ریفراندۆم و جێ ناكۆكەكان


ریفراندۆم زیاتر راوێژ یا پرسێكە كێشەیەك یاخۆ پرسیارێك دەكرێ بە مەبەستی یەكلاكردنەوە، واتە شتێك هەیە ناكۆكە و رای جیاوازی لەسەرە لە نێوان لایەنەكاندا و نازانرێ‌ كامە بڕیار دروستە. هەر بڕیارێكیش لەو رووەوە بدرێت، بێگومان بەشەكەی تری ناڕازی دەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا خەڵك كۆك نین و بوون بە دوو بەشەوە، بۆ ئەوەی رازی رازی بێت و ناڕازیش رازی بێت، بەشێوەیەكی شەرعی ریفراندۆم دەكرێت.
بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی سەربەخۆیی كوردستان، ریفراندۆم پێویست نییە، چونكە وەك رۆژی روون دیارە میلەتێك 100 ساڵ خەبات دەكات و قوربانی دەدات بۆ سەربەخۆیی، پێی بڵێیت سەربەخۆییت دەوێت؟، بێگومان وەڵامەكە بە "ئەرێ‌" لای هەمووانە و پێشوەختە دەزانین "بەڵێ‌"یە. بەڵام گرنگ ئەوەیە كەركووك و ناوچەكانی جێ ناكۆك بەهەر باج و قوربانییەك بووە بتوانن بەشدار بن لە دەنگدانی ئەو ریفراندۆمەدا و نەكرێن بە كێشەیەكی هەڵگیراو بۆ دواتر.
ڕێكەوتننامەی ئاداری 1970 بارزانی لەگەڵ بەغدا واژووی كرد، یەكەمین گرێبەستی نووسراوی فەرمیی بووە لە مێژووی كورددا كە نێوان دوو لایەن دەوڵەتی عێراق و بارزانی وەك رابەری خەباتی رزگاریخوازی كورد واژوو كرابێ‌، بۆیە ئەوە بە رێكەوتننامەیەكی گرینگ دادەنرێت، هەرچەندە بارزانی هیچ كاتێك ئامادە نەبووە سازش لەسەر بستێكی خاكی كوردستان بكات. بۆیە دەیگوت ئامادە نیم دەستبەرداری كەركووك بم و نامەوێ‌ سبەینێ‌ لاوێكی كەركووك بەلای گۆڕەكەمدا تێپەڕێ و بڵێ‌ بۆ دەستبەرداری كەركووك بوویت. 
ئەوەی ئێستاە دەگوزەرێ‌ ئاڵۆزە و خۆئامادەكردن بۆ ریفراندۆم لەگەڵ كورد بكرێ‌ و لێی بپرسی ئایا دەوڵەتت دەوێ‌، وەك ئەوەیە لە كوێرێك بپرسی ئایا دوو چاوی ساغت دەوێ‌، وەڵامەكەی وایە و پێویست ناكات، تەنیا لە یەك رووەوە پێویست دەكات، ئەوەش وەك رێككەوتننامەی ئاداری ساڵ 1970 دەبێتە نووسراوێكی تری فەرمی و باوەڕ پێكراو و حاشاهەڵنەگر، لێ‌ ریفراندۆم لەگەڵ كێ‌؟ دەوڵەتێك كە خۆی دیموكراسی نەبێت و تایفی و گەندەڵ و داردەست بێ‌. یا ئەگەر واش بوو ئەی چۆن ناوچەكانی جێ ناكۆك ساغ دەكەیتەوە لەگەَلیدا؟ ئەو بڵێ‌ هی منە و ئێمە بڵێین هی ئێمەیە و لەو نێوەندەدا دادی یەئسی خۆمان بۆ لای كام عارف بەرین تا بە رەوانی بۆمانی ساغ بكاتەوە، وەك تاڵێ‌ مووی رەش لەناو ماستی سپیدا بۆمان جیا بكاتەوە، ئەوەش دەزانین لە پاش پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە دەبوو ریفراندۆم لە كەركووك بۆ ساغبوونەوەی بكرایە كە ئەو شارە دێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان یا لەسەر دەوڵەتی ناوەند دەمێنێتەوە، ئەوەش نەكراو و نەیانهێشت، بە قەرز دەدرایە ئایندە و چارەی دەسپێردرا بە بڕیار و ژمارەیەكی نوێ‌.
ئێستە كەركووك بە دەستی كوردەوەیە و خۆی هەڵسوكەوت بەو شارەوە دەكات بە نەوتەكەیشیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام گوێمان لە هەڕەشەی حەشدی شەعبی دەبێت بۆ چۆڵكردن و تەعریبكردنەوەی كەركووك. بیریشمان نەچێت وەزیری نەوتی عێراقی گرێبەستی لەگەڵ ئێران واژوو كردووە بۆ رۆیشتنی نەوتی كەركووك. لە كاتێكدا لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، نەوتەكەی بە بەندەری جەیهان و بە خاكی توركیادا گوزەر دەكات، ئەی ئەم ئاراستە گۆڕینە هەژموونی دەوڵەتی ئێران نییە بەسەر كاربەدەستانی عێراقەوە؟ كەواتە لەم ئاڵۆزی و لە نێوانی ئەم جەمسەرە ناكۆكانەدا كە هیچیان نەك دیموكراسی نین، بگرە بڕوایشیان پێی نییە، ریفراندۆم جێی خۆی دەگرێت؟ 
جگە لەو خاڵانەی لە پێشدا باسمان كرد. ئایا ناوچەكانی جێ ناكۆك بە چی ساغ دەبنەوە، وەك بیر هەڵكەندن دەبێ‌ هەر رۆژەی چینێكی لێ‌ هەڵكەنی، خوا بكات وا بێت، بەڵام كە نەكرا چی؟ لە رۆژی 10/4ی ئەم مانگە هۆشیار زێباری لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تەلەڤزیۆنێك گوتی، مەرج نییە دوای ریفراندۆم یەكسەر دەوڵەت رابگەیەنرێ‌. واتە دێینەوە خاڵی یەكەم و ریفراندۆم وەسیقەیەكی فەرمی و گرینگە هاوشێوەی رێكەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، راستە ئەو رێكەوتننامەیەش جێبەجێ‌ نەكرا، بەڵام گرینگی خۆی لە دەست نەدا و تا ئێستەش هەر بە گرینگی ماوەتەوە.

یوسف لەتیف


AM:10:38:01/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 1121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌