یوسف له‌تیف
ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێ ململانێى سیاسى و به‌شبه‌شێنه‌ى زلهێزه‌كانه، ناكۆكى به‌ركه‌وته‌كانیان تیایدا ناوچه‌كه‌ى زیاتر گه‌رمتر و پڕ كاره‌سات و تراجیدی كردووه، هه‌ڵایه‌كه هه‌ریه‌كه و به‌شێكى لێ كردووه به ده‌سكه‌لاى خۆى، كوردیش له ناوچه‌كه‌دا جگه له‌وه‌ى له‌ناو چوار دیوارى حوكمى نادیموكراتیدا به‌ش كراوه، له ناوه‌وه‌ى خۆیشیدا چه‌ند كه‌رت بووه به‌سه‌ر به‌شه گه‌وره داگیركه‌ره‌كاندا.
له باشوور بۆشایییه‌ك دروست بوو رژێم رووخا و ده‌كرا ئه‌زموونێكى باشى پێشكه‌ش بكردایه، چونكه پێشتر نیمچه سه‌ربه‌خۆ بوو، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر نه‌یكرد، بگره ده‌ستى بۆ حه‌رامترین و بڤه‌ترین كار برد ئه‌ویش شه‌ڕى خۆماڵوێرانكردن و خۆكوژى و ناوخۆ بوو. له‌وێوه ئه‌مدیوى شتگه‌لێك بخوێننه‌وه، زۆر بچووك بیرى له ئیداره و خۆبه‌ڕێوه‌بردن كردووه‌ته‌وه كه ده‌كرا زۆر هۆشیارتر بێ و خۆى بۆ هه‌ر فشارێكى نه‌خوازراو ئاماده بكات، كه‌چى به حزبى و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵى حوكمڕانییه‌كى زۆر خراپى پێشكه‌ش كرد. ئێسته باجى ئه‌و كاره هه‌مه‌ڕه‌كییه‌ى ده‌داته‌وه.
خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمه‌كه باجى قورسى ئه‌و ته‌نگژه و شه‌ڕه قورسه‌یان دا كه رووى تێكردن، باجى بڕانى بودجه له‌لایه‌ن رژێمه‌وه و سه‌ربه‌خۆیى نه‌وتى دا. خه‌ڵك ده‌نگى به سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دا، ئێسته هیچ هێزێكى تیادا نه‌ماوه و نا‌ئومێد كراوه، بۆیه داواى ساده‌ترین مافى ده‌كات ئه‌ویش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مووچه‌كه‌یه‌تى كه زۆر قورسه له‌سه‌رى، نه‌ك دانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ى مووچه پاشه‌كه‌وته‌كانى ساڵانى رابردووى، ئاخر له‌م داوایه ره‌واتر هه‌یه؟ گردبوونه‌وه و خۆپیشاندان ده‌كات، كه‌چى كۆمه‌ڵێ گورگى تر خۆیان تێكه‌ڵى داواكانیان كردووه و ته‌نانه‌ت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى به‌غدایش كه پاره له گیرفانیان ده‌ڕژێ و له به‌غدا فزه‌یان له ده‌م نایه‌ته ده‌رێ، لێره مایكرۆفۆنیان گرتووه و ده‌بێژن بڕووخێ حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بێنه سه‌ر حوكم.
یاسا پێى وایه: حوكمڕانییه‌كى خراپ و بگره دیكتاتۆریش كه زۆر خراپه، هێشتا باشتره له فه‌وزا، چونكه له فه‌وزا هیچ شین نابێ و له حوكمڕانى خراپ‌دا لانى كه‌م كه‌مێك ده‌سكه‌وت وه‌رده‌گیرێ. ئه‌مه‌ى ئه‌وان مه‌به‌ستیانه فه‌وزایه، چونكه هیچ حزبێكى كوردستان بێبه‌رى نییه له بێ به‌رنامه‌یی حكوومه‌ت و هه‌موویان به‌رته‌قاى خۆیان ده‌ستیان تێیدا هه‌بووه، ئه‌وه‌ش مووچه‌ى باڵا و پله تایبه‌ت و بندیواره‌كانیان، حزبێكى ئۆپۆزسیۆنمان نه‌دیت ئه‌و لارییانه‌ى راست بكاته‌وه و بیانبڕێ، مووچه‌خۆرانى ئه‌م هه‌رێمه داواكانیان ره‌وایه، به‌ڵام كاتێك پێیان گوترا پاشه‌كه‌وت كه‌م ده‌كرێته‌وه و ئێوه‌ش وه‌ك به‌رگه‌ى زۆرتان گرتووه درێژه به خزمه‌تتان بده‌ن، به‌شێكى كوردستان به نابه‌دڵییه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى مانگ و ساڵ و رۆژ لاى ئه‌م حكوومه‌ته دیار نییه، له هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتییان به‌رانبه‌ر به قوتابییان و كاروبارى هاووڵاتییان، گه‌ڕانه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان، لێ به‌شه‌كه‌ى تر‌ى رۆژانه مان ده‌گرن و ناچنه‌وه سه‌ر كاریان.
هه‌ردوولا بۆ ماف یه‌كسانن و مافى خۆیانه بۆ مووچه ناڕه‌زایی ده‌ربڕن، له‌ولایشه‌وه حزب بۆ هه‌ڵبژاردن و شوێنپێ كردنه‌وه‌ى خۆیان هانى مانگرتن ده‌ده‌ن و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى خۆیان ره‌پێش داخوازى ره‌واى خه‌ڵكه‌كه ناوه، بۆ ماشینه‌وه‌ى ده‌نگى خه‌ڵك كه هه‌ڵبژاردن له پێش و نزیكه، هه‌رچه‌نده ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكانى ده‌سڕۆیشتووى هه‌ردوو حزب و هه‌موو ئۆپۆزسیۆن هیچ عه‌یبى نییه و وه‌ك جاران و بگره باشتریش ده‌گوزه‌رێ، كه‌چى لاى خه‌ڵك ژیان تا بێ به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه، به‌شێكى ئومێدى به هێزێكى داگیركه‌ر و به‌شێكى تر به هێزێكى تر‌ى چه‌وسێنه‌ر، ئه‌وه‌ى سه‌یره به‌شێكى تر‌ى ئومێدى به به‌غدایه كه ئه‌مساڵ به خراپترین پایته‌ختى دنیا رووى خۆى سپى كرده‌وه، كه‌چى هه‌ندێك كورد یان حزب هه‌ر ئومێدى پێیه‌تى.
بۆیه بۆ كورد هیچى ئاگرى سارد نییه و هه‌مووى هه‌ر چه‌وسێنه‌ره، چه‌وسێنه‌ر نایه‌ت ده‌سه‌ڵاتێك لا بدات و خۆی نموونه‌یه‌كی باشتر دروست بكات و دنیایه‌كی خه‌یاڵی كه له میدیا باسی ده‌كات بكات به راستی و بتپارێزێ، ئه‌مه خه‌یاڵ پڵاوییه و هیچى تر، ئه‌وه‌ى هه‌قه ئومێدت پێى هه‌بێت، ره‌وایى مافه و یه‌كڕیزییه، ئه‌وه‌ش له كرده‌وه‌ى كورده‌وه زۆر دووره و ئه‌سته‌مه فێرى ده‌وڵه‌تدارى بێ، چونكه ئیداره‌یه‌كی باش و تۆكمه به ملشكاندن دروست نابێ.