لە یادی ڕاپەرین، پێویسته ڕاچڵەکێن!

هەموو ساڵێك لە مانگی ئادار، بەشێوازی جۆراوجۆر یادی ڕاپەرینی پڕ سەروەری گەلی کوردستان دەکرێتەوە، وەک وێستگەیەکی گرنکی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی گەل و شۆڕشی کوردستان، کە ئازادی و سەرفەرازی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە وەرچەرخانێکی گرنگی مێژوویی و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ، لە تێکۆشانەوە بۆ ئازادی، لە شۆڕشەوە بۆ حووکمڕانی. بۆیە ویڕای دەسکەوت و گیروگرفتەکان بە ئەرێنی و نەرێنییه‌وە، سەرئەنجام دۆزی کورد بەرەو پێشەوە هەنگاوی گرنگی هاوێشت، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە کورد کاره‌کتەرێکی کارایە، لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دیفاکتۆی نیمچە سەربەخۆیە، کە بێگومان پشتیوانی و هەلومەرجی نێودەوڵەتی فاکتەری گرنگ بوون، بۆ بەدەیهێنانی زۆر لە دەسکەوتەکان.

لەگەڵ ئەوەی ساڵ له‌ دوای ساڵ، تەمەنی ڕاپەڕین ڕوو لە هەڵکشانە، بەڵام لە ڕووی بایەخ و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕاپەرین بەرەو داکشانە!، بەجۆرێک لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان و کێشە و گرفته‌ سیاسییه‌كان و جەنجاڵی هەلومەرج و ژیان، خەڵک خەریکە ئەم بۆنه‌ میژوویییه‌ لە یاد دەکات، تەنانەت حزبەکانیش بەهۆی ململانێ و ناکۆکی سیاسییه‌وه‌، خەریکە فەرامۆشی دەکەن.

ئێسته‌ کە ساڵیادی ڕاپەرین دەکەینەوە هەرێمی کوردستان بەهەستیارترین هەلومەرجی سیاسی تێدەپەڕێ، ئەگەر سوود لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین وەرنه‌گیرێت، دوور نییە باجه‌کەی قورس بێت!، چونکە ڕاپەرین بە یەکگرتن سەرکەوت، بەڵام ئێسته‌ نەک ماڵی کورد یەک نییە، بەڵکو زۆر لایەنی سیاسی بەهۆی ململانێی تەسکی حزبی، دەستبەرداری ئامانج و پرسە ستراتیجی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان بوونە!، بۆ بەدیهینانی مەرامە حزبییەکانی سڵ لەهیچ شتێك ناکه‌نەوە. ئەمەش جۆرێك لە دابەشکاری سیاسی و نیشتمانی دروست کردوزە، کە خۆی لە بەرەی سەربەخۆیی و بەرەی عێراقچییه‌تی  دەبینێتەوە،  دەکرێ بڵیم: ئەم دوو تەوژمە، تەمەنێکی درێژی هەیە لە ململانێی سیاسی و لەهەموو قوناغە چارەنووسسازەکاندا بە فۆرمی جیاواز سەری هەڵداوە، بەڵام جگە لە زیان بە دۆزی نەتەوایەتی کورد، هیچی لێ سەوز نەبووە.

بۆیە قۆناغەکە وا دەخوازێ لایەنەکان ڕاچڵەکێن و بە ئاگابێنەوە، وەک ڕاپەرین بە یەکگرتووی لە پێناو بەرژەوەندی نیشتمانی، ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن، چونکە شەڕی داعش ڕوو لە کۆتایییە، بەڵام ململانێی نیودەوڵەتی لە ناوچەکە ڕوو لە هەڵکشانە و پیلانگیڕی بەرەی دژە کورد، بێ بەزەییانه‌ پیلان بۆ شکستی سەرکەوتنەکانی کورد بە خودی کورد دادەڕێژرێن. ڕۆژگاریش وەک شمشێری دوو دەم وایە، ئەگەر نەیبڕی دەتبڕێ.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ کاتی هاتووە بە گیانی سەردەمی ڕاپەرینەوە، گەل و حزبەکان ڕاچلەکێن و بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانییه‌وە شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتی مێژوویی ئەم قۆناغە، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە ئازادی و سەربەخۆیی بە یەکجاری بێتە دی، ئەگەر نا مێژوو رەحم به کەس ناكات.

ئه‌كره‌م ساڵح


PM:03:23:16/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌