ڕێناس شابان
له كوردستان زۆر به ئاسایی ژن به ده‌ستی براكه‌ی به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت ده‌كوژرێ و به "قه‌زا و قه‌ده‌ر" داده‌نرێ، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی دادگا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كردبێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و "نێر"ـه تووشی هیچ ناڕه‌حه‌تییه‌ك نه‌بێ به‌هۆی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی له خۆی كه‌متره كه "مێ"یه، بڕیار ده‌درێ. ئه‌مه دوایین دۆسیه‌ی كوشتنی ژنانه له شاری هه‌ولێر و ئه‌م بڕیاردانه‌ش به‌بێ دادگا، به فه‌رمی له‌لایه‌ن پۆلیسی شاره‌كه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی مرۆڤ، سته‌م و ده‌ستدرێژی به‌رانبه‌ر ژنان له دایك بووه، تاكه ڕووداوی مێژووه به‌رده‌وام تازه‌گه‌ری و پێشكه‌وتنی تێدا ده‌كرێت، هه‌ر ڕۆژه و به بیانوویه‌ك ماڵئاوا له ژنێكی ئه‌م دنیایه و كوردستان به تایبه‌تی ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م هه‌موو ڕێكخراوه‌ی گوایه بۆ پاراستنی مافی ژنان دامه‌زراون، تا ئێسته هیچ ڕێگرییه‌كی به‌رچاو له‌و ڕووداوه نه‌خوازراوانه نه‌كراوه، باشترین به‌ڵگه‌ش ئاماره‌كانن.
شه‌وی دووشه‌می ڕابردوو، پۆلیسی هه‌ولێر له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا تاوانی كوشتنی كچێكی 16 ساڵانی بڵاو كرده‌وه له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه كوژراوه، هه‌ر له مانشێته‌كه‌وه ده‌یه‌وێ بێتاوانی ئه‌و پیاوه نیشان بدات و به‌بێ خۆپاراستن له بڕیاردان به‌بێ دادگا، به "قه‌زا و قه‌ده‌ر" ناوی ده‌بات و له درێژه‌ی هه‌واڵه‌كه‌شدا نووسیویه‌تی، گوایه له كاتی پاككردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كه‌یدا به هه‌ڵه فیشه‌كی ته‌قاندووه. وه‌ك بڵێی كه‌شوهه‌وا گۆڕابێت و ئێمه‌ی ژنان پێویسته له دوای ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یان سوبحانه‌ڵای بۆ بكه‌ین، باشه جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، ئێوه كه له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه باس له كوشتنی ژنێك و له‌ناوبردنی گیانێك ده‌كه‌ن، به چ ویژدانێكه‌وه ده‌توانن هۆكارێكی وا قێزه‌ون و پاساوێكی فریوده‌ر بڵاو بكه‌نه‌وه؟ گریمان وابوو، چۆن پێش بڕیاری دادگا زانیت؟.
"دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی هه‌ولێر گه‌یشتووه‌ته شوێنی ڕووداوه‌كه، برای كوژراوه‌كه ڕای كردووه" وایان نووسیوه. باشه ئه‌گه‌ر ئه‌م "برا به‌ڕێزه" هێنده بێتاوانه، بۆچی ڕا ده‌كات؟، خۆ ئێوه ده‌ڵێن "قه‌زا و قه‌ده‌ره".
ئه‌م دۆسیه‌یه كه نموونه‌یه‌كه له گیرخواردنی كۆمه‌ڵگه نێرسالارییه‌كه‌ی كوردستان، هه‌موو تاكێك مافی پرسیاركردنی له‌م ڕووداوه‌ی هه‌یه، به‌تایبه‌ت ده‌سته و ڕێكخراوه‌كانی مافپارێزی ژنان پێویسته بێنه ده‌نگ، ئایا ئه‌م كوڕه ته‌مه‌نی چه‌ند ساڵ بوو توانی چه‌ك هه‌ڵبگرێت؟ ئه‌گه‌ر هی باوكی بوو، بۆ له به‌رده‌م خوشكه‌كه‌یدا له ماڵه‌وه خاوێنی ده‌كاته‌وه، ئێمه چۆن بزانین باوكی ناسنامه‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌كی هه‌یه یان نا؟ چۆن ده‌توانن وا به بێباكی بڵێن ته‌نیا "قه‌زا و قه‌ده‌ر" بووه، له كاتێكدا هێشتا دۆسیه‌كه له به‌رده‌م دادگایه و تاوانبار دادگایی نه‌كراوه، ئه‌م حوكمدانه پێشوه‌خته‌یه له كوێ هات؟.
ساڵانه كوشتن و ده‌ستدرێژیی به‌رانبه‌ر ژنان ڕوویان له زیادبوونه، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكه‌ین، ده‌بینین له ماوه‌ی 10 مانگی ڕابردوودا ته‌نیا له هه‌ولێر 15 ژن و له كۆی كوردستان 42 ژن كوژراون، ئه‌مه ته‌نیا باس له كوشتن ده‌كرێت، نه‌ك ئه‌و هه‌موو ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ی له ڕێی سووتاندن و ده‌ستدرێژیكردن به‌رانبه‌ر ژنان كراون، یان ئه‌و خۆكوشتنانه‌ی له بێزارییان له‌م ژیانه نێرپه‌رستییه ڕوویان داوه، ئاخۆ ئه‌م كچه 16 ساڵه‌ی له هه‌ولێر كوژراوه، ناوی ده‌چێته ناو لیستی كوژراوه‌كان یان له‌ناو هه‌زاران تاوانه‌كانی قه‌زاوقه‌ده‌ر تۆمار ده‌كرێت.
له‌وه‌ته‌ی چاومان به دنیا هه‌ڵهێناوه، گوێمان له كوشتنی ژن به ناوی پاراستنی شه‌ره‌فه‌وه ده‌بێت، خۆی ئه‌م بابه‌ته له سه‌ره‌تاوه پاساو هێنانه‌وه‌یه بۆ تاوانی كوشتنه قێزه‌ونه‌كانی ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، بریا كوشتنی ئه‌م كچه‌ش به ناوی شه‌ره‌فه‌وه به‌ر گوێمان بكه‌وتایه، به‌ڵام وا دیاره پۆلیسی هه‌ولێر له‌و بابه‌ته وه‌ڕز بوون و حه‌ز به بابه‌تی نوێ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ تازه‌گه‌ریی تێدا بكه‌ن، بۆیه ئه‌م ڕووداوه‌یان ناو ناوه قه‌زاوقه‌ده‌ر و سبه‌ی ڕۆژ بۆ كوشتنێكی تر ده‌ڵێن به ویستی خۆی بوو، ده‌نا برا یان باوكه‌كه‌ی حه‌زی نه‌ده‌كرد بیكوژێ.