یوسف له‌تیف
هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێك نییه بۆ گۆڕینى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ى له مه‌ڕ خۆمان، هه‌رچه‌نده له ماوه‌ى رابردوو حزبگهلى شه‌ق بوو به عه‌وامى خه‌ڵكى ده‌گوت كه ئه‌و فریادڕه‌سه و ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی له ئارادایه و به‌رده‌وامیی وه‌رگرتووه, چه‌ند هۆیه‌كی هه‌یه كه گرنگترینیان نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆن بووه، به‌ڵام ئه‌وا ئۆپۆزسیۆن هات و هیچ نه‌گۆڕان و دۆخه‌كه‌یش زۆر خراپتر بوو. ئه‌مجاره چی ده‌ڵێن به خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر؟
راستییه‌كه‌ى لاى خه‌ڵك روون بووه‌وه كه ئه‌وانیش هیچ گوتار و كردارێكى پێچه‌وانه‌ى ده‌سه‌ڵاتیان نییه و هیچ ئومێدێكیان بۆ خه‌ڵكى پێ نییه، بۆیه خه‌ڵك قه‌ناعه‌تیان به ده‌سه‌ڵاتێكى خراپ كرد و پێیان وایه به‌و خراپیهشهوه زۆر باشتره، وه‌ك له‌و فهوزایهى كه هیچ ئومێدێكى لێ ناچنرێته‌وه، جگه له نائومێدى زیاتر، وه‌ك بینیشتمان هیچ ئاسۆیه‌كی روونى لێ نه‌هاته پێش چاو.
دواى 2014 و بڕینى بودجه‌ى كوردستان، بارى حكوومه‌تى كوردی زۆر قورس كرا، كه داعش‌یش په‌لامارى كوردستانى دا هێنده‌ى تر برینه‌كه‌ى قووڵتر كرده‌وه، نه‌زانى و ناڕێكى پێشترى حكوومه‌تى كوردیش هێنده‌ى تر قوڕهكهى خه‌ستتر كردبووه‌وه، بۆیه هیچ بژارده‌یه‌كی تر‌ى شك نه‌ده‌برد، ده‌ستى بۆ قووتى خه‌ڵك برد و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كلك و گوێ كرد.
ئه‌مه ده‌رفه‌تێكى زێڕین بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن تا بتوانێ و قه‌ناعه‌ت به خه‌ڵك بێنێ كه ئه‌وان ده‌بن به فریاڕه‌س و قووتى بزڕكاوى خه‌ڵكى ده‌گێڕنه‌وه و ئاو بێنهودهست بشۆ. به‌ڵام مه‌خابن خه‌ڵكى له خوێندنه‌وه‌ى كرداره‌كانى ئۆپۆزسیۆن بێ ئومێد بوون و نه‌چوونه ژێر ئه‌و باره‌ى كه ئه‌وان به فریادڕه‌س بزانن. بۆیه له ماوه‌ى رابردوودا بینیمان ده‌نگه‌كانى هاڕه‌ى كرد و هاته خواره‌وه.
له‌م هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی په‌رله‌مانى كوردستانیش به دڵنیایییه‌وه زیاتر له كورتى ده‌ده‌ن و دێنه خواره‌وه، كه ده‌نگیشیان نه‌هێنا ئه‌وا ده‌ستاوده‌ستى ده‌سه‌ڵات روو نادات. واته هه‌مان حكوومه‌ت به هه‌مان ئه‌جێنداى كاركردن ده‌ست به‌كار ده‌بێته‌وه و هیچ گۆڕانكارییه‌ك روو نادات، مه‌گه‌ر چه‌ند ناوێك له وه‌زیر یا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بێنه گۆڕین. به‌مانایه‌كی تر كه‌وتووینه‌ته دۆخێكه‌وه، ئێسته و ئاینده‌یشدا خه‌ڵكى هه‌ر ئومێدى به‌م حكوومه‌ته پڕ كه‌موكورتییه زیاتره وه‌ك له بریق‌وباق و قسه‌ى گه‌وره‌ى ئۆپۆزسیۆن كه هیچی نه‌بوو به كردار.
یۆیه خوازیارین حكوومه‌تیش زیاتر له‌وه تێبگات و فرسهتیشى له پێشه ئه‌و ته‌نگژانه‌ی چه‌ند ساڵێكه هه‌راسانی كردووین، تێپه‌ڕێنێت و ده‌ست بۆ باشكردنى ژێرخانى ئابوورى ببات و دڵسۆزانه و به‌رپرسیارانه پلانى درێژخایه‌نى هه‌بێ بۆ پڕكردنه‌وه و چاككردنى ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ى له ده‌یان رووه‌وه خه‌ڵكی گیرۆده كردووه.
ئه‌و گرووپانه‌یش كه له ئینشیقاقى حزبییه‌وه هاتن و ناوى خۆیان نا ئۆپۆزسیۆن، راستییه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن نه‌بوون و خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌كى له‌و بابه‌ته نه‌بوون، بۆیه ده‌نگى خه‌ڵك و متمانه‌یان به‌ده‌ست نه‌هێنا، بگره گورزێكى خراپیشیان له ئۆپۆزسیۆنبوون دا كه كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كى دیموكراسییه و ئاسان نییه جارێكى تر خه‌ڵكى بڕوا به ئۆپۆسیۆن بێنێته‌وه، تا كردار و دڵنیایى زیاترى پێ نه‌به‌خشرێ.
ئه‌م هۆكارگه‌له وا ده‌كات له هه‌ڵبژاردنى دادێ ئه‌و گرووپه شه‌قبوو و عاسییانهى له حزبى خۆیاندا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌ده‌گونجان، بچووكتر ببنه‌وه و زۆریان لێ هه‌ڵده‌وه‌رێ و به‌ملاولادا ده‌ڕۆن و زۆریشیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌كانیان. ئه‌وه‌یشى ده‌مێنێته‌وه هیچ قورسایى و كاریگه‌رییه‌كى لێ ناكه‌وێته‌وه. به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه كه به‌رده‌وام ده‌مانورووژێنێت و وه‌ك بۆشایییهكی پڕ نه‌كراوه ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌م وڵاته بچكۆله و خاوه‌ن داهاته زۆره، هه‌ق نییه خه‌ڵكى بێ ئومێد بكرێ و ژیانێكى پڕ قه‌یراناوى بگوزه‌رێنێ.
راسته هۆكاره‌كانی سه‌ره‌وه هۆى كاتى بوون و ده‌كرێ حكوومه‌ت كه‌موكورتییه‌كانى خۆى چاره بكات و هه‌ندێك بوێرانه‌تر ده‌ست بۆ چاكسازى ببات و ژیانێكى تا ئاستێك مامناوه‌ند فه‌راهه‌م بكات، هه‌موو سێكته‌ره‌كانى ژیان پێویستیان به راستكردنه‌وه هه‌یه، بنبڕ‌كردنى گه‌نده‌ڵى ده‌بێ له یه‌كه‌مینى ئیشى حكوومه‌تى نۆێ بێت و هه‌ندێك عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست بكرێ، حزب حزبێنه و خزم خزمێنه هیچ وڵاتێكى نه‌گه‌یاندووه‌ته كه‌نارى ئارام، به‌ڵكو له ناوى بردووه و بهخۆشیانهوه نوقمى ژێر پێى مێژووى كردوون.
وڵات به‌و هه‌موو مووچه‌خۆره به‌تاڵ و بێ ئیشه نابرێت به‌ڕێوه، ئیتر زۆر دره‌نگه و دنیا زۆر پێش كه‌وت، ده‌بێت ئه‌م تێكهولێكهیه جیا بكرێته‌وه و گوڵبژێر بكرێ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و زیانانه‌ی ئێسته به زۆر كه‌س كه‌وتووه و هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، له داهاتوودا به‌ر هه‌مووی ده‌كه‌وێ.