ژیڤان خۆرانی
یه‌كه‌م: هۆشیاریی ته‌ندروستی
تاكی كورد ئه‌گه‌رچی له تاكی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه و وڵاتانی تر باشتر ده‌ژی و پێشكه‌وتووتره، زیره‌كترین ئامێری سه‌رده‌م و نوێترین و باشترین جۆری ئۆتۆمبێل و پێداویستییه‌كانی ئه‌لیكترۆنی و ئه‌وانیتر به‌كار ده‌هێنێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین چتهیلێك هه‌ن ئه‌و په‌ی پێ نابات. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خۆی و ده‌وروبه‌ری، دواجار حكوومه‌ت و ڕۆڵی دامه‌زراوه‌كانی له هۆشیاركردنه‌وه و به شارستانیكردنی كۆمه‌ڵگه، ڕۆڵێكی به‌رچاو و گرنگ ده‌بینێت.
• به‌كورتی و كوردی، جگه له پزیشك و ده‌رمانساز، ئه‌گه‌ر به ڕێژه‌ی له سه‌تا بیخه‌مڵێنین، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هۆشیارییان له به‌كارهێنانی ده‌رماندا هه‌یه، به نزیكه‌ی ٠٢% تێپه‌ڕ ناكات، یانی ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیشیان هه‌یه، ئه‌و حه‌ب و ده‌رمانه‌ی بۆیان دیاری كراوه، نازانن چییه و بۆ چییه و چی تێدایه و چۆن دروست بووه، بۆچی باشه، ئیشی چییه، كاتی به‌كارهێنانی كه‌یه؟.
بێگومان گه‌ره‌كه پزیشك یان ده‌رمانساز له ده‌رمانخانه پێیان بڵێ، ئینجا دروسته یان نا، ئه‌وه‌یان خوا ده‌زانێ. چونكه ئێمه‌یان فێر كردووه، ڕۆژی سێ جار، پشتی نانخواردن و به‌ری نانخواردن. یان هه‌ندێك ده‌رمان هه‌ن، به ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌ون و بوونه‌ته خوو، وه‌ك (حه‌پی سه‌رئێشه)، ڕه‌نگه زۆر كه‌س به ئاره‌زوو به‌كاری بهێنن و بیخۆن، یان شوێنێكی تری ژان ده‌كات، جارێ پێشی هه‌موو شتێك حه‌بێكی سه‌رئێشه ده‌خوات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاوێژ به پزیشكی پسپۆڕ بكات. ئه‌و جۆره خووه‌یش كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر نه‌خۆش ده‌بێت و ڕه‌نگه ببێت به نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌كی خراپ، بۆ نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌و كه‌سه.
• خراپ به‌كارهێنان یان نه‌بوونی هۆشیاری به‌كارهێنانی ده‌رمان، هاوكات له‌گه‌ڵ خراپی سیسته‌می ته‌ندروستی، مرۆڤی كوردی وێران كردووه، چونكه ده‌چییه هه‌ر ده‌رمانخانه‌یه‌ك وه‌ك دووكانی چه‌ره‌زات ده‌توانی چیت بوێ لێی بكڕی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوای نووسراوی پزیشك ناكه‌ن، دیاره ئه‌مه‌یش بێویژدانی دنیای سه‌رمایه‌داری و به‌رپرسانی كه‌رتی ته‌ندروستین له كوردستاندا.
ئه‌م كراوه‌یی و ئازاد فرۆشتنه‌ی ده‌رمان، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نجێكی زۆر به مه‌به‌ستی بێهۆشی حه‌ب و ده‌رمان به‌كار بێنن، ڕوون و ئاشكرایه خاوه‌ن كاڵا ئه‌وه‌ی له كن گرنگه بازرگانی بكات و ده‌رمانه‌كانی له بازاڕدا به باشترین شێوه ساغ بكاته‌وه، ئه‌م ههویرهیش ئاوی زۆری گه‌ره‌كه.
• نرخی ده‌رمان له ده‌رمانخانه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر جیاوازه، نرخی پلیتی پزیشك، له پزیشكێكه‌وه بۆ ئه‌ویتر جودایه، نرخی نۆرینگه‌ی گشتی له‌گه‌ڵ نۆرینگه‌یه‌كی تر جیایه، نرخی نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان جودانه، نرخی یاریده‌ده‌ری پزیشك كه له كۆڵانه‌كانی شار و كون و قوژبنهكاندا، له دووكانێك به دڵی خۆیان كار ده‌كه‌ن، جیاوازه. نرخی نۆرینگه‌ی تیشكه‌كان جودان، كوره هه‌ر كه‌س به كه‌س نییه، هه‌رایه!
• پشكنین له پزیشكێكی پسپۆڕی تایبه‌تدا، بۆ پزیشكێكی تری پسۆڕی هه‌مان بوار جیاوازه، یانی ئه‌و جۆره ده‌رمان و تیشك و سۆنهرێك ده‌نووسێ، ئه‌مه‌ی تریان جۆرێكی تر، خه‌ڵك نه‌خۆشیش نه‌بێ، تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بێ، ئاخر ده‌بینێ ئه‌و پزیشكه فه‌رده‌یه‌ك ده‌رمانی بۆ نووسیوه، نه‌خۆش ده‌چێته لای پزیشكێكی تر ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی بۆم نووسیبوو، ئه‌میان ده‌یخاته ناو ته‌نه‌كه‌ی زبڵ و فه‌رده‌یه‌كی تری بۆ ده‌نووسێ. یان كه‌س نازانێ نه‌خۆشی دیاری و شیكار بكات، پزیشكی هه‌ناو ده‌ڵێ بڕۆ كن فڵان پزیشكی پێست، هیی پێست ده‌ڵێ بڕۆ لای فڵان پزیشكی ماسولكه، ئیتر ئاوها تۆپانێ به خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ڕه‌نگه كابرا هیچیشی نه‌بێت. ئینجا ئه‌م ده‌رده له نۆرینگه تایبه‌تییه‌كان و گشتییه‌كان و لاكۆڵانه‌كان و هه‌موو جومگه سه‌ره‌كیی و لاوه‌كییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستیی كوردستاندا هه‌یه.
• له شاری دوسلدۆرفی ئه‌ڵمانیا بووم، براده‌رێك ڕایسپاردم ده‌رمان و پڕۆتینی یاریی له‌شجوانی بۆ بێنم، له‌گه‌ڵ خشته‌ی به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كان، كاتێ بۆم برده‌وه و سه‌یری خشته‌كه‌ی كرد، هه‌تره‌شی چوو، گوتی تۆ دڵنیای ئه‌وه خۆی نووسیویه‌تی، گوتم به‌ڵێ ئه‌وه‌یش قهباڵهكهی، خۆیشی پزیشك و پاڵه‌وانی یاریی له‌شجوانی بوو. دیاربوو خشته‌كه‌ی پێ سه‌مه‌ره بوو، چونكه گوتی پیشانی چه‌ندان پاڵه‌وان و ڕاهێنه‌ری له‌شجوانیم داوه له هه‌ولێر، هه‌موویان پێیان سه‌یره، ئه‌م خشته‌یه شتێكی تره و كه‌س ئاوها ده‌رمانه‌كان ناخوا. ده‌ركه‌وت له خشته‌ی له‌شجوانیش وه‌ك پزیشكه‌كان هه‌موویان پاتهبووی یه‌كترن و كه‌سیان شتێكی وای لێ نازانن، ئه‌وانیش هه‌ر پشتی وه‌رزش و به‌ری وه‌رزش ده‌رمانه‌كان ده‌خۆن. كه‌واته نه‌ك ته‌نێ تاكێكی ئاسایی یان هاووڵاتی هۆشیاری ته‌ندروستییان نییه، به‌ڵكو یاریزانه‌كانیشمان هه‌ر وێنه‌ی ڕاهێنه‌ره‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه. سه‌تان كێشه‌ی تری پزیشكیی و دهرمانسازیمان هه‌یه.
• ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر ڕوون ده‌كه‌نه‌وه كه تاكی كورد هۆشیاریی ته‌ندروستی زۆر كه‌مه، چونكه ئه‌گه‌ر هۆشیاری هه‌بووایه، ده‌بوو له‌سه‌ر چه‌ندان بابه‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵوه‌سته بكه‌ن و خۆپێشاندان ساز بكه‌ن، چی زووه به حكوومه‌تی بگۆڕن، وا بكه‌ن كه‌رتی ته‌ندروستی به‌ره‌و پێش بڕوا و له خزمه‌تی هاووڵاتیدا بێت، وه‌لێ پێچه‌وانه‌یه، به‌داخه‌وه.