"گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى كاتى بۆ یالۆگێكی به‌رده‌وام" ڕێبه‌رێك بۆ ڕه‌خنه‌گرى میلى
غه‌مگین بۆڵى
ئه‌گه‌ر لۆجیكى ڕه‌خنه‌گرتن بریتى بێت له بڕیاردان، هیچ جیاوازییه‌كى نامێنێته‌وه له نێوان ڕه‌خنه‌گرى ئه‌ده‌بى و مه‌لایه‌كى ئاینى. چونكه هیچ لۆجیكێك به‌دى ناكرێت بۆ جیاوازییه‌كان، هیچ ڕه‌هه‌ندێكى مه‌عریفى نامێنێته‌وه بۆ كه‌ناڵێكى گه‌یاندن، هیچ كه‌لێنێكى فیكرى نامێنێته‌وه بۆ گفتوگۆ. له‌وێدا هونه‌رى گفتوگۆ ده‌مرێت و كه‌ناڵى گه‌یاندن داده‌خرێت، چونكه له لۆجیكى بڕیارداندا ده‌گه‌ینه خاڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه و سنوورى كۆتایی.
بۆیه ڕه‌خنه‌گرى میلی هه‌میشه پشت به چه‌مكى بڕیاردان ده‌به‌ستێت، چونكه تواناى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نییه و حه‌ز ناكات كه‌س پرسیار بكات، به‌ڵكو حه‌ز ده‌كات ته‌نیا ئه‌و قسه بكات و هه‌مووان گوێبیست بن. حه‌ز ده‌كات ته‌نیا ئه‌و بنووسێت و ئێمه‌ى خوێنه‌ریش مافى پرسیاركردنمان نه‌بێت. بۆیه لۆجیكى كارى ڕه‌خنه‌گرى میلی و پیاوانى ئاینى زۆر له یه‌ك نزیكن، چونكه له لاى هه‌ردووكیان حه‌زى به مێگه‌لبوون هه‌یه، حه‌ز ده‌كه‌ن ته‌نیا خۆیان قسه بكه‌ن و ئه‌وانى تر گوێگر بن. هه‌میشه له هه‌وڵى بێده‌نگبوونى هه‌موواندان. ئایدیایه‌كى لا پیرۆزه و ئایدیایه‌كیش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. نووسه‌رێك ده‌باته ترۆپك و نووسه‌رێكى تریش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
دوو ڕه‌هه‌ند له لاى ئه‌وان هه‌ن، ڕه‌هه‌ندێك سپییه و ڕه‌هه‌ندێك ڕه‌شه. ڕه‌هه‌ندێك پیرۆزه و ڕه‌هه‌ندێكیش قسه‌ى قۆڕه. لێره‌دا وه‌به‌ر ئه‌و خاڵه گشتگیرییه ده‌كه‌وین كه یه‌ك مێتۆدی هاوبه‌ش له نێوانیاندا هه‌یه، ئه‌ویش مێتۆدى باشه و خراپه.
ڕه‌خنه‌گرى میلی ئه‌و ڕه‌خنه‌نووسانه ده‌گرێته‌وه كه ئاستى مه‌عریفییان ده‌رهاوێشته‌ى گوته‌ى بازاڕ و قسه‌ى ناو چایخانه‌كانه، لۆجیكى كارى ڕه‌خنه‌گرى، زۆرجار جیاواز نییه له‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپى كارى كادرێكى حزبى. چۆن له‌برى ئه‌وه‌ى هه‌وڵى به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى مه‌عریفى كۆمه‌ڵ بدات، ئه‌و خۆى ده‌بێته به‌شێك له‌و سیستمه‌ى ژیان و ئاستى مه‌عریفه‌یه، نایه‌وێت له ڕێى تێپه‌ڕاندنى ئه‌و زمانه‌وه بگات به ئاستێكى تر‌ى مه‌عریفى.
ئێمه تا هێزى زمانمان له ئاستى گشتیدا تێنه‌په‌ڕێنین، ناتوانین د‌رك به جیاوازییه‌كانمان بكه‌ین. ئه‌گه‌ر چه‌مكى پرسیار له لامان بریتى بێت له گوته‌ى منداڵان، ئه‌وه ده‌بێت سڵ له نووسین بكه‌ینه‌وه، چۆنكه زۆر جاران نه‌نووسین خۆى پرسیاركردنه له خۆمان و له ڕێى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌كماندا ده‌توانین ئه‌و قۆناغه تێبپه‌ڕێنین.
ئه‌و زمانه له‌لاى ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌نووسانه جۆرێكه له پیرۆزی و تا ئاستى خه‌باتكردن بۆى به‌رگرى لێ ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت ده‌ستى لێ هه‌ڵگرن، چۆن ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌لایان به واتاى خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان دێت.
كتێبى (گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى كاتى بۆ دایه‌لۆگێكى به‌رده‌وام) كه له نووسینى نووسه‌ر و ڕۆماننووس (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور)ه (1). مێتۆدى ئیشكردنى نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا له‌سه‌ر دوو بنه‌ماى گرنگه.
یه‌كه‌میان: میتۆدى پرسیاركردن.
دووه‌میان: میتۆدى ڕاڤه‌كردنى چه‌مكه‌كان.
به بڕواى من تا خۆمان له ڕێى پرسیاركردنه‌وه به‌یان نه‌كه‌ین و نه‌پرسین بۆچى؟ ئه‌وه ڕازین به‌مجۆره‌ى كه هه‌ین، ڕازین به‌وه‌ى كه جۆرێك له كۆیلایه‌تیمان قبووڵ كردووه. چۆن پرۆسه‌ى پرسیاركردن له ڕه‌هه‌ندێكى نادیاره‌وه ده‌مانگه‌یه‌نێت به خاڵى دیاربوون. ئه‌م پرۆسه‌یه له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه، ئایا ئه‌و ئایدیایانه‌ى هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ن پیرۆز بكرێن و ده‌ستی پێوه بگرین، یان تێكیبشكێنین؟ بۆیه ڕه‌خنه‌گرى میلی هه‌م نایه‌وێت خۆى پرسیار له خۆى بكات و هه‌میش نایه‌وێت كه‌س پرسیارى ئاراسته بكات؟ لێره‌دا پرسیارێكى جه‌وهه‌رى خۆى قووت ده‌كاته‌وه: ئایا هه‌ر به ڕاست ئێمه ده‌توانین خۆمان له پرسیاركردن بدزینه‌وه؟ ئایا مرۆڤى ڕه‌سه‌ن له پرسیاركردن ده‌ترسێت؟ ئایا كه‌سێك ساڵانه دوو سێ كتێب بخاته بازاڕه‌وه، له پرسیاركردن خۆی ده‌شارێته‌وه؟ ئایا پرسیار گرنگ نییه؟ ئایا هێزى پرسیاركردن له وه‌ڵامدانه‌وه‌یدایه؟ ئایا وه‌ڵام له پرسیار گرنگتره؟
ئه‌وه‌ى له‌م كتێبه‌دا به وردى و له چه‌ندان گۆشه‌ى جیاوازه‌وه ڕوانینى بۆ كراوه و به چه‌ندان نموونه‌ى بیردۆز و فه‌یله‌سووفان ده‌وڵه‌مه‌ند كراوه، چه‌مكى پرسیاركردنه. ئایا به‌ر له‌وه‌ى بنووسین، پێویست ناكات بپرسین: بۆچى ده‌نووسین؟ ئایا ئه‌وه ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه نییه كه زۆر له بیرمه‌ند و نووسه‌ران ئاراسته‌ى خۆیانى ده‌كه‌ن؟ بۆیه لێره‌دا پرسیاركردن بایه‌غێكى گرنگى پێ دراوه.
له‌باره‌ی خاڵى دووه‌م كه مێتۆدى ڕاڤه‌كردنى چه‌مكه‌كانه، ئه‌مه ئه‌و چه‌مكانه ده‌گرێته‌وه كه ڕه‌خنه‌نووسى میلی بۆ قه‌به نیشاندانى نووسین فڕێیان ده‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ى به فلته‌رى مه‌عریفه‌یه‌كى به‌هێزدا تێبپه‌ڕن، ده‌ئاخنرێنه ناو ڕسته‌كانه‌وه. بۆیه مافى هه‌ر خوێنه‌رێكه بپرسێت و له‌باره‌ى ئه‌و چه‌مكانه‌وه پرسیار بكات؟
بۆچى ئه‌م كتێبه گرنگه؟
ئه‌م كتێبه ئه‌گه‌رچى له شێوه‌ى نامه‌دا بۆ كه‌سێكى دیاریكراو نووسراوه و به‌سه‌ر چه‌ندان به‌شى سه‌ربه‌خۆ و ته‌واوكاریی یه‌كتردا دابه‌ش بووه، به‌ڵام ڕێبه‌رێكیشه بۆ كۆى ئه‌و ڕه‌خنه‌نووسانه‌ى به ئایدیا و زمانى میلی ده‌نووسن. ئه‌م كتێبه پرۆسه‌یه‌كى مه‌عریفى دوولایه‌نه‌یه، واته هه‌م نووسه‌رى ده‌ق و هه‌م كه‌سى ده‌ق ئاراسته‌كراو (ڕه‌خنه ئاراسته‌كراو – نامه ئاراسته‌كراو) تێیدا به‌شدارن، بۆیه كتێبه‌كه بۆ هه‌ر یه‌كێك گرنگه و خوێنه‌ریش وه‌ك پرۆسه‌ى ته‌واوكردنى ده‌قه‌كه‌یه.
نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا هێنده به وردى چه‌مكه‌كان ڕاڤه ده‌كات و لێكیان ده‌كاته‌وه و هه‌ڵوه‌سته‌ى جیاوازیان له‌سه‌ر ده‌كات، بۆ هه‌ر یه‌كێك كه خه‌ریكى كارى هونه‌رى ڕه‌خنه‌گرتنه، گرنگه. چونكه له دواى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه سڵ له وشه ده‌كه‌ینه‌وه و به ئاسانى نایخه‌ینه سه‌ر كاغه‌ز. له‌وه‌وه ته‌واو د‌رك به‌م راستییه ده‌كه‌ین كه نووسین به‌رپرسیارێتییه، ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه هه‌ڵبگرین، باشتره هه‌وڵى نووسین و بڵاوكردنه‌وه نه‌ده‌ین، به‌ڵكو هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى ئه‌و دۆخه چه‌قبه‌ستووه بده‌ین.
بۆ هه‌موو وشه‌یه‌ك كه ده‌ینووسین ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ى. ئاخر نالوێت بنووسین: هایدیگه‌ر وا ده‌ڵێت! كه‌چى نه‌شزانین له كوێدا واى گوتووه و كۆنتێكسته ڕه‌سه‌نه‌كه نه‌زانین چییه و چى تێدا هاتووه. كه ده‌ستمان به وشه‌وه گرت، بۆ هه‌موو چه‌مكێك سه‌یرى جیاوازییه فیكرى و كولتوورییه‌كان ده‌كه‌ین، هیچ راستییه‌ك وه‌پێش راستییه‌كى تردا ناده‌ین، چه‌مكى وه‌ڵام به گرنگتر دانانێین له چه‌مكى پرسیار. تێده‌گه‌ین نووسین به‌رپرسیاریه‌تییه و هه‌موومان ناتوانین ئه‌و به‌رپرسیارێتییه سه‌خته هه‌ڵبگرین. بۆیه ئه‌و كتێبه گرنگه بۆ ئێسته و داهاتووى ئه‌ده‌بیاتى كوردى، چونكه بۆ هه‌ر چه‌مكێك چه‌ندان په‌ره‌گرافى فه‌یله‌سووف و بیردۆزی جیاوازی به نموونه هێناوه‌ته‌وه.
پێویسته هه‌ر نووسه‌رێك به‌ر له‌وه‌ى ده‌ست به كارى ڕه‌خنه بكات، ئه‌و كتێبه بخوێنێته‌وه. له‌وه‌وه تێده‌گه‌ین ڕه‌خنه‌گرتن بڕیاردان نییه و سڕینه‌وه نییه، به‌ڵكو پرسیاركردن و ڕاڤه‌كردنى ئه‌ودیوى تێكسته، یان وردكردنه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى چه‌مكه‌كانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وه‌ك سه‌رنج ده‌مێنێته‌وه، ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا كارى له‌سه‌ر ده‌كات، ته‌واو جیاوازه له‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى (دریدا) تیۆرییه‌كه‌ى له‌سه‌رى دامه‌زراندووه. بۆیه گرنگه له سه‌روه‌ختى خوێندنه‌وه‌دا وه‌به‌ر جیاوازى بكه‌وین، چۆن تا وه‌به‌ر جیاوازى نه‌كه‌وین، ناتوانین گفتوگۆ بكه‌ین و چه‌مكى پرسیاركردنمان پێ گاڵته‌یه‌كى منداڵانه‌یه.
ئه‌گه‌ر زیاتر بپرسین: ئایا گرنگى ئه‌و كتێبه بۆ ئێسته و داهاتووى ئه‌ده‌بیاتى كوردى له كوێدایه؟ بێگومان ئه‌و كتێبه ڕێبه‌رێكى ته‌ندروست و پڕ مه‌عریفى و زانیاریی ده‌بێت بۆ كارى ڕه‌خنه‌گرى. هه‌ر له ڕێى ئه‌و كتێبه‌وه وه‌ك نووسه‌رێك، یان خوێنه‌رێك وه‌به‌ر ئه‌و ڕاستییه ده‌كه‌وین كه ئایا ئێمه له كوێى نووسین و خوێندنه‌وه‌داین؟ ئایا تا ئێسته له خۆمان پرسیوه ئێمه له كوێى ئه‌ده‌بیاتداین؟
ئه‌گه‌ر هونه‌رى ڕه‌خنه‌گرتن بلوێت به ئاراسته‌ى شه‌قام و چایخانه و میله‌تدا بڕوات، ئه‌وه به‌لاى ڕه‌خنه‌گرى میلییه‌وه ئاساییه به نووسه‌رێك بڵێت: (كۆیله). به چیرۆكنووسێك بڵێت: (ئه‌حمه‌ق). به ڕۆماننووسێك بڵێت: (موفلیس). به شاعیرێك بڵێت: (تڕۆهات).
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه، نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا ئه‌گه‌رچى به‌یاننامه‌ى ئه‌وه‌ى بڵاو كرده‌وه كه واز له نووسین و خوێندنه‌وه‌ى كوردى دێنێت، به‌ڵام دواى (گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى كاتى بۆ دایه‌لۆگێكى به‌رده‌وام) نه‌هاتووه ئاستى زمان بهێنێته ئاستى زمان و تێگه‌یشتنى ڕه‌خنه‌گرى میلی. نووسه‌ر خۆیشى له كتێبه‌كه‌دا ئه‌و راستییه ڕوون ده‌كاته‌وه و ده‌نووسێت: "(2) وه‌ك پێشتر گوتم من له‌م دنیایه‌دا هه‌موو شتێك له ده‌ست ده‌ده‌م، بێجگه له زمان.
له‌و كاته‌وه‌ى وازم هێنا و له دۆخێكى ناله‌باردا بووم، تۆى ڕه‌خنه‌گر ده‌رفه‌ته‌كه‌ت قۆسته‌وه و هێرشت كرده سه‌رم، هێشتا ئه‌و زمانه‌م له ده‌ست نه‌دا و نه‌هاتم له هه‌مان ئاستى زمانى تۆدا به‌كارى بهێنم. وه‌ك بینیمان زمان لاى (هایدیگه‌ر) واته بوون. زمان بوونى منه. ئه‌وه‌ى بوونى ڕه‌سه‌نى هه‌بێت، زمان له ده‌ست نادات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بوونى ساخته‌ى هه‌بێت، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نه‌بووه‌ته خاوه‌نى زمان، تا ترسى له ده‌ستدانى هه‌بێت". ئایا ئاستنزمى زمانى ڕه‌خنه‌گر، ده‌توانێت مه‌عریفه و هزرى گه‌وره له نووسیندا به‌رهه‌م بهێنێت؟ ئایا ئه‌وه لۆجیكه بڵێین هه‌موو زمانێك تواناى به‌رهه‌مهێنانى فیكرى گه‌وره‌ى هه‌یه؟
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى كاتى بۆ دایه‌لۆگێكى به‌رده‌وام - ڕه‌خنه‌یی– كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور. له بڵاوكراوه‌كانى (ماڵى وه‌فایی). چاپى یه‌كه‌م 2019.
هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو. لاپه‌ڕه 339.