ته‌نیا كورده‌ ده‌ڵێ مسوڵمانان براى یه‌كن

یوسف له‌ تیف

ئه‌مه‌ قسه‌ى هونه‌رمه‌ندى باكور (ئه‌حمه‌د كایه‌)یه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م گوته‌یه‌ سه‌رچاوه‌گه‌لێكى زۆر و بێهوده‌یییه‌كى زۆرى له‌گه‌ڵ خۆى هه‌ڵگرتووه‌، وه‌نه‌بێ ته‌نیا وه‌ك فیشه‌كه‌ شێته‌ قسه‌یه‌ك بێ و له‌ زاران ده‌رپه‌ڕیبێ، هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵیóß /)D'D)* H مه‌فهومى قۆناغه‌ جیاجیاكانى پێوه‌یه‌. كورد به‌ فه‌رمانده‌یى سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یووبى قودسى رزگار كرد و به‌ گژى ئینگلیزدا چووه‌وه‌، شێخ مه‌حموودى مه‌لیك به‌هه‌مانشێوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى رژانه‌ ئه‌ندێشه‌ى ئینگلیزه‌وه‌ و تا واى لێ هات له‌ په‌رله‌مانى به‌ریتانیا (مجلس العموم) له‌ به‌شى رۆژهه‌ڵاتدا تابلۆیه‌كى لێ هه‌ڵواسراوه‌ و تیایدا نووسراوه‌، "كورد و سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یووبى له‌ بیر مه‌كه‌ن". ئینگلیز ئه‌گه‌ر هیتله‌ریشى له‌ بیر چووبێ، ئه‌وا كوردى له‌ بیر نه‌چووه‌.

ئێمه‌ى كوردى مسوڵمان كیمیاباران كراین، كه‌چى برایه‌كى مسوڵمان له‌ هیچ له‌په‌ ئه‌رزێكى دنیا دڵۆپێك فرمێسكى بۆ نه‌ڕشتین، به‌ قسه‌یه‌كیش نه‌یانفه‌رموو برا مسوڵمانه‌كانمان شایسته‌ى ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ نین. رۆژێك ماته‌میان بۆ نه‌گێڕاین كه‌ به‌ ناپاڵم پارچه‌ى گۆشتیان ده‌كردین به‌ قیمه‌، به‌شۆفڵ چاوى چوار هه‌زار و 500 گوندیان كوێر كردینه‌وه‌ و یه‌كێ ورته‌یه‌كى له‌ ده‌مه‌وه‌ ده‌رنه‌چوو بڵێت هه‌ى هاوار مسوڵمان قڕانه‌، ئه‌و خاكه‌ به‌نوێژه‌ و هه‌زار ساڵه‌ كوردى مسوڵمان نوێژى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، وه‌ختێ 182 هه‌زار كه‌سیان لێ ئه‌نفال كردین و زینده‌به‌چاڵ كران، له‌ هیچ شوێنێكى سه‌ر ئه‌و گۆى زه‌وییه‌ مسوڵمانێك له‌به‌ر خۆشییه‌وه‌ نه‌یگوت ئه‌وانه‌ براى ئێمه‌ن، مسوڵمانن و كوشتنیان حه‌رامه‌. هه‌ر چاوه‌ڕێ بووین له‌ یه‌كێك له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانماندا برایه‌كمان بێته‌ ده‌نگ و بڵێت ئه‌وانه‌ش مه‌خلووقى خودان و مسوڵمانن له‌سه‌ر زه‌وى و زێدى خۆیان و قه‌تڵوعامیان مه‌كه‌ن، هه‌ر نه‌مانبیست و نه‌مانبیست.

له‌ به‌هارى 1991وه‌ به‌شێكى زۆر له‌ خاكى كوردستان ئازاد كرا، كورد خاكه‌ رزگاربووه‌كه‌ى خۆى كرده‌ به‌رماڵ بۆ مسوڵمانانى به‌رهه‌ڵستكاری عێراق، بۆ ئاواره‌ و ته‌ریو و نادیده‌، كورد گوتى ئه‌م هه‌ڵاتووانه‌ى ده‌ستى رژێمى به‌عس براى مسوڵمانى ئێمه‌ن و هه‌مان مافى خۆمانیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌، لێ كه‌ جڵه‌وى ده‌سه‌ڵات گه‌یشته‌ ده‌ستیان، ئه‌و برا مسوڵمانانه‌ پاداشتیان كردین و به‌ ئه‌برامزه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌رمان.

كاتێ نزیكه‌ی %93ی هاووڵاتییانی كوردستان به‌ ده‌نگیان گوتیان سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێت و برامان برایى و ماڵمان جیایى، هه‌موو مسوڵمانان هاتنه‌ سه‌رمان و گوتیان ئێوه‌ جووله‌كه‌ن.

دیسان ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند هه‌موو شته‌ جوانه‌كانى بیر چووه‌وه‌. ته‌نیا یه‌كێكى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی رابردوو به‌شى سه‌ده‌یه‌ك دزى له‌ قووتى خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌ كرد، برا مسوڵمانه‌ عێراقییه‌كانمان له‌ بیریان چوو، له‌ چه‌ندان پارێزگاى عێراق ئاوى شیرینى خواردنه‌وه‌یان نییه‌، ئه‌وه‌ له‌ خزمه‌تگوزارى گه‌ڕێ، كه‌چى برا مسوڵمانه‌ عێراقییه‌كانمان ده‌ڵێن كورد ریفراندۆمى كرد. سوننه‌ و شیعه‌ هیچ نه‌ما به‌ یه‌كى نه‌كه‌ن، شه‌وانه‌ به‌ درێڵ مێشكى یه‌كیان كون ده‌كرد و له‌ بیریان كرد، كه‌چی بیریان ناچێ و ده‌یڵێنه‌وه‌ كه‌ بارزانى جوداخوازه‌. 

كه‌ركووكیان به‌ هاوكارى باڵێكى كوردی خۆفرۆش گرته‌وه‌، كه‌چى هه‌ر به‌و خۆفرۆشانه‌ش رانابینێ هه‌ڵسووڕانى دوو فه‌رمانگه‌یان بخاته‌ ده‌ست.

ئێمه‌ مسوڵمانین و براى یه‌كین، به‌ جاشێتیش هه‌ر به‌ براى بچووكى خۆیانمان دانانێن، ئێمه‌ هه‌ر ده‌یڵێین و ده‌یڵێینه‌وه‌ تا نزاكانمان ده‌گاته‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) پێى ده‌ڵێین ئێمه‌ش مسوڵمانین و هه‌موو مسوڵمانانى دنیا به‌ براى شیرى خۆمان ده‌زانین، به‌ڵام رۆژێكه‌ و ئاینه‌كه‌ به‌ ته‌نیا ئێمه‌ى هه‌ڵێنجاوه‌ و ئێمه‌ى ته‌راندووه‌، ئێمه‌ ئه‌وان به‌ برا و ئه‌وان ئێمه‌ به‌ جوداخواز و ریفراندۆمچى و جووله‌كه‌ و شه‌ریكى جووله‌كه‌ و شه‌یتان ده‌زانن، ئێمه‌ پارچه‌یه‌كین له‌ ناڵه‌ى ئاگرى دۆزه‌خ، ئێمه‌ لاى خۆمان هه‌رچی بین، لاى ئه‌وان هه‌ر شتێكین مسوڵمان نه‌بێ.

AM:09:41:12/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌