حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆن

یوسف له‌تیف

كورد له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ى رابردوویدا حوكمڕانییه‌كى پڕ له‌ كه‌موكوڕى پێشكه‌ش كرد، جگه‌ له‌ كه‌مئه‌زموونى حاڵه‌تێكى تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و بێ به‌رنامه‌ى هه‌بوو. بێ نه‌خشه‌ بوو و خۆى له‌گه‌ڵ ستاندارێكى داهات جێگیر نه‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ندێكى له‌ به‌رده‌ستى خۆى نه‌بوو، به‌ڵام به‌ویتر نه‌یتوانى بایه‌خ به‌ ژێرخانى ئابوورى بدات تا له‌ زۆر ته‌نگژه‌دا خۆى پێ بپه‌ڕێنێته‌وه‌.

حوكمڕانێیه‌كه‌ى زۆر حزبى بوو، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى حزب مه‌یلى لێ بووایه‌ له‌ڕێى حكوومه‌ته‌وه‌، ئه‌وا دڵى 20 هه‌زار ئه‌ندام و لایه‌نگرى خۆى رازى ده‌كرد, واى ده‌كرد به‌یه‌ك واژوو 20 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینى ناپێویستى ده‌كرد به‌ بار به‌سه‌ر حكوومه‌ته‌وه‌. حزبى به‌رانبه‌رى بۆ رێگرتن له‌و دیارده‌ ناشیرینه‌، ئه‌ویش 18 هه‌زارى ترى به‌ لیستێك و به‌ یه‌ك واژوو ده‌كرد به‌ مووچه‌خۆری میری و خانه‌نیشین به‌ واژووى جێگر جێگیرى ده‌كرد له‌سه‌ر حكوومه‌ت. بۆیه‌ له‌م دواییه‌دا ئه‌م حكوومه‌تى هاوبه‌شه‌ جگه‌ له‌ ماڵ به‌شكردن، هیچیتر نه‌بوو، ئه‌وه‌ش هۆكارێك بوو بۆ چێبوونى نایه‌كسانیى كۆمه‌ڵایه‌تى.

له‌م بۆشایییه‌دا هه‌ندێك له‌ ئینشیقاقى حزبى و هه‌ندێكى تر به‌وه‌ى له‌م به‌ره‌یه‌دا پشكى زیاتریان پێ ده‌بڕێ به‌ ناوى ئۆپۆزسیۆن، كۆڵه‌كه‌ى راسته‌قینه‌ى دیمۆكراسیی خۆیان نمایش كرد. ئه‌مانه‌ى هاتن زۆریان تا نهۆ به‌ وه‌زیر خانه‌نشینن، نه‌هاتن پۆسته‌كه‌ى خۆیان ره‌ت بكه‌نه‌وه‌ و بڵێن ئه‌و مووچه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ى گه‌نده‌ڵییمان ناوێت، بگره‌ ئه‌وانیش وه‌ك زۆری خه‌ڵكى ئه‌و حكوومه‌ته‌ حزبییه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و داوای دامه‌زراوه‌یى راسته‌قینه‌ بكه‌ن.

بۆیه‌ نه‌یانتوانى زۆرینه‌ى ده‌نگ به‌ده‌ست بێنن و حكوومه‌ت وه‌ربگرن، ده‌كرا هه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنى بمێننه‌وه‌ و زیاتر ده‌نگى دلێرى ره‌خنه‌گرتنیان له‌ نادامه‌زراوه‌یى حكوومه‌ت بڵندتر بكه‌نه‌وه‌ و به‌رنامه‌ى زیاترى چاكسازى پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكى بكه‌ن، هاتن وه‌ك شه‌وكوت به‌شدارییان له‌ حكوومه‌تى هاوبه‌شدا كرد. هه‌موو ئه‌و راستییه‌ ده‌زانین كه‌سانى هاوبه‌ش له‌ زیان و قازانجدا هاوبه‌شن، ده‌نا به‌ رۆژ له‌ حكوومه‌ت و به‌ شه‌و ئۆپۆزسیۆن چ مانایه‌كى ده‌بێ و دوو رۆسته‌م له‌ دۆڵێكدا جێى نابێته‌وه‌. 

داعش هات هه‌ڕه‌شه‌ى مه‌رگى له‌ كوردستان كرد، ئه‌وان هه‌ر به‌دواى جێكردنه‌وه‌ى جێ پێى خۆیاندا بوون، ناچار حكوومه‌ت ئه‌وانى مۆڵه‌ت دا كه‌ حه‌قى نه‌بوو، ده‌بوو له‌و بێڕێزیكردنه‌ له‌ حكوومه‌ت بكشێنه‌وه‌ و ئۆپۆزسیۆنى خۆیان رابگه‌یه‌نن و بڵێن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ حزبییه‌ رێى چاكسازى نادا، به‌ڵام تا دواین فلس له‌گه‌ڵى رۆیشتن. دوو سێ مانگ پێش هه‌ڵبژاردن، جارێكى تر خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌نوێننه‌وه‌. ئه‌م دره‌نگوه‌ختییه‌ى ئۆپۆزسیۆن له‌ حاڵه‌تێكدایه‌ سێ ساڵى ته‌نگژه‌ هێنده‌ى تر خه‌ڵكى له‌ حكوومه‌ت تووڕه‌تر كردووه‌، به‌وه‌ى جارێك ته‌نگژه‌یه‌ و جارێكى تر حكوومه‌ت خۆى سه‌رچاوه‌ى ئه‌و هه‌موو نادادیی و كه‌مته‌رخه‌م و شه‌رمنه‌ له‌ چاكسازى ریشه‌یى و دامه‌زراوه‌یى، بۆیه‌ له‌ كۆى هه‌مووى ئه‌و حاڵه‌ته‌ ناته‌ندروسته‌ى ئێسته‌ى لێ دروست بووه‌ كه‌ به‌ زیانى هه‌موومان ته‌واو ده‌بێ، له‌ پێش هه‌موویشیانه‌وه‌ ئومێدێكمان بۆ نامێنێته‌وه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن، بۆیه‌ جارێكى تر له‌ گله‌یی زۆرمان له‌ حكوومه‌ت، پشت به‌ هیچ ئۆپۆزسیۆنێك نابه‌ستین، نه‌ك ئه‌ویش له‌ قۆزاخه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا خۆى حه‌شار دابێت و بۆ پشكى شێرى گه‌نده‌ڵى خۆى به‌كارمان بێنێ.

كورد زۆرینه‌ى شته‌كانى به‌راورد ناكرێ له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌ جیهانییه‌كاندا و هیچ جۆرێك پێوه‌ر نایخوێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ كێیه‌ و كامه‌ حیكمه‌ته‌ ده‌ره‌قه‌تى ئه‌وه‌ دێ له‌م ته‌نگژه‌ قورسه‌ بمانپه‌ڕێنێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ پێشه‌ و چه‌ند مانگێكى ماوه‌ و كورد له‌م په‌رته‌وازه‌یییه‌دا ماوه‌ته‌وه‌، گرنگ بوو كورد گوتاری به‌رانبه‌ر به‌وان یه‌ك بووایه‌ و له‌ ناوخۆ به‌ كاوه‌خۆ ململانێى ته‌ندروستى خۆى بكردایه‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ئه‌و رێ كوێره‌ى كه‌ كورد ناچێته‌ ناو هیچ پێوه‌رێكه‌وه‌، نه‌ حكوومه‌تى دامه‌زراوه‌یی و نه‌ ئومێدى رژدی لێ ده‌كرێ بۆ چاكسازى و نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌ كه‌ شه‌ڕى گه‌نده‌ڵى بكات، بگره‌ شه‌ڕ بۆ به‌شه‌ گه‌نده‌ڵى ده‌كات.

AM:10:10:30/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 565 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌