كورد پێویستی به‌ هه‌ستانه‌وه‌یه‌

ئه‌كره‌م ساڵح

له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه‌، هه‌رگیز تا سه‌ر ملی بۆ شكست و ژێرده‌سته‌یی داگیركه‌ر كه‌چ نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز په‌ند و عیبره‌تی له‌ ڕابردووی خۆی وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ زۆرینه‌ی كێشه‌ و شكسته‌كانی هاوشێوه‌ن، به‌ جۆرێك وا هه‌ست ده‌كه‌ی به‌رده‌وام مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ته‌نیا كات و شوێنه‌كه‌ی جیاوازه‌. 

هه‌ڵبه‌ته‌ شكستی ئه‌مجاره‌ی كورد له‌ هه‌موو شكسته‌كانی ڕابردوو جیاوازتره‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕووی دا، ته‌نیا شكستی سه‌ربازی نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ گۆڕنانی هیوا و ئاوات و خه‌باتی 100 ساڵه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد بوو. بۆیه‌ ئه‌و رووداوانه‌ هه‌لومه‌رجێكی وای به‌دوای خۆیدا هێنا‌, نه‌ك چاره‌سه‌ری ئاسان نییه‌، بگره‌ بێ متمانه‌یی و په‌رته‌وازه‌یی كردووه‌ته‌ دیارده‌ و تێپه‌ڕاندنیشی بووه‌ته‌ كارێكی ئاڵۆز و دژوار.

له‌ بارۆدۆخێكی وا كه‌ ڕووی له‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان كردووه‌، ئه‌ركی لایه‌نه‌كان و سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانییه‌‌كان بوو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له‌ ده‌وری یه‌ك كۆ ببنه‌وه‌ و بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌، كه‌چی هه‌ندێ لایه‌ن بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌ و هه‌ندێكی تر به‌ جۆرێك لێیان شێواوه‌‌ له‌ بری گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ردا، پێشبڕكێیانه‌ بۆ یه‌كتر شاكاندن و خۆهاوێشتنه‌ باوه‌شی به‌غدا. ئه‌م جۆره‌ رفتار و سیاسه‌ته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و حزبه‌كان، كوردی وا سووك كردووه‌ لای ده‌سڵاتدارانی به‌غدا، ئه‌وه‌ی منه‌تیان پێی نه‌بێت ئێسته‌، هه‌رێمی كوردستانه‌.‌ ته‌نانه‌ت پێوستیان به‌ چاودێر و سیخوڕیش نه‌ماوه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌موو شتێكیان به‌هه‌رزان ده‌ست ده‌كه‌وێت. 

خۆ ئه‌گه‌ر فشاری هه‌ندێ ناوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بووایه‌، ڕه‌نگه‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌رگه‌یان به‌ ڕووی ئه‌وانه‌یشدا نه‌كردایه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ عه‌ره‌به‌كان زیاتر هاوسۆزی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بوون, چونكه‌ شیعه‌ به‌ جیاوازی بیروڕاوه‌, سیاسه‌تی بچووككردنه‌وه‌ی كورد پێڕه‌و ده‌كه‌ن و لایه‌ن و كه‌سه‌ هه‌لپه‌رسته‌كانی كوردیش خه‌ریكی موزایه‌ده‌ و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تین، به‌جۆرێك زۆرجار له‌ هاتوچۆیان بۆ لای عه‌بادی و مالیكی، خه‌ریكه‌ به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون. 

ئێسته‌ به‌غدا زۆر بێمنه‌ته‌ له‌ ڕۆڵی كورد له‌ عێراقدا، به‌شێوه‌ك گوێ به‌ رێنوێنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش نادات بۆ دانوستان و گفتوكۆ، چونكه‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی كوردی ده‌ست كه‌وتووه‌ و به‌ئاره‌زووی خۆی یاری به‌هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات. به‌ ڕاستی ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات كێماسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ كورد. سه‌رۆك وه‌زیرانێكی دووڕوو و درۆزن و ده‌سه‌ڵاتێكی تایفی نوقمی گه‌ندڵی و خوێن و ناكۆكی, به‌م شێوه‌ بتوانێ‌ یاری به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان بكات‌ و كه‌سیش به‌رپه‌رچی نه‌داته‌وه‌! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ به‌رپرسانی لایه‌نه‌كان تا كه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر و بیرێك له‌ ژیان و ئاینده‌ی میله‌ت ‌ناكه‌نه‌وه‌؟ تا كه‌ی وه‌ك ته‌ماشاكار سه‌یری ئه‌م هه‌موو سووكایه‌تییه‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ چه‌ند نابه‌رپرسێك خیانه‌تیان كرد, ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ خه‌می نه‌ته‌وه‌ و نیشتماندان، چی ده‌كه‌ن؟.

كورد له‌ دوای پیلانی شومی جه‌زائیر و كاره‌ساتی ئه‌نفال هه‌ستایه‌وه‌. خۆ ئێسته‌ سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌یی شكسته‌كه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه‌ و به‌ ته‌واوی كار له‌كار نه‌ترازاوه‌، وه‌ك ده‌ڵێن زیان له‌ نیوه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ر باشه‌، دۆخی كوردستانیش هه‌روایه‌ نیوه‌ی ڕۆیشتووه‌ و نیوه‌ی ماوه‌. ئه‌گه‌ر خه‌مخۆری و ئیراده‌ هه‌بێت، دۆخه‌كه‌ قابیلی هه‌ستانه‌وه‌ و چاره‌سه‌ره‌، نه‌ك ته‌نیا له‌ هه‌رێم، به‌ڵكو له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیش.

كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و متبوونه‌ی له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتووه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌، بێته‌ تێپه‌ڕاندن، له‌و باكگڕاونده‌ی هه‌رچی نه‌رمییه‌ كورد نواندی بۆ ده‌ست پێكردنی دانوستان و گفتوگۆ، به‌ڵام به‌غدا به‌رده‌وام یاری ده‌كات, ئیتر شووره‌یییه‌ كورد چاوه‌ڕێی به‌غدا بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تایفییه‌ ده‌یه‌وێت خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی یه‌كجارییه‌ و ئه‌گه‌ر پێی بكرێ ئه‌وه‌یشی ماومانه‌ له‌ناوی ده‌بات. بۆیه‌ باشتر وایه‌ كورد پشت له‌ ناكۆكی بكات و تا زووه‌ بكه‌وێته‌ خۆی و چیتر چاوه‌ڕێی گه‌مه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ نه‌كات، له‌گه‌ڵیدا سیاسه‌تی نه‌رمی نواندن بگۆڕێ بۆ گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی و جه‌ماوه‌ری و میدیایی، چونكه‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌غدا به‌م شێوه‌ی ئێسته‌ به‌ ده‌نگ كوردستانه‌وه‌ بێت و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات.

PM:12:13:08/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌