مه‌حموود قادر
كولتوور به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێناسه و ناسنامه‌ی ته‌واوى گه‌لانی دنیایه و هه‌ر میله‌ته و خاوه‌ن كولتوورى تایبه‌ت به خۆیه‌تى. ئه‌گه‌ر میله‌ت هه‌بێت، ده‌بێت كولتووریش هه‌بێت، جا پاڵنه‌ر و رۆشنبیریی كولتوور تا چه‌ند كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی و به‌ره‌و چ ئاقارێك بڕوات، ئه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى میله‌ته‌كه‌یه. گومانى تێدا نییه ئه‌وه‌یش به‌شێكی دیاریكراوه بۆ دیاریكردنى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو كه تا چه‌ند ڕ‌ۆشنبیرى كولتوورى هه‌یه. ڕۆشنبیریی كولتووریش گرێدراوى پاراستن و گه‌شه‌كردنى ئه‌و فه‌رهه‌نگانه‌یه كه ئه‌و نه‌ته‌وه هه‌یه‌تى. ئه‌وه بێگومان ئه‌ركی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و چینه مرۆڤه‌ی بۆچوونیان له چ ئاستێكدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت.
ئێمه‌ى میله‌تى كورد پێوه‌ستین به كولتوورێكه‌وه كه كولتوورى كوردییه و خاوه‌ن مۆركى تایبه‌ت به خۆیه‌تى. دیاره ئه‌و كولتووره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زیاتر له وڵاتانی رۆژئاوایییه‌وه نزیكه، راسته كولتووره‌كان كاریگه‌ریی ناڕاسته‌وخۆ و ڕاسته‌وخۆیان به‌سه‌ر كولتووریی یه‌كتره‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئێمه‌ى كورد دواجار خاوه‌ن كولتوورێكى سه‌ربه‌خۆى خۆمانین. بۆیه زۆربه‌ی زۆری كۆمه‌ڵگه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست كولتووری توندوتیژی و كوشتن و قڕكردن له‌ناویاندا باوه، جا له‌ژێر په‌رده‌ی ئاین و داكۆكی له ئاین و كۆمه‌ڵێك ناوی بریقه‌دار و هه‌ڵخه‌ڵتێنه‌ر بێت، یان به ئه‌نجامدانی كاری خۆیان، بگره گرووپ و لایه‌نه‌كانیان به‌سه‌ركه‌وتووی دنیا و ئاخیره‌تی ده‌زانن، له‌باره‌ی كاریگه‌ری كولتووریش له‌سه‌ر رۆشنبیری به‌گشتی و ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی، زۆر راسته‌وخۆیه و رۆشنبیران و ئه‌دیبان زاده‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن كه خاوه‌نی كولتووره‌كه‌ن.
با بێینه‌وه سه‌ر كولتووری كورده‌واری و كاریگه‌ریی میله‌تانی نه‌یاری له چوارده‌وره‌یدا، ئه‌وه‌ش كاره‌ساتێكی له‌مێژینه‌ی ئه‌و میله‌ته سته‌مدیده‌یه به‌ده‌ستی شۆڤێنیه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌رییه‌وه، وه‌ك نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و فارس و تورك و ئینگلیز. له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه نه‌ته‌وه‌ى فارس. بۆ نموونه: نه‌ته‌وه‌ى فارس تاكه ئاواتیان سڕینه‌وه‌ی مۆركی كوردایه‌تییه له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان. له‌م رۆژانه‌ی رابردوودا سه‌ردانێكی كوردستانی ئێرانم كرد، جارانی به‌عسم هاته‌وه یاد كه چۆن وشه‌ی كوردستانیان له نووسه‌ر و ئه‌دیبانی كوردستان قه‌ده‌غه كردبوو، به‌هه‌مانشێوه فارسه ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان ئێسته پێڕه‌وی هه‌مان به‌رنامه ده‌كه‌ن. شاعیری به‌توانا و ناوداری كوردی كوردستانی ئێران جه‌لال مه‌له‌كشا نامیلكه‌یه‌كی شیعریی بڵاو كردووه‌ته‌وه به‌ناونیشانی (زڕه‌ی زنجیری وشه دیله‌كان).
من لێره‌دا مه‌به‌ستم ته‌نیا تامه‌زرۆیی شاعیره بۆ ئازادی ده‌ربڕینی وشه كه ته‌نانه‌ت وشه‌كانیش دیل كراون له دیدی ئه‌ودا، چۆنكه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سانسۆر له‌سه‌ر یه‌كه به یه‌كه‌ى وشه‌كان هه‌یه و بابه‌تى سانسۆر له‌ناو حكوومه‌تى ئێران – فارس- زۆر زه‌ق و تۆخ و به‌رچاوه.
خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌ك له كوردستانی رۆژئاوا بكه‌ینه‌وه ئه‌وه به ته‌واوه‌تی كولتوور تێیدا سڕاوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت تا ئێسته‌ش ناسنامه‌ی باری كه‌سی به كورد ره‌وا نه‌بینراوه، وا ئێسته‌ش بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات به جۆره‌ها چه‌كی كیمیایی قه‌ده‌غه‌كراو، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی پایته‌خته‌كه‌ش قڕ ده‌كرێت، ئیتر كولتووری كورد چۆن دێته پاراستن، خۆ ئه‌گه‌ر كوردستانی باكوریش بێنینه به‌رچاو و به‌چاوێكى خێرا لێى بڕوانین، رووبه‌ڕووی نموونه‌گه‌لى زۆر ده‌بین، تا ساڵانێكی نزیك زمانی كوردی تێیدا قه‌ده‌غه بوو، ئه‌وه چجاى كولتووریش. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو شێواندنی كولتووره میله‌تی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان زۆربه‌ی زۆری كولتووری كورده‌وارییان پاراستووه و بۆ هه‌میشه مایه‌ی شانازی پێوه‌كردنه.