بۆچی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان یەک ناگرن؟


ژیڤان خۆرانی
ئاشکرایە سێ حزبی سەرەکی ئیسلامیی لە کوردستاندا هەن، ئەوانیش بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامین، بە تەمەنترینیان وەک ڕابەرەکەیان ڕیشی سپی بووبێت، بزووتنەوەی ئیسلامییە، ساڵی ١٩٨٧ لەسەر دەستی مامۆستا مەلا عوسمان و هاوڕێکانی دروست بووە. یەکگرتووی ئیسلامیش ١٩٩٤ سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین و هاوڕێکانی رایانگه‌یاند. وەک ڕوونە کۆمەڵی ئیسلامی و ئەنساڕولئیسلام لە هەناوی بزووتنەوەوە هاتوونەتە دەرەوە، لە ساڵی ٢٠٠١دا عەلی باپیر کۆمەڵی ئیسلامی دروست کرد.

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان/عێراق بزووتنەوەیەکی سیاسی پەروەردەیی جیھادیی ئیسلامییە و لەسەر پێڕەوی ئەھلی سوننەت و جەماعەت، بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامییەکان لە کوردستاندا کار دەکات. لە ساڵی ١٩٨٧دا, لەلایەن کۆمەڵێک پیاوی ئاینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران ڕاگەیانرا. بزووتنەوە یەکەم حزبی ئیسلامیی چەکدارە کە لە کوردستانی عێراق دامەزراوە و بە فەرمی ڕاگەیەنراوە. پێشتر پێوەندی ئیسلامی بە سەرکردایەتی شێخ محەمەد بەرزنجی ھەبووە, لە سەرەتای ھەشتاکان دروست بووە و پاشان چوونەتە ناو بزووتنەوەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ بزووتنەوەی ڕاپەڕین یەکیان گرتووەتەوە و مەلا سدیق سەرکردایەتی دەکرد و بزووتنەوەی یەکبوونیان ڕاگەیاند. بەڵام زۆری نەخایاند ئەم یەکبوونە بوو بەھۆی دابەشبوونی بزووتنەوە بۆ سێ پارتی ئیسلامی. بزووتنەوە وەک حزبی دایک وایە، چونکە زیاتر لە دوو حزبی ئیسلامی ترى لێ دروست بووە وەک کۆمەڵی ئیسلامی بە سەرکردایەتی عەلی باپیر، ئەنساڕولئیسلام بە سەرکردایەتی نەجمەدین ئەحمەد فەرەج (مەلا کرێکار). 

دوای ئەم جیابوونەوانە بزووتنەوە تووشی لاوازییەکی گەورە بوو, پاش ئەم دابەشبوونانە و بڕینی مووچەکەیان لەلایەن یەکێتیی نیشتمانی کوردستان, کە دوو ملیۆن فرانکی سویسری بوو، پاش ڕێککەوتنی ئێران و واژووکردنی ئاگربەستی نێوانیان و ھەروەھا بەپێى ڕێککەوتنەکە بزووتنەوە بە دوو وەزیر بەشداری کا‌بینەی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانییان کرد, پاش ئەم بەشدارییە پارتی دیموکراتی کوردستان دوو وەزیرەکەی بزووتنەوەی لە ئیدارەی ھەولێری ئەوکات تەقاعود کرد, لە ھەڵبژاردنی ٢٥/٠٧/٢٠٠٩ توانیان دوو کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەست بێنن.

ئەم مێژووەی سەرەوە، گەواهیی ئەم کێشە مێژوویییانە دەدات لە نێوان حزبە ئیسلامییەکانی کوردستاندا بوونی هەبووە و دەمێنێت، ئەوان هەر لە بنەڕەت و بنەچەدا یەکیان نەگرتووە، وەک گوتراوە کوردن و حەزیان لە پەرتەوازەیییە، کوردیش بەدرێژایی مێژوو بە دەگمەن سێ چوار سەرۆک هۆز یەکتری گرتووە، پاش ماوەیەکی کەم، لە یەکتر هەڵگەڕاونەتەوە و گورزیان لێک وەشاندووە، پشتی یەکیان چۆڵ کردووە و پشتی یەکیان شکاندووە. ئەوان پاتەبوونەوەی هەمان بابەتن، کوردن.

هاوکات چەندان ڕەوتی بچووکی وەک سەلەفی، سۆفی، دەروێش و چەند کەسایەتییەکی تری سەربەخۆی ئیسلامی، ڕەنگە ئەوانیش بە شێوەیەکی جیاواز، کاریگەرییان لەبان پرسەیلی ڕامیاری کوردستاندا هەبێت. وەلێ تا ئێستەیش هیچ پڕۆژەیەکی هاوبەشیان نەبووە، بەڵکو بە پەرتەوازەیی درێژە بە کارە ڕامیاریی یەکلایەنە دەدەن، جگە لەوەی ئێستەیش دەبینرێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی ئەوەیان نەداوە ئیسلامییەکانی کوردستان، یان بڵێین مسوڵمانی ئەم هەرێمە کۆ بکەنەوە و هەموویان دەنگ بە لیستێک بدەن، ئەمەیش خەوشێکی ئاشکرایە بە تەوێڵی سەرکردەکانیان، ئایا ئەم پەرتەوازەیییە چەندان پرسیار دروست ناکات، ئایا ناکرێ ڕای گشتی بپرسێ بۆچی ئیسلامییەکان یەک لیستیان نییە و بە یەک لیست دانابەزن، یان ئەو هەموو ڕەوتە ئیسلامییە بۆ چییە؟

ڕەنگە حزبە ئیسلامییەکان لە حزبە سیکۆلارەکان زیاتر جەماوەرەکەی خۆیان گەوجاندبێ، چونکی حزبە ئیسلامییەکان بە گشتیی و نەخاسمە حزبەکانی کوردستان، لە ڕێگەی ڕاکێشانی سۆزی ئاینی و کۆمەڵایەتیی و خودا و پێغەمبەرەوە دەنگ بە دەست دێنن. ئەمەیش فێڵێکی گەورەیە لە خەڵکی مسوڵمانی کوردستانی دەکەن، ئەوان تا ئێستە، بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی دروست بوون، نەیانتوانیوە یەکبگرن و لە هەڵبژاردن بە یەک لیست دابەزن، لێرەدا پرسی ئەوە دێتە پێشەوە، ئایا حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرنامە و پڕۆژە و کاریان جودایە، یان بەرژەوەندییە کەسییەکانیان یەک ناگرێتەوە؟

حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لەبری ئەوەی لە ڕوانگەی شەرعەوە یەک بگرن، بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان بە گرنگتر دەزانن، بۆیە هەمیشە پەرتن و قەت مێژوو بە یەکگرتوویی و کۆکی نایاننووسێتەوە. زۆربەی تاکی کورد ئاستی لەوە بەرزترە بەم حزبانە هەڵخەڵەتێ و بڕوایان پێ بکات، کە ئەوانە حزبی ئیسلامین و خزمەت بە دین و خودا دەکەن. ئەگەر حزبایەتی دەکەن، ئەی ئەو پاشگری (ئیسلامی)یە چییە خەڵکی ڕەشۆکی پێ دەخەڵەتێنن، ئەگەر حزبایەتی ناکەن و دینداری دەکەن، فەرموون کەس ڕێی لێ نەگرتوون، ئەگەر بەپێچەوانەوە حزبایەتی بۆ دینی خودا دەکەن، دەبێ وەڵامی ئەو دووفاقییە بدەنەوە، بۆچی سەرکردە و کەسایەتیی ناو حزبە ئیسلامییەکان کاتێ لە حزبەکانیان جودا دەبنەوە، دەچنە پاڵ حزبێکی سیکۆلار (عەلمانی)!

لە سەرێکی ترەوە، هەرزەیەکیش دەزانێت ئەو ڕەوتانە ئاراستەی کۆمەڵایەتییان جیایە، ئاراستەی سیاسییان جیاوازە، تا دەگاتە ئەوەی مەلایەکی یەکگرتوو جۆرە فتوایەک دەدات، کۆمەڵ نەختێ لەو خەستتر، بزووتنەوە لە هەموویان توندترە (فتوا لەبارەی مۆسیقاوە ڕوونترین بابەتە!). لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە، لە مزگەوتەکانی کوردستان، هەر مەلایەک سۆزی بۆ کام حزب هەبێ، قورئان بەو جۆرە دەنگ و شێوازە دەخوێنێ، کە پەسندی حزبەکەیەتی. 

لە یەکێک لە دیمانەکاندا، شوان قەڵادزێی كه‌ ئەوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، لەبارەی یەکبوونی حزبە ئیسلامییەکان گوتبووی: "كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كان هه‌واو ئاره‌زوو بخه‌نه‌ ژێر عیزه‌تی‌ ئیسلامه‌وه‌, نه‌ك پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش, بوونه‌یه‌كیش زۆر ئاسان دەبێت." وەک ڕۆژ ئاشکرایە ئەم پیاوە /كۆچی دوایی كرد ساڵی رابردوو/ لە ڕەگوڕیشەی فیکری ئیسلامی سیاسی تێگەیشتووە، ئه‌گه‌رنا هەرگیز ئەو قسەی نەدەکرد.

كه‌واته‌ راستییه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئەوان هێندەی بە دوای هەواو ئارەزوو کەوتوون، نیو هێندە گەنگیی بە شەرع و ئیسلام نادەن. بابەتەکە وەک ئاوی کانی ڕوونە، هەرچی خەوشی ژێریان هەیە، دەبینرێ، ئیسلامیی سیاسی تەنێ ویستی کۆمەڵێ خەڵکی دیاریکراوە، مەرامیان گەیشتن بە دەسەڵات و پلە و پۆست و پارەیە. پێداگریکردن لەسەر وەها بابەتێک، ئاسنی سارد دەکوتن. ئەوان لەگەڵ پێڕەو و پڕۆگرامی ئیسلام ناپاکن، چۆن لەگەڵ تاکی کوردی مسوڵمان پاک دەبن!




PM:02:51:10/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌