كه‌ركووك و ئه‌گه‌ری گوماناویی

ئه‌كره‌م ساڵح

پێش ١٦ ئۆكتۆبه‌ریش پێشبینی كراوبوو كه‌ عێراق له‌ پاش ‌شه‌ڕی مووسڵ, په‌لاماری كه‌ركووك ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نه‌كرابوو له‌ ‌پیلانێكی گوماناویدا وا به‌ ئاسانی ڕاده‌ستی به‌غدا بكرێته‌وه‌. خواستی سه‌ربه‌خۆیی كورد و دژایه‌تیی هه‌رێمی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌وكاته‌دا ده‌رفه‌تی بۆ عێراق ڕه‌خساند هه‌لومه‌رجه‌كه‌‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بقۆزێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ عێراق له‌ دۆخێكی وادا نه‌بوو وا به‌زوویی بتوانێ شه‌ڕی كورد بكات، به‌ڵام به‌هۆی دڵنیایی له‌ پشتیوانی ئێران, له‌ كورد بێ منه‌ت بوو، هه‌رواش ده‌رچوو، چونكه‌ به‌پێی هه‌موو به‌ڵگه‌كان به‌رپرسانی ئێران‌ هاوئاهه‌نگی گرووپێكی ناو یه‌كێتییان مسۆگه‌ر كردبوو كه‌ وێڕای پێوه‌ندی له‌ مێژینه‌ له‌ پرسی كه‌ركووكدا، ئامانجی هاوبه‌شیشیان هه‌بوو. 

 ئێران ده‌یویست پڕۆژه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش شاراوه‌ نییه‌ و به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ له‌ دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، له‌ زۆر بۆنه‌دا وه‌ك سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی خۆیان دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌‌. به‌هه‌مانشێوه‌ گرووپه‌كه‌‌ی ناو یه‌كێتی له‌ژێر كاریگه‌ری رق و كینه‌ ‌و ململانێی مێژوویی و بۆماوه‌یی، ده‌یانویست هه‌رچۆن بێت پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بارزانی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان شكست بێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ مه‌زنه‌‌ به‌ خاوه‌ندارێتی بارزانی نه‌ڕواته‌ ‌‌مێژووی كورد و دنیاوه‌. 
بۆیه‌ له‌وكاته‌دا ‌ئامانجێكی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركووك كۆی كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ سوودی عێراق و زیانی گه‌وره‌ی گه‌لی كورد شكایه‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌سه‌ر داگیركردنی كه‌ركووكدا, هه‌لومه‌رجی نوێ هاته‌‌ ئاراوه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی خه‌ونی ئه‌وانه‌ی پێیان وابوو ده‌بنه‌ خاوه‌نی كه‌ركووك و نه‌وته‌كه‌ی. كوردی كه‌ركووك له‌ دۆخێكی سایكۆلۆجی تێكشكاو و بارودۆخی ئاسایشی سنووره‌كه‌ش ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، چونكه‌ به‌ به‌راود به‌و پیلانه‌ تایفییه‌ی له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێ له‌ دژی كورد و سوننه‌، هیچ كه‌س و لایه‌نێك جگه‌ له‌ به‌كارهێنانێكی تاكتیكی له‌ هاوكێشه‌كاندا بوونی نییه‌. 

ناوه‌ندی بڕیاری شیعه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ ئه‌جیندایه‌كی‌ ستراتیجی كار له‌سه‌ر فراوانخوازی شیعه‌گه‌رایی ده‌كات و تا ئێسته‌ سه‌ركه‌وتنی به‌رچاویان له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ست به‌ گوشاری ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت بۆ ڕێگریكردن له‌ فراوانخوازی ئێران، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نكۆڵی له‌ باڵاده‌ستی هه‌ژموونی ئێران ناكرێ و هه‌وڵه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی له‌ پاش شه‌ڕی داعش، به‌ ڕوونی دیاره‌. 

به‌ گشتی ده‌توانین بڵێین زۆرینه‌ی ڕووداو و پێشهاته‌كان كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزرێ، له‌ خۆڕا نییه‌ و ململانێی نێوده‌وڵه‌تی و گه‌مه‌ی هه‌واڵگرییان له‌ پشته‌، بۆیه‌ له‌ ڕه‌وشێكی وا ئاڵۆزدا هیچ ئه‌گه‌رێك مه‌حاڵ نییه‌. به‌ نموونه‌: سه‌رهه‌ڵدانی گرووپێكی چه‌كدار له‌ ماوه‌ی ڕابردوو له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی خورماتوو و پاشان هێنانی هێزی سوپا و حه‌شد و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ناوچه‌كه‌ و بیره‌ نه‌وته‌كانی په‌ڵكانه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩١ـه‌وه‌ به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌ به‌بێ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌, ئاماژه‌ی ڕوونه‌ كه‌ بۆچی ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر كرابوون و بۆ چ ئامانجێك به‌كار هێنران.

ئه‌م جۆره‌ شانۆگه‌رییه‌ هه‌وڵگرییانه‌‌ ئه‌وه‌نده‌ سیناریۆكه‌یان لێكچوو و دووباره‌یه‌، خه‌ریكه‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌كی ئاسایی لێی تێده‌گات، به‌ڵام كه‌س ناوێرێ به‌ ڕاشكاوی گوزارشتی لێ بكات. 

ئێسته‌یش پاش ئه‌وه‌ی عه‌بادی له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو ڕای گه‌یاند‌ كه‌ گوایه‌ داعش له‌ عێراق كۆتای هاتووه‌، جارێكی تر جموجوڵی چه‌كداری له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌, جا داعشن یان ‌ناوێكی تر كێشه‌ ناو ‌‌نییه‌، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك؟. له‌ كاتێكدا زۆر شوێنی له‌بارتر هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌‌كانی تری عێراق بۆ چالاكی و جموجوڵی سه‌ربازی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی دژ به‌ حكوومه‌ت. 

بۆیه‌ خۆی له‌ خۆیدا زیادبوونی جموجوڵی چه‌كداری له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك گوماناوییه‌ و دوور نییه‌ زه‌وینه‌سازی بێت بۆ سیناریۆیه‌كی نوێ كه‌ ئه‌گه‌ر و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ. له‌وانه‌:‌ په‌لاماردانی كه‌ركووك بۆ ئه‌وه‌ی پاشان به‌ناوی ئازادكردن یان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش بۆ سنووره‌كه‌، هێزێكی زۆری سوپا و حه‌شد بهێنرێته‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ په‌نای شه‌ڕ و ئاڵۆزی و ئاواره‌بوونه‌وه‌دا، گۆڕانكاری له‌ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ و پێكهاته‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی دروست بكرێت. ئه‌مه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ به‌شێكه‌ له‌ مه‌رامه‌ ‌سیاسییه‌كان، به‌ڵام له‌ مه‌ودای درێژخایه‌ندا ئامانجی سه‌ره‌كیی عێراق دابڕینی كورده‌ له‌ كه‌ركووك و هیچی تر. 

بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێك له‌ سنووری كه‌ركووك, كورد نابێت ته‌نیا وه‌ك ته‌ماشاكار بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ پلانی خۆی هه‌بێت بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلان و مه‌رامی داگیركه‌ران.

AM:09:21:04/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 654 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌