یاسین نادر
وێنه‌ى منداڵه سێوفرۆشه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه كه به كزوڵییه‌كه‌وه له ناوه‌ندى شاره‌كه‌دا خه‌ریكى فروشتنى فه‌ریكه‌سێوه به موشته‌رییه‌كانى، له پڕ پۆلیسی زیاده‌ڕۆیی شاره‌كه ده‌گه‌نه سه‌رى و ته‌رازوو و كێشانه‌كه‌ى ده‌به‌ن و داد و بێداد و تكا له پۆلیسه‌كه، دادى نادات و به‌بێ هیوایی له پۆلیس و ده‌سه‌ڵاتى شاره‌كه ده‌ڕوانێت و ناوچاوى ئاهـ و مۆركى خه‌م دایده‌گرێت.
هه‌مووانى خسته گریان و سه‌رزه‌نشتكردنى كاربه‌ده‌ستانى هه‌ڵه‌بجه، به‌و هۆیه‌ی له مێژووی دوور و درێژى ئه‌م شاره‌دا نه‌یانتوانى خزمه‌تكارى چین و توێژه‌كانى شار بن، كه‌چی ورده ورده خه‌ریكه خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌تى شاره‌كه‌یش له كاسبی و بژیوى ژیانى ساده‌یان بێبه‌ش ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده رووداوه‌كه له ڕووى ئه‌ركى پۆلیسه‌وه ته‌نیا جێبه‌جێكردنى فه‌رمانێكى سه‌رووی خۆی بۆ ڕێكخستنى ناوبازاڕى شاره‌كه بووه، به‌ڵام به‌گشتى ده‌توانرێت ئه‌داى لاوازى كاره‌كته‌ره‌كانی سه‌رووتر له ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌م وڵاته و خزمه‌تكردنى شاره‌كه لێی بڕوانرێت.
ئه‌م منداڵه كاكه "حه‌مه" گیان كه سیمبۆلی منداڵى هه‌ژارانى شاره، شه‌وی رابردوو به بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌كه‌ى له كاتى بردنى ته‌رازووه‌كه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه، بووه جێى باس و خواستى چالاكانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، دیمه‌نه‌كه ئه‌وه‌ى ده‌رخست كه ئه‌ویش وه‌ك زۆر منداڵی تر حه‌زى له ژیان و ئاسووده‌یی له پارك و شاری یارییه‌كان و خوێندن له باشترین قوتابخانه‌یه وه‌ك زۆر منداڵى به‌رپرس و خواپێ‌داو و مافخورانى خه‌ڵكى هه‌ژار.
ئه‌و به وێنه‌كه‌ى و چاوه پڕخه‌م و نائومێده‌كه‌ى ئه‌وه‌ى پیشان دا كه كاربه‌ده‌ستانى ئه‌م وڵاته له ئاست ئه‌م شاره‌دا، وا باوك و دایكى ئه‌و و زۆر كه‌سی تریان له بێ خزمه‌تیدا چه‌وساندووه‌ته‌وه، ده‌بینێت دیسان ئه‌م مێژووه تاڵه به‌رۆكى ئه‌ویش ده‌گرێت. ئه‌و له زه‌ینیدا خۆزگه بخوازێ له داهاتووى شاره‌كه‌ی چى چه‌كه‌ره پێ بدات جگه له خواحافیزی یه‌كجارى له‌م شاره و مه‌ینه‌تییه‌كانى نه‌بێت. كاتێك هه‌ر له ئێسته‌وه ماناى ژیانكردن بۆ ئه‌و له عه‌ره‌بانه‌یه‌كى بچكۆلانه‌یشدا، وه‌خته كۆتای پێ دێنن.
مێژووى شاره‌كه‌ى حه‌مه‌گیان پڕ له داماویی و مه‌ینه‌تی بووه و خزمه‌تى ئه‌م شاره نه‌ك به‌پێى پێویست نه‌كراوه، بگره هه‌ر پشتگوێ خراوه. ئه‌و بازاڕه‌ى "حه‌مه‌گیان" فه‌ریكه‌سێوه ڕه‌قه‌ڵه‌كانی تێدا ده‌فرۆشێت، زۆرجار بنیاتنانه‌وه و چاككردنه‌وه‌ى بووه به مژده‌ى حزبی ده‌سه‌ڵاتدارى ناوچه‌كه، به‌ڵام وه‌ك خۆی مایه‌وه و وێران و وێرانتر وه‌ك ساتى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ی لێ هاته‌وه.
به‌ڕاست كێ خه‌مخۆری ئه‌م شاره‌یه و كێ ده‌ستێكى ئاوه‌دانى به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا دێنێت، ناوچه‌كه‌ى كاكه حه‌مه‌گیان پڕ له خاڵی سنووری بازرگانییه، به‌ڵام كێ ئاوه‌دانى ده‌كاته‌وه و كێ بۆ خزمه‌تى حه‌مه و هاوشێوه‌كانى وه‌گه‌ڕى ده‌خات؟ نازانرێت و نازانرێ. سیاسییه‌كان له‌م شاره گفتوگۆ و پۆسته باڵاكان بۆ خۆیان و داگیركردنیان بووه به خه‌می هه‌میشه‌یییان، خۆ نازانن هه‌زارانى وه‌ك حه‌مه‌گیان بو پاروویه‌ك نان وه‌خته ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارییان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئاخ و داخى حه‌مه‌گیان دوێنێ شه‌و هه‌موو ویژدان زیندوویه‌كى هه‌ر له ڕۆژنامه و سایته‌كانه‌وه، بگره تا هاووڵاتى ئاسایی گرته‌وه و ئه‌وه‌یان به ده‌سه‌ڵاتداران پیشان دا كه شۆڕشی برسی ڕۆژێك دێت ئه‌م سته‌مه قبووڵ ناكات و چاوه‌ڕوانى دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانى له ئاست خۆیان ده‌كه‌ن.
(پێشكه‌ش به كاكه حه‌مه و هاوشێوه‌كانی، به‌شێك له بیره‌وه‌رییه‌كانى خاوه‌نی ئه‌م دێڕانه كولانه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و برینانه‌یه كه خۆیشی وه‌ك حه‌مه‌گیان پێیدا تێپه‌ڕیوه)