كێ دەیكات و كێ دەیخوات

PM:02:18:08/06/2018 ‌

یوسف لەتیف

ئەو كاتەی گیڤارا گیرا و شوانێك ناونیشانەكەی ئاشكرا كرد. لێیان پرسی بۆچی رادەستت كرد و شوێنەكەیت ئاشكرا كرد؟ ئەو هەموو ژیانی بۆ بەرگریكردن لە ئێوە و مافەكانتان تەرخان كردبوو. لە وەڵامدا شوانەكە گوتی، "شەڕ و بێنەوبەردەی ئەو مەڕەكانمی دەترساند". كورد دەڵێ، بۆ بۆرەپیاو خۆت بە كوشت بدەی، دەڵێن بە مەرگی ئاسایی مردووە. پێچەوانەكەیشی لە شۆڕشدا هەبوو قارەمان هەبوو سەری شوانێكی دەهێنایەوە، بە كەوڵی پێشمەرگە دەیكردە دیاری دەستی لای رژێمی پێشوو بۆ ئەوەی گومانیان لا نەمێنێ و لە شوێنی تازەیدا بە فراوانی جێی خۆی بكاتەوە، بۆیە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە هەندێ بەها مابوون. ڕاستە بەرەی كوردوستانی بە بڕیار لە هەموو جاش و خۆفرۆشێك خۆش بوو، بەڵام لە چاوی خەڵكدا پەنجەی ئاماژەیان بۆ درێژ دەكرا و وەك كەسانی ناشیرین و دزێو ئاماژەیان بۆ دەكرا.
بەڵام لە ساڵی 1992 و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە پێشبڕكێی دەنگدان هات و كێبەركێ لەسەر پۆست و داودەزگە پەیدا بوو، ئیتر نەك بە یەك چاو، بگرە زیاتریش سەیر دەكران، چونكە ئەوانە بە تایبەت مستەشار و بەرپرسەكانیان، هەم خاوەن پارە و هەم خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی بوون لە ناو خەڵكدا. ئێ هەموو دەنگەكانیش لە سندووقدا یەكسانن، بۆیە ئەوەی دەنگی زیاتر بوو قورسایی لای حزبەكان زیاتر بوو. لێرەوە نەك ئەوانەی لەگەڵ رژێم بوون یەكسان بوون، بگرە كەسێتی و پۆستی شایستەیان بەدوای خۆیاندا هێنا و لە هەموو حزبەكاندا ئەمە بەرنامە بوو.
دواتریش گەندەڵی هات، لە سەرەتاوە هەندێك بە عەیب ئەژمار دەكرا، بەڵام لەبەر بێ بەرنامەیی و كۆنترۆڵ نەكردنی، رۆژ بەرۆژ وەك پەتا بڵاو بووەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی ئەگەر یەكێك لە پۆستدا بووبێ و خۆی بپاراستایە، سەرزەنشت دەكرا، بەوەیش هیچ شەرم و عەیبەیەك نەما بە ئەمڕۆشەوە.
ببینە كێ لە شۆڕشدا لە سەیتەرەی كەركووك شەهید دەكرێ و تەرمەكەی بە دەبابە بۆ چاوشكێنی كورد بە كووچە و كۆڵانەكانی كەركووكدا دێتە راكێشان، كێش سێ و چوار جار لەسەریەك دەبێ بە ئەندام پەرلەمانی عێراق و یاری بە دۆلار دەكات. كێ لە كەركووك لە نیوەی شەودا خۆی و ژنەكەی لە شیرینی خەودا لە ماڵەكەی خۆی بە بنمیچی ژوورەكەیدا هەڵیاندەواسن، كێش گرێبەستی نەوت دەكات و تانكەری وەك شارە مێروولە رێ دەكات.
خزم خزمێنە و شوێن داگیركردن وا بەرچاوی زۆریانی پڕ كردووەتەوە، تەنانەت هاوڕێ نزیكەكانی پێشووی خۆشیان لەبیر نەماوە. بە جۆرێك كار دەكەن تەنیا خۆیان دەبینن، لە دارێك دەچن سێبەریان تەنیا بۆ خۆیانە و چرای ئەوان تەنیا ژێر خۆیان روون دەكاتەوە، بۆیە جار بەجار شێتێكیان لە خۆیان لێ پەیدا دەبێ و تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێنێ. كوردیش دەڵێ قسە لە شێت یا لە منداڵ.
دواتر هەموو ئەو دەگە شێتانانە وەك بڵقی ئاو دەتەقن و كپ دەبنەوە، چونكە هیچ مەحەكێك نییە بێژێت "ئەم قسانە سێبەریان هەیە و رەنگە راستیشیان تیا بێت. چەندان تێر و برسی بەروبوومی ئەم فەرمانڕەوایییەی دەڤەری من بوون. لە ئاستی راستیدا لاڵ بوون و كاریان تەنیا بەو كەسانە سەر دەكەوت لە دەست و قاچیان دەئاڵان و شەریكە دزیان بوون و بازاڕیان بۆ پەیدا دەكردن. بۆیە هەقە ئەو دەسەڵاتەی ئەوانی رەوانە كردووە، لێیان بپێچێتەوە و بپرسێ لە سایەی كورتبینی ئەواندا رۆژ بەرۆژ دەنگیان لە كورتی دەدا و عەیب و عاری لێ دەردەكەوێ، كەچی ئەمان هەر لە كورتیدان. چەند نەوە زیاد دەكات و چەند خەڵكی نوێ دێن، كەچی ئەمان هەر لە كورتیدان. هەقە رۆژێك بپرسن بۆچی بەرنامەكەتان نایەتە گۆڕین، بۆ نەتانتوانیوە بارتەقای خۆتان لە ئاست ناوەكانی خۆتان هەبن. ئەمەیان زوو یا درەنگ هەمووی روون دەبێتەوە، لە پاش بارانیش فەرەنجی جگە لەبار قورسی، هیچ سوودێكی بۆ خاوەنەكەی نابێ.