پردێ كوردستانى وه‌ك هه‌رێم هێشته‌وه‌

یوسف له‌تیف

ئه‌و پلانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ى دژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ساڵی رابردوو جێبه‌جێ كرا، به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ كوردى ناوخۆیش تیادا به‌شدار بوو بۆ بنكۆڵكردنى خاكى كوردستان. ئه‌م پلانه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو حه‌ویجه‌ كه‌ دوا شوێنى داگیركراوى ژێرده‌ستى داعش پاك بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ رێك نه‌خرابوو كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى باى حه‌سه‌ن و زه‌مبوور و باوه‌گوڕگوڕ بۆ حكوومه‌تى ناوه‌ند بێته‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ و له‌وێوه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان به‌ خاكى كوردستاندا تێپه‌ڕێنرێ و داهاته‌كه‌ى بچێته‌ به‌غدا و دواتریش حكوومه‌تى هه‌رێم پشكى 17%ی خۆى پێ بدرێ. ئه‌م پلانه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو شتێك نه‌مێنێ به‌ناوى حكوومه‌تى هه‌رێمى فیدراڵ. 

هه‌موومان گوته‌ راسته‌وخۆكانى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو مالیكى و سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادیمان له‌ بیره‌ كه‌ هێزه‌كه‌یان به‌ره‌و كه‌ركووك هێنا و گوتیان به‌ پشتیوانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى  یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان نه‌بووایه‌، به‌و ئاسانییه‌ نه‌مانده‌توانى كه‌ركووك كۆنترۆڵ بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌یانگوته‌وه‌ كه‌ سبه‌ى هێزه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پێشڕه‌وى نه‌ك بۆ سلێمانى، به‌ڵكو بۆ هه‌ولێر و وه‌ك خۆیان گوته‌نى ئاڵاى عێراق له‌سه‌ر قه‌ڵاى هه‌ولێر ده‌شه‌كێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رووی بدایه‌، حاڵى هه‌ولێر له‌ خورماتوو باشتر نه‌ده‌بوو و شتێكیش نه‌ده‌ما به‌ناوى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌. چونكه‌ بڕیاره‌كانى دادگاى ره‌سافه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئاڵا تاڵه‌بانییه‌وه‌ وه‌ك مژده‌یه‌ك له‌ تیڤییه‌كانیانه‌وه‌ ده‌كرانه‌ كوردى، هه‌موو سه‌ركرده‌ شۆڕشگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانمان، ره‌وانه‌ى ئه‌بو غرێب ده‌كران و هه‌ر له‌وێش ملیان ده‌كرا به‌ په‌تا. 

به‌ڵام ئه‌و خه‌ونه‌ نه‌زۆكه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ پردێ، بڕیارى كوردستان یا نه‌مانیان دا و ئه‌و چه‌كه‌ پێشكه‌وتووه‌ جیهانییانه‌یان تێكشكاند كه‌ هاوپه‌یمانى بۆ شه‌ڕى داعش به‌ عێراقى دابوو. پرسى گۆڕینى هه‌رێم بۆ حوكمى پارێزگاكان قسه‌یان بوو، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ئه‌و پلانه‌ى پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌ و هه‌رێمى وه‌ك قه‌واره‌ كه‌ به‌ 100 ساڵ خه‌بات به‌ده‌ست هاتبوو پاراستى.

لێره‌وه‌ باس له‌و رووكاره‌ یاسایى و ده‌ستوورییانه‌ ناكه‌ین كه‌ سه‌رجه‌میان پێچه‌وانه‌ى ئه‌و له‌شكركێشییه‌ بوون بۆ سه‌ر هه‌رێم و باسى خیانه‌تى ناوخۆیش لێ گه‌ڕێ بۆ مێژوو، باسى ئه‌و بڕیاربه‌ده‌ستانه‌ش ناكه‌ین كه‌ 40 ساڵ بوو له‌ ئۆپۆزسیۆن دژى ده‌سه‌ڵاتى پێشوو هاوپه‌یمان بووین و كورد نه‌بووایه‌، به‌ خاكى عێراقدا نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و دواى رووخانى رژێمیش كورد له‌ به‌غدا پاراستنى و له‌سه‌ر كورسى حوكم جێگیرى كردن.

باسى ئێسته‌ى پێكه‌وه‌ژیان ده‌كه‌ین، چۆن بژین پێكه‌وه‌ و به‌ چ زمان و گره‌نتییه‌ك كات به‌ڕێ بكه‌ین كه‌ هه‌ردوو لامان ئه‌و كاره‌ به‌ قورس ده‌زانین. راسته‌ ده‌ستوور هه‌یه‌ و ئه‌و ناوه‌ندگیریی ده‌كات و پارێزه‌رى ده‌ستووریش سه‌رۆكى عێراقه‌ كه‌ كورده‌، به‌لام ئایا ئه‌وه‌ ده‌كرێ؟ پێشتریش ده‌ستوور  رێى نه‌ده‌دا له‌شكركێشى بۆ سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێم بكرێت و كه‌چی كرا. ئێسته‌ زۆر شت به‌ به‌رانبه‌ر  ساڵی پار گۆڕاوه‌، شه‌ڕى داعش نه‌ماوه‌ كه‌ ساڵی پار به‌شێكى زۆرى خاكى عێراقى داگیر كردبوو، نرخى به‌رمیلى نه‌وت چه‌ند بارى پار زیادى كردووه‌، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى یه‌كه‌مى عێراق فرۆشتنى نه‌وته‌، سه‌رۆك وه‌زیرانێكى میانڕه‌و هاتووه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن و هاتووه‌ته‌ راسپاردن كه‌ گه‌نده‌ڵى نه‌هێڵێت، تا ئاستێك ئێران سه‌رقاڵ كراوه‌ و گیرۆده‌ى ده‌ردى خۆیه‌تى و ره‌نگه‌ وه‌ك جارى جاران نه‌توانێ ده‌ست له‌ كاروبارى ناوخۆیى عێراق وه‌ربدات. ئه‌مانه‌ و شتگه‌لێكى تر و زۆر خاڵى ئه‌رێنی، تاكه‌ شتێك ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان ئه‌وه‌یه‌، به‌كردار و بڕواوه‌ ددان به‌ ماف و بوون و هاوبه‌شیى كورددا بنێن كه‌ ده‌ستوور بۆى گره‌نتی كردووه‌، ئه‌گه‌ر نا رێسه‌كه‌ له‌ هه‌مووان ده‌بێته‌وه‌ خورى و ئه‌وه‌ى له‌ 100 ساڵى رابردوودا رووی دا ناوه‌ستێت و روو ده‌داته‌وه‌، هاوكات كورد لێى خۆشه‌ هه‌مووى به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن جێبه‌جێ بكرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رانبه‌ر گوێى بۆ بگرێ.

PM:12:27:25/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌