به‌ره‌و حكوومه‌تی زۆرینه‌

ئه‌‌كره‌م ساڵح

ئه‌زموونی حوكمڕانی هه‌رێم له‌ ڕابردوو و تا ئێسته‌‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سازانی سیاسی له‌پێناو لێك نه‌ترازان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بنیات نراوه‌، به‌ڵام پاش ٢٧ ساڵ، به‌رهه‌می سازان و هاوبه‌شی جیاواز له‌ ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردن, سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی حوكمڕانییه‌كی وا كه‌ یه‌كریزی گه‌ل و یه‌كگرتوویی نیشتمان و سیسته‌مێكی دیموكراسیی باش ئه‌نجامه‌كه‌ی بێت. وێڕای هه‌ندێ پێشكه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ كه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رج و هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆسیاسی و ئه‌و قۆناغانه‌ی هه‌رێمی پێدا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ ناكرێ نادیده‌ بگیرێن.

به‌ڵام هێشتا كۆڵه‌كه‌كانی بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست له‌ هه‌رێم له‌رزۆكن و مۆركی دوو ئیداره‌یی و مه‌ترسی دابڕان، ئه‌گه‌رێكی هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ هه‌ر ناكۆكییه‌كی ناوخۆیی یان پیلانگێڕێكی ده‌ره‌كیدا. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی حكومڕانی سازان و حكوومه‌تی بنكه‌فراوان ئه‌مه‌ بووبێت. پرسیاری ئه‌وه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وامی ئه‌م فۆرمه‌ له‌ حوكمڕانی چ گۆڕانكارییه‌ك به‌دوای خۆیدا دێنێ یان چ سوودێكی ده‌بێت؟ بۆیه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ چه‌قبه‌ستوویی سیاسی و حوكمڕانی ده‌رباز بكرێت، پێویسته‌ قۆناغێكی باشتر ده‌ست پێ بكات كه‌ ئاكامه‌كه‌ی سه‌قامگیری سیاسی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی زیاتر و حوكمڕانییه‌كی سه‌رانسه‌ری بێت. به‌جۆرێك ناكۆكی و جیاوازی سیاسی كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر ژیان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و یه‌كگرتوویی نیشتمانیی. ئێسته‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ بیر له‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی نوێ و گونجاو بكرێته‌وه‌ بۆ حوكمڕانی داهاتووی كوردستان.

بۆ ئه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ببێت به‌ بنه‌مای پێكهێنانی حكوومه‌ت، چونكه‌ به‌رده‌وامیدان به‌ سازان و ڕازیكردنی ئه‌ملاوئه‌ولا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا كراوه‌، جۆرێكه‌ له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌زموون ده‌ریخست یه‌كسانه‌ به‌هیچ. لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ‌له‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی داهاتوو، ئه‌لته‌رناتیڤێكی نوێ بگیرێته‌ به‌ر كه‌ جیاواز بێت له‌ ڕابردوو، ئه‌ویش به‌ دروستكردنی حكوومه‌تی زۆرینه‌، به‌ جۆرێك حكوومه‌تی داهاتوو حكومڕانی و نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم بكات له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كاندا, به‌ده‌ر له‌ ‌ده‌ستێوه‌ردان و ململانێی لاوه‌كی حزبه‌كان. 

بێگومان تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ پێوستی به‌ پشتیوانی خه‌ڵك و تێگه‌شتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و دیمكراسیی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتان ده‌گوزه‌رێ، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی لای خۆمان هه‌وڵی بۆ ده‌درێ. راسته‌ ئامانجی هه‌ر حزبێكی سیاسی گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ڵك بڕیار ده‌دات نه‌ك حزب خۆی, بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشت به‌ ده‌سه‌ڵات یا به‌شداری پێ نه‌كرا، ئه‌وه‌ كۆتایی هه‌موو شتێك نییه‌. با ببێت به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا كاری خۆی بكات.

هه‌رچه‌نده‌ تاقیكردنه‌وه‌ی فۆرمێكی نوێی حوكمڕانی ڕه‌نگه‌ هه‌روا ئاسان نه‌بێت بۆ باردۆخێكی وه‌ك هه‌رێم, به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی به‌هێز و پشتیوانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك‌ هه‌بێت، سه‌رئه‌نجام قبووڵ ده‌كرێت و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێڕه‌وی دروستی خۆی و چیتر ده‌رفه‌ت بۆ قسه‌ی زل و لافوگه‌زافی دیموكراسی بێكردار نامێنێ، كه‌ زۆر لایه‌ن به‌رده‌وام له‌ ڕاگه‌یاندن و گوتاری سیاسییاندا دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ كرداردا كاری پێ ناكه‌ن. بۆیه‌ پاش ئه‌و هه‌وراز و نشێوه‌ی له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ـه‌وه‌ هه‌رێمی كورستانی پێدا تێپه‌ڕیوه‌، له‌و بڕوایه‌دام كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چیتر پێوست نه‌كات به‌ بیانووی ته‌بایی و یه‌كریزیی حكوومه‌تێكی له‌رزۆك دروست بكرێت و پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ر لایه‌نێك له‌ ئاوازێ بخوێنێ. 

ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مان ٥٠ +١ی كورسییه‌كانی به‌ده‌ست هێنا، ده‌كرێ به‌ته‌نیا حكوومه‌ت پێك بێنێ, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ بۆ ئێسته‌ی كوردستان مه‌حاڵه‌, بۆیه‌ باشتر وایه‌ حكوومه‌تی زۆرینه‌ پێك بهێنرێت له‌ دوو تا سێ لایه‌ن كه‌ ئاماده‌بن تا كۆتایی شان بده‌نه‌ به‌ر به‌رپرسیارێتی و حوكمڕانییه‌كی مه‌ده‌نی و شه‌فاف كه‌ یاسا تێیدا سه‌روه‌ر بێت. بۆ ئه‌وه‌ی پاش پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ, حكوومه‌ت به‌رپرسیار بێت به‌رانبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، دوور له‌ سۆز و سڵكردنه‌وه‌, ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر هه‌رێمدا بێ جیاوازی سیاسی و ناوچه‌یی. به‌وه‌یش كۆتایی به‌م دۆخه‌ ناجێگیره‌ بێت كه‌ كوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕێت و هاووڵاتی بێ هیوا و بێزار كردووه‌.

به‌و پێیه‌ی هه‌موو پێشبینییه‌كان و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی یه‌كه‌می كوردستان ده‌بێت. كه‌واته‌ ئه‌ركی پارتییه‌ پێش هه‌موو لایه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ئه‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی كوردستان تێپه‌ڕێنێت و دوای هه‌ڵبژاردن كار بۆ پێكهینانی حكوومه‌تی زۆرینه‌ بكات، به‌پێی رێژه‌ی كورسیی په‌رله‌مانی.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ تۆكمه‌یی و به‌هێزی پێگه‌ی پارتی, بۆ ئه‌ركێكی له‌م جۆره‌ قورس و مێژوویییه‌, پێوستمان به‌ پشتیوانی خه‌ڵكه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ ڕاشكاوی ئه‌م په‌یامه‌ به‌ ‌خه‌ڵك بگه‌یه‌نین و دڵنیایی گۆڕانكاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ به‌ خه‌ڵك بده‌ین و دوای هه‌ڵبژاردن هه‌موو هه‌وڵێك خۆی بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێ بكات كه‌ جیاواز  بێت له‌ ڕابردوو. به‌وه‌یش خه‌ڵك زیاتر پشتیوانی لێ بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردن, چونكه‌ تا رێژه‌ی ده‌نگ و كورسیی زیاتر بێت، ئاسانتر ده‌توانێ كۆسپه‌كان تێپه‌ڕێنێ. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هیوا بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات لای خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان ببێت به‌ پرسێكی ئاسایی و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و پاراستنی نیشتمان ببێت به‌ پێوه‌ری حوكمڕانی له‌ داهاتووی كوردستان.

AM:10:54:03/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 415 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌