سیناریۆیەكی NRT..!

PM:10:53:21/10/2017 ‌
فەرزین كەریم
دوێنێ لە كاتی هێرشی حەشدی مەزهەبی بۆ سەر شارۆكەی پردێ ئەم بابەتەم نووسی، بەڵام دیتم لەنێو هەڵایە بڵاویشی كەمەوە سوودی نییە:
خەریكە سەیری nrt دەكەم، چونكە خۆیان گوتەنی شان بە شانی حەشد، لە پردێوە ڕاستەوخۆ دیمەنی جەنگ دەگوازنەوە.
ستافەی تەلەفزیۆنە بێ لایەنەكە!، لە كاتێكدا گولە بە گولە دەڵێت بالك! چاونەترسانە وەكو شێر بەم بەیانییە زۆر زووە، لە ناوەندی شەقامێكی سەرەكی، بێ خودە و جلی گوللە نەبڕ لە ئوتۆمبێل دابەزیون، لەم كاتەی لە گەرمەی جەنگدان. پەیامنێرەكە باسی دۆخی شەڕەكە لە بەرژەوەندی حەشدی خزمییان دەكات. لەم ساتەدا كە سەگ خاوەنی خۆی ناناسێت، فەرماندەیەكی گەورەی حەشدی شەعبی لەناكاو بە قودرەتی قادر لە تەنیشتی دەردەكەوێت و دەیدوێنێ. ئای لەو بەختە باشە، فەرماندەكە كوردییەكی فارسی ئاسا دەزانێت و باسی سەركەوتنەكانیان دژی كورد دەكات. كابرا خوێنتاڵەكە هێندە باوەڕی بە خۆی هەیە كە بە هۆی قسەكانی زندەقی بینەرە كوردەكانی دەبات.. تا ئێرە بەشێكی فیلمنامەكە بە ئاستێكی مامناوەندی بەڕێوەچوو.
كۆمەڵە پرسیارەكانی پەیامنێری تەلەفزیۆنە بەناو كوردییەكە لە فەرماندە خوێنتاڵە كوردی فارسیزانەكە دەیكات، هەمووی لە بەرژەوەندی حەشد بوونە، بۆیەشە پارسەنگی جەنگێكی دەروونییەكە لە دژی هاووڵاتییانی كوردە، ئەدی ئیتیك و بنەماكانی ڕۆژنامەوانی؟. لێرەدا وەرچەرخانەكە بە ئەوە دەستپێدەكات كە دوای ئەم هەموو بەهێز نیشاندانی حەشد، پەیامنێرەكە باسی پێشمەرگە دەكات كە هاوسەنگەریان بوونە لە جەنگی داعش بۆ ناكۆكن لە گەڵیاندا؟. فەرماندە كوردی شێوە فارسیزانەكەش بە هەڵچوونێكی ساختەوە دەڵێت ئێوە لە فتنە دەگەڕێن!. ئینجا بە خێرایی لە كادری كامیرا دەرچێت، بەمەش بێنوو دەكەوێتە دەست ستافەكە لەترسی هەڵچوونی كابرا، بێ ئەوەی كامیرا بكوژێننەوە، وەكو فیلمە پۆلیسیەكانی جیمز بوند، بە مۆسیقایەكی حەماسی لە بەكگراوند كە پێشتر لە ناوەندی تەلەفزیۆنەكە ئامادەكاری بۆ كراوە، سواری ئۆتۆمبێل بن. ئینجا وەكو تاكە ئۆتۆمبێلی ناسەربازی، شەقامێكی دوور و درێژ ببڕن. كامیرا لە ناو ئوتومبێل بۆ ئەوەی وابكات هاووڵاتی كوردستانی زندەقی بچێت، هەندێك دیمەن زەق دەكاتەوە، بۆ وێنە زرێپۆشێكی سەربازیی حەشد كە بە خێراییەكی زۆر بە پێچەوانە بەرەو ئوتومبێكی ستافی nrt یەوە دێت و بەرەو هەولێر دەڕوات، یان كامیرا لەو شوێنەی وێنەی گەورەی بارزانی هەڵواسراوە كاری خۆی بكات.
لە سیكوێنسێكی دیكەی فیلمنامە لاوازەكە، ئوتومبێلەكە لە شوێنێك دەوەستێت كە زاڵە بەسەر دیمەنێك كە بڕیارە دوای ماوەیەكی كەم پڕ بكرێت لە هێزەكانی حەشد تا دیمەنەكە سینەمایی بكرێت. ئینجا پەیامنێر دابەزێت و ناڕاستەوخۆ پتر هانی خەڵك بدات هەوڵێر بەجێبێڵن، بە تایبەتی چەند جار دووبارەی كردەوە كە پێشمەرگە و حەشد یەكتر تۆپباران دەكەن، بەڵام هەندێك لە تۆپەكانی حەشدی شەعبی بە هەڵە دەكەونە ناو خانووەكانی پردێ!!. مەبەستی پەیامنێرەكەش ڕوون بوو كە لەوانەیە تۆپی تۆپخانەی حەشد هەڵە بكات و بكەوێتە نێو شاری هەوڵێر، بەڵام نەیانپێكا چونكە خەڵكی هەولێر ڕایاننەكرد!!.
ئەوەی سەیر بوو، ناوە ناوە پێشكەشكەشكارە كرمانجە چاویلكەلەچاوەكەی ناو ستۆدیۆ پرسیاری بە سەقەتی و بە تەتەڵە لە پەیامنێر دەكرد، هێندە مشاوش و سەغلەت و ئاڵۆز ببوو كە پرسیار هەبوو سێ چوار جار دەیكردەوە!، لە وانەیە بە هۆی ئەوە بووبێت كە هەستی نەتەوەیی جووڵاوە و ئاگای لە سیناریۆ و خۆفرۆشییەكەیە!..
تێبینی: بە شاهدی پسپۆرەكانی بواری سینەما، من سیناریۆنووس و ڕەخنەگرێكی باشی سینەماییم، ئێستا سیناریۆیەكی پڕۆژەی فیلمێكی بڵندی سینەماییم لایە كە سینەماكارێك لە ئێران ناردویەتی تا ڕای خۆمی لەسەر دەرببڕم.