ئه‌م پرسه‌ی سه‌ره‌وه كۆمه‌ڵێ سه‌رنج له‌خۆ ده‌گرێت كه به‌شێكی كه‌می خوێنه‌ران په‌ی پێ ده‌به‌ن و ئاگه‌دارن (بۆچی كتێبی هێندێ دوكان به‌ناوی ده‌زگه‌وه چاپ ده‌كرێ) و هه‌رزانفرۆشی ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی ئاگه‌داری ئه‌م راستییه‌ن، یان كتێبیان چاپ كردووه، یان كتێبفرۆشن، یان شتێ له‌باره‌ی چاپه‌مه‌نییه‌وه ده‌زانن. پرسی (بۆچی هێندێ كتێبفرۆش به‌ناوی ده‌زگه و ناوه‌نده‌وه كتێب چاپ ده‌كه‌ن، به دڵی خۆیان نرخی له‌سه‌ر داده‌نێن و ده‌یفرۆشن؟) یان (بۆچی كتێبی هێندێ ده‌زگه، له‌چاو ده‌زگه‌كانی تر نرخیان گرانتره؟) ده‌یان پرسی ترن هه‌ن، پێویسته خوێنه‌ر بگاته وه‌ڵامی ئه‌و راستییه‌ی كه دروسته، نه‌ك وه‌ڵامی راستیی درۆینه. له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه، چه‌ند سه‌رنج و به‌راوردێك ده‌خه‌مه ڕوو:
-پێش هه‌موو شتێك، پێویسته ئێمه بزانین له ڕووی شوێن و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه، به‌ڕێوه‌بردنی دوكانێك له به‌ڕێوه‌بردنی ناوه‌ندێك یان ده‌زگه‌یه‌ك زۆر ئاسانتره؛ چونكی تێچووی دوكانێكی سێ به چوار، كه‌متره له ده‌زگه‌یه‌ك، كه باڵاخانه‌یه‌ك به كرێ بگرێت و كرێی (باڵاخانه، كاره‌با، كرێكار، گواستنه‌وه و گه‌یاندن، تاد...) بدات، دوكانێكیش به یه‌ك كه‌س به‌ڕێوه ببرێت و هه‌موو تێچووی هه‌موو شتی كه‌متره. بێگومان ئه‌م به‌راورده بۆ یه‌ك كیلۆ ته‌ماته‌یش دروسته، كیلۆی ته‌ماته له دوكانێكدا گرانتره له‌وه‌ی له‌سه‌ر مێزێكی سه‌ر شه‌قام یان دووچه‌رخه‌یه‌ك (عاره‌بانه) دانرابێت، هه‌مووشمان ده‌زانین دوكانه‌كه ته‌ماته‌یه‌ك دێنێ جوانتر بێت، تا بتوانێت له قازانجی نرخه‌كه‌ی، تێچووی پڕۆژه‌كه‌ی پێ پڕ بكاته‌وه؛ به‌ڵام كابرای له‌سه‌ر مێزێك دایناوه، هیچ كرێ و باجێكی له‌سه‌ر نییه، به‌دڵی خۆی ده‌یفرۆشێت.
-چاپكردنی كتێب كۆمه‌ڵێ مه‌رج و ئه‌ركی هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌و دوكانه‌ی كتێب چاپ ده‌كات، پاره‌ی تێدا خه‌رج ناكات، چونكی له‌ده‌می ئاماده‌كردنییه‌وه پاره‌ی تێ ده‌چێ تا چاپ ده‌بێ و بڵاو ده‌بێته‌وه، بڵاوبوونه‌وه‌یشی پاره‌ی ده‌وێ. چاپكردنی كتیب به‌م قۆناغانه‌دا تێ ده‌په‌ڕێت (ئه‌گه‌ر نووسین بێت): (تاییپ، هه‌ڵه‌چنی، دیزاینی ناوه‌وه، دیزاینی به‌رگ، چاپخانه، گواستنه‌وه‌ی بۆ ناوه‌ند، دابه‌شكردن) ئینجا ده‌گاته ده‌ستی خوێنه‌ران. ئه‌مانه‌ی ناو كه‌وانه هه‌مووی پاره‌ی تێ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر نووسینه‌كه تاییپ نه‌كرابێ، پێویسته تاییپ بكرێت، هه‌ڵه‌چن ده‌كرێت، دیزاینه‌ر شێوه‌ی ناوه‌وه‌ی ڕێك ده‌خات، ئه‌گه‌ر به‌رگه‌كه تابلۆیه‌كی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندێكی له‌سه‌ر بێت ئه‌وه‌یش پاره‌ی زێتری تێده‌چێت، چونكه ده‌بێ پاره‌ی تابلۆ هونه‌رییه‌كه‌یش به هونه‌رمه‌نده‌كه بده‌یت، له سه‌رنجێكی تر باسی چۆنێتی چاپكردن ده‌كه‌م، گواستنه‌وه و گه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌یش (دابه‌شكردن) هه‌مانشێوه پاره‌ی تێده‌چێت. به‌ڵام دوكانێك به چه‌ند هه‌رزه‌كارێكه‌وه ئه‌م ئیشه گرنگانه ڕاپه‌ڕێنێ، كه ئامانجی هه‌رزه‌كان ئه‌وه‌یه ناویان بچێته سه‌ر به‌رگی كتێب، هیچ له ئاست ئه‌م به‌رپرسیارییه‌تییه نه‌بن، چۆن له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌یه‌ك وه‌ك یه‌كه كه ئه‌و ورده‌كارییانه هه‌مووی به باشترین كه‌سانی پسپۆڕ و شێوه به‌ڕێوه ده‌بات؟
-كێشه گه‌وره‌كه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كاتێ ده‌ته‌وێ كتێبێك چاپ بكه‌یت، وه‌ك گوتم پێویسته (تاییپ و هه‌ڵچنی و دییزایینی ناوه‌وه و به‌رگی كرابێت) ئێجا له‌بۆ چاپكردنێی بنێریت. هه‌ر پشتگوێخستنێ یان هه‌ڵه‌یه‌ك له‌م سێ چوار قۆناغه‌دا، به كه‌موكوڕی دێته ژماردن و شایه‌نی ڕه‌خنه‌ی تونده، چونكی چاپكردنی كتێب كارێكی ڕژده، ده‌بێ نووسه‌ر و ده‌زگه‌ی بڵاڤۆك به‌جوانترین شێوه ئیشی تێدا بكه‌ن و ماندوو ببن. قۆناغه‌كانی ئاماده‌كردنی كتێب بۆ چاپخانه هه‌ریه‌كی ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت، باشترین كتێب ئه‌و كتێبه‌یه، كه پسپۆڕانی بواره‌كان ئاماده‌ی ده‌كه‌ن، واتا (تایپێست، هه‌ڵه‌چن، دیزاینه‌ر...). به‌ڵام ئه‌گه‌ر چوار كه‌سی نه‌شاره‌زا ئاماده‌ی بكه‌ن و پاره‌یان نه‌وێ، وه‌ك گوتم ته‌نیا مه‌به‌ستیان ئه‌وه بێت، كه ناویان بچێته سه‌ر به‌رگی كتێب، بێگومان كتێبه‌كه بێسه‌روبه‌ر و هه‌رزانیش ده‌كه‌وێ. له‌لایه‌كی تر، ده‌زگه‌یه‌كی به‌ناوبانگ هه‌ڵه‌چن و دیزاینه‌ری خۆی هه‌یه، پاره به به‌رهه‌می نووسه‌ر ده‌دات، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ورده‌كارییه‌ی باسمان كرد، پێویسته ڕه‌چاوی نرخی كتێبیش بكات. واتا دوكانداره‌كه له چاوی ئه‌و خوێنه‌ره‌ی هیچ شاره‌زای كتێب نییه، بێگومان نرخی كتێبی دوكانه‌كه له ده‌زگه‌كه هه‌رزانتر و باشتره، به‌ڵام راستیه‌كه ئه‌وه‌یه، له هێندێ وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتیدا، كتێب سووك كراوه، هه‌ق به ئاماده‌كار و نووسه‌ر نادرێت، بۆیه كتێبی دوكانداره‌كه نرخی هه‌رزانتره.
-له كاتی ناردنی كتێب بۆ چاپخانه‌دا، پێویسته سه‌ره‌تا له‌سه‌ر جۆری لاپه‌ڕه و قه‌باره‌ی لاپه‌ڕه و درێژی و پانی لاپه‌ڕه له‌گه‌ڵ چاپخانه ڕێك بكه‌ویت، چونكه به‌پێی ئه‌م هۆكارانه نرخی چاپكردنی كتێبه‌كه ده‌گۆڕێت. ده‌زگه‌ی به‌ناوبانگ و به‌ئه‌زموون، حیسابی ئه‌و كه‌تیره‌یه‌یش ده‌كات كه لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كانی پێ ده‌به‌سترێنه‌وه؛ به‌ڵام دوكاندار بۆ ئه‌وه‌ی به خوێنه‌ران بڵێ نرخی كتێبی من هه‌رزانتره، ئه‌و ده‌زگایانه قۆڵبڕن، داوای خراپترین جۆری لاپه‌ڕه و پێكهاته‌كانی كتێب ده‌كات، چونكی هه‌رزانن و نرخه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌م ده‌وه‌ستێت، بۆیه كتێبێك له ده‌زگه‌كان به سێ هه‌زار بێت، ئه‌و به نیوه‌ی نرخی ده‌دات، چونكه پاره‌ی به‌رهه‌می نووسه‌ری نه‌داوه و به خراپترین شێوه چاپی كردووه!
-له ڕووی وه‌رگێڕانیشه‌وه هه‌مان شته، ده‌زگه پاره به وه‌رگێڕ ده‌دات (به دیاریكراوی)، به‌ڵام دوكاندار وه‌رگێڕانی كه‌سێكی به ئه‌زموون چاپ ناكات، چونكه ده‌زانێ ده‌بێ پاره‌ی ماندووبوونی وه‌رگێڕ بدات، ده‌چی وه‌رگێڕانی هه‌رزه‌كارێك چاپ ده‌كات، دواتر له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی وه‌رگێڕه به‌ئه‌زموونه‌كان به‌راوردی ده‌كات و به‌ڵكه وه‌رگێڕانی هه‌رزه‌كه‌ی كه خۆی كتێبی بۆ چاپ كردووه، ده‌یهێنێته ئاست ئه‌زموونی كه‌سێكی وه‌ك عه‌زیز گه‌ردی یان وه‌رگێڕه به‌ئه‌زموونه‌كانی تر!
-كتێبفرۆشه دوكانداره‌كان، هه‌رده‌م ئه‌و كتێبانه به وه‌رگێڕه هه‌رزه‌كانیان وه‌رده‌گێڕن كه ده‌زگه‌كان به‌ناوبانگیان كردوون، یان ئه‌وان مافی وه‌رگێڕانیان له نووسه‌ری كتێبه‌كه كڕیوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یش پێچه‌وانه‌ی ئه‌خلاقی مرۆڤ و بازرگانییه. جگه له‌وه‌یش به تیراژی زۆر چاپی ده‌كه‌ن، تا نرخی كتێبه‌كه هه‌رزانتر له‌سه‌ریان بوه‌ستێ، چونكی تا تیراژی كتێب زۆرتر بێت، نرخی یه‌ك دانه كه‌متر ده‌وه‌ستێت. ڕه‌نگه بپرسن ئه‌دی بۆچی ده‌زگه‌كانیش وا ناكه‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه، چونكه ڕێككه‌وتنی نێوان ده‌زگه و نووسه‌ر له‌سه‌ر ژماره‌ی تیراژدا، ڕێككه‌وتنه له‌سه‌ر هه‌زار دانه، چه‌ند هه‌زار زێتر چاپ بكات، پێویسته هێنده زیاتر پاره‌ی چاپ و نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و به‌بازاڕكردن بدات... ده‌ی ئه‌وه‌یش كێشه‌ی دارایی بۆ ده‌زگه دروست ده‌كات، چونكی ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ر كتێبێك به تیراژی زۆر چاپ بكات، ڕه‌نگه نه‌توانێ ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و هه‌موو ناونیشانه بێت! بێشك سه‌رمایه‌ی ده‌زگه‌كانی كوردستان (تایبه‌ت ده‌زگه‌ی كه‌سی و سه‌ربه‌خۆ) سنووردارن.
-ئه‌و ده‌زگایانه‌ی سه‌ربه‌خۆن، زۆر جار ده‌بیسترێ گله‌یی ئه‌وه ده‌كرێت كه كتێبفرۆش هه‌یه له لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه هاوكاری ده‌كرێت، تا له ده‌زگه‌ی سه‌ربه‌خۆ بده‌ن و له‌ناویان ببه‌ن. به‌ڵێ بنووسی ئه‌م دێڕانه ئاگه‌داره كه كتێبفرۆش هه‌یه، له لایه‌ن حزب و كه‌سی ده‌ستڕۆیشتووی ناو حزب یارمه‌تی ده‌درێت، تا له ده‌زگه سه‌ربه‌خۆكان بدرێت و ئه‌و كتێبانه‌ی چاپ ده‌كه‌ن، كه حزب و لایه‌ن كۆمه‌ڵگه ئاراسته بكه‌ن، نه‌ك ئاوه‌زی ئازاد. ئه‌وه‌یش بۆ فیكر و فه‌رهه‌نگ و ئاگایی تاك ترسناكه، چونكی هه‌ر كتێبێك ده‌سه‌ڵات یان حزبێك مه‌به‌ستی نه‌بێت، چاپ ناكرێت، به‌مه‌یش راستیی ڕووداو و بابه‌ته‌كان دێته شاردنه‌وه!
-راستیی دروست ئه‌وه‌یه، ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی ناووده‌نگی هه‌یه، كتێبێك چاپ ناكات ته‌مه‌نی درێژ نه‌بێت و زۆر نه‌مێنێته‌وه، چونكه ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌مێننه‌وه به جۆرێكی باش (كوالێتی) چاپ ده‌كرێن، له دنیادا كتێب هه‌یه ته‌مه‌نی هه‌زار ساڵه، (به‌ڵام كتێبی ئه‌و كتێبفرۆشانه ده ساڵ نامێنێته‌وه)، یان ده‌زگه به شه‌پڕێوی كتێب چاپ ناكات و بیخاته به‌رده‌م خوێنه‌ر، چونكه ناوبانگی ده‌شێوێ. سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ڕوونكردنه‌وه و به‌راورد و تێبینییانه‌ی سه‌ره‌وه، له زیانی خوێنه‌ره كتێب ته‌مه‌نی كورت بێت، ده‌ی به كوالێتی خراپیش ته‌مه‌نی كورت ده‌بێت، كه‌واته زۆر جار هه‌رزانیی كتێب زیانی خوێنه‌ره، ئه‌وه له ڕووی كوالێته‌وه. له ڕووی گه‌یاندنی زانیاری و چێژی خوێندنه‌وه و زانینه‌وه دیسان هه‌ر خوێنه‌ر زیان ده‌كات، چونكه ده‌زگه به‌م شێوه‌ی سه‌ره‌وه كه گوتم، كتێب چاپ ده‌كات؛ بۆ نموونه كام خوێنه‌ر هه‌یه نه‌زانێ، كتێبه‌كانی ده‌زگه‌ی ئاراس هه‌موویان به كوردییه‌كی ڕه‌وان و ڕێنووسێكی ستاندارد و باشترین كوالێت چاپ كراون؟ هاوكات كتێبفرۆشه دوكانداره‌كان، به په‌ڕپووتی و كوالێتێكی خراپه‌وه كتێب چاپ و وه‌شان ده‌كه‌ن، ڕوونه ئه‌وه‌یش به زیانی دارایی و مه‌عریفی خوێنه‌ر ده‌شكێته‌وه. بۆیه مه‌رج نییه ئه‌و كتێبه‌ی هه‌رزانه به قازانجی خوێنه‌ر بشكێته‌وه، نه‌خێر زیان به مادی و مه‌عنه‌وی خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت. كام خوێنه‌ر زیانی خۆی ده‌خوازێت؟ راستیی درۆینه‌یش ئه‌وه‌یه، له‌ژێر دروشمی هه‌رزانیی كتێبدا، ئامانجی حزبی و بارزگانییت پێ بفرۆشنه‌وه، به گێلیشت تێبگه‌ن!