راپەڕین کۆبڕیار و یەک چارەنووس

PM:02:14:23/03/2017 ‌


راپەڕینى ساڵى 1991 ئاراستەى جۆرى خەباتى رزگاریخوازى گۆڕى، واتە لە شەڕى شاخەوە خەباتى گواستەوە بۆ ناو شار، ئەمەش چەند هۆکارێک پاڵنەرى بوون کە واى کرد وەستان لەو جۆرە خەباتە بکرێ کە زیاتر لە نیو سەدە بەردەوامى هەبوو. یەکەم کیمیاباران لەلایەن رژێمەوە لە بالیسان و گۆپتەپە و دواتریشیان هەڵەبجە کە لە چەند چرکەیەکدا هەزاران قوربانى و شەهیدى لێ کەوتەوە، بەدوایشیدا کارەساتى ئەنفال واتە قڕکردنى میلەتێک بە گشتى. لێرەدا ناچارییەک دێتە پێشەوە کە جۆرى خەباتت پێ دەگۆڕێ، چونکە بە هیچ شێوەیەک بە چەکى سووکى دەستى پێشمەرگە وەڵامى ئەو شەڕە نابەرامبەرە نادرێتەوە.

ئەمە واى خواست کورد بۆ بەردەوامى و مکوڕى لە مافى رەواى خۆى جۆرى خەباتى بگۆڕێ، لە چەند مەفرەزەیەکەوە بۆ خەباتى میلەتێک بە گشتى، روونیشە شەڕى کەنداو و تێکشکانى سوپاى عێراق لە کوێت لەلایەن هێزى هاوپەیمانەوە بەناوی "گەردەلوولی سپى"، رێگە درێژەکەى کورتتر کردەوە و بەهۆیانەوە هەلى زێڕینى چەخماخەى راپەڕین زیاتر بڵێسەى سەند. خەڵکانێکى زۆر بە هەر هۆکارێک بووبێ چەکیان بۆ رژێم هەڵگرتبوو، بوون بە پاڵپشتى جەماوەر و لە شەو و رۆژێکدا کورد هەموو بوو بە پێشمەرگە، ئەم هۆکارانە بوون بە هەوێنى سەرکەوتن و لە ماوەى کەمتر لە 20 رۆژدا کوردستان بە گشتى بە کەرکووکى دڵى کوردستانیشەوە ئازاد کران.

ئەم کۆبڕیارە بۆ یەک چارەنووس تا نهاش گڕوتینى هەر ماوە و ئەو راچڵەکانە وای کرد جارێکى تر هیچ هێز و رژێمێک بیر لە نەمان و قڕکردنى میلەتى کورد نەکاتەوە، هەروەها ئەو کۆبڕیارەش کۆ بڕیارى ترى لێ کەوتەوە، واتە دواى ئازادکردنى کەرکووک، رژێم هێزە تێکشکاوەکەى کۆ کردەوە و دڕندانەتر پەلامارى کوردستانى دایەوە و زاڵمانەتر پەلامارى شار و شارۆکەکانمانى دا، لێرەدا میلەت بە گشتى کۆبڕیارێکى تری دا بەوەى یەک چارەنووسى هەڵبژارد، ئەوەش بڕیارى کۆڕەو بوو، واتە یان کوردستانى ئازاد یان کۆڕەو. ئەمەش ویژدانى سەرجەم وڵاتانی زلهێزى دنیاى راچڵکاند و بە بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش بڕیارى قەدەغەکردنى هێزى ئاسمانى بۆ دەرکرد و بنکەیەکى سەربازى بە ناوى "چەکوشى ئامادە" لە ئەنجەرلیک لە تورکیا بۆ دامەزراند و هێڵى 36ی خستە ژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە.

ئەم کۆبڕیارە ئەو لێکەوتە مەزنەى هەبوو و هۆکارێکى ترى گەورە بوو کە کوردى لە کۆ بڕیارى کۆتاى نزیکتر کردەوە، ئەوەش بڕیارى کۆتایە واتە بڕیارى دەوڵەت، بۆیە بە هەموو کەموکورتییەکانیەوە بڕیارى دامەزراندنی دەوڵەتى لە پاش ڕاپەڕینەوە داوە. خەبات بەردەوام دەبێ تا ئەو مافە سروشتییە بە ئەنجام دەگات، هەرچەندە بە بەردەوامیش تا نها چەندان بەربەستى بۆ پەیدا دەکرێ و چەندان رۆژ و ساڵ دوا دەخرێ، چەندان ئاستەنگى بۆ دێتە پێش، بەڵام نکوڵی لەوە ناکرێ ویستى میلەت لە هەر قۆناغێکدا بێ، دەبێ رێزى لێ بگیرێ و بەو مافە سروشتییەى خۆى بگات کە چەندان ساڵە خەباتى رەواى بۆ دەکات و وەک گەڵاى دار قوربانى بۆ داوە. ئەویش تەنیا رێزگرتنە لە کۆبڕیارى میلەتێک کە خاوەنى کولتوور و زمان و شوێن و خەڵک و خاکى خۆیەتى کە بڕیارى دەوڵەتى بۆ خۆى داوە.