كولتوورى ئێمه‌ و نه‌ته‌وه‌ى كورد

ئیدریس حه‌مه‌مراد مه‌جید

له‌ پێناسه‌ى كولتووره‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ى كولتوور پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كى زۆربه‌ى گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌ و هه‌ر كولتوورێك جیاوازى تایبه‌تى خۆى له‌گه‌ڵ كولتوورێكى تردا هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ گه‌وره‌ترین پێكهێنه‌رى هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته‌ ئاستى ماڵبات و بگره‌ ئه‌ندامانى خێزانیش. هه‌ریه‌كه‌ و شێوازێك له‌ كولتوورى جیاوازى هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ پێكهاته‌ى (خلقت) جیاوازى كه‌سه‌كان بگره‌ كاریگه‌رییه‌ ده‌روونى و جیاوازى كولتوورى و سلوكى بۆ هه‌ریه‌ك له‌و تاكانه‌ دروست كردووه‌. 

له‌م رووه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ندان پێكهاته‌ی ناوچه‌یی (سۆرانى، بادینى، هه‌وارمى) به‌ تایبه‌ت له‌ رووى زمانه‌وانییه‌وه‌ كه‌ جیاوازییان به‌ روونى دیاره‌، به‌ هه‌موویانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیان پێك هێناوه‌، ئایا جیاوازى زمانه‌وانى و زاره‌كان كاریگه‌رى له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ى جیاوازى كولتوورى هه‌یه‌؟ 

ئایا جیاوازى شار و و پارێزگا ئه‌و جیاوازییه‌ دروست ده‌كات كه‌ وه‌ك كولتوورى جیاواز تێڕوانینمان بۆ یه‌كتر هه‌بێت؟ یا ئایا له‌ناو ره‌سه‌نایه‌تى میله‌تى كورددا جیاوازى كولتوورى بوونى هه‌یه‌؟ تا ئه‌وه‌ى جیاوازى شار و شوێن جیاوازى كولتووریمان بۆ دروست بكه‌ن؟ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ هزروانان و لۆجیكمه‌ندان وه‌ڵامه‌كه‌ى نه‌خێره‌، به‌و واتایه‌ى لۆجیك بڕیار بدات نه‌ك حه‌ز و مه‌رام. 

ئایا له‌ناو كولتوورى نه‌ته‌وه‌ییدا پارت و رێكخراوه‌كان له‌ كوێى كایه‌ی نه‌ته‌وه‌یین؟ كامه‌ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسیى له‌پێناو نه‌ته‌وه‌دا هێز و و ئیراده‌ى خۆى خستووه‌ته‌ گه‌ڕ؟ نموونه‌ى حزبی سیاسى ئه‌مڕۆى ئێمه‌ له‌ باشوور له‌ كوێى كولتوورى نه‌ته‌وه‌یین؟ ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقیاتی نه‌ته‌وه‌یى كۆك و یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌؟ به‌ جۆرێكى تر ئایا رێگه‌ پێدراوه‌ حزبگه‌لێك بوونیان هه‌بێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى حزبى پێش به‌رژه‌وه‌ندى میلى یا نه‌ته‌وه‌یى بخه‌ن؟ بێگومانم له‌وه‌ى كه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین كه‌ نه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌ییبوونمان له‌ سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌یه‌.

پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ له‌مه‌دایه‌ ئایا له‌ كوێی به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ییدایه‌ كه‌ هه‌ولێر له‌ دهۆك و سلێمانى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان له‌ كوێستان جیاواز بێت؟ كامه‌ كولتوور و كام فه‌رهه‌نگ رێ به‌مه‌ ده‌دات و ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌بێت له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت؟ میله‌ت چۆن رێ ده‌دات یاریى و مه‌یلبازى به‌ هه‌شت و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و خستن و به‌رزكردنه‌وه‌ى مه‌یلیان بدرێت. ئایا له‌م رۆژگارانه‌دا بیركردنه‌وه‌كانمان وه‌ك بنجى بیركردنه‌وه‌ى ره‌سه‌ن وه‌ك خۆى له‌پێناو خزمه‌تكردن خراوه‌ته‌ ڕوو، یا سه‌ربه‌ستى له‌ بیركردنه‌وه‌ماندا هه‌یه‌؟ یاخۆ به‌رژه‌وه‌ندى حزبى بووه‌ به‌ میراتگر و شوێنى هه‌موو لایه‌نه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ جیاتى هه‌مووان بیریان بۆ داده‌ڕێژن و ته‌نانه‌ت بڕیاریش ده‌ده‌ن.

به‌ كورتی، ئه‌م كولتووره‌ له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ كه‌ تۆ ده‌بێت له‌ كام شار بژیت، ده‌بێت وه‌ك ئه‌و شوێنه‌ بیر بكه‌یته‌وه‌ و وه‌ك مه‌رجێك به‌سه‌رتدا ده‌سه‌پێنن وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ نێوان شاره‌كانى ئێمه‌دا به‌دى ده‌كه‌ین كه‌ مه‌رجه‌ ئه‌وه‌ى له‌ سلێمانى بژی، ده‌بێت وه‌ك "گۆڕان" بیر بكاته‌وه‌ و ئه‌وه‌یشى له‌ هه‌ولێره‌ ده‌بێت وه‌ك "پارتى" بیر بكاته‌وه‌، یا لێره‌ دژى "پارتى"به‌ و له‌ولاش دژى "گۆڕان". چ عه‌جیب نه‌ته‌وه‌یه‌كین؟ له‌ كوێى كولتوورماندا هاتووه‌ سیاسه‌ت پێش نه‌ته‌وه‌ بێت، گه‌لانى خاوه‌ن ئه‌زموون به‌ نموونه‌ كام ده‌وڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندى سیاسی خستووه‌ته‌ پێش كولتووره‌كه‌یه‌وه‌. 

هه‌زار جار به‌ داخه‌وه‌ كه‌ هه‌موو شتێكمان ته‌نیا له‌ سیاسه‌تدا كۆ كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت په‌رستشه‌كانیشمان، وه‌ڵامى هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ش به‌ كورتى ته‌نیا له‌ ڕێى فه‌رهه‌نگه‌وه‌ ده‌بێت. 

AM:10:08:02/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 581 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌