‌ پێناوی دروست بووه‌ له‌ ده‌ستی بدات، به‌ ده‌ستبردنیان بۆ پرسه‌ سیاسییه‌كان و لێدوانی سیاسی ده‌سته‌ی باڵای ئه‌و ناوه‌نده‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو چوار وڵاتی عه‌ره‌بی "میسر و سعوودیه‌ و ئیمارات و به‌حرێن" یه‌كێتیی زانایانی جیهانی ئیسلامیان وه‌ك ناوه‌ندێكی تیرۆریستی ناساند، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌ كار له‌سه‌ر گوتاری توندوتیژی ده‌كات و هانی تیرۆر ده‌دات، له‌ كاتێكدا له‌ خاڵی حه‌وته‌می پێڕه‌وی رێكخراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ جیاوازه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی تر، ئه‌ویش به‌هۆی بیری میانڕۆیی كه‌ به‌م جۆره‌یه‌: مه‌به‌ست له‌ میانڕۆیی، دووره‌ له‌ زیاده‌ڕۆیی و به‌ زایه‌دان و كه‌مته‌رخه‌می، به‌ڵكو به‌رنامه‌یه‌كی میانڕۆیانه‌ بۆ ئومه‌تی ئیسلامی پێشنیار ده‌كات، به‌ڵام سه‌یر ده‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ بیانووی گوتاری تونده‌ڕۆیی ده‌یخه‌نه‌ لیستی تیرۆره‌وه‌. 

ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ئه‌و ناوه‌نده‌ له‌ هه‌ندێك قۆناغی گوتاری سیاسی توندی هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر میسر و هه‌ندێك وڵاتی تر، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ گوتارێكی توندڕۆ وه‌سف ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی زانایان قه‌ته‌ری كردووه‌ته‌ باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی، له‌ كاتێكدا ده‌بوو باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ دبلن بێت، چونكه‌ له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی ئه‌و یه‌كێتییه‌ له‌باره‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی هاتووه‌ ده‌ڵێت، "باره‌گای یاسایی یه‌كێتی له‌ دبلنی پایته‌ختی ئێرله‌ندایه‌. چونكه‌ یه‌كه‌م تۆماركردنی له‌ ساڵی 2004 له‌وێ بوو، به‌ڵام ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ڕی كردووه‌ته‌ باره‌گای خۆی بۆ به‌ڕێوبردن و دیداری ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و كۆمه‌ڵه‌ی گشتی، هه‌روه‌ها یه‌كێتی دوو لقی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ میسر و توونس كردووه‌ته‌وه‌. 

به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌ته‌ر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌یه‌، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێوه‌ندییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان كه‌ناڵی جه‌زیره‌ و یه‌كێتیی زانایانی جیهانی، به‌تایبه‌ت جه‌زیره‌ به‌رده‌وام دژایه‌تی توندی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات كه‌ دژی قه‌ته‌رن، ئه‌وه‌ وا ده‌كات وه‌ك قه‌ته‌ر و جه‌زیره‌ حیساب بۆ یه‌كێتیی زانایان بكه‌ن، دواجار بیخه‌نه‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، به‌م خستنه‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، كاره‌كانی ئه‌و ناوه‌نده‌ بچووك ده‌بێته‌وه‌، دوور نییه‌ به‌و هۆیه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانیان  ده‌ست له‌ ئه‌ندامێتی هه‌ڵبگرن، هه‌ندێكیش له‌وانه‌ی كاریگه‌رن له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی حكوومه‌ته‌كانیان ده‌ست بكێشنه‌وه‌. 

به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ناكۆكیی سیاسییان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، چونكه‌ یه‌كێتیی زانایان به‌ پاڵپشتێكی به‌هێزی توركیا  داده‌نرێت، له‌ هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی رووبه‌ڕووی توركیا بوونه‌ته‌وه‌، یه‌كێتیی زانایان به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی و سه‌ركۆنه‌كردنی ده‌ركردووه‌. رۆژی 16 مانگی ته‌مووزی 2016 رۆژێك دوای هه‌وڵی كوده‌تاكه‌، شاندێكی باڵای ئه‌و یه‌كێتییه‌ گه‌یشتنه‌ توركیا بۆ به‌شداریكردن له‌ ناشتنی قوربانییانی ئه‌و هه‌وڵه‌، ئه‌و كارانه‌ی یه‌كێتیی زانایان وای كرد زیاتر به‌لای لایه‌نگری سیاسی بۆ توركیا بچن. 

له‌ زۆر لاوه‌ به‌و كارانه‌یان له‌ به‌ژه‌وه‌ندیی توركیا تووشی گله‌یی بوون له‌ شه‌قامی عه‌ره‌بی، له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی كوردیش، هه‌میشه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ جێی پرسیار بووه‌، چونكه‌ له‌ هه‌موو پرسه‌كانی توركیا لایه‌نگری حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ بووه‌، له‌ ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلوولی رابردوودا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، یه‌كێتیی زانایان هیچ هه‌ڵوێستێكی روونی نه‌بوو، به‌تایبه‌ت د. عه‌لی قه‌ره‌داغی خۆی به‌هیچ جۆرێك پاڵپشتی ده‌رنه‌بڕی، هه‌موو ئه‌وانه‌ بووه‌ته‌ كۆمه‌ڵێك پرسیار له‌سه‌ر یه‌كێتیی زانایانی جیهانی، تا دواجار ده‌خرێته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، له‌لایه‌ن چوار وڵاته‌وه‌. 

ئاینده‌ی یه‌كێتیی زانایان
یه‌كێتیی زانایان به‌ره‌و ئاینده‌كی نادیار هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێسته‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ململانێ سیاسییه‌كان له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ چوار وڵات، كه‌ به‌ كرده‌وه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌ زلهێزه‌كان پاڵپشتی ده‌كرێن و هاوپه‌یمانی دیاری وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات، یه‌كێتیی زانایان به‌ره‌و ئاراسته‌ی ململانێی سیاسی ببات، له‌ بری كاركردن له‌سه‌ر گوتاری ئاینی و پرسه‌ ئاینییه‌كانی رۆژگار. چونكه‌ تازه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ قه‌ته‌ر، نه‌ ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری قه‌ته‌ر ده‌بن و نه‌ قه‌ته‌ریش ده‌ستبه‌رداری ئه‌وان ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌سێكی وه‌ك د. یوسف قه‌رزاوی كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ له‌ قه‌ته‌ر ده‌ژی، رێی نادرێت بچێته‌وه‌ میسر.

هاتنه‌ ده‌ری یه‌كێتیی زانایان له‌ لیستی تیرۆری ئه‌و چوار وڵاته‌ به‌نده‌ به‌ چاره‌سه‌كردنی ته‌نگژه‌ی قه‌ته‌ر، هه‌ركات ئه‌و كێشه‌یه‌ چارسه‌ر بوو، هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی زانایان له‌ لیستی تیرۆری ئه‌و چوار وڵاته‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی بۆی دروست بووه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك یه‌كێتیی زانایان لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك كۆی گشتی ناوه‌نده‌كه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كانیان كه‌متر كاریگه‌ری ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ وڵاته‌كانیان گرفتیان بۆ دروست نه‌كرێت، له‌ كاتی كاركردن به‌ ناوی یه‌كێتیی زانایانی جیهانی.

بیرۆكه‌ی دامه‌زراندی یه‌كێتیی زانایانی جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ د. یوسف قه‌رزاوی كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانی یه‌كێتییه‌ك دروست بێت، زانایانی ئومه‌ی ئیسلامی كۆ بكاته‌وه‌، وه‌ك ناوه‌ندێكی میلی، نه‌ك حكوومی، دواجار بیرۆكه‌كه‌ سه‌ری گرت له‌ 11ی ته‌موزی 2004 له‌ به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه‌ی خۆی كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌ ئێرله‌ندا ناوی خۆی تۆمار كرد و مۆڵه‌تی وه‌رگرت، له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویدا 300 زانای جیهانی له‌خۆی گرتبوو كه‌ به‌ گرنگترین ئه‌ندامانی ئه‌و یه‌كێتییه‌ داده‌نران. 

AM:11:48:30/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 485 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌