ژیڤان به‌كر
چه‌ند ڕۆژه له سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی (پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب)وه خۆم مه‌ڵاس داوه، سه‌یری ئه‌وانه ده‌كه‌م كه وێنه و نووسینه‌كانیان له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. زۆریان به هه‌ڵه ده‌نووسن "پێشانگا" یان "نێوده‌وڵه‌تی" به یه‌ك ده‌نگ و نیگاری (یێ، یا)؛ ئێجا ئه‌م هه‌ڵه‌یه چه‌ندان نووسه‌ری به ئه‌زموون پاته‌یان كردووه‌ته‌وه، نووسه‌ری زۆر "موهیم!"
خوێنه‌رانی به‌ڕێز، په‌یڤی "پێشانگا" دووجار هه‌ڵه‌یه، یه‌كه‌م، وشه‌كه له چاوگی "پیشاندان"ه‌وه دروست بووه، نه‌ك "پێشاندان"؛ چونكه واژه‌ی "پیشاندان" به واتای خستنه‌ڕوو یان "عرض"ی عاره‌وی دێت. وه‌لێ په‌یڤی "پێشاندان" به واتای "عرض"ی عه‌ره‌بی و "Show"ی ئینگلیزی نایه‌ت، به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه و وشه‌ی ئاوها له زوانی كوردیدا نییه، واژه‌ی "پێشان" به واتای "من زمان"ی عاره‌بی و "a long time ago"ی ئینگلیزی دێت. كه‌واته "پێشانگا" هه‌ڵه‌یه.
دووه‌م، له زوانی كوردیدا پاشگری "گه"مان هه‌یه، ئه‌م پاشگره به بۆچوونی زۆر له زوانزان و زوانناسان، كوردییه و پاشگری "گا" كه له "گاه"ی فارسییه‌وه هاتووه (دانشگاه)، كوردی نییه و فارسییه. جگه له‌وه‌ی گوزاره‌ی "گا" ناوی ئاژه‌ڵێكه. ئه‌زیش هاوڕایانم. بۆ وێنه مامۆستا به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب قه‌ت پاشگری "گا" به‌كار نابات. ئه‌وڕه‌حمانی حاجی له كتێبی ڕێزمانی كوردی به‌رگی یه‌كه‌می (وشه‌سازی)دا ده‌نووسێت: (پاشگری گا، گه) دوو پاشگری له یه‌ك جیا نین و هه‌ردووكیان هه‌مان واتا ده‌ده‌ن به وشه و ده‌چنه سه‌ر ناو و هه‌ندێ جاریش ده‌چنه سه‌ر هه‌ندێ به‌شه و ئاخاوتنی تر وه‌ك (كۆگا، كارگه، ده‌زگا، ڕێگه). به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو وشه‌كان به پاشگری "گه" بنووسرێن، هیچ كێشه دروست نابێ و له‌سه‌ر زمان به‌ڵكه خۆشتریشن، ئاسانتر گۆ ده‌كرێن.
پاشگری "گه" پاشگرێكی چالاكه و ده‌چێته سه‌ر ناو، هێندێ باریش ده‌چێته سه‌ر به‌شه‌كانی ئاخافتن، بۆ وێنه: ده‌چێته سه‌ر ناوی ساده و (جێگه و شوێن) پیشان ده‌دات، میناك: (ژوانگه، ئارامگه). ده‌چێته سه‌ر ڕه‌گی كار و ناوی شوێن دروست ده‌كات، وه‌ك: (پرسگه، ڕوانگه). ده‌چێته سه‌ر چاوگ و ناوی شوێن دروست ده‌كات، چه‌شنی: (خواردنگه، نووسینگه، خوێندنگه). ده‌چێته سه‌ر ناوی ساده و ناوێكی داڕێژراو (به واتای شوێن بێت) چێ ده‌كات، وه‌ك: (دادگه، یاریگه، تۆمارگه). ئه‌م نموونانه‌ی سه‌ره‌وه هیچ كێشه‌یه‌كیان له ڕووی وشه‌سازی و ڕیشه‌ناسی (مۆڕفۆلۆجی)یه‌وه نییه، ئایا خواستنی پاشگر و ئامرازی زمانانی بیانی، زوانه‌كه‌مان كرێت ناكات، تێك نادات؟ بێگومان ئه‌رێ، كورد ده‌ڵێ: گۆشتی ڕانی خۆم ده‌كه‌م به كه‌باب، قه‌ت هه‌ڵناگرم منه‌تی قه‌ساب!
وه‌ك له سه‌ره‌وه ڕوونم كرده‌وه، وشه‌ی "پێشاندان" و پاشگری "گا" هه‌ڵه و بیانین، ئه‌و وشانه‌ی له فه‌رهه‌نگه‌كانیشدا كاتی خۆی نووسراونه‌ته‌وه، له‌ژێر كاریگه‌ریی زوانی فارسی نووسراونه‌ته‌وه، ده‌نا پاشگری "گا" به ته‌واوی باوه‌ڕ و به‌دواداچوونه‌وه ده‌ڵێم كوردی نییه.
ئه‌م پاشگری "گا"یه هه‌ر له‌گه‌ڵ لچولێوی كورد نایه‌ته‌وه، بێنه به‌رچاوت عاره‌بێ به كوردی قسه ده‌كات، چه‌ند كرێت ئه‌و ده‌نگانه‌ی له زوانه‌كه‌یدا نییه، گۆ ده‌كات. یان هێندێ كه‌س له خۆیانه‌وه وه‌ك كۆلكه مه‌لایان، فتوا له‌سه‌ر زوانه‌كه‌مان (به‌بێ زانیاری) ده‌ده‌ن؛ ده‌ڵێن پاشگری "گه و گا" بۆ شوێنن، پاشگری "گه" بۆ شوێنی بچووك و "گا" بۆ شوێنی گه‌وره ده‌نووسرێت، قسه‌ی پووچ و جێی پێكه‌نینه. وه‌ك ئه‌وانه‌ی باسم كرد هه‌ڵه‌یه و هیچ پیوه‌ندی به گه‌وره‌یی و بچووكییه‌وه نییه. كه‌واته په‌یڤی "پێشانگا" هه‌ڵه‌یه و وشه‌ی "پیشانگه" دروسته.
وه‌ك له دێره‌وه له ڕووی ڕیشه‌یی وشه‌كه‌وه زانراوه، كاتی خۆی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێ كۆ ده‌بوونه‌وه، پیشه‌كانی خۆیان (پیشان)ی بینه‌ران ده‌دا، ئه‌م پرۆسه‌یه له سه‌رده‌می مه‌لیكه‌كانی عێراق له هه‌ولێر و به‌غدا ساز دراوه. هه‌رچی دارتاش و ئاسنگه‌ر و چی و چی هه‌بوون، پیشه‌ی خۆیان له هۆڵێكی گه‌وره پیشانی بینه‌ران ده‌دا. كه‌واته باشتر بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه وشه‌ی "پیشانگه" دروسته، نه‌ك "پێشانگا"، ئه‌وه‌ی گه‌وره نووسه‌رانی كورد ده‌ینووسن "پێشانگا" نه‌ك "پێشان" ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه ڕوونم كرده‌وه!
مخابن هه‌موو ساڵێك له سه‌روبه‌ندی كردنه‌وه‌ی پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب، ئێمه ده‌بێ ئه‌و قه‌وانه لێ بده‌ینه‌وه. هه‌موو ساڵێ ده‌بێ هاوار بكه‌ین، ئه‌ی هاوار "پێشانگا" هه‌ڵه‌یه، "نێوده‌وڵه‌تی" به یه‌ك "یێ، یا" نانووسرێ و هه‌ڵه‌یه؛ مخابن بێ ماخۆین و خه‌می هیچ ناخۆین. له‌باره‌ی په‌یڤی "نێوده‌وڵه‌تی"، ئه‌م وشه‌یه له بنه‌چه‌دا به ده‌نگ و نیگاری /ی/ دووماهی دێت، واته ئه‌گه‌ر بیخه‌ینه پاڵ هه‌ولێر، گه‌ره‌كه ده‌نگ و نیگارێكی تری "یێ، یا"ی بۆ زیاد بكه‌ین. به كوردی و كورتی "پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب" راسته و بڕایه‌وه.