جووه‌ ترسنۆكه‌كان و..
كورده‌ ئازاكان!..


مقداد شاسوارى

له‌وه‌ته‌ى من هه‌م و زۆر به‌ر له‌وه‌یش من هه‌بم، دوو ئیدیۆم یان دوو گوته‌ى سه‌رزاران گوێبیست ده‌بین. یه‌كه‌میان (ترسنۆكیی جووه‌كانه‌) و دووه‌میان (ئازایه‌تى كورده‌).

له‌ كۆنه‌وه‌ ڕا هاتووه‌ به‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شتێك، ته‌نانه‌ت له‌ سێبه‌رى خۆیان ده‌ترسن ده‌ڵێن "هێنده‌ ترسنۆكه‌ ده‌ڵێی جووى فه‌له‌ستینه‌". ئه‌م ترسنۆكییه‌ بۆ له‌ناو كورددا نووساوه‌ به‌ جووه‌كانه‌وه‌،  نازانم. له‌ به‌رانبه‌ریشدا رۆژهه‌ڵاتناسان و توێژه‌ر و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌ بیانییه‌كانى له‌سه‌ر كورد نووسیویانه‌، ئێمه‌یان له‌ ئازایه‌تى و بوێریدا به‌ شێر و گورگ و پڵینگ چواندووه‌ و هێنده‌یش ئه‌وه‌مان به‌رگوێ كه‌وتووه‌ به‌ته‌واوى باوه‌ڕمان به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ ئێمه‌ى كورد له‌ ئازایه‌تى و به‌ جه‌رگى و نه‌ترسیدا له‌ گورگ و شێر و پڵینگ ده‌چین.

كه‌چی ئێسته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر شه‌نوكه‌وێكى ورد، ده‌بینین پێچه‌وانه‌كه‌ى راسته‌. ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ "جووه‌ ترسنۆكه‌كان" به‌ زه‌بری هێز و ئیراده‌ى ئاسنین و متمانه‌ به‌خۆبوون و یه‌كبوون و ئازایه‌تى و چاونه‌ترسییان ده‌وڵه‌تێكى هێنده‌ تۆكمه‌ و خۆڕاگریان بنیات ناوه‌، بووه‌ته‌ قه‌ڵایه‌كى سه‌رسه‌خت و نه‌ك هه‌ر 22 وڵاتى پڕچه‌ك و دڕ و خاوه‌ن سوپاى به‌هێزی عه‌ره‌بی، بگره‌ هه‌موو وڵاتانی ئیسلامی زاتى ئه‌وه‌ ناكه‌ن توخنى ئه‌و قه‌ڵایه‌ بكه‌ون، هه‌ر هه‌مووشیان ژێر به‌ژێر و ئاشكرا هه‌وڵى به‌ستنى باشترین پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلدا ده‌ده‌ن.

به‌ڵام ئێمه‌ى ئازا و به‌جه‌رگ و دلێر، هێنده‌ی گۆڕستانێكى گه‌وره‌ و پان و به‌رین لاشه‌ى شۆڕشه‌ شكستخواردووه‌كانمان ژێر خاك كردووه‌ و ناشتوومانن و ئێسته‌یش نه‌ك هه‌ر نه‌بووین به‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت، له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌رزۆك و بێ نرخ و شكستخواردووه‌كانى عه‌ره‌بی به‌غدا ده‌پاڕێینه‌وه‌ ته‌نیا ئیزن بفه‌رموون له‌گه‌ڵیان دابنیشین و تكایان لێ بكه‌ین مووچه‌ و بودجه‌مان بۆ بنێرن تا نه‌مرین له‌ برسان. ئێران و تورك و عه‌ره‌به‌كان فۆبیا و ترسی ئه‌وه‌یان لێ نیشتووه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ نیازه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئیسرائیلی دووه‌م دروست بكات. به‌ڵام ئه‌و ئاماژه‌ خۆڵه‌مێشییانه‌ى هیچ نه‌بێ له‌لایه‌ن نیوه‌ی "كوردانى عێراقی"یه‌وه‌ ده‌بینرێ، ئاخونده‌ دۆسته‌كانمان و سوڵتانه‌ توركه‌ ئامۆزاكانمان و برا عه‌ره‌به‌كانمان به‌ ته‌واوى دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كورد نه‌ ئێسته‌ و نه‌ دواى قۆناغێكى تری 100 ساڵه‌ى سایكس بیكۆ، نه‌ نیازى به‌ ده‌وڵه‌تبوونى هه‌یه‌ و نه‌ له‌ توانا و بیركردنه‌وه‌ و پلانیدایه‌ ببێت به‌ ئیسرائیلی دووه‌م له‌ ناوچه‌كه‌دا، مه‌یلێكى ره‌نگاڵه‌یی سه‌وز و مۆر و پرته‌قاڵیشی هه‌یه‌ كه‌ ئێسته‌ و بۆ هه‌میشه‌ پاشكۆیه‌كى زه‌لیلی عه‌ره‌ب بێت. له‌ عه‌ره‌بانیش پاشكۆى عێراقێك بێت كه‌ له‌ بۆگه‌نیدا به‌ گووفه‌كى عه‌ره‌بان ناسراوه‌.

*ئێوه‌ قه‌ت بیستووتانه‌ "جووه‌ ترسنۆكه‌كان" هێنده‌ له‌ هه‌موو رژێمه‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان بترسن، هێنده‌ى "ئێمه‌ی ئازا" له‌ عێراقێكى په‌رپووت و داڕماو كه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى دنیادا كه‌س حسێبی مێشووله‌یه‌كى بۆ ناكات، ده‌ترسین؟

* ئێوه‌ قه‌ت بیستووتانه‌ یه‌كێك له‌و هه‌موو حزبه‌ى له‌ ئیسرائیلدا هه‌یه‌ سه‌ریان نابێته‌ ئاخوڕى دوژمنیانه‌وه‌ و له‌سه‌ر حسێبی ئه‌وان بله‌وه‌ڕێن و ناپاكیی له‌ گه‌ل و نیشتمانی خۆیان بكه‌ن؟

* ئێوه‌ قه‌ت به‌رگوێتان كه‌وتووه‌ به‌شێك له‌ وڵاتى ئیسرائیل پشت له‌ هه‌موو به‌های نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی خۆیان بكه‌ن و نه‌ك ژێر به‌ژێر، به‌ ئاشكرا خۆیان له‌ جه‌سته‌ى گه‌ل و وڵات داببڕێنن و هه‌موو سه‌روه‌ریی خۆیان راده‌ستى دوژمنه‌كانیان بكه‌ن تا ئه‌وانیش به‌ ئاره‌زووى مه‌رامه‌ گڵاوه‌كانیان هه‌ڵیانسووڕێنن و بیانكه‌ن به‌ بووكه‌ڵه‌ى ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و گڕتێبه‌ردانى وڵاتى خۆیان.

* قه‌ت بیستووتانه‌ نیوه‌ى ئیسرائیل به‌ نووسه‌ر و رۆشنبیر و كه‌ناڵى فه‌زایی و شرۆڤه‌كار و چاودێری سیاسی، شه‌و و رۆژ به‌سه‌ر خاكى نیشتمانه‌كه‌ى خۆیاندا بڕشێنه‌وه‌؟

* قه‌ت زانیوتانه‌ بێجگه‌ له‌ كاته‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ ئیسرائیلدا حزبگه‌لێك هه‌بن به‌ ئاره‌زووى خۆیان ده‌ستى دوژمنه‌كانیان رابكێشن و فه‌رمووى داگیركارییان لێ بكه‌ن؟

* "ئه‌وانى ترسنۆك" له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر مووشه‌كێكى مقه‌بایی، نیوه‌ى وڵاتێكى عه‌ره‌بی وێران ده‌كه‌ن.

* "ئه‌وانى ترسنۆك" له‌ به‌رانبه‌ر ئازادكردنى سه‌ربازێكى به‌دیلگیراویان زیاتر له‌ هه‌زار زیندانیكراوى دوژمنه‌كه‌یان به‌ڕه‌ڵا ده‌كه‌ن و به‌ دنیا ده‌ڵێن یه‌ك سه‌ربازى ئێمه‌ زیاتر له‌ هه‌زار دیلی دوژمنه‌كه‌مان به‌نرخه‌. كه‌چی ئێمه‌ى ئازا، پاسه‌وانى سه‌رۆك كۆماره‌ كورده‌كه‌مان به‌دیل ده‌گیرێ، ناوێرین هه‌ر باسیشی بكه‌ین نه‌ك هه‌وڵى ئازادكردنیان بده‌ین.

ئیسرائیلییه‌كان به‌یانیان ته‌نیا سپێنه‌ى هێلكه‌ له‌سه‌ر خوانى منداڵه‌كانیان داده‌نێن و پێیان ده‌ڵێن زه‌ردێنه‌ خۆشه‌كه‌ى هێلكه‌كه‌تان عه‌ره‌به‌كان بردیان و خواردیان. به‌مشێوه‌یه‌ رقێكى ئه‌ستوور له‌ دڵى نه‌وه‌كانیاندا به‌رانبه‌ر به‌ دوژمنه‌ عه‌ره‌به‌كانیان ده‌چێنن و دواتر ئه‌و كچ و كوڕه‌ جه‌ربه‌زه‌ و ئازایانه‌یان لێ ده‌رده‌چێ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب ته‌نیا په‌نجه‌یان بۆ درێژ بكات، نیوه‌ى وڵاته‌كه‌یان خاپوور ده‌كه‌ن. كه‌چی ئێمه‌ى "كوردانى عێراقی" ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سفره‌ى به‌یانیان منداڵه‌كانمان داواى هێلكه‌ بكه‌ن، پێیان ده‌ڵێین "حكوومه‌تى هه‌رێم مووچه‌مان ناداتێ..

بوه‌ستن هه‌تا مامه‌ عه‌بادى مووچه‌مان بۆ بنێرێ، ئه‌وسا هێلكه‌تان بۆ ده‌كه‌ینه‌ رۆنه‌وه‌" و به‌مشێوه‌یه‌ نه‌فره‌تى ده‌سه‌ڵاتى خۆمان و خۆشه‌ویستى عه‌ره‌ب له‌ عێراق له‌ دڵى منداڵه‌كانمان ده‌چێنین و دواجار نه‌وه‌یه‌ك پێڕا ده‌گات هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ى ته‌نانه‌ت پرسیش به‌ كه‌س بكات، ده‌چێته‌ به‌غدا و ده‌ناورێته‌وه‌ و ده‌كڕووزێته‌وه‌ و به‌شێك له‌ خاكى نیشتمانه‌كه‌ى به‌ شار و قودس و دێهات و ئارامگه‌ى شه‌هیدانیه‌وه‌ ده‌فرۆشێت و دێته‌وه‌ قیت و قۆز له‌سه‌ر شاشه‌ى فه‌زایییه‌كاندا موژده‌ى ناردنى مووچه‌ به‌ هاووڵاتییانى راده‌گه‌یه‌نێ و قیسكه‌ى سمێڵی دێ و شه‌رمیش له‌ كه‌س ناكات، كه‌سیش له‌وانه‌ى دایمه‌ن داكۆكى له‌ شه‌فافیه‌ت ده‌كه‌ن، ناپرسێ ئاخۆ خاكى نیشتمانیان مه‌ترى به‌چه‌ند فرۆشتووه‌! 
* با كورد بین.. به‌ڵام ئیقتیدا به‌ ئیسرائیل بكه‌ین...

PM:12:27:31/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌