هاوڕێ نه‌هرۆ
دیاره زۆر كتێب له‌باره‌ی سایكۆلۆجیای جه‌ماوه‌ر نووسراون، وه‌ك ئه‌وه‌ی ویلهایم رایش كه جۆرج گرابیشی وه‌ری گێڕاوه، هه‌ندێ نووسراوی ئه‌م دواییه‌ی فرۆید، به‌ڵام فرۆید وه‌ك خاوه‌ن قوتابخانه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی، لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌ره‌تا له‌باره‌ی تاك بوو وه‌ك نه‌ستی مرۆڤ، دواتر ئه‌م تیۆرییانه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵ پێڕه‌و كرد، بۆیه ده‌ڵێن نووسینه‌كانی فرۆید له‌باره‌ی سایكۆلۆجیای ده‌سته‌جه‌معی، جێی متمانه نییه به‌هۆی نه‌خۆشی و پیرییه‌وه. من لێره‌دا زیاتر دووپات له‌سه‌ر كتێبی سایكۆلۆجیای جه‌ماوه‌ر كه له‌لایه‌ن گۆستاف لۆبۆنه‌وه نووسراوه ده‌كه‌م. سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌و جیاوازییه بزانین كه له نێوان سایكۆلۆجیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجیای جه‌ماعی هه‌یه، (psychologie sociale) (psychologie collective) ئه‌مه‌ی دواییان لقێكه له‌وه‌ی پێشوویان، له‌ڕاستیدا گۆستاف زۆر پشتی پێ نابه‌سترێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی ره‌گه‌ز ده‌كات له‌رووی رۆشنبیری و مێژوویییه‌وه، بۆ نموونه ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكییه‌كان حه‌زیان به دیموكراسییه، ئینگلیزه‌كان حه‌زیان به ئازادییه، فڕه‌نسییه‌كان حه‌زیان به یه‌كسانییه، گه‌لانی لاتینی حه‌زیان به‌وه‌یه ناوه‌ندی ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌یان ببات، به‌هه‌ر حاڵ ئێمه بیروڕاكانی ده‌خه‌ینه روو، پێی وایه تاك هۆشیار و به‌ئاگایه كاتێ خۆی ده‌خزێنێته نێو ریزه‌كانی جه‌ماوه‌ر تیایدا ده‌توێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی نائاگا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، حاڵه‌تی نه‌ست به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، لایه‌نی عه‌قڵ و هۆشیاری له ده‌ست ده‌دات و ده‌كه‌وێته ژێر ئیعاز و ئیحای جه‌ماوه‌ره‌وه كه تێكڕایان له سه‌ركرده‌یه‌كه‌وه یان ڕابه‌رێكی به تواناوه هان ده‌درێن و ده‌جووڵێنرێن، له شوێنێكدا ده‌ڵێ جه‌ماوه‌ر وه‌ك كۆمه‌ڵی ئه‌سپن له نێو ته‌وێڵه‌یه‌كدا، یه‌كێكیان بحیلێنێ ئه‌وانی تریش ده‌حیلێنن، یا وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕێك وان یه‌كێكیان بترسێ ئه‌وانی تریش ده‌ترسن.
به‌واتایه‌كی تر ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌چێته ریزی جه‌ماوه‌ره‌وه، عه‌قڵی خۆی كڵۆم ده‌دا نه‌ستی جه‌ماعی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دوایی له‌باره‌ی چه‌مكی (جه‌ماوه‌ری تاوانبار) قسه ده‌كات و ده‌ڵێ هه‌ندێ جار له‌كاتێ شۆڕش و هه‌ڵچووندا، جه‌ماوه‌ر تاوان ئه‌نجام ده‌دا یان وردتر بڵێم تاكێك له‌ژێر ئیعازی ئه‌وانی تردا تاوان ئه‌نجام ده‌دا، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و تاكه خۆی بێ ئه‌و تاوانه ئه‌نجام نادا، نموونه‌ی ئه‌و ئاشپه‌زه‌ی هێناوه‌ته‌وه كه به‌ڕێوه‌به‌ری زیندانی پاستیلی كوشتووه.
هه‌روا ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ی له گۆڕه‌پانێكی گشتی یان باخچه‌یه‌كی گشتیدا كۆ بوونه‌ته‌وه، ئه‌وانه جه‌ماوه‌ر نین، به‌ڵكو چه‌مكی جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌یه یه‌كێتییه‌كی روحی كۆیان بكاته‌وه، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك پێك هاتوون، ئه‌و خاڵانه‌ش باكگڕاوندی میژوویی هه‌یه له مێشكیاندا، ڕابه‌ر له ڕێی وشه و ڕسته و خوڵقاندنی وێنه هانیان ده‌دا و ده‌یانجووڵێنێ!
پێی وایه جه‌ماوه‌ر حه‌زی به دیالۆگی لۆجیكانه نییه، پێویسته جه‌ماوه‌ر له‌رێی ورووژاندنی سۆزه‌وه بجووڵێنرێ، یان ده‌ڵێ جه‌ماوه‌ر كه‌له‌ره‌ق و توندڕه‌وه، دیارده‌كان لێك ناداته‌وه یان قبوڵی ده‌كات یا ره‌تی ده‌كاته‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌و ڕابه‌رانه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌جووڵێنن چوار خاڵی خستووه‌ته روو، دووپاتكردنه‌وه، دووباره‌كردنه‌وه، لێگرتنه‌وه(عدوی)، هه‌یبه‌ت.
قسه‌یه‌كی ناپلیۆنی به نموونه هیناوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ باشترین هونه‌ری (بلاغه) دووپاتكردنه‌وه‌یه.
له‌باره‌ی (عدوی) ده‌ڵێ تاكی ناو جه‌ماوه‌ر هه‌ر كه شتێكی بیست یان هه‌ست به شتێكی كرد، ئیتر له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ته‌شه‌نه ده‌كات.
له‌مه‌ڕ هه‌یبه‌ت و ئیعتبار ده‌ڵێ، جگه له سه‌روه‌ت و ناوبانگ، ده‌بێ سه‌ركرده به جلوبه‌رگیشه‌وه خۆی بنوێنێ وه‌ك چۆن ئه‌فسه‌ره‌كان كڵاوی ئاسنین له‌سه‌ر ده‌كه‌ن یان دادوه‌ره‌كان شاڵی سوور به‌خۆیانه‌وه ده‌ئاڵێنن.
پێی وایه ئه‌سته‌مه بتوانرێ جه‌ماوه‌ر له ده‌ستی وه‌هم رزگار بكرێ، وه‌هم پێداویستییه‌كی جه‌ماوه‌ر و دڵدانه‌وه‌یه‌تی، جه‌ماوه‌ر حه‌زی له راستی نییه.
له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه فه‌لسه‌فه و زانست نه‌یانتوانی بیروباوه‌ڕی ئاینی بۆ هه‌تا هه‌تایه وه‌ده‌رنێن، ئه‌گه‌رچی توانییان توندڕه‌وییان كه‌م بكه‌نه‌وه، گیانی لێبوردنیان زیاتر بكه‌ن، ئه‌وروپای ئێسته ئه‌وروپای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست نییه كه شه‌ڕی نێوان كاپولیك و پروتستانت به‌ڕێوه بوو.
پێی وایه ئه‌گه‌رچی له ڕابردوودا شه‌ڕی نێوان ئاینه‌كان هه‌بوو، حزبی ئاینی په‌یدا بوو، به‌ڵام قۆناغی دواتر حزبی سیاسی هاته كایه‌وه وه‌ك لیبراڵی و سوسیالیستی و دیموكراتی، به‌ڵام به هه‌مان دۆگمای بیروباوه‌ڕی ئاینی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازییان لێ كرا.
له شیكردنه‌وه‌یه‌كی تردا ده‌ڵێ جه‌ماوه‌ر له‌كاتی هه‌ڵچووندا بۆ بنه‌ما مۆراڵییه‌كانی كۆمه‌نه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌گه‌ڕێته‌وه و له بنه‌ماكانی شارستانییه‌ت پاشه‌كشه ده‌كات، شه‌ڕه‌كانی فڕه‌نسا و سه‌رهه‌ڵدانی فاشییه‌ت و نازییه‌ت به نموونه ده‌هێنێته‌وه.
له ڕاستیدا شارستانییه‌ت وه‌ك خه‌رمانێكه له‌به‌ر ڕه‌شه‌بای توند خۆی ڕاگرتبێ، له هه‌موو كات و ساتێك‌دا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ هه‌ره‌س بهێنێ!
هه‌رچه‌نده گۆستاف دژی سۆسیالیزم و سیسته‌می خوێندنه، ده‌ڵێ سیسته‌می خوێندن تاوانبار به‌رهه‌م دێنێ! نموونه‌ی (بابوی)یه‌كانی هیند دێنێته‌وه كه له قوتابخانه‌كانی به‌ریتانیا ده‌خوێنن دوایی كاریان ده‌ست ناكه‌وێ!
پێی وایه باشتره هه‌ر له منداڵییه‌وه خه‌ڵك پراكتیزه‌ی پیشه‌ی ئاینده‌ی خۆی بكات، وه‌ك چۆن مامۆستایه‌كی ئاینی ده‌یكات!
پێی وایه جووڵاندنی جه‌ماوه‌ر له ره‌گه‌زێكه‌وه بۆ ره‌گه‌زێكی تر جیاوازیی هه‌یه، ئه‌مه‌ش پێوه‌سته به جووڵاندنی سیمبوله مێژوویییه‌كان له زه‌ینی هه‌ر ره‌گه‌زێكدا.
له بڕگه‌یه‌كدا باسی ئه‌و جه‌ماوه‌ره ده‌كات كه بۆ گۆرانیبێژێكی ناسراو كۆ ده‌بنه‌وه و هه‌ڵده‌چن یان بۆ یاری تۆپی پێ چه‌پڵه لێ ده‌ده‌ن ده‌ڵێ ئه‌مانه نه‌خۆشن، نه‌خۆشیی هه‌وه‌سی شێتییان هه‌یه!
كاتێ كه تاك ده‌چێته ریزی جه‌ماوه‌ره‌وه كه نه‌توانێ سه‌ركردایه‌تی خۆی بكات یان هێزی ئه‌وه‌ی نییه ئایدیاكانی بسه‌پێنێ، بۆیه خه‌ونه ونبووه‌كانی له ڕابه‌رێكدا به‌رجه‌سته ده‌كات و دوای ده‌كه‌وێ و هه‌رچی لایه‌نگرانی ئه‌و ڕابه‌ره پێی ده‌ڵێن، به‌ڕاستی ده‌زانێ.
له‌كۆتادا باسی هێزی سیحری و سه‌رنجڕاكێشی ڕابه‌ره‌كان ده‌كات كه چۆن له‌رێی هیپنوتیزمه‌وه به وشه و ده‌سته‌واژه و وێنه‌ی كاریگه‌ره‌وه جه‌ماوه‌ر هان ده‌ده‌ن و له خشته‌ی ده‌به‌ن، به‌تایبه‌تی وشه‌گه‌لێكی ئاڵۆز وه‌ك دیموكراتی و سۆسیالیزم و ئازادی و یه‌كسانی، ئه‌م وشه ئاڵۆزانه، له‌كاتێكدا ئێمه ده‌توانین به‌ده‌یان به‌رگ له‌سه‌ر ئه‌و وشانه بنووسین، له ڕوانگه و بۆچوونی جیاوازه‌وه!