دیداری تەمەن و چەند وشەیەک


له م رۆژانەدا نووسینی زۆر سەبارەت بە کتیبی دیداری تەمەن کە بە زمانی مام جه‌لالەوە لە لایەن سه‌ڵاح ڕه‌شیده‌وه‌ نووسراوە، بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، ئەوەی لای من جێگەی تێبینی بوو نووسینی هەڤاڵانی پارتییە کە پاکانە بۆ بەڕێز تاڵەبانی دەکەن گوایە ئەو وتانە بە مەبەست دەستکاری کراوە گوزارشت لە ڕای مام جه‌لال ناکەن، بە بڕوای من هەر لە قسەی مام جه‌لال ئەکەن.

ئەو پاکانە کردنە جۆرێکە لە کاریگەری سۆز و بارودۆخی سیاسی و ڕەوشی تەندروستی تاڵەبانی، ئەگینا ئەگەر لە ڕووی لۆژیکییه‌وە خۆیندنەوە بۆ بابەتەکە بکرێ، ناکرێ بەم شێوە سادەیە لێکدانەوەی بۆ بکرێ، چونکە تاڵەبانی هەڵگری بیروباوەڕێکی فکری دژ و جیاواز بووە،  لە ساڵی ١٩٦٤وە تا پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ دواتریش، بەڵام بەهۆی هەلومەرجەوە نەرم تر بووه‌.

ئەو تەوژمە فکرییە هێزێکی سیاسی بە سه‌رکردایەتی تاڵەبانی لە پشت بووە، کە لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ هەموو ڕێگەیەکی گرتووه‌تەبەر بۆ دژایەتی و ململانێی پارتی و ڕێبازی بارزانی کە بە زۆر قۆناغی سەخت و خوێناویشدا تێپەریوە، بۆیە لە هەلومەرجێکی سیاسی و سایکۆلۆژی وادا ناکرێ چاوەڕوانی گوتنی باشتر بکرێت.
زۆرجار دەگوترا وتەکانی تاڵەبانی ڕەنگدانەوەی شوێن و کات و ڕووداوەکانە، خۆ ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەبیاتی ئاشکرای هەردوولاش بکرێ، لەو ماوەیەدا هەموو شت گوتراوە تا دەگاتە ڕادەی ته‌خوین و یەکتر سڕینەوە، بۆیە ئەوەی نووسراوە کاری نووسەر و رۆژنامەنووسی پارتی نییە پاکانەی بۆ بکات، چونکە ئەوەی گوتراوە زادەی ناکۆکی و ململانێیه‌کی میژوویییە، ئەوەی هەیە و ئەرێنییه‌ ڕەنگە کاریگەری لەسەر سۆز و نزیکی نێوان پارتی و یەکێتی و سەرۆک بارزانی و تاڵەبانی هەبێت. ئه‌مه‌ش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی کۆتای شەڕی ناوخۆ ڕووخانی ڕژێم و رێکكەوتنی ستراتیجی پارتی و یەکیتی تا نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی کە ئەو قۆناغەش بەدەر نییە لە تێبینی و ڕەخنە.

بۆیە بە بڕوای من پێویست ناکات قسە لەسەر ئەوە بکرێ، بەتایبەت لەلایەن هەڤاڵانی پارتی، ئەوەی لە کتێبی دیداری تەمەن دا هاتووە بیروڕای تاڵەبانی یە یان نا، چونکە ئەو کتێبە بە ئاگاداری ماڵی تاڵەبانی دەرچووە ئەوەی کە پارتی پێی وایە وا نییە پێوستە ئەوانەی ئاگاداری ڕووداوەکانن ڕوونکردنەوەی لە سەر بدەن و ڕاستکردنەوەی بۆ بکەن ، چونکە هەموو ئەوانە دەبنە بەشێک لە مێژوو و تیڕوانینی سیاسی تاڵه‌بانی.

ئه‌كره‌م ساڵح


AM:11:23:06/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 2691 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌