داخوازییه‌كانی خه‌ڵك ئامرازه‌ نه‌ك ئامانج

ئه‌كره‌م ساڵح

گه‌لی كوردستان له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا به‌هۆی ڕۆڵ و كاریگه‌ری له‌ شه‌ڕی تیرۆر ئاسۆیه‌كی گه‌شی به‌ڕوودا كرایه‌وه . هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌تی عێراق وه‌ك گورگی برسی خۆی مه‌ڵاس دابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رفه‌تێكدا تۆڵه‌ له‌ كورد بكاته‌وه‌, به‌ڵام هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو هێنده‌ به‌ ئاسانی مه‌رامه‌كه‌ی بێته‌ دی.

خۆ ئه‌گه‌ر كورد یه‌كگرتوو بووایه‌ و خوێندنه‌وه‌ی وردتری بۆ ڕووداوه‌كان بكردایه، ترس و گومانه‌كه‌ی عێراق له‌خۆڕا نه‌بوو, چونكه‌ كورد خاوه‌نی پێگه‌ و به‌هایه‌كی نێوده‌ڵه‌تی و سه‌نگێكی باشی ناوخۆی بوو. 

به‌ڵام ناته‌بایی و ململانێی ناوخۆیی، هه‌میشه‌ خاڵی لاوازی كورد بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش نه‌یارانی كورد ده‌ستیان بۆ هه‌مان كارت برده‌وه‌ و له‌ هه‌مان ڕێیه‌وه‌ ئامانجی خۆیان پێكا و ئه‌وه‌ی كورد به‌ یه‌ك سه‌ده‌ خه‌بات و قوربانی به‌ده‌ستی هێنا، به‌ڕۆژێك له‌ ده‌ستیان ده‌رهێنا.
جا فاكته‌ره‌كه‌ی هه‌رچی و هه‌ركێ بێت زۆر گرنگ نییه‌، چونكه‌ هه‌موو شت ئاشكرایه‌ و میدیا و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری له‌م سه‌رده‌مه‌دا وای كردووه‌ به‌ڵگه‌كان به‌زیندوویی ده‌دوێن, به‌ڵكو گرنگ‌ جۆری ڕووداو و كاره‌ساته‌كه‌یه‌ نه‌ك بكره‌كه‌، چونكه‌ بكه‌ره‌كان ده‌ڕۆن، به‌ڵام شوێنه‌‌واری ڕووداوه‌كان ده‌مێننه‌وه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی له‌دوای كاره‌ساتی ١٦ ئۆكتۆبه‌ر هاته‌ ئاراوه‌ به‌ به‌راورد به‌هه‌لومه‌رجه‌كه‌، گه‌وره‌ترین شكستی كورده‌ له‌ مێژووی نوێدا.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد زوو به‌خۆ بكه‌وتایه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ توانایدا هه‌بووایه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی كه‌متر بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان په‌ند له‌ په‌تای ناته‌بایی وه‌ربگرن و بكه‌ونه‌ خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆیییه‌كان و پلاندانان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێچاره‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌ له‌ده‌ستچووه‌كان. كه‌چی بێباكانه‌ له‌و شكسته‌ گه‌وره‌ی كه‌ ڕووی داوه‌, جارێكی تر كه‌وتنه‌وه‌ پلانگێڕی و زه‌وینه‌سازی بۆ له‌ ناوبردنی ئه‌وه‌شی كه‌ ماوه‌. 

بۆ ئه‌مه‌ش خراپیی گوزرانی خه‌ڵكی هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌ت و بێ مووچه‌یان كردووه‌ته‌ ئامراز بۆ ئامانجه‌‌كانیان, وا خۆیان پیشان ده‌ده‌ن كه‌ داكۆكی له‌ مافه‌كانیان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌, به‌ڵكو له‌ په‌نای ئه‌وه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ پاكتاوی باڵباڵین و ناوچه‌گه‌ری و جێبه‌جێكردنی ئه‌جیندای ده‌ره‌كی ته‌واو بكه‌ن، بێئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌ بۆ ده‌رئه‌نجامی ڕوداوه‌كان بكه‌ن كه‌ چ كاره‌ساتێ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. 

ئه‌گه‌ر نا ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ پرسی بژێوی و باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌، كێ هه‌یه‌ هه‌ست به‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ نه‌كات كه‌ ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ ئاڵۆزی و تێكدان چاك ده‌كرێت؟. به‌بڕوای من باشترین بژارده‌ بۆ چاككردنی ئه‌م دۆخه‌ ته‌بایی ناوخۆیی و گوشاری مه‌ده‌نییه‌ نه‌ك توندوتیژی و موزایده‌ی سیاسیی كاڵوكرچ و بێبنه‌ما. چونكه‌ پێشتر ئه‌و ڕێیه‌ تاقی كراوه‌ته‌وه‌ و جگه‌ له‌ زیان هیچی به‌دوای خۆیدا نه‌هێناوه‌. 

ده‌مه‌وێ لێره‌دا به‌ڕاشكاوی بڵێم خوپێشاندانه‌كان تێكه‌ڵه‌ له‌ نێوان خواستێكی ڕه‌وا و ناڕه‌وا، یان ده‌كرێ بڵێم دوو به‌شه‌، به‌شێكی كه‌ زۆرینه‌یه‌ هه‌ڵگری خواستێكی ڕه‌وایه‌ و داوای ماف و ژیانێكی باشتر ده‌كات و هیچ مه‌به‌ستێكی ئاڵۆزی و تێكدانی نییه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر ‌جۆرێك بێت ژیان و مووچه‌ی بۆ دابین بكرێت, به‌شه‌كه‌ی تری كه‌ كه‌مینه‌یه‌، به‌ڵام كاریگه‌ره‌ و ئاراسته‌ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان زیاتر بكات و مه‌رامی سیاسی و ده‌ستی ده‌ره‌كی و ناوخۆی له‌ پشته‌ تا خه‌ڵكی كوردستان سه‌رقاڵی كێشه‌ ناوخۆیییه‌كان بێ... بۆ ئه‌وه‌ی: 
١- كورد نه‌یپه‌رژێته‌ سه‌ر كه‌ركووك و خورماتوو و شنگال و خانه‌قین و ناوچه‌كانی تر.

٢- خه‌ڵك ڕووداوی ١٦ ئۆكتۆبه‌ر و كاره‌كته‌ره‌كانی له‌بیر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن. 
تا ئه‌و كاته‌ی به‌ته‌واوی شوێنی پێی خۆیان قایم ده‌كه‌ن و به‌ئامانجی خۆیان ده‌گه‌ن. 

هه‌ر له‌ ئێسته‌شه‌وه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی دیاره‌ و له‌دوای خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌ كه‌س ئاگای له‌ ڕه‌وشی خورماتوو و كه‌ركووك ناوچه‌كانی تر نه‌ماوه‌ و هه‌ركه‌سه‌ و له‌ خه‌می خۆیدایه‌ چۆن شتێكی ده‌ست بكه‌وێ یا كه‌مترین زیانی به‌ربكه‌وێ. بۆیه‌ پێوسته ‌هاونیشتمانی له‌و ڕاستییه‌ وه‌ك خۆی تێبگات و نه‌كه‌وێته‌ داوی پیلانێك كه‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تی، زیاتر هیچی بۆ هاووڵاتییان تێدا نییه‌.

AM:10:26:27/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 805 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌