سالار محه‌مه‌د قادر
مرۆڤ له دێرینه‌وه تا ئێسته، فه‌رهه‌نگێكی قه‌به‌ی له ترس و تۆقین و زه‌نده‌قچوونی بۆ خۆی پێكهێناوه، له‌به‌ر سێ هۆی سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م: ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سنوورداره‌ی له به‌رانبه‌ر سروشت و كاره‌ساته مه‌زنه‌كانی وه‌ك ره‌هێڵه‌ی باران و ره‌شه‌با و گه‌رده‌لوول و بروسك و هه‌وره‌تریشقه و لافاو و بوومه‌له‌رزه‌دا هه‌یه‌تی، ئه‌مه وای كردووه مرۆڤ وه‌ك شه‌ڕانگێز بڕوانێته سروشت و ململانێی له‌گه‌ڵ به‌رپا بكات. ته‌نانه‌ت بونیادی فه‌لسه‌فه‌ی ململانێی خواوه‌ندانی یۆنانییه‌كان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دامه‌زراوه.
دووه‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ئاینده‌ی خۆی نییه و نازانێ دوای ده‌مێكی تر و له رۆژانی داهاتوودا چاره‌نووسی به چ ده‌گات، وای كردووه مرۆڤ هه‌میشه له ترسی ئه‌وه‌دا بژی كه نازانێ چی به‌سه‌ر دێ. ترسیش پاڵنه‌رێكی گه‌وره و به‌هێزه كه وا له مرۆڤ بكات له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا په‌نا وه‌به‌ر هه‌ر شتێك ببات. ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه‌كانی گه‌لان كه هه‌ریه‌كه و به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی خودایه‌تییان به به‌ردێك یا به دارێك یا به مجێو‌ر و ئاخوندێك یا به په‌یكه‌رێك یا به وه‌همێك یا به دیارده‌یه‌ك به‌خشیوه، له‌به‌ر ئه‌و ترس و تۆقینه بووه.
سێیه‌م: تا چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له رووی زانستییه‌وه هێنده پێشكه‌وتوو نه‌بووه و له‌مه‌ڕ لێكدانه‌وه‌ی دیارده سروشتی و دیارده مرۆیییه‌كانه‌وه، نه‌یتوانیوه شیكردنه‌وه‌ی راست و ره‌وانی زانستی‌یان بۆ بكات، ئه‌مه‌ش وای كردووه له رووداوه‌كان بتۆقێ تا ئه‌و ئاسته‌ی زه‌نده‌قی بچێ. نه‌بوونی لێكدانه‌وه‌ی زانستی كه ده‌رخه‌ری راستییه، وای له مرۆڤ كردووه په‌نا بباته به‌ر لێكدانه‌وه و جێبه‌جێكردنی تقووساتی خورافی. هۆزه سه‌ره‌تایییه‌كان كه ئێسته‌یش له‌ناو دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن و وڵاتانی ئه‌فریقا ماون، له خورافاتی وادا نقووم بوونه كه هه‌ندێكیان له كاتی خۆرگیراندا كچۆڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ن به قوربانی تا خوداوه‌ند لێیان تووڕه نه‌بێت و رۆژیان بۆ به‌رهه‌ڵدا بكاته‌وه. هه‌ندێ تقووساتیان هه‌یه كه ده‌بێ گۆشتی مردوو بخۆن یا خۆیان به خوێن بشۆن، نموونه‌كان گه‌لێك زۆرن و له ئه‌فسانه‌ی گه‌لان بگه‌ڕێی شتی عه‌نتیكه ده‌خوێنییه‌وه.
ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ر میله‌تێك له میله‌تانی دنیا، له كورده‌واری خۆماندا ده‌یان لێكدانه‌وه‌ی خورافیمان هه‌یه، له پیره‌ژنه‌كانی هه‌ولێرم گوێ لێ بووه كه زێی كه‌ڵه‌كی هه‌ولێرێ ساڵانه لافاوان دێنێ و بانگ هه‌ڵده‌دا كه ده‌بێ چه‌ند كه‌سێك قووت بدات، تا چه‌ند كه‌سێك نه‌خنكێنێ ناكفێته‌وه.
ئۆمه‌تی ئیسلامه‌تیش له‌م عه‌قڵییه‌ته بێبه‌ش نییه. خورافه‌یه‌كی تر له عه‌قڵییه‌تی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ئۆمه‌تی مسوڵماندا هه‌یه كه پێیان وایه هه‌ر دیارده‌یه‌كی گه‌ردوونی روو بدات، ئه‌وا غه‌زه‌بی خودایه و به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا هه‌ڵیده‌ڕژێ. ئه‌م عه‌قڵییه‌ته پرسیار له‌وه دروست ده‌كات كه ئاخۆ ئه‌و زۆرینه‌یه چۆن خودایه‌ك ده‌ناسن و چۆن له خودا تێگه‌یشتوون، ئه‌م عه‌قڵییه‌ته ره‌گوڕیشه‌ی بۆ عه‌قڵییه‌تی عه‌ره‌بی پێش ئیسلامه‌تی و دوای ئیسلامه‌تیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
دین له‌ناو میله‌تێكی به‌ده‌وی و نیمچه شاری و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵی دابه‌زیوه، سه‌دان و بگره هه‌زاران خورافه‌یان له‌ناودا هه‌بووه كه وه‌ك كولتوورێكی عه‌قڵی له‌ناویاندا ره‌گاژۆ بووبوو. ئه‌و كولتووره دوای نه‌مانی په‌یامبه‌ر هێدی هێدی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و تا ئێسته‌یش هه‌ڕمێنیان هه‌ر هه‌یه.
ئۆمه‌تی ئیسلامه‌تی كه پێڕه‌و له ئیسلامه‌تی ده‌كات، مانای ئه‌وه نییه له عه‌قڵیه‌تی خورافی رزگاری بووه. چونكه پێڕه‌وكردن له ئاین مه‌رج نییه 100% پێرفێكت بێ. به مێژووی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته خورافییه‌دا شۆڕ ببیته‌وه به دیان خورافه و شیكاری خورافی دژ به زانست و ته‌نانه‌ت دژ به ئاینیش ده‌دۆزییه‌وه.
هه‌ر له پرسی خه‌ڵقی مرۆ و ئاده‌م و حه‌واوه، بگره تا ته‌واوی دیارده گه‌ردوونییه‌كان. بۆ نموونه له ته‌فسیری ته‌به‌ریدا هه‌زاران خورافه‌ی ئاوها هه‌یه. ئه‌و جۆره عه‌قڵییه‌ته جۆره ئایندارییه‌كی دژه‌ئاینی راستییه. بۆ نموونه كه نه‌یانتوانیوه ته‌فسیرێكی زانستییانه‌ی بروسك و هه‌وره تریشقه بكه‌ن په‌نایان بردووه‌ته به‌ر ئه‌وه‌ی گوایا فریشته‌كان قامچی راده‌وه‌شێنن كه نه‌یانتوانیوه ته‌فسیری له ئاسماندا وه‌ستانی ئه‌ستێره‌كان بكه‌ن، په‌نایان بردووه‌ته به‌ر ئه‌وه‌ی فریشته‌كان به زنجیرێكه‌وه به ده‌ستی خۆیان رایانگرتوون. كه نه‌یانتوانیوه له توانای مه‌دوجه‌زری هه‌یڤ بگه‌ن وایان لێك داوه‌ته‌وه كه لافاو و ئاو هه‌ڵچوون ده‌ریاكان غه‌زه‌بی خودایه كه له چینه ته‌كتۆنییه‌كانی زه‌وین نه‌گه‌یشتوون و ئه‌و زانسته‌یان نه‌بووه پێیان وایه زه‌وینله‌رزه غه‌زه‌بی خوایه! پێیان وابووه گڕكانه‌كان هه‌ڵشێوانی گڕی دۆزه‌خه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م عه‌قڵییه‌ته خورافییه دژی عه‌قڵییه‌تی خوداناسیی راسته‌قینه‌یشه، هه‌میشه جۆره دژایه‌تییه‌كی له‌گه‌ڵ زانست په‌یدا كردووه و وا نیشان ده‌دات كه زانست دژ به ئاین و ئاینیش دژ به زانست بێ! چه‌ند پرسیارێك رووبه‌ڕووی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته خورافییه ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر غه‌زه‌بی خوایه بۆچی بێ‌تاوان و منداڵ و به‌سته‌زمانه‌كان تێده‌چن، ئه‌ی دادگه‌ریی خودا له كوێ جێی ده‌بێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر غه‌زه‌بی خوایه كوا به‌ڵگه؟ وه‌حیت بۆ هاتووه پێت بڵێ ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه غه‌زه‌بی خوایه؟ ئه‌گه‌ر غه‌زه‌بی خوایه بۆچی له‌و هه‌موو شوێنه‌ی دنیادا به‌س له ده‌ربه‌ندیخان روو ده‌دات! ئه‌گه‌ر غه‌زه‌بی خوایه بۆ له چیاكانی هیمالایا و له‌و دوورگانه‌ش روو ده‌دات كه هه‌ر مرۆڤی تێدا ناژێ، یا بۆچی له‌سه‌ر مه‌ریخ و نیپتۆن و پلۆتۆ روو ده‌دات.
ئه‌گه‌ر پێت وایه بوومه‌له‌رزه غه‌زه‌بی خوابێ، به چ چاو و ڕوویه‌ك ده‌توانی هاوخه‌می خه‌ڵكه لێقه‌وماوه‌كه بیت یاخۆ ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژ بكه‌ی؟ ئه‌و عه‌قڵییه‌ته خورافییه ته‌نانه‌ت وا ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی دژه ئینسانییه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ی و تووشی نه‌فسییه‌تێكی بارگاویكراو به رق و كینه بیت.