تیرۆر و خه‌باتی كورد


بست به‌ بستى كوردستانى گه‌وره‌، جێ نزرگه‌ى شه‌هیدێكه‌، جێ ئه‌رخه‌وانى نه‌وجه‌وانێكه‌ كه‌ له‌ پێناوى ئه‌وه‌ى ته‌نیا كورد بوون، شه‌هید بوون. له‌ پێناو ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش وه‌ك سۆماڵ و نێجیریا و جیبووتى شایه‌نى ئه‌وه‌ن له‌ژێر په‌رچه‌مى ئاڵاى خۆیاندا بژین، شه‌هید بوونه‌. بۆیه‌ به‌ره‌نگاریی قولله‌ى قاف بوونه‌وه‌، به‌ڕووى عه‌ده‌مدا به‌ڕووى نابه‌رامبه‌ریدا كوردى هه‌ڵبژاردووه‌، هه‌رگیز كورد ئه‌و شه‌ڕه‌ى هه‌ڵنه‌بژاردووه‌.

هه‌ر كه‌سێ سه‌یرى ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ نابه‌رامبه‌ره‌ بكات، یه‌كڕاست ده‌ڵێ (كورد ده‌بێ سه‌ر نه‌وێتى قبووڵ بكات و توانه‌وه‌ى ژه‌هری بوونى خۆى بنۆشێ و به‌رامبه‌رى ئه‌و شه‌ڕه‌ پێشوه‌خته‌ دۆڕاون هه‌ڵبژێرێ، به‌ڵام كورد به‌ره‌نگاریى مان و نه‌مانى هه‌ڵبژارد و له‌ زۆر لاوه‌ لووتى چه‌وتى دوژمنانى شكاندووه‌. هه‌رچى دوژمنانى كوردیشه‌ هه‌موو سنووره‌كانى شه‌ڕ و به‌ره‌نگاریی نابه‌رامبه‌ریان تاقی كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ریشه‌كێشكردنى میلله‌تێك له‌ ره‌گه‌وه‌، وه‌ك كیمیابارانـ، ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژى كه‌ ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕدا یه‌ك ناگرنه‌وه‌. 

له‌ هه‌موویان ناخۆشتر تیرۆره‌، تیرۆرى زمان و بوون و شوێن و فه‌رهه‌نگ و خه‌ڵكه‌كه‌ى تا ده‌گاته‌ تیرۆرى سه‌ركرده‌كانى، دیموكرات، زۆرترین قوربانى بۆ ئاشتى داوه‌ و زۆرترین سه‌ركرده‌كانى له‌پێناو ئاشتیدا شه‌هید بوونه‌، قازى و قاسملوو و شه‌ره‌فكه‌ندى شه‌هیدى ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیانن، ئه‌وانه‌ ئاماده‌یییان به‌ رۆحیان ده‌ربڕى تا چیتر خوێنى گه‌لانى ئێران نه‌ڕژێت و برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایى جێگره‌وه‌ بێ، به‌ڵام جه‌خار ئه‌و قوربانییانه‌ بوون به‌ چرایه‌ك بۆ رێنیشانده‌رى رێگه‌ى درێژ و نووته‌كى خه‌بات، ئه‌وه‌ى ئه‌م دواییه‌ى یه‌ڵداى كۆیه‌ دیسانه‌وه‌ پۆلێ قومرى به‌ چریكه‌وه‌ به‌ ئاسمانى جاویدانى و ئه‌فسوناوى به‌ هه‌شتى خه‌باتدا فڕین.

دیموكرات خه‌باتى خۆى سڕ كردووه‌، جووڵه‌ و ململانێى خۆى پاراستووه‌ تا كوردستانى باشوور له‌ ئاسته‌نگ دوور بخاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام وه‌ك گه‌ڵاى دار هه‌ڵده‌وه‌رن و شه‌هید ده‌بن و بێزاری و ئاواره‌یى و دوورى و چه‌شتنى غوربه‌ت و له‌ شیرینى خه‌ویشدا ده‌ستى تیرۆر پێیان ده‌گات و شه‌هید ده‌بن، له‌لایه‌كی تر دانێ.

یه‌ك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ قێزه‌ونه‌كان به‌كارهێنانى خه‌ڵكى خۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌خۆ، ئه‌مه‌ش دوژمنان به‌ چه‌ندان رێگه‌ مه‌به‌ست به‌كاریان هێناوه‌. یه‌كه‌م بۆ رووخاندنى وره‌ى خه‌ڵكى و بێ ئومێدكردنیان له‌ شۆڕش، به‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكى خۆى پشگیریى نییه‌، ئیتر چۆن ده‌توانێ رووبه‌ڕووى ئه‌و كێوه‌ زله‌ى دوژمن بێته‌وه‌ و هه‌ره‌سى پێ بێنن. دووه‌م، سوودوه‌رگرتن له‌و دۆخه‌ی حاڵ و گوزه‌رانى سه‌ختى خه‌ڵكى و هه‌ڵسه‌نگاندن و قۆستنه‌وه‌ى خه‌ڵكانى نه‌فسنزم، بۆیه‌ دوژمن به‌ به‌ردێك چه‌ندان نیشانه‌ى پێكاوه‌، واته‌ به‌رده‌وام ئاگره‌كه‌ى هه‌ڵگه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و له‌ خۆى دوورى خستووه‌ته‌وه‌، مه‌قاشى ترى به‌كار بردووه‌. 

هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاسته‌نگیان دروست كردووه‌، به‌ڵام هیچ میله‌تێك هێنده‌ی كورد سه‌ركرده‌ى بۆ قوربانى خه‌بات نه‌به‌خشیوه‌، له‌ شێخ سه‌عیدى پیران و قازى و هه‌وڵى تیرۆركردنى مه‌لا مسته‌فاى بارزانی و قاسملوو و شه‌رفكه‌ندى و ئۆجه‌لان و ده‌میرتاش، تا ده‌گاته‌ دوێنێى كۆیه‌، هه‌رچه‌ند ئێسته‌ له‌ به‌رامبه‌ر كوشت و كوشتار هۆى ترى مه‌ده‌نى جێگره‌وه‌ى خه‌باتى خوێناوییه‌، وه‌ك ریفراندۆم كه‌ ئه‌م هۆكارانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ پرسى تاكه‌كان. لێره‌وه‌ هه‌ر بڕیارێكى سه‌خت و چاره‌نووسساز ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى تاكه‌كانى وڵات، باش یا خراپ ده‌بێ ده‌سه‌ڵات قبووڵى بكات و جێبه‌جێى بكات، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ خه‌بات و كردارانه‌ هێشتا له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوین، ڕاستتر بڵێین له‌و وڵاتانه‌ى هاوبه‌شن له‌گه‌ڵماندا، نه‌چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

له‌ 2003 به‌دواوه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نووس یاخۆ ناسنامه‌ى كه‌ركووك بۆ سه‌ر كوردستان یا به‌غدا، دراوه‌ته‌ ده‌ست گشتپرسى خه‌ڵكى شاره‌كه‌، كه‌چى ده‌سه‌ڵات خۆى لێ ده‌دزێته‌وه‌ و بڕیار به‌ بڕیارى دواتر په‌كی ده‌خات و ده‌سپێرێ، ئاسته‌نگى بۆ دروست كراوه‌ و جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. ئه‌ى چما بۆ پرسى چاره‌نووسساز ده‌بێ هه‌مان ده‌سه‌ڵات چه‌ندى ئاماده‌یی تیادا بێ كه‌ دیسانه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ جێگره‌وه‌ى خوێنڕشتنه‌.

PM:02:36:30/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌