یوسف له‌تیف
ده‌رئه‌نجامى ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و كوشتاره‌ى رژێمى به‌عس هه‌ڵی گیرساندبوو، وێڕاى ئه‌وه‌ى زۆر له وڵاتانى عه‌ره‌بى و بگره ئه‌وروپاییه‌كانیش پشتیوانى دارایی و واتایی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دڕنده‌یان ده‌كرد، جگه له داگیركردنى كوێت، له‌وێوه گه‌رده‌لوولى سپى هێزه تاڵانچییه‌كه‌ى رژێمى ته‌فروتونا كرد و تووشى شڵه‌ژان و په‌رته‌وازه‌یى كرد. ئیتر خه‌ڵكانى عێراق لێى بێ‌ئومێد بوون و تێگه‌یشتن ئه‌و رژێمه جگه له شه‌ڕى به‌رده‌وام و كوشتار و خه‌ونى داگیركاری، هیچى تر‌ى له هه‌گبه‌دا نییه، بۆیه شیعه‌كان له باشوور و كورده‌كانیش له كوردستان لێى راپه‌ڕین.
هه‌رچه‌نده هه‌رزوو به ئاگر و ئاسن وه‌ڵامى هه‌موویانی دایه‌وه و شیعه‌كانى سه‌ركوت كرد، به‌ڵام كورد به كۆڕه‌و و "ئازادى یا نه‌مان" وه‌ڵامیان دایه‌وه و دنیایان هه‌ژاند، به‌وه‌ش بڕیارى 986ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى به‌دواى خۆیدا هێنا كه ناوچه‌ی ئارام و پارێزراوى بۆ كورد مسۆگه‌ر كرد و بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیشى له ئه‌نجه‌رلیك له توركیا بۆ دانا به‌ناوى چه‌كوشى ئاماده.
ئه‌و كۆده‌نگییه وه‌ڵامێكى زۆر گونجاو بوو، چونكه خه‌باتى پارتیزانى و چه‌كداریى شۆڕش جگه له‌وه‌ى وه‌ك مۆمێك به‌سه‌ر چیاكانه‌وه ئومێدبه‌خشین بوو بۆ دوور، هیچى تر‌ى لێ نه‌ده‌كه‌وته‌وه، به‌تایبه‌تى پاش ده‌ستبردنى رژێم بۆ چه‌كى كیمیایى و بۆمبی قه‌ده‌غه‌كراو و كۆمه‌ڵكوژیى. رژێمێك ئه‌و بوێرییه بكات و به چاره‌كه سه‌عاتێك پێنج هه‌زار كه‌س شه‌هید بكات و ژه‌هربارانیان بكات، ئیتر مه‌فره‌زه‌یه‌كى پێشمه‌رگه ئه‌و وه‌ڵامه‌ى پێ نادرێته‌وه. ئه‌و هه‌موو گونده كوردنشینه‌كان خاپوور ده‌كات و ئاوه‌دانى و ژیان كۆتایی پێ دێنێت و ئه‌نفالت بكات، پاشماوه‌كه‌یشى له ئۆردوگا زۆره‌ملێكان بترنجێنێ، وه‌ڵامت نامێنێ بۆ ئه‌و دڕندایه‌تییه جگه له كۆ بڕیار.
راپه‌ڕین و كۆڕه‌و ئه‌و بڕیارانه بوون كه چاره‌نووسى میله‌تیان گۆڕى و ئازادییان به‌رهه‌م هێنا، ئه‌و ره‌تكردنه‌وه به كۆمه‌ڵه‌ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌رئه‌نجامى سه‌ده‌یه‌ك شۆڕش و قوربانیدان و ئاماده‌كردنى خه‌ڵك بوو بۆ كوردایه‌تى. له هه‌موویشى گرنگتر یه‌ك بڕیار و یه‌ك گوتارى بوو بۆ ئازادى، بۆیه له كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌وه خاڵى وه‌رچه‌رخان ده‌بینرێت، ئه‌ویش گۆڕینى ستراتیجیى خه‌باتى شاخه به خه‌باتى شار.
خه‌باتى شار په‌نگخواردنه‌وه‌ى سته‌م و زۆرى سه‌ده‌یه‌كى رژێمه له دوای یه‌كه‌كانى عێراق بوو، خوێنى رژاو و له سێداره‌دانى ئه‌و لاوانه بوو كه ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ى كورد بوون، شه‌هید كران. خه‌باتى شار ره‌تكردنه‌وه‌ى سته‌م و بڕیارى چاره‌نووسى كورد بوو، بڕیارى خۆ به‌ڕێوه‌بردن و بڕیارى چێكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى بوو.
لێره‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵى سفر نابێ، لێره‌وه پێویسته نیشتمانییانه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ وڵات و خاكدا بكرێت و بنیاتنه‌رانه بۆ سه‌رخستنى ئه‌و نه‌خشه گشتییه كار بكرێت. ئیداره‌ى كوردى پێویسته زۆر جوانتر و فراوانتر خۆى ئاماده بكات بۆ هێنانه دى ئه‌و خه‌ونه گه‌وره‌یه‌ى هه‌موو تاكێكى كورد بۆى ماندوو بووه، قوماركردن به‌و ستراتیجه، خیانه‌ته له كۆى میله‌ت و خوێنى شه‌هیدانى میله‌تێك كه 100 ساڵه خه‌باتى بێوچانى بۆ ده‌كات.
28 ساڵ ئازادى و 28 ساڵ خۆ ئاماده‌كردن و خۆ په‌روه‌رده‌كردن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن، هێشتا لاساییكردنه‌وه‌ى رژێمى پێشوو به ئیداره‌ى كوردییه‌وه ده‌بینرێ، له هه‌ندێك كاتدا له‌وه‌ش كورتتر ده‌هێنێت، بۆیاغى ئاینى و نه‌بوونى نه‌خشه و سیسته‌م، ئازارێكى به‌سوێیه له جه‌سته‌ى هه‌مووان و بنكۆڵكردنى هه‌یكه‌لى ئه‌و خه‌ونه‌یه كه هه‌مووان و به درێژایى مێژوو به ئاواتیه‌وه بووین.
لێره‌وه ده‌بینین كورد ته‌نیا له‌و كاتانه‌دا به‌بێ ئاسته‌نگ سه‌ركه‌وتوو بووه كه كارى ده‌سته‌جه‌معى كردووه، ره‌تكردنه‌وه یان قبووڵكردنى به بڕیاری كۆ داوه، بۆیه مێژوو به‌رده‌سته با ئه‌زموون وه‌ربگرین.