ئه‌حمه‌د گلی
له فه‌رهه‌نگی سیاسیی حزبه‌كانی ئێمه‌دا ره‌نگه هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هێنده‌ی (یه‌كڕیزی نیشتمانی) به‌كار نه‌هێنرێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه یه‌كڕیزی نیشتمانی چۆن دروست ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر حزبه‌كانی له‌مه‌ڕ خۆمان له جه‌وهه‌ری یه‌كڕیزی تێگه‌شتبن و ئامانجیان یه‌كڕیزی نیشتمانی بێت به واتای ئه‌و وشه‌ی به‌كاری دێنن، ده‌بێت بۆ یه‌كڕیزی قوربانی بده‌ن، ده‌ست له به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی هه‌ڵبگرن و ناوماڵی كورد ڕێك بخه‌ن، فیكره‌ی دوو ئیداره‌یی و هێرشكردنه سه‌ر یه‌كتر و تۆمه‌ت و ژه‌هر رشتن له‌پێناو ده‌ستخۆشییه‌ك كۆتای پێ بهێنن. نه‌ك حزبێك خیانه‌تی نیشتمانی كردبێت و داوای یه‌كڕیزی نیشتمانی بكات! نیوه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی فرۆشتبێت و داوای یه‌كڕیزی نیشتمانی بكات، ده‌نگ كه مافی ڕه‌وای هه‌موو تاكێكه به ئازادی نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵبژێرێت ده‌دزێت و داوای یه‌كڕیزی نیشتمانیش بكات!
بۆ به‌رچاوڕوونی، كورد له شۆڕشی ئه‌یلوول زۆر ته‌نیا بوو، ده‌روازه‌كانی دنیا به روویدا داخرابوون، مامه‌ڵه و سه‌وداكردن به بزاڤه رزگاریخوازه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌ی شه‌ڕی سارددا كارێكی زۆر ئاسایی زلهێزه‌كانی دنیا بوو، حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا زۆر به‌هێز بوون. كاتێك له ساڵی ١٩٧٤ گه‌یشته سه‌ر جه‌وهه‌ری مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كورد، ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئۆتۆنۆمی و سنووره‌كانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول به راده‌ستبوون و چاره‌ی نیوه‌چڵ رازی نه‌بوو، جارێكی تر شۆڕش به‌رده‌وام بوو تا له ئاداری ١٩٧٥ به پلانێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی دووچاری شكستیان كرد.
ئه‌و سه‌رده‌مه كورد ته‌نیا چه‌ند زنجیره شاخێك و چه‌ند تووله‌رێیه‌كی به‌ده‌سته‌وه بوو كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆ درابوون، خاوه‌نی چه‌ك و تفاق و ته‌قه‌مه‌نییه سه‌ره‌تایییه‌كان بوو، سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی كورد له كه‌مپه‌كانی ئێران له جه‌هروومه‌وه تا پشت مه‌ریوان و ورمێ و شنۆ، داهات و ئابووری كورد سفر بوو، هێزی شه‌ڕكه‌ری ئاسمانی عێراق زۆر جه‌زره‌به‌وه‌شێن بوو، هه‌ر ساتێك رۆژنامه‌وانێك یا چاودێرێكی بیانی له خانه‌وه هه‌نگاوی به‌ره‌و حاجی ئۆمه‌ران بنایه، كورد رووی گه‌ش و ئومێده‌وار ده‌گه‌شایه‌وه.
هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م هیوا و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه ئیراده‌ی یه‌كگرتووی میله‌ت و دیدگای روون بوو، كورد ده‌یزانی چی له به‌غدا ده‌وێت، له شۆڕشی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی دوای شكست وێڕای دڕنده‌یی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام و كیمیاباران و ئه‌نفال، داستانه مه‌زنه‌كانی خه‌باتی كورد له مێژوودا سه‌لماندی هه‌زاران شۆڕشگێڕ و خه‌باتكه‌ر به نانه ره‌قێكه‌وه سه‌ربه‌رزانه وه‌ك كه‌ڵه مرۆڤ رووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه، بۆ بستێكی خاكی نیشتمان له به‌سته‌ڵه‌كانی قه‌ندیله‌وه تا به‌رده‌ڵان و ئه‌شكه‌وته تاریكه‌كانی شاخه‌كان و دڕك و داڵی ده‌شته‌كان و چۆڵایییه‌كانی گه‌رمیان به‌ناو رێیه‌كانی مه‌رگدا گوزه‌ریان كردووه.
له سه‌رده‌می كۆڕه‌وه‌كه‌شدا به‌ره‌ی كوردستانی قبووڵی چاره‌ی نیوه‌چڵ و نادیاری له‌گه‌ڵ به‌غدا ره‌ت كرده‌وه، ئه‌م ئه‌زموونه مه‌زنانه‌ی مێژوو ده‌یسه‌لمێنن رێی بنه‌ڕه‌تی بۆ سه‌ركه‌وتن (ئیراده و په‌یامی هاوبه‌ش و یه‌كڕیزی نیشتمانی و سازشنه‌كردنه له پره‌نسیپه‌كانی كوردایه‌تی). ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ی ئێسته‌مان به‌رهه‌می یه‌كڕیزی نیشتمانی و یه‌كده‌نگی حزبه كوردییه‌كانه له‌و قۆناغه، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌ركات كورد وه‌ك ئێسته ماڵ‌وێران و په‌رته‌وازه بووبێت بۆ ده‌یان ساڵ باجه‌كه‌ی داوه و كۆی ده‌ستكه‌وته‌كانی له ده‌ست چووه.
یه‌كڕیزی نیشتمانی گرنگه له دروشمه‌وه بكرێت به كردار، ده‌ستكه‌وته‌كان كه به‌خه‌باتی 100 ساڵه و ده‌ریایه‌ك خوێنی پیر و لاو و كوڕ و كچی كورد به‌ده‌ست هاتوون، نه‌كرێت به قوربانی چه‌ند هه‌رزه‌یه‌كی سیاسی كه له‌پێناو گیرفانیدا خۆی فرۆشتووه، بۆ یه‌كڕیزی نیشتمانی پێویستمان به حزبی نیشتمانی و سه‌ركرده‌ی نیشتمانییه، نه‌ك ته‌نیا نیشتمان وه‌ك دروشمێك بۆ په‌رده‌پۆشكردن به‌كار بهێنرێت.