لاهوریش رووی قایمە

نەجمەدین حەسەن مستەفا 

ماوەیەكە چەند كاڵفام و هەرزەیەكی خۆفرۆش و خاكفرۆشی ناو یەكێتی، كەمپینێكی پڕ لە هێرش و سووكایەتیان بۆ سەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێ كردووە، بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەیانەوێ بەو جنێودان و زمانە پیسەوە، رووی رەشی خۆیان و بەرپرسایەتیان لە خیانەتی گەورەی 16ی ئۆكتۆبەر، سپی بكەنەوە و ئەو خاكفرۆشییە لەسەر ئەستۆی خۆیان لابدەن كە هەموو خەڵكی كوردستان و سەركردە باڵاكانی یەكێتیش باش دەزانن، بەو كارە خیانەتكارانەیان مێژوویەكی رەشیان بۆ خۆیان تۆمار كرد.

كاڵفام و خۆفرۆشی وەك لاهور و ئاراس و هاودیدەكانیان، بە چ روویەكەوە هەوڵ دەدەن خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لەسەر خۆیان لادەن، لە كاتێكدا جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بە ئاشكرا و زۆر راشكاوانە ددانیان بەوەدا نا كە ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو و هەموو ئەو زیانە گیانی و مەعنەوییانەی بەهۆی ئەو خیانەتەوە لە گەلەكەمان كەوت، دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتی. ئەمە جیا لەوەی بەرپرسانی حەشدی شەعبیش، بە ئاشكرا و لە میدیاكانەوە سوپاسی ئەو تاقمە خاكفرۆشەیان كرد. 

چۆن روویان هەیە ئەو خیانەتە لەسەر خۆیان لادەن، لە كاتێكدا پێشمەرگەكانی یەكێتی و خەڵكی تێكۆشەر و قوربانیدەری كەركووك و خورماتوو، رۆژی كارەساتەكە لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكانەوە، بە چاوی پڕ لە گریانەوە، باسی خیانەت و خاكفرۆشی ئەو تاقمەیان كرد، تەنانەت میدیاكانی جیهانیش ئاماژەیان پێدا و باسیان كرد. مەگەر ئەو تاقمە خۆفرۆشە نەبوو، رۆژی كارەساتەكە و رۆژانی تر لەسەر شاشەی تیڤییەكانەوە سینگیان دەردەپەڕاند و دەیانگوت ئێمە بۆ بیرە نەوتەكاتی پارتی شەڕ ناكەین و داواشیان لە خەڵك دەكرد بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە كاتێكدا میلیشاكان بە بەرچاوی ئەوانەوە دەستدرێژیان دەكردە سەر خەڵكی كوردستان و سووكایەتیان پێ دەكردن و ماڵ و بازاڕیان تاڵان دەكردن و دەسووتاند و تاقمە خۆفرۆش و خاكفرۆشەكەش، زۆر زەلیلانە سەردانی سەرانی ئەو میلیشایانەیان دەكرد و پیرۆزبایی سەركەوتنیان لێ دەكردن.

مێژووی تاقمی خۆفرۆشی لاهور و هاودیدەكانی پڕە لە پیلانگێڕی و خیانەت و تەنانەت لەناو حزبەكەی خۆیشیان  خەریكی فیتنە و ئاژاوەگێڕی و بە زۆر خۆسەپاندنن، لە كاتێكدا ئەمڕۆ هەموو خەڵكی كوردستان باجی ئەو خیانەت و ئاژاوەگێڕیەی ئەوان دەدەن. بەڵام دڵنیاین لە ئایندەیەكی نزیكدا سنوورێك بۆ خۆفرۆشی و پیلانگێڕییەكانیان دادەنرێت.